سەلاح حسێن ئەفەندی: کاردانەوەی شارستانیە کۆنەکانی میزوپۆتامیا لەسەرمان چییە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژێک، هاوڕێیەکم لێیی پرسیم: ئەم شتانەی دەینوسی سودیان چییە؟ هاوڕێیەکی ترم پێیی ووتم: بۆچی خۆتت خەریک کردووە بە مێژووی کۆنەوە؟ وا باشتر نییە، لێکۆڵینەوە لەسەر گرفتەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگە بکەیت؟ لێرەدا بە باشم زانی وەڵانی پرسیارەکانی ئەو ئازیزانە، بکەمە پێشەکێکی بچوکی ئەم باسەم.
یەکێک بووم لە گەنجە خوێنگەرمەکانی حەفتاکانی سەدەی پێشوو. گەرەکمان بوو، بە قەڵەمبازێکی گەورەو خێرا، گۆڕانکاری مەزن لەو کۆمەڵگەیدا بکەین کە تیایدا دەژیان، چوونکە پڕ بوو لە نایەکسانی، دواکەوتن، چەوساندنەوەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی. توندوتیژی لەسەرەوە بۆ خوارەوە باڵی بەسەردا ڕاکێشا بوو، لە دەوڵەت و دەستەڵاتدا، لە نێوان حیزب و پێکهاتەکاندا، هەتا شۆردەبۆوە بۆ ناو خێزان و تاکەکان.
من بەش بەحاڵی خۆم، هەر زوو، گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە ئەو توانا و زانیاری و ئەزمونەی کە لەو کاتەدا هەمبوو، زۆر کەمبوون بۆ ئەوەی بتوانم بە شێوازێکی کاریگەر، ڕۆڵێکی پۆسەتیڤانە لە پرۆسەیەی گۆڕانکاری کۆمەڵگەگەدا ببینم. ئەمانە وایان لێکرم، کە بدرێژایی هەموو تەمەنم، بۆ چەندین ساڵ، بگەڕێم بە شوێن ڕاستیەکاندا، تێگەیشتن لە کۆمەڵگە وەکو خۆی، دوور لە خەون و خواستی خۆمەوە، بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی پێشکەوتن یا دۆاکەوتن، هەژاری یان خۆشگوزاری. ئەو فاکتەرانە چین کە دەبنە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەک یان دواکەوتنی کۆمەڵگەیەکی تر؟
گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە پرۆسەی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا، هاوشێوەی پرۆسەی گەورەبوونی منداڵێک یان تاکێکی کۆمەڵگەیە. ئەو منداڵە لە ژیانیدا بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕدەبێت، سکی دایکی، جینەکانی، پەروەردەی خێزان، گەڕەک و هاوڕێکانی، قوتابخانە، ژینگەی سیاسی و ئابووری، ئاین و دەستەڵاتی ئاینی، ئەو گوند و شار و وڵاتانەی ژیانی تێدا بەسەردەبا، خوێندن و فێربوونی، کارو پیشەکانی. هەموو ئەمانە ئەو تاکە دروست دەکەن و چوارچێوە بۆ خاسڵەت و ڕەفتار و بۆچوونی دادەنێن، بەوپێیە پێناسەیەکی تایبەتی لە کۆمەڵگەدا بۆ دروست دەبێت.
بە هەمان شێوە هەموو کۆمەڵگەیەک، لە پرۆسەی مێژوویدا، بە قۆناغ و ئەزموونی جیاوازدا تێدەپەڕی، لە سەردەم و ژینگەیەکی ئابووری تایبەتیدایە، لە جیهان و ناوچەیەکی دیاریکراودایە، کە کاری تێدەکەن و کاریان تێدەکات. لە گۆڕدان و گەشەکردنی هەمیشەییدایە…هەموو ئەوانە خاسڵەتی تایبەتی بەو کۆمەڵگەیە دەدات، خاسڵەتی تایبەتی دەدات بە تاک و خێزان و پێکهاتە و حیزب و دەستەڵاتدارانی ئەو دوڵەتەی کە لە چوارچێوەکەیدایە.. بێ تێگەیشتی ئەوانە زۆر زەحمەتە لە ڕەفتار و شێوازی کارکردن و بیرکردنەوەی خەڵک و ئەکتەرەکانی بگەین. بێ تێگەیشتی ئەوانە، زەحمەتە بتوانرێ ، بە شێویەکی دروست، تاک و گروپ و ڕێخراو و پارتە سیاسییەکانی، پڕۆگرام و پلانی دروست بۆ گۆڕانکاری تیایدا دابڕێژن.
مێژووی کۆن، یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکان، کە کاردانەوەیان هەیە لە سەر خاسڵەتی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکانمان، بۆیە لەم نوسینانەمدا، هەوڵم داوە بێلایەنانە، لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەم. مەبەستم لەم کارە، قاپی خستنە سەر پشتە بۆ زیاتر قوڵبونەوە تیایاندا و دەوڵەمەندکردنیان و ڕاستکردنەوەیان.
بۆ خوێندنەوەی کۆی باسەکە تکایە کلیکی ئەم لینکە بکە: کاردانەوەی شارستانیە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا لەسەرمان چییە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت