دانا مەنمی: پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیرو دەسەڵات

دەسەڵاتی کوردی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆشنبیران لەسەر بنەمای دابەشبوونی ڕۆشنبیران و خۆیەکلایکردنەوەیان یان خۆساغکردنەوەیان بۆ بەرژەوەندی دەسەلات دیاری دەکات، هەر بۆیە مامەڵەی دەسەڵاتی سیاسی جیاواز بووە لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیرانەی کە دژی دەسەڵاتن هاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیرانەی کە دەستەمۆی دەسەڵاتن، لە دیدی منەوە ئەو ڕۆشنبیرانەی کە هەڵوێستەکانیان دژە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەرگای گفتوگۆکردن و گەنگەشەکردنیان لەگەڵ داخراوە خۆئەگەریش ناوبەناو ئەو دەرگایە بکرێتەوە بۆ ئەوەیە کە چاودێری بکرێن نەوەک دیدو ڕوانینەکانیان بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتییەوە. بەڵام ئەو ڕۆشنبیرانەی کە دەستەمۆی دەسەڵاتن و بوونەتە پارێزەری دەسەڵات زیاتر لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە گوێیان لێ دەگیرێت، ئەم جۆرە لە تایپی ڕۆشنبیر ناکەونە ناو بازنەی ڕۆشنبیر بونەوە، چونکە ئیلتزامی ئەخلاقی و ئینسانی ویژدانی خۆیان لەبەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و دەسەڵاتدا لە دەستداوە، دواجار ئەرکی ڕۆشنبیر ڕەخنەگرتنە لەو واقيعەی کە سەروەری و کەرامەتی ئینسانەکان ناپارێزێت و پێشێلی دەکات، حیزبی کوردی لە هەرێمی کوردستان ڕۆشنبیرێکی ناوێ کە سەربەخۆو ڕەخنەگر و خاوەنی هەڵوێستی کوردانە و ڕاستگۆیانە بێت زیاتر ڕۆشنبیرێکی دەوێت کە دەستەمۆکراو بێت گوێگرێکی گوێرایەڵ بێت تا پروپاگەندەی بۆ بکات.
ئیشکالی سەرەکی لێرەدایە کە حیزبی کوردی ناتوانێت چەتری کۆکەرەوەی هەموو دیدو روانین و بیروڕا جیاوازەکان بێت بەدەر لە ئایدۆلۆژیای سیاسی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دا و سود لەو مەعریفانە وەربگرێت کە عەقڵ ڕۆڵی تێدا دەگیڕێت تا کاریگەرییان لەسەر شێوازو سیستەمی سیاسی و هونەری بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگا هەبێت، ڕۆشنبیرانی کورد لە قۆناغی خەباتی شاخ دا هاوسەنگەری حیزبەکان لە خەباتی چەکداریدا بەیەکەوە خەباتیان دژ بە ڕژێمی بەعس دەکرد لە پێناو گەیشتن بە کەناری ئارام و ئازادی تا لە ژێر دەستەی ڕزگاریان بێت، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئەم پەیوەندی هاوخەباتییە گۆڕا بۆ هاوتەخوینی یەکتر و گرژی تێکەوت، گلەیی و گازندەی ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و ڕەخنەگر لە حیزبەکان و دەسەڵاتی کوردی و هەتا سەرکردەکانیش ئەوەیە کە بەهەمان عەقڵییەتی خەباتی شاخ سیاسەت دەکەن ئیمکانی پلاندانان و شارەزایی و پسپۆڕییان نییە، خێزانە سیاسییەکان مەیلێکی تاکڕەوانەیان لە هونەری بەریوەبردندا هەیە مۆدێلێکی خێزانی باڵادەستی بەڕێوە دەبەن لە سەر بنەمای میزاجی شەخسی و پەیوەندی خوێن و خزمایەتی بەربەستە لەبەردەم گەشەسەندنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
ئاشکرایە هونەری بەڕێوەبردن لە کوردستان کاریگەری عەقڵییەتی شاخی بەسەرەوەیە و ڕگریش بووە لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە سەر بنەمایی دیموکراسی و شارەزایی و پسپۆڕی و سیستەمی سیاسی ڕێچکەی دامەزراوەیی وەرنەگرتووە، پرۆژە و عەقڵ ڕوانینی ڕۆشنبیران لە پشت هونەری بەڕێوەبردن و دەسەڵاتەوە نییە، سەرباری نەبوونی شەفافییەت لە بەڕێوەبردن و هەبوونی گەندەڵی لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی دا هاوڵاتیان لە ماف و ئەرکدا یەکسان نین، رۆژ لە دوای ڕۆژیش لە نێوان حکومەت و خەڵک، حیزب و ڕۆشنبیران درزو کەلێنی گەورە دروست دەبێت، بۆ گەڕانەوەی متمانە لە نێوان حکومەت و خەڵک، ڕۆشنبیران و حیزب پێویستە دیالۆگی ڕاستگۆیانە بە بیروڕاو دیدو ڕوانینی جیاوازەوە دروست بێت حکومەت و حیزبەکان دەرفەت برەخسێنن بۆ رۆشنبیران تا بەشدار بن لە بڕیارە سیاسییەکاندا.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies