عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌نفال.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

تراژیدیای تاوانی ئه‌نفال، پرسیارێكی قوڵی بێ وه‌ڵامی له‌ سه‌راپا ناخ و هۆشما هه‌ژاند. دوای ‏راپه‌رین هێشتا گونده‌ خاپوره‌کان ئاوه‌دان نه‌کراببوونه‌وه‌، به‌ قه‌ڵه‌مێک و چه‌ند په‌ڕه‌ کاغه‌زێکه‌وه رووم کرده‌ گه‌ڕه‌که‌ میللییه‌کانی خه‌بات و حاجی ئاوا ‏ و وڵوبه‌، دوای هه‌واڵ پرسین، چه‌ند لێکۆینه‌وه‌یه‌کم له‌ گه‌ڵ ئه‌و ژن و پیاوانه‌دا ساز کرد
‏له‌که‌ناری گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی بیابان به‌ ڕیکه‌وت له‌ تۆڕی ئه‌نفال چییه‌کان ده‌ربازببوون. له‌و ‏زنجیره‌ به‌دواداچوون و دیدارانه‌دا چه‌ند پرسیارێکم ئاڕاسته‌ی ئه‌و پیره‌ ژن و پیاوانه‌ ده‌ کرده‌وه‌ چه‌ند ‏مانگێک له نوگره‌سه‌لمان له‌ گه‌ڵ حه‌جاج و سه‌گه‌ برسییه‌کانی بیابان تاڵاوی مه‌رگیان چه‌شت ‏بوو، بۆ یه‌که‌مجار یه‌که‌م نوسینم له‌سه‌ر ئه‌نفالبه‌ ناوی (چاره‌نوسێکی نادیار ) له‌ ساڵی 1992 له‌ ‏ژماره‌ [36]ی کوردستانی نوێ بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌ویش عیزه‌دین عوبێد ره‌باتی پورزای باوکم بوو خه‌ڵکی گوندی هه‌زارکانی ره‌باتی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌نگاو بوو، 16 کەس له‌ ئه‌ندامانی خانه‌واده‌که‌ی بێ سه‌روشوین کرا بوون، له‌ ‏روخساریدا خه‌مێکی قوڵ به‌ قه‌د قوڵای ده‌ریایه‌کی بێ سنوور تراژیدیای بێسه‌روشوێنه‌کانی گه‌رمیان ده‌بینرا.
دواتر چه‌ندان نوسینی ترم له‌سه‌ر ئه‌نفال بڵاوکرده‌وه‌، بۆ هه‌ر ‏خانه‌واده‌یه‌ک، ژماره‌یه‌کی ر‌ۆژنامه‌که‌م ده‌کڕی و چیرۆکه‌که‌ی خۆیانم بۆ ده‌خوێندنه‌وه‌، له‌ ناخی خۆم دا هه‌ستم به‌ گه‌وره‌ترین ‏ئاسوده‌یی ده‌روونی و ویژدانی ده‌کرد که‌ ده‌توانی به‌ چه‌ند وشه‌یه‌ک گوزارشت له‌و ئازاره‌ په‌نگ خواردوه‌ به‌ ‏سوییه‌ بێ کۆتاییه‌ی ناخیان بکه‌م.
له‌ ساڵی 1993 دا کاک نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵڵا لێپرسراوی کۆمیته‌ی ‏قوربانیانی ئه‌نفال ئه‌و زنجیره‌ نوسینه‌ی لێوه‌رگرتم، خۆی یه‌ک به‌یه‌ک نوسینی رۆژنامه‌کانی له‌سه‌ر په‌ره‌یه‌ک مۆنتاژ کردو به‌ناوی (چاره‌نوسێکی نادیار)، وه‌ک یه‌که‌م کتێبی تایبه‌ت به‌ ئه‌نفال به‌ تێراژی 500 پەڕە بۆ ‏چاپ و بڵاوکردمه‌وه‌.
به‌ هۆی هاوڕێ ی ئازیزم کاک ئازاد ئه‌حمه‌د، خاتوو هێڤی عیززه‌ت له‌رێکخراوی میدکۆ وه‌ریگێڕایه‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی ‏و ره‌وانه‌ی هه‌نده‌ران کرا.
له‌ ساڵی 1995 روومکرده‌ پێشانگایه‌کی هونه‌رمه‌ند عه‌تا قه‌زاز له‌ سلێمانی ناونیشانی ‏‏چاره‌نوسێکی نادر_ م، به‌ سه‌ر یه‌کێک له‌ تابلۆکانه‌وه‌ بینی، پرسیاریی ناونیشانی چاره‌نوسێکی نادیارم لێ کرد وتی: بیرۆکه‌ی به‌رهه‌مێکه‌ له‌ ‏باره‌ی ئه‌نفاله‌وه‌ به‌ ئینگلیزی خوێندومه‌ته‌وه‌، له‌و کاته‌دا باڵی خه‌یاڵ گه‌ڕاندمییه‌وه‌ بۆ ساڵی 1992، بۆ لای ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ی گه‌ڕه‌کی خه‌بات، چه‌ند ئه‌ندامێکیان ئه‌نفال کرابوون، ئه‌و کاته‌ چه‌ند پرسیارێک ‏سه‌ریان هه‌ڵداوو له‌ وه‌ڵامه‌کانی دا، چیرۆکێکی زۆر سه‌رنج راکێشه‌رم لا گه‌ڵاڵه‌ بوو وتیان: به‌یانی وه‌ره‌وه‌ ‏وێنه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کانت بۆ ئاماده‌ ده‌که‌ین. ئه‌و شه‌وانه‌ کاره‌با نه‌بوو، له‌ به‌ر چرا که‌م بابه‌ته‌که‌م به‌ زمانێکی دراماتیکی داڕشته‌وه‌،
سه‌عات 10 _ی به‌یانی روم کرده‌ ماڵه‌که‌و له‌ده‌رگاکه‌یانم دا، ژنێک ده‌رگاکه‌ی ئاواڵا کرد. تا هێزی تیا بوو هاواری کرد به‌سه‌رما: بۆ وازمان لێ ناهێنیت، به‌ر ده‌رگات لێگرتوین، ئێمه‌ خۆمان هیچمان ‏نییه‌، ره‌سمی ئه‌نفاله‌کانمان بده‌ین به‌ تۆ ئازوقه‌ی پێ وه‌ربگریت، له‌ شوینی خۆم چه‌قیم! هیچ وه‌ڵامێکم پێ ‏نه‌بوو، هه‌نگاوه‌ قورسه‌کانم به‌ره‌و دواوه‌ کێش کرد، بارا‌نی بەتاو جه‌سته‌ی ته‌ڕکردم، بێ ‏ئه‌وه‌ی هۆشم لای خۆم بێت،کاتێ به‌خۆم زانی گه‌یشتومه‌ته‌ ئاستی ئه‌و سه‌ری کۆڵانه‌که‌.کاتێ به‌ ئاگا هاتمه‌وه‌، ئه‌و ‏چه‌ند لاپه‌ره‌ی نێو ده‌ستم، پارچه‌ پارچه‌ کردوه‌و له‌ گه‌ڵ جۆگه‌له‌ی باراناوه‌که‌و قوڕاوی ناو کۆڵانه‌که‌ دا تێکه‌ڵ ‏بووه‌.‏

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت