ناودار زیاد: ڕۆمانى مەزراى ئاژەڵان، دەلاقەیەک بۆ ڕوانین لە شۆڕش.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ئەوەندەى ئاگاداربم ڕۆمانى مەزراى ئاژەڵانى جۆرج ئۆڕوێڵ پێنج وەرگێڕانى بۆ سەر زمانى کوردى بۆ کراوە و، بۆ زیاتر لە حەفتا زمانى دونیاش پاچڤەکراوە و، کراوە بە فیلم و ئەنیمەیشن و، هەزاران وتار و توێژینەوەشى لەبارەوە نووسراوە. ئەم ناوبانگەى ڕۆمانەکە سەروەختى تەواوکردنى ڕۆمانەکەمان بیرناباتەوە لە ساڵانى چلەکانى سەدەى ڕابردوودا کاتێک ئۆروێڵ لە دەرگاى چەندین دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى بەریتانیا دەدات کەچى هیچیان ئامادە نابن دەرگاى بە ڕوودا بکەنەوە جگە لە یەک دانەیان نەبێت کە لە چاپدانى کتێبەکە بۆ ئەو دەزگایەش بێ سەرئێشە نابێت. ئاخر ئۆروێڵ لە گشت کارە ئەدەبییەکانیدا پانتایى و کایە سیاسییەکان دەداتە بەر ڕەخنەى تیژ و کاریگەر و، لە هێرش بۆ سەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرى و تۆتالیتارى و ستەمکارەکان خۆى نابوێرێت. لەم ڕۆمانەیشیدا لە پەنجەرەى ڕەخنەکردنى دیاردەى شۆڕشەوە شۆڕشى ئۆکتۆبەرى (1917)ى بەلشەفیکەکان و یەکێتى سۆڤیەت و ستالین ڕەخنەباران دەکات و پەردە لە ڕووى چاک و خراپى دیمەنەکانى شۆڕش هەڵدەداتەوە. لە سەروبەندى نووسینى ئەم ڕۆمانەیشیدا کۆتاییەکانى جەنگى جیهانى دووەمە و بەریتانیا هاوپەیمانى یەکێتى سۆڤیەتــە دژى وڵاتانى میحوەر و پاوانخوازییەکانى ئەڵمانیا. کاتێکیش لە جەرگەى بەریتانیاوە ڕەخنەى یەکێتى سۆڤیەت و ستالین بکرێت بۆ بەریتانیا خۆش ناکەوێت، کەچى هەر دەشیکات.
ئۆروێڵ لەم ڕۆمانەدا لە زمانى ئاژەڵانەوە تابلۆى شۆڕش دەنەخشێنێت گەر نەڵێین وێنەى دۆزەخى شۆڕشمان بۆ دەکێشێت. ئاخر شۆڕش لە کوێى دونیادا لەدواى خۆى دۆزەخى نەخوڵقاندووە؟ لێرەدا ئۆروێڵ وەڵام دەداتەوە. فەزا و گۆڕەپانى ڕووداوەکان مەزرا یاخود کێڵگەیەکە بەناوى کێڵگەى ماینەر و ئاژەڵەکانى ناو ئەم کێڵگەیەش لەلایەن مرۆڤێکى بێبەزەییەوە بەناوى جۆنز خاوەندارێتى و سەرپەرشتى دەکرێن. کێڵگەى ماینەر ئاماژەیە بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانەى کە پێش شۆڕش لەلایەن دیکتاتۆرێکەوە حوکم کراون. دواى ماوەیەک ئاژەڵانى کێڵگەکە شۆڕش بەسەر ماینەردا دەکەن و ڕزگاریان دەبێت لە دەستى و ناوى کێڵگەکەش دەگۆڕن بۆ کێڵگەى ئاژەڵان. لە فەرهەنگ و مێژووى شۆڕشەوە ئەوە دەزانین کە سەرەتاى هیچ شۆڕشێک بێ گەڵاڵەبوونى فکرە و ئایدیا و بیرۆکەى شۆڕش بوونى نیە. لە سەردەمى نوێشدا فکرە و ئایدیاى شۆڕش سەر بە ئەدەبیاتى مارکسیزمـە. لە کێڵگەکەدا لەلایەن مەیجەرى پیرە بەرازى دانا و دونیادیدەوە لەڕێگەى خەونێکەوە پەیامى شۆڕش بە گوێى ئاژەڵەکاندا دەدرێت. مەیجەر ئاماژەیە بۆ کارڵ مارکس. بەڵام شۆڕش بە فەوزا و ناڕێکى و بێسەروبەرى بە پایان ناگات و پێویستى بە ڕابەرایەتیکردن و ڕێکخستن هەیە و ئەم ئەرکەش لە کێڵگەکەدا لەلایەن بەرازەکانەوە ئەنجام دەدرێت. ئاخر بەرازەکان خاوەن هۆشیارییەکى زیاترن لە ئاژەڵەکانى دیکە و نوێنەرایەتى چینە باڵاکە دەکەن، بەڵام لەناو بەرازەکانیشدا هەندێکیان لەوانى تر زیرەکتر و وریاتر و دووربینترن و توانستى سەرکردایەتیکردنیان هەیە. لە کێڵگەکەدا دوو کاراکتەر لە کێبڕکێدان بۆ جڵەوکردنى سەرکردایەتى: سنۆباڵ بەرازێکى ڕاستگۆ و ژیر و لێهاتوو لەگەڵ ناپلیۆنى شەڕانگێز و کەللەڕەق و تەفرەدەر، کە دواجار بە پیلان و ئەنگێزە دەسەڵاتخوازییەکەى بەسەر سنۆباڵدا سەردەکەوێت و لە کێڵگەکەش وەدەرى دەنێت تا ئەو ڕاددەیەى دەبێتە سەرکردەى یەکەم لە کێڵگەکەدا. ئاخر ئەو چۆن نابێتە هەرە باڵادەستى کێڵگەکە کاتێک ئاژەڵانى دى مەستى دروشم و بانگەشەکانى شۆڕشن کەچى ئەو ژمارەیەک تووڵەسەگ لە دایکیان دەستێنێتەوە و لاى خۆى پەروەردەیان دەکات تاکو دواتر نەیار و دەنگە ناڕازییەکانى پێ کپ بکات. دواى بەکۆتاهاتنى شۆڕشیش چاپلوس و مفتەخۆر دەبن بە پایە و کۆڵەکە بۆ ئەو سیستەمە سیاسییەى بەرهەمى شۆڕشەکەیە، ئەوەتا مانیمیاس بەرازێکى زۆربڵێیە و ئاوازدانەرى کێڵگەکەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیرە خۆفرۆشەکان. سکویلەر بەرازێکى قسەزان و لەبلەبانە و هەمیشە ئامادەیە پاساو بۆ کارەکانى ناپلیۆن بهێنێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن. لە هیچ کوێى دونیاشدا دەسەڵاتێکى دیکتاتۆر و تۆتالیتار بەبێ میللەتێکى گەمژە و نەزان بوونى نییە، ئەوەتا مەڕەکان لە هەموو بارێکدا سەرى ڕەزامەندى دەلەقێنن. هەمیشە و هەموو شۆڕشێکیش مەجموعەیەک هەوادارى خۆى سڕ و مەست و چاوبەست دەکات و بە دروشم و بانگەشەکانى تەفرەیان دەدات، ئەم کەسانە نموونەى خۆشباوەڕى و قارەمانێتى و ماندوونەناسین و لە کێڵگەکەدا لە کاراکتەرى بۆکسێرى ئەسپدا بەرجەستە دەبێت. بەڵام گروپێکیش هەن هەر زوو درک بەوە دەکەن ئەوان خەریکە هەڵدەخەڵەتێنرێن و خاپێنراون، ئەم کەسانەش لە کاراکتەرى کلۆڤەرى ماییندا ڕەنگ دەداتەوە. تاقمێکیش لە نموونەى پشیلەکە هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازن. ئەمانە و چەندین نموونە و دیمەنى تر لە سەرەتاى ڕۆمانەکەوە تا کۆتایى لەلایەن ئۆڕوێڵــەوە بە ڕوونى و ساکارى پێشدەخرێن و خوێنەر کەمەندکێش دەکەن. ئاخر ئۆروێڵ هێند وەستایانە هارمۆنییەت لە نێوان کاراکتەرى ئاژەڵەکان و کاراکتەرەکانى شۆڕشدا دەکات خوێنەر ناتوانێت پێى سەرسام نەبێت و گەواهى بۆ خەلاقى و ئیستێتیکییەتى چیرۆکەکەى نەدات.
دەقى ئەدەبى لە هەناوى خۆیدا گەراى چەندین واتا و مانا و پەیام و دەلالەتى هەڵگرتووە. یەکێک لەو پەیامانەى ئەم چیرۆکە ئەوەیە دەیەوێت بە خوێنەر بڵێت پشتبەستنى خەڵک بە ڕابەر و فەرمانڕەوا و سەرکردەکانیان و متمانەبەخشینى کوێرانە پێیان هەڵەیەکى کوشندەیە چونکە ئەمانە بە حوکمى ئەوەى خاوەن دەسەڵاتن هەرگیز جێى متمانە نین و هەمیشە ئیمکانى هەیە بەرەو خەرەندى ستەمکارى و دیکتاتۆریى گلۆربنەوە و خۆیان و میللەتەکەش تووشى گێژاو و تەنگژە بکەن. بەم پێیە چارەسەر بریتییە لە هۆشیارى و چاوکراوەیى خەڵک و جەماوەر. هەروەها ئەم چیرۆکە ئەوەش بە گوێماندا دەچرپێنێت کە گۆڕانکارى و پێشکەوتن لە ڕێگەى شۆڕشەوە ناکام و بێبەرهەمە چونکە شۆڕش تەنها بریتییە لە گۆڕینى ڕووخسار و دەموچاوى ستەمکاران، ئەوەتا پێشتر ئاژەڵەکان هى جۆنز بوون پاشان بوون بە ئاژەڵى ناپلیۆن. هەرچەندە ئەم بانگەشەیە لەگەڵ ئەو تێزەى ماو تسى تۆنگدا یەکناگرێتەوە کە پێیوایە پاش شۆڕشیش پێویستە شۆڕش هەر بەردەوامى هەبێت. بەو واتایەى دواى شۆڕشیش بوونى ڕۆحییەتى شۆڕشێکى دیکە زەرورییە، چونکە شۆڕش کردەیەک نییە لە وێستگەیەکدا کۆتایى پێ بێت. لێرەوە دەکەوینە بەردەم ئەو دووڕییانەى ئایا هۆشیارى خەڵک و کۆمەڵگە و جەماوەر یاخود شۆڕش؟

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت