سەلاح حسێن ئەفەندی: یەک و دوو یان فرە ئیدارەیی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوابەدوای ساڵی 2003 عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە ناو سیستمێکی فیدرالی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو سیستمە لەسەر بنەمای تەوافقی خێڵەکی دامەزراوە. بەپێیی ئەوە، بەشی زۆری ڕێژەی سامان و داهات و پلەکانی دەستەڵات لە نێوان چەند حیزب و گروپ و بنەماڵە و هێزی میلیشیادا دابەش کراون، خەڵکی وڵاتەکە نە بە شێوەیەکی کاریگەر لە حوکمڕانیدا بەشدارن، نە وڵاتەکە وەک پێویست گەشەی کردووە، نە خەڵکەکەی بە هۆی ئەو حوکمڕانییەوە خۆشگوزەرانن.
ئەگەرچی عێراق بە ناو حکومەتێکی ناوەندیی دەیبات بەڕێوە، لە کوردستاندا حوکمەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە پڕاکتیکدا، عێراق دابەش بووە بەسەر چەندین زوندا کە لە ژێر دەستەڵات و حوکمڕانی حیزب و میلیشیادان. هەرێمی کوردستان دابەش بووە بەسەر دوو زووندا کە لە ڕێگەی حیزب و بنەماڵەوە حوکمڕانی دەکرێن و حکومەت هیچ دەستەڵاتێکی ئەوتۆی بەسەریاندا نییە. لە ژێر سایەی ئەم جۆرە حوکمڕانێدا، حکومەتی عێراق لاواز و بێ دەستەڵاتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لاوازتر، هیچیان کۆنترۆڵیان بەسەر سامان و داهاتی وڵاتەکە و بڕیاردان تیایدا نییە.
بەڵێ زۆر ڕاست دەکەن، هەڕەشە لە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، باسی ترسی هەڵوەشاندنەوە و دابەشبوونی عێراق دەکرێت، ترسی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕی ناوخۆ هەیە، لە ڕێگەی خۆمانەوە دەستلێوەردانی دەرەکی بەردەوامە، باری ئابووری چەقبەستووە و خزمەتگوزاری لە ئاستێکی خراپدایە.
بەهۆی ئەم بارە نالەبارەوە، بەردەوام هێزە سیاسییەکان یەکتری تۆمەتبار دەکەن، هەوڵی لاوازکردنی یەکتر دەدەن، خەڵکی بێزارە و دەستەڵاتداران ڕەجم دەکەن، بەشێکی زۆریان متمانەیان بە پڕۆسەی سیاسی نەماوە و کەوتوونەتە گێژاوێکەوە نە سەری هەیە نەبن. بەڵام ئایا لەم ڕێگایانەوە ئەو بارە نالەبارە چارەسەر دەکرێت؟
بێگومان زەرەرمەندی گەورە لێرەدا زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکەیە، بەڵام ئایا لە مەودای دووردا، ئەوانەی ئەمڕۆ دەستەڵاتدار و سوودبەخشن، لە دواڕۆژدا زەرەرمەند نابن؟ بۆیە، یەکێ لە چارەسەرە بنچینەیەکان هەوڵدانە بۆ چاکسازی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابووریدا، ڕێکخستنی حوکومڕانییە بە شێوازێک، لەڕێگەیەوە زۆرینەی خەڵک و هەموو ناوچە و پێکهاتەکان، هەر یەکە لە شوێنی خۆیەوە لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا بەشداربن.
لەوە دەچێ یەکێ لە چارەسەرە سەرەکێکان بۆ ئەم گرفتانە سیستمێکی فیدرال بێت لە ناو خودی هەرێمی کوردستاندا، دابەشکردنی هەرێم بێت بەسەر چەند ئیدارەیەکدا کە لە هەندێ لایەنی ئابووری و سیاسی و ئیدارییدا سەربەخۆیانە حوکمڕانی ناوچەکانی خۆیان بکەن، دەستەڵات لە خوارەوە بۆ سەرەوە سەرکەوێت، لە هەمان کاتدا ئەو ئیدارانە لەسەر بنەمای بابەت و بەرژەوەندی هاوبەش، پێکەوە دەستەڵاتێکی ناوەندی بەهێز بونیادبنێن.
هەڵبەتە میکانیزم و چۆنییەتی ڕێکخستن و دامەزراندنی سیستەمێکی وەها و بابەتی یاسایی و دەستووری کاری خەڵکی شارەزاو پسپۆرە، بەڵام من لێرەدا هەوڵ دەدەم هەندێک بەڵگە و بنەما بخەمە ڕوو، کە گرنگە لە هەموو ئەگەرەکاندا ڕەچاو بکرێن:

1- لەگەڵ مێژووی کۆن و سروشتی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان گونجاو بێت
پێش ئەوەی کوردستان دابەش بکرێت و بلکێنرێت بە چەند دەوڵەتێکەوە، هەر لە مێژووی کۆنەوە لە ناو خودی خۆیدا دابەش بووە. بە مانایەکی تر، میرنشینێک، خێڵێک، ڕێبازێکی ئاینی یان سەرکردەیەکی بەهێز نەبووە، ئەو یەکانە لە ژێڕ چەتری دەوڵەتێکی ناوەندیدا لە سەرانسەری کوردستاندا بە زۆر یەکبخات. لەبەر نەبوونی سیستمی دیموکراتی لەو سەردەمانەدا، بێ گوومان درەفتی ئەوە نەبووە دەوڵەتێکی هاوبەشی دیموکرسی یەکیان بخات. لەگەڵ ئەوەشدا، دەوڵەتە زلهێزە کۆنەکانی ناوچەکە توانیویانە لە ژێر دەستەڵاتی خۆیاندا کۆیانبکەنەوە.
لە سەردەمی دەوڵەتی عەباسیدا زیاتر لە پێنج میرنشینی گەورە لە کوردستاندا هەبوون و لە ژێر چەتری دەوڵەتەکەدا حوکمڕانی ناوچەکانی خۆیان کردووە. لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، ژمارەیەکی زۆر میرنشین و کونفیدراسوونی خێڵەکی و خێڵ، لە ژێر چەتری دەوڵەتی عوسمانیدا، ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە بردووە، لە دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێرانیشدا ئەو مۆدێلە بە هەمان شێوە پەیڕەو کراوە. ئەم پڕۆسەیە چەندین سەدە هەتا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهان، بە شێوازی جیاواز بەردەوام بووە.
کە بزوتنەوەی چەکداری ڕزگاری خوازی کورد ساڵی 1961 دەستی پێکرد، زۆری نەبرد بزوتنەوەکە دابەش بوو بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەک، مەلایی و جەلالی، شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی بۆ چەندین ساڵ لە نێوانیاندا بەردەوم بوو. پاش ساڵی 1976 شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی و هەندێ گروپ و حیزبی تردا، بە شێواز و کاتی جیاواز هەتا کۆتایی ساڵەکانی نەوەد هەر بەردەوام بوو. لە دوای دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە، بە فەرمی و نافەرمی هەرێمەکە دابەش بووە بەسەر دوو زووندا، ئەگەر چی ئەمڕۆ پەڕلەمان و حکومەتێکی ناوەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە پڕاکتیکدا دوو دەستەڵاتی حیزبی حوکمڕانی ناوچەکانی خۆیان دەکەن.
هیچ یەکێک لەم لایەنانە هێندە بەهێز نییە کە بتوانێ کۆنترۆڵی لایەنەکەی تر بکات و وڵاتەکە یەکخات. چونکە لەسەر بنەمای عورفی خێڵەکی ناکۆکییەکانیان چارەسەردەکەن، لەسەر بنەمایەکی یاسایی کاری هاوبەش ناکەن، هەمیشە بە لاوزکردنی یەکترییەوە خەریکن. بە سوودوەرگرتن لەو ناکۆکیانە، هێزی دەرەکی بە ئاسانی دەستێوەردان لە کاروبواری وڵاتەکەدا دەکەن.
هەڵبەتە ئەم بارە جێگەی دڵ خۆشی کەس نییە، بەڵام ئەمە خاسڵەت و سروشتی کۆمەڵگەکەمانە، هەر لەسەر بنەمای ئەم ڕاستیانەش دەکرێ شێوازێکی حوکمڕانی جیاواز لە ئێستا ڕێکبخرێت، سیستمێکی فیدراڵی گونجاو لەگەڵ ئەو واقیعەدا بونیادبنرێت، کە لە لایەکەوە ناوچەکان ڕازی بکات و لە لایەکی ترەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و بەهێزی بکات.

2- بە پێیی دەستوور، دژوار نەبێت لەگەڵ شێوازی حوکمڕانی عێراق
کوردستان بەشێک بێت لە عێراق یان نا پێویستی بە شێوازێکی حوکمڕانی گونجاو هەیە کە ڕێگە خۆشکەر بێت گەشەکردن و بەهێزبوون و خۆشگوزاری خەڵکەکەی. ئەگەر بەشێک بێت لە عێراق یان نا لە بەرژەوندیدایە کە عێراق وڵاتێکی سەقامگیر و پێشکەوتوو بێت و سیستمێکی سیاسی و ئابووری هاوچەشنی هەرێمی هەبێت و پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ کوردستان هەبێت.
ئەمڕۆ بە ناویش بێت، بەپێیی دەستوورعێراق دەوڵەتێکی فیدراڵە، ئەمە لە لایەکەوە ئاسانکاری دەکات بۆ دامەزراندن و فراوانکردنی سیستمی فیدراڵی لە ناو خودی هەرێمی کوردستاندا، لە لایەکی ترەوە لە بەرژەوەندی هەرێمدایە کە سیستمی فیدراڵی لە عێراقدا گەشە بکات و چاکسازی تێدا بکرێت و فراوانتر بێت، بە جۆرێک هەموو ناوچەکانی تری عێراق بگرێتەوە. گەشەکردن و جێگیربوونی ئەو سیستەمە دیموکراسییە لە عێراقدا، گەرەنتییەکە بۆ ماندنەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان.

3- سیستمێکی زیندوو بێت، قابیلی تازەکردنەوە و فراوانکردن و گەشەکردن بێت
هەرێمی کوردستان تەنها بەشێکی باشووری کوردستانە، هەتا ئێستا چارەنووسی چەند ناوچەیەکی تر یەک لا نەبوونەتەوە و بۆتە گرفت لەگەڵ حکومەتی ناوەندا، باشووری کوردستان بەشێکە لە کوردستانی گەورە، کەس نازانێ لە داهاتوودا لە بەشەکانی تر چی ڕوو دەدات، کەس نازانی لە تورکیا، ئێران یان هەموو ناوچەکە چی ڕوو دەدات، لە داهاتوودا نەخشەی ناوچەکە چۆن ڕێک دەخرێتەوە. هیچ دوور نییە سیستمێکی فیدراڵی لە یەکێ یان چەند وڵاتێکی ناوچەکە دروستبێت و کوردستان ببێت بە بەشێک لێیان، یان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر شێوەی یەکێتی ئەوروپا جۆرە لەیەک نزیکبوونەوە و ڕێکخراوی هاوبەش دروست بێت. بۆیە زۆر گرنگە هەوڵبدرێت مودێلێکی مودێرنی زیندووی فیدرالی لە هەرێمدا بونیاد بنرێت کە ببێتە نموونەیەک بۆ ناوچەکە، ناوچەکانی تری باشوور درەفتیان هەبێت ئەگەر بیانەوێت ببن بە بەشێک لێی، پێکهاتەکانی تری کوردستان نمونەی تورکمان، سریانی، ئاشوری یان عەرەب بە خواستی خۆیان بتوانن ببنە بەشێک لێیی، ڕەنگە بەشێکی تری کوردستان یان هەندێ ناوچە تیایاندا، بتوانن ببنە بە بەشێک لەو فیدرالییە. یان ئەگەرعێراق وڵاتێکی گونجاو نەبێ، باشوور بتوانێت ببێت بە بەشێک لە دەوڵەتێکی فیدراڵی تری ناوچەکە. بە مانایەکی تر سیستەمێکی وا زیندوو، هەرێم بەهێز دەکات و دەیبووژێنێتەوە و ئامادەی دەکات بۆ هەموو ئەگەرەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت