عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: سیمای سلێمانی.

جوغرافیای سلێمانی و ئه‌و زنجیره‌ چیایانه‌ی ده‌وریان داوه‌، دیمه‌نێکی رۆمانسی سه‌رنج راکێشه‌ر و جوانی پێ به‌خشیووه‌. تایبه‌تمه‌ندی و دڵگیری ئه‌م شاره‌ له‌ ناو هه‌موو شاره‌کانی عێراقدا دیارو جیاوازه‌و مایه‌ی تێڕامانه‌.
له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی سلێمانی یه‌وه‌، ده‌یان کارو پیشه‌ ی تیا بووه‌. خانوه‌کانی له‌سه‌ر ته‌رزی بیناسازی نوێ دروستکراوه‌.که‌ره‌سته‌و ئامێری سه‌ره‌تایی کشتوکاڵی گونده‌کان و پیشه‌سازی و پێویستی شاره‌که‌ی تیا به‌رهه‌م هێنراوه‌.
سلێمانی شاری رووناکبیریی و ئه‌ده‌ب و هونه‌رو هه‌ڵوێست و خۆپیشاندان و مانگرتن و یاخی بوون و شۆڕش بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ داگیرکه‌رانی نیشتمان.
له‌ ساڵی 1918دا و سه‌ره‌تای بیسته‌کان، سلێمانی پایته‌ختی یه‌که‌م حکومه‌تی کوردی بوو به‌رابه‌رایه‌تی مه‌لیک مه‌حمود. له‌ کاتی یاخی بوونی مه‌لیک مه‌حمود، فڕۆکه‌ی جه‌نگی به‌ریتانیا بۆمبابارانی ناو شاری سلێمانی یان کردوه‌.
له‌ 6-ی کانونی 1930 بۆ یه‌که‌مجار، یه‌که‌م ڕاپه‌رینی سه‌ر شه‌قامی شار له‌ ده‌رگای قوتابخانه‌و به ‌سه‌رپه‌رشتی روناکبیران و مامۆستایان و ئه‌دیبان و کاسبکارانی شار دژ به‌ سیناریۆی ئینگلیزه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی به‌رپا کرا.
له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کۆماریدا چه‌ندان خۆپیشاندان و هه‌ڵوێستی یاخی بوون، به خوینی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ به‌رپا کراوه، ‌سلێمانی ناو نراوه‌. ( شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی )ده‌یان نوسه‌رو شاعیرو ئه‌دیب و رۆژنامه‌نووس و سه‌رکرده‌ی سیاسی و فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی و که‌سێتی به‌تواناو به‌ هه‌ڵوێست رۆڵی سه‌ره‌کی و پێشه‌نگیان له‌م شاره‌دا هه‌بووه‌ بۆ گۆڕانکاری و داهێنان.
له‌و سه‌رده‌مه‌ جیاجیانه‌دا ده‌یان جه‌لاد ده‌ستی به‌ خوێنی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ سوور کردووه‌، له‌ شه‌سته‌کان زه‌عیم سدیق و له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکان ملازم موحسین،جینۆسایدی هاوڵاتیانی ئه‌م شاره‌یان کردووه‌. سه‌دام ده‌یوت : سه‌ری ماره‌که‌ له‌ ناو سلێمانی دایه‌.
زانکۆی سلێمانی له‌ 1968- 1981 بورکانی هه‌ژانی قوتابیان بوو دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتداران، کۆماری عێراق ئه‌و زانکۆیه‌ی به‌م شاره‌ ره‌وا نه‌بینی له‌ ساڵی 1981زانکۆی سلێمانی یان گواستەوه‌ بۆ هه‌ولێرو ناونرا زانکۆی سه‌لاحه‌دین.
یه‌که‌م راپه‌رین له‌ ده‌روازه‌ی راپه‌رینی رانیه‌وه‌ گه‌یشته‌ ناو سلێمانی و سه‌راپا باشووری کوردستانی گرته‌وه‌.
گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و کۆماری عێراق دژایه‌تی شاری سلێمانی کردبێت و گرنگیان پێ نه‌دابێت له‌ پرۆژه‌ی خزمه‌ت گوزارییه‌کانی شار بێ به‌شیان کردبێت به‌رنامه‌ی سڕینه‌وه‌و خاپورکردنی شاره‌که‌یان جێ به‌جێکردبێ، ئاسایی یه‌. به‌ڵام دوای راپه‌رین و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، دوای گۆڕانکاری 9 /4 /2003و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام، بۆ حیزبه‌ سیاسییه‌کان و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم، ئه‌م شاره‌یان خسته‌ په‌راوێزه‌وه، بۆ وه‌ک سه‌دام و به‌عس جیاوازی له‌ نێوان شاره‌کانی هه‌رێم ده‌که‌ن؟.
له‌ 7/ 3/ 1991تا 2022 بۆ ماسته‌رپلانی شار بۆ سلێمانی به‌ سستی هه‌نگاوی له‌رزۆکانه‌ ده‌نوێنێت، به‌چەند ‌ساڵ و به‌چه‌ند قۆناغ ته‌واو ناکرێت، بۆ له‌ رووی پراکتیکی یه‌وه‌ پرۆژه‌کانی ئه‌م شاره‌ جێ به‌جێ ناکرێ و له‌ ناکاو ئیفلیجی ده‌که‌ن. بۆگه‌وره‌ترین غه‌در له‌م شاره‌ ده‌که‌ن؟ بۆ به‌قه‌د به‌های فه‌رهه‌نگی و کلتووری ئه‌و هه‌موو هه‌ڵوێست و خۆپیشاندان و راپه‌رین و قوربانیدانانه‌، گرنگی به‌م شاره‌ ناده‌ن؟ تاکه‌ی له‌زنجیره‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ گرنگه‌کانی شار بێ به‌شی ده‌که‌ن؟ بۆ ئه‌بێ عه‌قڵی چه‌ق به‌ستووی ده‌سه‌ڵاتداران کورد به‌هامان ستراتیژی ژه‌هراویی داگیرکه‌رانی نیشتمان دژایه‌تی شاری سلێمانی بکات و بیخه‌نه‌ په‌راوێزی ماسته‌ر پلانه‌کانی شار.
ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌ جیاوازی له‌ نێوان شاره‌کانی هه‌رێم نه‌که‌ن، گه‌ر به‌و پلان و په‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی مه‌زاجیانه‌وه‌ له‌مه‌زیاتر دژایه‌تی سلێمانی بکه‌ن، چه‌ند ساڵێکی تر سلێمانی له‌ هه‌نگاوی نوێ و گۆڕانکاری نوێی و له‌ سیمای شار به‌جێ ده‌مێنێت.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies