ســــەرکــۆ یونس: خۆدزینەوە لەبــــاج Tax Evasion .

حکومەتی هەرێم، لەڕێگای وەزارەتی دارایی و ئابوری بەگشتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان بەتایبەتی، لەهەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی داهاتی باجەکاندایە، خۆشبەختانە لەماوەی ڕابردودا بەهۆی بەگەڕخستنی یاسای باج و ڕسوماتەوە، داهاتی ناوخۆ لەهەڵکشاندایە..
لەڕاستیدا، باجەکان، بەیەکێک لەسەرچاوەکانی داهاتەکان دەژمێرێت و پێکهێنەری سەرەکی داهاتەکانی بودجەی گشتی یە..
خۆدزینەوە لەباج، دیاردەیەکی نایاساییە، ئەو کەس و کۆمپانیایانەی باجی دەکەوێتەسەر زانیاری تەواو بەلایەنی پەیوەندیدار نادات، هەروەها هەوڵدەدەن لەدەروازەکانی گومرگ بڕی هاوردەکراو یان هەناردەکراو کەمبکەنەوە، یان بەشێک لەداهاتەکانیان دەبەنە دەرەوە بەمەبەستی شاردنەوەیان، بەشێوەیەک خۆیان لە باج دەدزنەوە.
ئەم دیاردەیە، لەزۆربەی وڵاتانی دواکەوتو و پڕگەندەڵیدا، بەرچاوەو زۆرێک لەخاوەن سامان و سەرمایەداران، بۆئەوەی کەمترین باج بدەن بەحکومەت پەنا دەبەنە بەر ئەم شێوازە.
بەپێ ی هەندێ ڕاپۆرت، زیانەئابورییەکانی دیاردەی خۆدزینەوە لەباج، گەورە وبێشومارە، ساڵانە وڵاتانی جیهان (427) ملیار دۆلار، بەهۆی خۆدزینەوە لەباج زیانیان بەردەکەوێت.
هەروەها لەعێراقدا، ساڵانە یەک ترلیۆن دینار، زیانی ئابوری خۆدزینەوە لەباجەکانە.
لەبنەڕەیدا، باج، دووجۆرە، باجی ڕاستەوخۆی سەر داهات(نەختینەیی) و باجی ناڕاستەوخۆی سەر موڵک و ماڵ و سامان و گومرگ، واتە هەموو ئەو دەرامەتەئابوریانەی کە نەختینەیی نین.
لەهەرێمدا لەبەرئەوەی سیستەمی بانکی پێشکەوتوی هاوچەرخمان نی یە، حکومەت نازانێت بڕی داهاتی نەختینەیی کەسەکان چەندە و ئاگاداری سەرمایەی نەختینەیی کەرتی تایبەت وکەسەکان نی یە، سەرەڕای بوونی چەند ملیاردێرو دەیان ملێونەری دۆلار لەهەرێمدا، لەبەرئەوە تێبینی دەکەین ئەم جۆرە باجە لەهەرێمدا کارا نی یە و نەبووەتە سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنی داهاتەکانی حکومەت.
هەرچی جۆری دووەمە، باجی ناڕاستەخۆ، لەئێستادا حکومەتی هەرێم، بەجدی کار لەسەر کۆکردنەوەی زۆرترین بڕی داهات دەکات، لەچەند مانگی ڕابردودا بەپێ ی داتاکانی وەزارەتی دارایی، داهاتی ئەم جۆرەی باج زیادیکردوەو لەدابینکردنی داهات بۆ خەرجییەکاندا بەشداری کارای هەبووە.
لەساڵانی ڕابردودا، لەبەرئەوەی دارایی هەرێم زیاتر لە (%90) پشتی بەبەشەبودجەی بەغدا دەبەست و پێویستی بەم داهاتانە نەبووە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی دیاردەی گەندەڵی و مەحسوبیەت و پاڵپشتی حزبی و کەسی، بڕیاری بەخشین لەباجەکان بۆ هەندێ کەس وکەرتی تایبەتی دیاریکراو. داهاتێکی بەو جۆرە کۆنەکراوەتەوە کەشیاوی باسکردن بێت، جگەلە داهاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ وگومرگ.
دیاردەی خۆدزینەوە لەباجەکان،دیاردەیەکی جیهانییەو مێژویەکی دوورودرێژی هەیە، خاوەن سامان و دەوڵەمەندەکان هەمیشە و هەردەم لەهەوڵی شاردنەوەی سامانەکانیاندان.
لەلایەکی ترەوە لاوازی ئەدای حکومەت و نەبوونی چاودێری دارایی و نەختینەیی و بانکی، خاڵی لاوازی حکومڕانی کابینەکانی هەرێم بووە، لەهەمانکاتدا لاوازی کاری فەرمانبەرانی باج، کاریگەری نێگەتیڤی هەبووە لەم بوارەدا.
لەئێستادا، کەحکومەتی هەرێم دەیەوێت، داهاتەکانی لەهەموو سێکتەرو لایەکەوە کۆبکاتەوە بەگشتی و داهاتی باجەکان بەتایبەتی، پێویستە بەهەر جۆرێک بێت، ئەژماری بانکی بۆ سەرجەم خاوەن پارەو دەوڵەمەند وبازرگان و سەرمایەداران بکاتەوە، تائاگاداری قەبارەی داهاتەنەختینەییەکانیان بن بەمەبەستی وەرگرتنی باجەکان.
زۆر گرنگە هەماهەنگی تەواو هەبێت لەنێوان لایەنی ئەمنی و وەزارەتەپەیوەندیدارەکاندا، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری، تائەو کەس وکۆمپانیایانەی کەخۆیان لەباج دەدزنەوە دەستگیر بکرێن و بدرێن بەدادگا.
هەروەها پێویستە ئەو کەس و لیژنانەی کەبڕی داهاتەکان ئەژمار دەکەن، کەسانی دڵسۆزو دەستپاک و خاوەن ئەزموون بن. هەموو داتاوزانیارییەکان بەشەفافی کۆبکەنەوە بۆئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت، لەڕێگای باجەکانەوە داهاتی گەنجینەکانی پڕبکاتەوە و لەهەمانکاتدا لەڕێگەی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی(ئاووکارەبا وتەندروستی وپەروەردە وڕێگاوبان) و مووچەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت بەسەر چیین وتوێژەکانی کۆمەڵگادا، تالەم ڕێگەیەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێتەدی.
هەروەها پێویستە وەزارەتی دارایی، ساڵانە بڕی داهاتی وەرگیراو لەباجەکانەوە ئاشکرا بکات بۆ ڕای گشتی. لەهەمانکاتدا ئەو پڕۆژەئابوری و کۆمەڵایەتیانەی کەبەداهاتی باجەکان جێ بەجێ دەکرێن، دەستنیشان بکات.

* ئابووریناس

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies