لوقمان مستەفا ساڵح: دیاردەی چەکداری و سزای یاسایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچی پەرلەمانی كوردستان لە یەكەم خولی خۆیدا لە ساڵی 1992 یاسای قەدەغەكردنی چەكی دەركردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە وەک پێویست جێبەجێ‌ نەكراوە، ئەمە لە كاتێكدا تەواوی ڕێكخراوە مەدەنییەكان بەردەوام داوای قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیەیان كردووە.
ھەروەھا پێش سێ ساڵ واتە لەساڵی 2019 وە «وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی داماڵینی چەك چەند بڕیارێكی ده‌كرد .
له‌ نووسراوێكدا كه‌ خاڵی بریاره‌كانی تیادا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ڕایده‌گه‌یه‌نێت. بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009 و بەپێی یاسای چەك ژمارە (16)ی ساڵی 1993، بە مەبەستی نەھێشتنی دیاردەی چەكداری بە تایبەت چەكی قورس و مام ناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەكانە تەنھا لە دەست ھێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارماندا بە:
یه‌كه‌م/ داماڵینی گشت چەك و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و كلاشینكۆف.
دووه‌م/ دەست بەسەرداگرتنی ئەو چەكە بێ مۆڵەتانەی كە لەلایەن ھاووڵاتیان ھەڵدەگیرێت و گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەریان.
سێیه‌م/ لە سەنتەری ھەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش بنكەی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەی رادەست دەكرێن یان دەستی بەسەردا دەگیرێت كۆدەكرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن.
چواره‌م/ لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندن ئاگاداری گشت ھاووڵاتیان دەكرێت ئەوانەی دەمانچە و كلاشینكۆفی بێ مۆڵەتی ھەیە لەو بنكانە تۆماری بكەن و ئەو چەكانەی كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوە ئاماژەی پێكراوە رادەستی بكەن.
پێنجه‌م/ ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونی كاری پێدەكرێت بۆ ماوەی 6 مانگ.
شه‌شه‌م/ دوای كۆتایی هاتنی ماوه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی پێنجی سه‌ره‌وه‌ دیاریكراوه‌، هه‌رچه‌كێك ده‌ستی به‌سه‌ردابگیرێت، خاوه‌نكه‌ی به‌ پێی یاسای چه‌ك ڕه‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت.
حه‌وته‌م/ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.»
ھەڵبەتە دیاردەی چەك هەڵگرتن بەڕێپێدراو و بێ مۆڵەتەوە، بە هەموو شێوەکانیەوە، کارەساتێکی وای خوڵقاندوە، هیچ کەسێک لە هەرێمی کەردستان نەتوانێت بە ئاسودەیی ژیان بگوزەرێنێت، چونکە زۆربەی ئەو تاوانانەی ئەنجامدە درێن، لە رێی چەکەوەیە و تائێستا نەتوانراوە پێشی لێ بگیرێت، دوبارە بونەوەی تاوانەکان وای کردووە هاوڵاتیان متمانەیان بە دام و دەزگا تایبەتمندەکان نەمێنێت.
هەندێک لە یاساناسان پێیانوایە دەبێت یاسای قەدەغەکردنی چەک دووبارە لەپەرلەمان هەموار بکرێتەوە، بەڵام بە پێجەوانەوە هەندێکیان رایان وایە حکومەتی هەرێم دووبارە پێویستی بەیاسای قەدەغەکردنی چەک نییە، چونکە ئەو یاسایە، کەموکوڕییەکی ئەوتۆی نییە.
یاسای مۆڵەتدان و قەدەغکردنی چەک وەک هەموو یاساکانی تر حکومەت کاری لەسەر نەکردووە، ئەمەش بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێتەوە، چونکە وەک ئاماژەمان پێکرد یاساکە کەموکوڕییەکی وای نییە، ئەگەر کەسانێک لەپەرلەمان یاخود یاساناسان پێیان وابێـت، کەموکوڕی لە یاساکەدا هەبێت.
چەک هەڵگرتن یان هێشتنەوەی چەک لەماڵەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە و ئەو کەسانەش کە چەک هەڵدەگرن، راستە زۆربەیان مۆڵەتی یاساییان نییە، بەڵام ئەوانەشی کە مۆڵەتی یاساییان هەیە لەکات ودەرفەتی گونجاودا هەمان تاوانی پێ ئەنجام دەدەن.
دیاردەی چەک هەڵگرتن یان هەڵگرتنی چەک و هێشتنەوەی لەماڵەکاندا دەکرێت زیاتر بۆ شەڕی ناوخۆ بگەڕێنینەوە، چونگە ئەوکات شارەکان جێگای دڵنیایی خەڵک نەبوون، لەبەرئەوەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ وای کردبوو، کە خەڵک متمانەیان بە حکومەت نەبێت،هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سەقامگیربونی ئاشتی لەهەرێم، دیاردەی چەک هەڵ گرتن کەمێک بەرەوکاڵ بونەورۆیشت،بەڵام لەگەڵ شەڕ فرۆشتنی داعش بەکوردستان، جارێکیتر ئەودیاردەیە سەری هەڵدایەوە.
هەرچەندە قەدەغەکردنی چەک بەپێی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، “بەپێی یاسای چەک بەماددی 29 بەهەموو شێوەیەک چەک قەدەغەیە. بەڵام زیاتر بەپێی مادەی‌ (21) لەیاسای‌ چەک، سزا بۆ ئەو کەسانە هەیە، کە مۆڵەتیان نییە و چەکی ئاگرینیان لەژێردەستدایە، سزاکەش بریتییە لە “بەندکردن کە لەیەک ساڵ کەمتر نەبێت، غەرامەی مادیشی لەگەڵ دەبێت”، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەک پێویست کار بەو یاسایە نەکراوە، بەڵکو زیاتر رووی لە سزای دارایی بوە، وەک لەوەی سزای بەندکردنی بەسەردا بسەپێنێت.
هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات، خەڵک بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، خۆیان گوتەنی لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمیان لەبەرچاوگرتوە، بەڵام کەم تا زۆر ڕوبەروی ئەودیاردەیە بونەتەوە، بەڵام وەک پێویست نەیان توانیوە هەندێ رێکاری یاسایی بگرنەبەر، هەندێ جاریش روبەروی کێشەی زۆر بۆنەتەوە، لەبەرئەوەی زۆربەی ماڵەکان چەکیان هەیە، تەنانەت ماڵی وا هەیە چەکی قورسی وەک بیکەیسیشی هەیە، ئیتر چۆن بتوانرێت ئەو بارودۆخە چارەسەر بکرێت؟ ئەو کەسانەشی چەک هەڵدەگرن، هەریەکەیان سەر بەحزبێکن، حزبەکانیش هەموو پاسەوانیان هەیە.
لەماددەی 16ـی یاسای چەک هاتووە، “بەهەموو شێوەیەک بازرگانیکردن بەچەک قەدەغەیە”، بەڵام بازاڕی چەکفرۆشتن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا هەیە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان دەڵێن لەلایەن ئێمەوە کۆنتڕۆڵ کراون و لەژێر چاودێریدان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەشوێنی چەکفرۆشەکانی کوردستان هەن، ئەگەرچی چەک فرۆشتن لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە سنووردار کراوە و بەردەوام لە ژێر چاودێریدایە ، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئاسایش بزانێـت کێ چەک دەفرۆشێت و کەسی چەککڕیش ئەو چەکەی بۆچییە، بەڵام ئەو کەسانەی گەر نەیانەوێـت ئاسایش پێیان بزانێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکەن، دەچن لەدەرەوەی بازاڕی چەکفرۆشەکان، مامەڵەی خۆیان ئەنجام دەدەن.
وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات بازاری چەک فرۆشی نەبێت، بەڵام ئەوە رەت دەکاتەوە بەمۆڵەتی ئەوان ئەو بازاڕە کرابێـتەوە، لەو جێگایانەی بەئاشکرا چەک دەفرۆشرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆیان نییە و هەموویان بەقاچاخچێتی دەیکەن.
چەند جارێک هەوڵی ئەوە دراوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، بەڵام وەک خۆی لێ هاتۆتەوە، بەڵام ئەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەهەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بەچەک هەتا ئەو چەکانەش کە بۆ راو بەکار دەهێنرێت، دەبێت مۆڵە تیان هەبێ.
بەپێی یاسا ئەرکی قەدەغەکردنی چەک لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە و وەزارەتی ناوخۆ بێتوانایی خۆی نیشان دەدات، بۆ قەدەغەکردنی چەک ، چونکە پێویستیان بەپشکنین هەیە، بەڵام ناتوانن پشکنینێکی گشتی لەشارەکانی کوردستان بکرێت، چونکە کەم ماڵ هەیە چەکی نەبێت، لەبەر ئەوە ناتوانرێت ئەو پشکنینە ئەنجام بدرێت، بەهۆی بونی چەك هەڵگرێکی زۆرە و هەرکەسە و سەر بەحیزبێکە و حیزبەکەی پشتگیری لێ دەکات، هەر بۆیە بنبڕکردنی دیاردەی چەک هەڵگرتن بە قسەکردن زۆر ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی گرانە،هەندێکی بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی ودوژمنداریەوە، هەندێکیشی بەهۆی پاڵپشتی کردنی هەندێ لە لێپرسراوان لە کەسانێک کە بۆ کاری تایبەتی خۆیان دەگەرێتەوە.!!
بوونی دیاردەی چەك شكۆی یاسا دەشكێنێت و هەیبەتی ناهێڵێت، بازرگانی ڕەش بەچەكەوە دروست دەبێت و لە دەرەنجامدا ژیانی مەدەنی لە كۆمەڵگەدا دەسڕدرێتەوە.لەو بارودۆخەشدا خەڵكی وا هەست دەكەن نە دامودەزگە یاساییەكان هەیبەتیان هەیە و نە دامودەزگە مەدەنییەكان چالاكییان پێ دەكرێت، نە متمانەشیان بە پۆلیس و ئاسایش دەبێت تا ژیانیان بپارێزێت، واتا روانینێكی نایاسایی و نامەدەنی و سەربازیی لا دروست دەبێت كە پێی وایە تەنیا بە چەكەكەی خۆی، خۆی پێ دەپارێزرێت”. بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ووشیاریی خەڵکەکە زۆر گرنگە کە بزانێت ئەو چەکەی بۆچییە، ئایا بۆ بەرگری کردنە لەخاکی نیشتیمان، یان بۆ بەرگریکردنە لەخۆپاراستن‌و هەردەست درێژیەک کە بۆ بەرگریکردنی رەوایی لەخۆی‌و سەروماڵی، چونکە ئەگەر سەیری رابردو بکەین، ئەو کاتانەی گەلی کورد دەچەوسایەوەو ستەمی لێ دەکرا، ئەوکات بە ئاواتەوەبوین هەمو ماڵێک لەگوندەکان چەکی هەبێت، بۆئەوەی لەکاتێک کە حکومەت هێرشی بۆبهێنابایە، ئەوان بەرگریان لەشەرەف‌و کەرامەتی خۆیان بکەن، بەڵام بۆ ئەم زروفە نابێت، بۆیە لەئێستادا ئەرکی هەموو لایەکە بەراگەیاندن‌و رێکخراوەکان‌و هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، چونکە دیاردەیەکی ناشارستانیەو لەگەڵ ژیانی سەردەمدا نایاتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت