سەلاح حسێن ئەفەندی: بۆچی لە ناوماندا گەمەکردن بە دیموکراسی زاڵە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باس باسی هەڵبژاردن و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنە، باسی بڕیاردانە لەسەر بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا، باسی بڕیاردانە لەسەر پاشەکەوتی مووچەی کارمەندانی دەوڵەت و خانەنشینان، باسی بریارەکانی دادگای فیدرالی عێراق، یان ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانە. چەندین کەناڵی تەلەفزیون و ئێستگەی ڕادیۆ و سایتی فەرمی و نافەرمی و حیزبی لە گۆڕدان، هەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنن، چەندین شارەزا و پسپۆر و نووسەر تێیاندا بەشدارن و… هتد.
ئایا خەڵک و دەنگی ناڕازی لە ناو حیزب و گرووپەکانی کۆمەڵگەدا، لە توانایاندایە لەسەر بابەتە گرنگەکان کاریگەرییان هەبێت؟ یاخود کار لە کار ترازاوە، هیچ شتێک ناکرێت و دەبێت ئایندەمان ڕادەستی قادری قودرەت بکەین؟
چەند بوارێک یان ئامرازێک هەن کە دەکرێت لە پرۆسەی دیموکراسیدا بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە و زیاتر یەکسانی و باشکردنی بژێوی خەڵک بە کار بهێنرێن، یان بە پێچەوانەوە بکرێنە سەکۆیەک بۆ گەمەکردن بە ناوی دیموکراسییەوە، تێیاندا ڕاستییەکان بشارێنرێتەوە، بابەتە گرنگەکان لە یادی خەڵک ببرێتەوە، ئیحتوای داخوازی خەڵک بکرێت، بە بابەتی لاوکییەوە مێشکی خەڵک هەراسان بکرێت.
ئامڕازێکیان دامەزراوەی پەرلەمانە، کە لە ڕێگەیەوە ئەکتەرە بەتوانا و بەهێزەکانی کۆمەڵگە، ئیتر دەستەڵاتدار یان ئۆپۆزیسیۆن بن، لە بڕیارە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتێکاندا دەرفەتی بەشداریکردنیان هەیە.
بواری دووەم میدیای فەرمی و نا فەرمی و سۆسیال میدیایە، کە لە ڕێگەیانەوە کۆی ڕێکخراو و پێکهاتە و تاکەکانی کۆمەڵگە، هەوڵ بدەن ڕاو و بۆچوون و داواکاری و پلان و بەرنامەکانیان بخەنە ڕوو، هەروەها ئەوانەی لە دەسەڵاتدا نین، بتوانن فشار بخەنە سەر دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی داخوازییەکانیان بن و بخرێنە ناو بڕیار و پلان و بەرنامەوە.
ئامڕازی سێیەم دامەزراوەی یاساییە، کە لە کاتێکدا مافی خەڵک پێشێل دەکرێت یان یاسا و بڕیارەکان وەک خۆی لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەت ولایەنێک یان تاکێکەوە جێبەجێ نەکرێت، سکاڵاکەران بتوانن پەنای بۆ بەرن.
بۆچی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، گەمەکردن لەم بوارانەدا زاڵە؟ وەکوو پێویست ڕۆڵی خۆیان نابینن، بە جۆرێک لە خزمەتی بووژاندنەوەی ئابووریدا بن، لە ڕێگایانەوە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی خەڵک باشتر بکرێت، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی هاوبەش خەڵک یەکخرێت و وڵات بەهێز بکرێت؟
ناکرێت گوناهی ئەمانە بخرێنە ئۆباڵی بوونی ئەم ئامرازانەوە، چونکە لەو وڵاتانەی کە گەشەکردنی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵک و ئازادی و مافی مرۆڤ لە ڕیزی پێشەوەن، ئەو دامەزراوانە بەهێزن، بە پێچەوانەوە لەو شوێنانەی ئەمانە لاوازن، ئەو بابەتانە پاشگوێ خراون.
ئەوەی پرۆسە و دامەزراوە دیموکراسییەکانی لە هەندێک وڵاتدا بەهێز کرد، پیاوچاک و دڵپاک و خەڵکانی بەسۆز نەبوون، بەڵکوو ئەوانە بەهۆی بوونی چین و توێژ و پێکهاتە و تاکی بەهێزەوە گەشەیان کرد، کە لەگەڵ یەکدا کەوتنە ململانێ و زۆرانبازییەوە، لە لایەکەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، لە لایەکی ترەوە پێکەوە کارکردنیان لە پێناوی دانانی پلان و پرۆگرامی هاوبەش بۆ بووژاندنەوە و پاراستنی وڵاتەکانیان، هەروەها ململانێ و هەماهەنگی کردن لەگەڵ وڵاتان و میللەتانی تر، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆ و کارکردن لەگەڵیاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پرۆژەی هاوبەش.
توێژ و چین و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، نموونەی خەڵکانی بورژوا و خاوەن سامان و بازرگانی بەهێز و کرێکار و مووچە خۆری خاوەن کاری ڕاستەقینە کە مل کەچی هیچ حیزب و گرووپێک نەبوون، هەروەها ئافرەتان کە بە توانای بازووی خۆیان ژیانیان بەڕێوە دەبرد، ڕۆژنامەنووس و نووسەر و زانا و خەڵکانی شارەزا کە پێویستیان بەوە نەبوو گوێڕایەڵی کەس بن. ئەوانە خۆیان لە پارتی سیاسی و چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیدا ڕێک خستووە و چالاکانە سوودیان لەو دامەزراوە و بوارانە وەرگرتووە.
بەهۆی زیادبوونی داهاتی فرۆشتنی نەوتی خامەوە، لە کۆتایی ساڵەکانی پەنجاوە، عێراق بەرەو ئەوە هەنگاوی نا، کە ئابووری ڕەییعی تێیدا بەهێز بێت، دوای ئەوەی حیزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست، لە وڵاتەکەدا ئابووری ڕەییعی بە تەواوەتی جێگیر و زاڵ بوو.
زاڵبوونی ئابووری ڕەییعی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لە سەرەتای ساڵەکانی حەفتادا بڕیاری بە نیشتمانیکردنی(تامین) نەوت درا، لە پاڵ زیادکردنی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە لایەن ئەو دەسەڵاتەوە، هەروەها بەهێزبوونی ڕێکخراوی ئۆپێک و بەرزبوونەوە و جێگیربوونی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، وایان کرد کە گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ خەزێنەی دەوڵەتی عێراق بە دەیان جار زیاد بکات.
ئابووری ڕەییعی لە عێراقدا، ئەوەی گەیاند کە دەسەڵاتداران، هەموو سێکتەرە ئابوورییەکانی تری وڵاتەکە، لە کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، بەرهەمهێنانی پێداویستی خزمەتگوزاریی پشت گوێ و لاواز بکرێت، بە جۆرێک لەو ساڵانەوە هەتا ئێستا نزیکەی ٩٥% ی کۆی داهاتی نیشتمانی وڵاتەکە لە داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە دێت.
ئەم زەمینەیە دەرەنجامی ترسناکی لێکەوتەوە، لەوانە کۆنترۆڵکردنی شەرەیانی ئابووری (کە داهاتی نەوتە) وڵاتەکە و مامەڵەکردن پێوەی لە لایەن دەستبەژێری دەسەڵاتدارەوە، کە لە سەرەتادا حیزبی بەعس بوو، دواتر لە دوای ڕووخاندنی ئەوان، کەوتنە دەست چەندین حیزب و بنەماڵە و کەسایەتی و گرووپی چەکداری مەزهەبیی و نەتەوایەتیی عەرەب و کوردەوە، بە جۆرێک ڕێکخران، کە بتوانرێ مامەڵە بە چۆنیەتی بەکارهێنانیانەوە بکەن و ڕێژەیەکی زۆری لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
لاوازبوونی تەواوی کەرتە ئابوورییەکانی تر، بووە هۆی بچووکبوونەوە و لاوازبوون و کەم بوونەوەی دەسەڵاتی خەڵکانی خاوەن سەرمایە، کاسبکاران، جووتیارانی دەوڵەمەند و خاوەن پیشە. لە هەمان ساتدا، ئەو دەستبەژێرە دەسەڵاتدارانە، بێ ڕەچاوکردنی پێویستییەکانی وڵات، لە پێناوی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە، کڕینی وەلای خەڵک و کەمکردنەوەی توانای بیرکردنەوە و داهێنان لە نێوانیاندا، ڕێژەیەکی زۆری خەڵکیان لە دامودەزگا حکومییەکاندا دامەزراند، بە جۆرێک هەمیشە چاوەڕوانی دەستی ئەوان بن.
لاوازی سێکتەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تر، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتیدا، زەمینەی خۆش نەکرد بۆ خولقاندی هەلی کاری ڕاستەقینە، کە ئەوکەسانەی کاری تێدا دەکەن بتوانن بە ئارەقی ناوچەوانی خۆیان بژین و چاوەڕوانی دەستی خەڵکانی دەسەڵاتداران نەبن.
بە هەمان شێوە سیستەمی خوێندن و فێربوونیان بە جۆرێک شێواند، کە گەنجان تەنیا هەوڵی ئەوە بدەن بڕوانامەیەک وەرگرن و لە ڕێگەیەوە دامەزرێن، فێری بیرکردنەوە و داهێنان نەبن، نەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن، بە مانەش بژێوی ژیانی ئەو خوێندەوار و ڕۆشنبیرانە کەوتە نێو بازنەی بەرژەوەندی ئەو دەسەڵاتدارانەوە و پێکەوە گرێ دران.
هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی، زۆرینەی چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لاواز بن، زەلیلی دەستی دەسەڵاتداران بن، توانای جووڵە و هەوڵدانیان بۆ گۆڕانکاری کەم بێت و زیاتر بە ڕاز و گلەیی و بۆڵەبۆڵەوە خەریکبن.
بێ توانایی و لاوازی هەموو ئەمانە، گەندەڵی حیزب و گرووپە دەسەڵاتدارەکان، لە پاڵ ئەو گۆڕانکارییانەی بە هۆی جیهانگیری و تەکنۆلۆژی نوێوە خولقاوە، وایان کردووە، کە لە لایەکەوە، خەڵکی متمانەیان بە سیاسەت و سیاسەتمەداران زۆرلاواز بێت و لە لایەکی ترەوە توانانی خۆ ڕێکخستنیان لە حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز و کاریگەردا کەم بێتەوە، کە لە ڕێگەیانەوە بتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و زەمینە بۆ گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا خۆش بکەن.
لەسەر بنەمای ئەم داتایانە، ئەو بوار و ئامرازانەی کە ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن، پەرلەمان و میدیا و دەسەڵاتی دادوەری، بوونەتە سەکۆیەک بەدەست ئەو دەسەڵاتدارانەوە کە بە ئارەزووی خۆیان تێدا گەمە بکەن، ببنە ئامرازێک بۆ بەر چاو تاریککردنی خەڵک و ئیحتیوای خواستەکانیان و تێوەگلانیان لەو گەمانەدا، دوور خستنەوەیان لەو بابەتە گرنگانەی کە پەیوەستە بە بووژاندنەوەی ئابووری وڵات و خۆشگوزەرانی خەڵکەوە.
لەم زەمینەیەی ئەمڕۆدا، چاوەڕوان ناکرێت، ئەو چین و توێژ و پێکهاتە لاواز و بێ دەسەڵاتانەی کۆمەڵگە، لە مەودای کورتدا بە ئاسانی بتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و ڕێڕەوی گۆڕانکاری لە بنەڕەتەوە بگۆڕن، چونکە ئەو دەسەڵاتدارانە توانای دارایی و سەربازییان هەیە، هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، لە پێناوی هێشتنەوەی هەژموونی خۆیان لە وڵاتەکەدا، هەتا ئێستا مانەوەی ئەاونە بە پێویست دەزانن.
سەرەڕای ئەمانە، خۆ ئەگەر لەم ساتەدا هێزو گروپی تازەش دەستەڵات بگرنە دەست، لەبەر لاوازییان و سروشتی رەییعی ئابووری وڵات، هەروەها بەستنەوەی گۆڕانکاری گەورە لە وڵاتەکەدا بەوەی چی لە کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات، ئەگەری زۆری هەیە بە زگماگی لە ناو بچێت و هەمان ڕێبازی پێشوو بگرێتە بەر.
بۆ ئەوەی ئابووری وڵاتەکە لە ئابووری ڕەیعییوە بۆ ئابووری فرە سەرچاوە بگوێزرێتەوە، چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بەهێزتربن، ڕۆڵی دامودەزگا و ئامرازەکان لە گەمە پێکردنەوە بەرەو پلۆرالیزم و کاری شەفاف و کۆنکرێت گەشە بکات، پرۆسەی دیموکراسی بەرەو پێشەوە بچێت، گەرەکە ژیرانە و بە نەفەسی درێژ، خشت بە خشت و هەنگاو بە هەنگاو کاریان بۆ بکرێت.
ئەوەی خەڵک هەتا ڕادەیەک لێرە پێی دەکرێت و ئەمڕۆ لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانیشدا، پەیڕەو دەکرێن، کاری ئایدیۆلۆژی و حیزبایەتی کلاسیکی نییە، بە شێوازی کۆن، دروستکردنی حیزب و گرووپی سیاسی نوێ نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپی سۆسیال میدیا و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێوە، فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانە، کارکردنە لەسەر(بابەت و پرۆژە)، ئەو بابەت و پرۆژانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە پێداویستی کۆمەڵگە و بەرژەوەندی خەڵکەوە، ڕێگە خۆشکردنە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵک.
نموونەی ئەو بابەتانە، بریتین لە چارەسەرکردنی گرفتی وزە و کارەبا بۆ دابینکردنی پێداویستی خەڵک و پرۆژی ئابووری و نیشتمانییەکان، گرفتی ئاو و شێوازی ئاودان و بەنداو و کەناڵ دروستکردنن، پاراستن و خاوێنکردنەوەی ژینگەیە، ڕێگاوبانی هایوەی و شەمەندەفەر و هێڵی ئاسمانی هاوچەرخن، پێشخستنی سێکتەری تەندروستی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دەرمان و سنوور دانان بە بازرگانیکردنە پێیانەوە، کەمکردنەوەی قۆرخکردنی بازاڕ و ئاسانکاری لە یاساکانی وەبەرهێنانە و دابینکردنی ئامرازی دارایی و بانکی و خزمەتگوزاری پێویستن بۆ گەشەکردنی کەرتی تایبەت، بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێیە لە سێکتەرە ئابوورییەکان و خوێندن و داهێناندا، چاکسازییە لە سیستەمی خوێندن و فێربووندا کە تاکەکانی کۆمەڵگە فێری داهێنان و بیرکردنەوە و بڕوا بخۆ بوون بکات، سەپاندی یاسای خانەنشینە بۆ کارمەندان و کرێکارانی کەرتی تایبەت و کاسبکاران، شەفافێتە لە داهات و خەرجییەکانی دەوڵەتداو … هتد.
گرنگی ئەم بابەتانە لەوەدایە کە بەرژەوەندی هاوبەشن لە نێوان هەموو شار و شارۆچکە و زۆرینەی پێکهاتە و چین و توێژەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ناوچە جێناکۆکییەکان و هەموو ناوچەکانی تری عێراق، بۆیە دەکرێ لە هەموو ئەو شوێن و بوارانەدا کاریان لەسەر بکرێت، ببنە هۆکاری لەیەک نزیکبوونەوەی هاوڵاتیان و یەکخستنیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەرنامەی هاوبەش.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت