ئارام هادی: یەکێتیی لە نێوان بەرهەم صاڵح و پۆستی سەرۆککۆماردا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرفتەکە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمارنیه، بەڵکو لە کەسایەتی (دکتۆر بەرهەم صاڵح)ە کە بەهۆی ڤیتۆی بارزانییەوە کێشەی جدی بۆ دروست بوە لە وەرگرتنەوەی پۆستەکە بۆ چوارساڵی داهاتوو، گەرنا وەرگرتنی پۆستەکە بۆ یەکێتیی پارویەکی ئاسانە بەمەرجێک کاندیدێکی تری یەکێتیی پۆستەکە وەربگرێت، ئەمەش یەکێتیی دەخاتە بەردەم دوو بژاردە ئەوانیش جەختکردنەوە لەسەر (دکتۆر بەرهەم صاڵح) یان کاندیدەکەیتر کە (دکتۆر لەتیف ڕەشید)ە.
یەکێتیی تا دوا ڕادە پێداگری لەسەر پاڵپشتی (بەرهەم صاڵح) بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراق بکات، فشارەکانیشی لەسەر پارتی چڕبکاتەوە گەر پێویستی کرد کارتی دامەزراوە حکومیەکانی هەر چوار سەرۆکایەتیە گرنگەکەی هەرێمی کوردستان وەکو سەرۆکایەتیەکانی (هەرێم. حکومەت. پەرلەمان. داواکاری گشتی)یش تێکەڵ بەم بابەتە بکات، پاڵپشت بە بەند و خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان، بەڵام گەر هاتوو بارزانی هەر سوربوو لەسەر دژایەتی و ڤیتۆکەی لەسەر (دکتۆر بەرهەم صاڵح) نەکشاندەوە، ئەوا سیناریۆی 2018 لە پەرلەمانی عیراق دووبارە بکاتەوە ئەم جاریش براوە دەبێت، یان چارەنوسی شکستەکەی پارتی لە 2018 لە ئێستادا بەرۆکی یەکێتیی دەگرێت.
گەر هاتوو بەبێ ڕەزامەندی بارزانی، یەکێتیی جەخت لە پاڵپشتی (دکتۆر بەرهەم صاڵح) بکات، ئەوا چەندە بەلایەوە گرنگە پۆستەکە بۆخۆی مسەوگەر بکات، زیاتر لەوە بەلایەوه گرنگە ئاڵنگاری سیاسی بارزانی بکات وەکو چۆن لە 2018 ئەنجامیدا، تەنها جیاوازیەکە ئەوەندەیە پشتر باش دەیزانی بەبێ ڕەزامەندی بارزانی دەتوانێت گرەوەکە بەرێتەوە بەڵام بۆ ئەم جار کەمێک سەختە.
ئاشکرایە کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتیی چەندە گرنگە گەرهات و ئەم حزبە نەیەوێت کەس و لایەنیتر پۆستەکە بەرن، هاوکات گەر بەنیازە لە عیراقی نوێدا ئەو پۆسته بکاتە کلتورێکی سیاسی و بە باڵای خۆیدا بیدورێت بۆ خولەکانی داهاتوتریش کەسیتر چاوی لە پۆستەکە نەبێت، لە کاتێکدا لەسەر کەوتنی (دکتۆر بەرهەم صاڵح) دڵنیا نەبێت، ئەوکات ئاساییە یەکێتیی پاڵپشتی لە کاندیدەکەیتر (دکتۆر لەتیف ڕەشید)بکات، کە ئەویش هاوشێوەی سەرۆککۆماری ئێستا کادیری یەکێتییە.
لەلایەکیتریشەوە یەکێتیی دەتوانێت بەرامبەر بە پۆستی سەرۆکی هەرێم یان باشترینیان سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆماربێت لەمەشیاندا یەکێتیی لەبری زەرەر قازانج دەکات، لەکاتێکدا کەمتر لە نۆ مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، (گەر لەکاتی خۆی بەڕێوەبچێت).
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم “کاندیدەکەی بارزانیش بەلای عیراقیەکان بە موقتەدا صەدریشەوە قبوڵکراونیە، چونکە پێشتر لە کەیسی گەندەڵی و بە هەدەردانی پارەدا تێوەگلاوە، ئەوەی ڕێگای سەرکەوتنی لە بەردەم هۆشیار زێباری سەختکردووە لێدوانەکانی پێشتر و ئێستای صەدری هاوپەیمانی بارزانییە کە بەردەوام جەخت لە ڕاونانی گەندەڵکاران دەکاتەوە، ئەمەش وا دەکات کەمێک یاریەکە بە قازانجی (دکتۆر بەرهەم صاڵح) بشکێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت