عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌ردۆغان و سواره‌ی حه‌میده.!‌

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ شه‌وی 18/17- 4- 2022 به‌ بڕیاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، هێزی پیاده‌ی سه‌ربازی تۆپخانه‌و هیزی ئاسمانی ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ هاوکاری هێزێکی کورد، له‌ سه‌رپلان و به‌رنامه‌و نه‌خشەیه‌کی دارێژراو، په‌لاماری گه‌ریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌ی) دا له‌ چیای ( کۆره‌ژارۆ، زاپ، مه‌تیان، ئاڤاشین ) له‌ ئامێدی.
تورکیا هه‌موو پێوه‌ره‌ یاساییه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کانی خستوه‌ته‌ په‌راوێزوه‌، به‌ هێزی پیاده‌ی سه‌ربازی و هێزی ئاسمانی و میتی تورکیاوه‌و به‌ تۆپ و فرۆکه‌ کانی و تۆپباران و بۆردومانی گوندو شاخ و ره‌زو باخ و کێڵگه‌ی کشیوکاڵییه‌کان ده‌کات. هه‌موو گونده‌کانی ئه‌و سنووره‌ی نوقمی باروت و ئاگرو ژه‌هری کیمیایی کردووه‌، به‌ نه‌خشه‌و به‌رنامه‌، دارستان و باخ و باخات و دارو دره‌خت ته‌فروتونا ده‌کات.
تا ئێستا حکومه‌تی هه‌رێم ‌ و به‌غداد نه‌یانتوانیوه‌وه‌ به‌ یه‌ک هه‌ڵوێست، رووبه‌رووی ئه‌و هه‌مووبنکه‌ سه‌ربازگانه‌ی تورکیا بوه‌ستنه‌وه‌. دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌موو بنکه‌ی سه‌ربازیانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا و میتی تورکیا له‌ باشوری کوردستان، بۆ ئه‌و زنجیره‌ هێرشه‌ سه‌ربازییه‌ی ئه‌ردوغان له‌ بێ ده‌سه‌ڵاتی و لاوازی پارته‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستا ن و ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌یه‌.
ئه‌م نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ ستراتیژییه‌ی ئه‌ردوغان، هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی رێکه‌وتنی تورکیا و ئه‌مه‌ریکاو روسیایایه‌، له‌ پرۆتۆکۆڵێکی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شدا، بۆ ره‌شه‌کوژی کوردو سڕینه‌وه‌ی نیشتمانه‌که‌ی.
له‌ 24- 07- 1923 به‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له‌ کۆنگره‌ی لۆزان له‌ سویسرا له‌ سینارۆیه‌کدا بۆ ناساندنی ده‌وڵه‌تی تورکیای نوێ، په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ری نێو ده‌وڵه‌تی که‌ مافه‌کانی کوردی له‌ وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆدا وه‌ک بابه‌تێک له‌ سیاسه‌تی نیوده‌وڵه‌تی دیاری کردبوو، ناوی کوردو کوردستانیان سڕییه‌وه‌.
له‌و کاته‌وه‌ تا ئێستا 18- 04- 2002 کورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی نیشتمانه‌که‌ی له‌ پێناوی به‌دیهێنانی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی (تورکیاو سوریاو عێراق و ئێران) ـه‌وه‌ بە زنجیره‌ جینۆساید ده‌کرێ.
جاران هه‌ردوو زلهێزی ئه‌مه‌ریکاو یه‌کێتی سۆڤیه‌ت، دوو جه‌مسه‌ری ته‌ریبی دژ به‌یه‌ک بوون، له‌ جه‌نگی ساردا بوون به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک. به‌ڵام ئێستای سه‌رده‌می جیهانگیری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان، روسیاو ئه‌مه‌ریکا به‌ جۆرێکه‌ لێک نزیک بوونه‌ته‌وه‌، ‌بوون به‌ خاوه‌ن یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ تورکیا .
بێ ده‌نگی ئه‌و زلهێزانه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر به‌ کورد له‌ (باکوورو رۆژئاواو باشووری کوردستان ) به‌ هاوکاریی سواره‌ی حه‌میده‌ی کورد، نه‌ک هه‌ر بێ ده‌نگی یه‌، پاڵپشت و هاوکاری مادی و مه‌عنه‌وی و میدیایی تورکیا ده‌که‌ن.
بێ ده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رده‌م تورکیا له‌م سه‌رده‌مه‌دا جۆره‌ ره‌وایه‌کیداوه‌ به‌ ئه‌ردۆغان کۆمه‌ڵکوژی کورد و سوتماک کردنی نیشتمانه‌که‌ی کردووه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌کی ستراتیژیی ره‌واو ئاسایی و به‌رده‌وام.
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حیزبه‌سیاسییه‌کانی کوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق و کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی، هیچ هه‌ڵو ێست و کاردانه‌وه‌یه‌کیان نی یه‌، به‌مه‌ش زیاتر هانی ئه‌ردۆغانیان داوه‌، به‌سوپاکه‌ییه‌وه‌ په‌لاماری هه‌ر چوارده‌وری وڵاته‌که‌ی بدات، به‌ به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی درێژ خایه‌ن سنووری وڵاتان ببڕێ و داگیر یان بکات، بۆ هێنانه‌ کایه‌ی خه‌ونی ئه‌تاتورکی ئه‌رۆغان.
تورکیا به‌و تێكشکانه‌ ئابوورییه‌ چه‌ق به‌ستوییه‌وه‌، چۆن ده‌توانێت په‌لاماری (باکورو رۆژئاواو باشووری کوردستان ) بدات؟، گه‌ر نه‌وتی بیره‌ نه‌وته‌کانی باشووری کوردستانی پێنه‌گات و به‌هاوکاریی سواره‌ی حه‌میده‌ی کورد، باشووری کوردستان پێکه‌وه‌ ده‌که‌ن به‌ دۆزه‌خ .
تورکیاو سوریاو عێراق و ئێران، چوار ده‌وڵه‌تی دژی به‌یه‌کن، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌ کۆمه‌ڵکوژی کورد خاوه‌ن یه‌ک پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌و یه‌ک ستراتیژن.
ئێستا سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد و حیزبه‌کانی کوردستان و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم، سێبه‌ر و مقاشی داگیرکه‌رانی نیشتمانن و رۆڵی سواره‌ی حه‌میده‌ جارێکی تر نوێ ده‌که‌نه‌وه‌.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت