دلێر محەمەد نوری: فیستیڤاڵی مەرگ.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

هەمووان بە نزیکی، ئەزانین چەکی ئەتۆم چیە و زیان و کاولکارییەکان چەندە و چین!؟ نەک بۆ مرۆڤایەتی بگرە بۆ کۆی ژیان لە سەر هەسارەی زەوی. ئەمڕۆ لە جیهاندا لە نێوان 15 بۆ 16 هەزار چەکی ئەتۆم هەیە و دابەش بووە بە سەر 9وڵاتی خاوەن ئەم چەکە. کە پێک هاتوون لە (ڕووسیا، چین، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا) کە پێیان دەوترێ وڵاتانی بە یاسایی خاوەن چەکی ئەتۆم. هەروەها وڵاتانی وەکو (هندستان، پاکستان، کۆریای باکور و ئیسرائیل) کە ئەمانیش خاوەن ئەو چەکەن و، بەڵام هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی نادەنە جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر چەند و جۆری چەکەکەیان.
ئەلفرێد نۆبڵی سویدی 1833-1897، کە تەقەمەنی داینەمیتی داهێنا، لە ساڵی 1867دا. مەبەستی بوو کە بەکاربهێنرێت بۆ لێدانی تونێل و ڕوخاندنی باڵەخانە کۆنەکان و بیناکردنی خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤایەتی. نەک دواجار ئەم داهێنانەی بۆ کاری دروستکردنی بۆمبی وێرانکەر بەکارببرێت. ئەو بەر لە مردنی گەلێک پەشیمان بوو لە داهێنانەکەی خۆی. کاتێک ڕۆژنامەیەکی فەرەنسی بە مژدەیەک، بە هەڵە، هەواڵی مەرگی نۆبڵ، بڵاو دەکاتەوە لە ژێر ناونیشانی (بازرگانی مەرگ، خۆی مرد). هەر ئەمە کار ئەکاتە سەر نۆبڵ و پەشیمانی ئەو داهێنانە بە سودە دەبێت و بڕیار دەدات کە خەڵاتی نوبڵ بۆ ئاشتی لە میراتییەکەی ساڵانە بدرێ بە کەسانی ئاشتیخواز و بنکەکەشی وا لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە. ئەمەی بۆ ئەوە بوو کە لە دوای خۆی، ناوی بە ئاشتییەوە ببەسترێتەوە نەک مەرگ. ئەوا منیش دوو بارە بۆ مەرگ بیرتانی دەخەمەوە.
لە مانگی هەشتی 1939دا، ئەلبێرت ئەنشتاینی زانای گەورەی ئەڵمانی ئاگاداری سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا دەکاتەوە، بەوەی کە ئەگەر ئەڵمانیای هتلەری بگەنە دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی، ڕەنگە ماڵوێرانی گەورەی بە دوادا بێت، بۆ مرۆڤایەتی. چونکە ئەو لە سۆنگەی ئەوەی کە دڵنیابوو لەوەی گیانی شەڕانگێزی هتلەر و سڵ نەکردنەوەی لە ئەنجامدانی کاری شێتانە، چەند ئامادەیە.
ئەگەر ئەمڕۆ ئەنشتاین زیندوو بێتەوە، ئەبێت ئەویش چ پەشیمانییەک دەرببڕێت لەوەی کە ڕۆژگارێک بەشداری کردووە لە لێکۆڵینەوەکانیدا، لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دابەشکاری ناوەکی (الانشطار النووي). کە دواتر ئەمانە بوونە هەوێنی بۆمب و چەکی ئەتۆم بەرهەم هێنان. ئەگەر لە سەردەمی ئەنیشتایندا جارێ ئەم هەموو کەس و وڵاتانە خاوەنی ئەم جۆرە چەکە نەبوون، ئەوا ئەمڕۆ دوگمەی تەقاندنی ئەم چەکە بە دەست دەیان هتلەرەوەیە و هەموو مرۆڤایەتییان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە. هەر بۆیە دەبێت ئەمڕۆ مرۆڤ خۆزگە بە ئاژەڵان بخوازێت کە بیر و هۆشی تێگەیشتنیان لە لای چەکی ئەتۆمی نیە. ئەمڕۆ دۆگمەکانی ئەم چەکە کوشندە لە ناوبەرە، وا بە دەست کەسان و ڕژێمانێکەوەن کە هەندێکیان وەکو گوێ درێژی دێز ئامادەیە تۆپینی خۆی و زەرەری ساحێبی هەڵبژێرێت. کەسانێکیش هەن کە ئەم دوگمەیەیان بە دەستە کە ئەتوانن بە بێ گەڕانەوە بۆ کەس لە نێو ڕژێمێکی تاکە کەسی نادیموکراتدا، پەنجەی پیا بنێن، هەر وەکو کردەیەکی خۆ کوژی. هەشن لە بنەڕەتدا باوەڕیان بەم ژیانە هەر نیە و ئامادەن هەموو مرۆڤایەتی لە گەڵ خۆیان بۆ ژیانی (ئەبەدی!!) ببەن. کەسانێکی دیکەش هەن کە هەمان دوگمەیان پێیە و بۆ داگرتنی ئەبێت بگەڕێنەوە بۆ ڕاوێژکردن، بەڵام دواجار هەر دایدەگرن. من ئێستاش تێناگەم کاتێ پۆتین چەکی ئەتۆمی ئەخاتە ئامادەباشییەوە، نازانێ کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی واتا مەرگی خۆشیان؟ یان دەزانێ و وای داناوە هەمووان بەم کارە لە گەڵ خۆیدا بانگێشتی ڤیستیڤاڵی مەرگ لە گۆڕستان بکات!

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت