لوقمان مستەفا: سەودای سەدە و سکاڵای سەدە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە هەموو پێوەرێک شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزەی فەلەستین کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش بەو هۆیەی کە زیانێکی گەورەی بە خەڵکی مەدەنی گەیاندووە.
ئەوەی ئاگری شەڕەکەی زیاتر خۆشکردووە سیاسەتی ئەمریکاو ھەندێ لە ووڵاتانی رۆژئاوایە، بەدیویکتردا ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بەرنامە و پرۆژەیەكیان بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە كۆتایی هێنان بەدەستێوەردانەكانی ئێران و وولاتانی تر لەململانێەكان و هەروەها نەهێشتنی گروپە توندرەوەكان لەم ناوچەیە ستراتیژی ئەمەریكایە، بۆیە هێرشی حەماس و دەستپێشخەری بۆ ئەم هێرشە كارتی تری لەپشتەوەیە لەوانە سەرنەكەوتنی پرۆژەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەک و پرۆژەی ئەمەریكا لەناوچەكە لەلایەکیتر. چونکە بە روونی دیارە سیاسەتی ئەمریکا کە بەردەوام مامەڵەو سەودای بە ئاشکراو بێ پێچ و پەنا لە پشت پیلانەکانی ئیسرائیلەوەیە دژ بە فەلەستینیەکان. ھەروەک بینیمان چۆن پشتگیری لە پرۆژەی دەوڵەتی ئیسرائیل کرد کە بە پرۆژەی سەودای سەدە ناو زەندکرا.

1- سەودای سەدە
پەرلەمانی دەوڵەتی ئیسرائیل 19ی تەموزی ساڵی 2018 وێڕای ناڕەزایەتیی بەربڵاوی کۆڕە فەلەستینی و جیهانییەکان، پرۆژەیاسای ڕەگەزپەرستانەی وڵاتی جولەکەی پەسەن کرد. یاسای ڕەگەزپەرستانەی “وڵاتی جولەکە” فەلەستین بە وڵاتی زایۆنییەکان دەزانێ و فەلەستینییەکان لە هەموو مافی شاروومەندێتی و مرۆییان بێوەری دەکات. یاسای ڕەگەزپەرستانەی “وڵاتی جولەکە” یەکێک لە تەوەرەکانی پلانی ئەمریکایی بە سەودای سەدە دێتە ئەژمار کە لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە داڕێژراوە و پرۆسەی جێبەجێ کرانی دەست پێ کردووە.
نوێنەرانی مافی مرۆڤی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بەو پرۆژ یاسایە، واتە لەبەر یاسای ڕەگەزپەرستانەی “وڵاتی جولەکە”بە شێوەی فەرمی دژ بە ڕژێمی زایۆنی سکاڵایان بەرز کردەوە و خوازیاری لێکۆڵینەوە لەو بارەوە بوون.
بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ نوێنەرانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ، یاسای ڕەگەزپەرستانەی “وڵاتی جولەکە”ـیان بە جێی نیگەرانی و پڕمەترسی وەسف کرد و جیھانیان لەو مەترسیە ئاگادارکردەوە تا ڕێبگرن لە دەوڵەتی ئیسرائیل و پرۆژەکەی ھەڵوەشێنێتەوە.

2- سکاڵای سەدە
ئەو سکاڵایەیە کە بۆ یەکەم جار ئەفریقای باشوور لەبری دەیان دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی لەسەرتاسەری جیھان لە دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاھای، سکاڵای دژی ئیسرائیل تۆمار کرد، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ئەنجامیان دەدات.
ئەفریقای باشوور لەو داوایەدا کە 84 لاپەڕە لەخۆدەگرێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە کردەوەکانی ئیسرائیل و کوشتنی فەڵەستینییەکان لە پۆلێنی جێنۆسایدن. ھەروەھا لە داواکارییەکەدا ھاتووە کە ئیسرائیل” نەیتوانیوە ڕێگری لە جینۆساید و لێپێچینەوە لە ھاندانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ جینۆساید بکات”.
کە ئەوە بوو لە 11 و 12ی /1/ 2024 دادگای دادی نێودەوڵەتی یەکەم دانیشتنی خۆی سەبارەت بە سکاڵاکە ئەنجامبدات، ئەفریقای باشوور دەیەوێت دادگای دادی نێودەوڵەتی بەپەلە فەرمان بە ئیسرائیل بکات ھێرشە سەربازییەکانی لە غەززە بوەستێنێت.
خۆشبەختانە لە پەیماننامەی جێنۆساید ھەموو دەوڵەتانی ئیمزاکار نەک تەنھا پابەند دەکات کە جێنۆساید ئەنجام نەدەن، بەڵکو پێشگرتن و سزادانیشی بۆ دیاریکردوون.
بۆیە ئەگەر بریارەکانی ئەم دادگایە لە بەرژەوەندی سکاڵاکەی ئەفەریقای باشوربوو ؛ ئەوا دەکرێت بکرێتە بنەمایەک بۆ ھەموو ئەو گەلە ستەملێکراوو ژێردەستانەی وەک گەلی کورد کە دەتوانن نەھامەتیەکانی خۆیان لە رێی ئەم دادگایەوە لەبەرژەوەندی خۆیان یەکلابکەنەوە. چونکە بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک باڵاترین مەرجەعی دادوەری نێودەوڵەتی لە نێوان دادگاکانی دادوەریدا، ئیعتیبارێکی باڵای یاسای و ئەخلاقی هەیە. بیڕوڕای دادوەران یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی یاسا و فراوانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت. کاریگەریەکانی بەگشتی زیاترە لەسەر دەوڵەتە خاوەن کێشەکان. دەستورەکانی و حوکمەکانی دادوەری دادگا ( قطعية )بڕاوەیە و پێداچونەوە هەڵناگرێت.
بە کورتی گرنگی ئەم دادگایە ( دادگای دادی لاھای ) لەوەدایە کە دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک باڵاترین مەرجەعی دادوەری نێودەوڵەتی لە نێوان دادگاکانی دادوەریدا، ئیعتیبارێکی باڵای یاسایی و ئەخلاقی هەیە. دادوەرانی دادگا نوێنەری سیستمی یاسای و بنەما دادوەریەکانی شارستانیەتی مرۆڤن. هەریەک لە دادوەرەکانی دادگا، دەبێت لە وڵاتێکی جیاوازەوە هەڵبژێردرێت. دادوەرانی هەمیشەیی نوێنەری وڵاتەکانیان نین لە دادگادا و دەبێت سەربەخۆیانە کاربکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت