هوشیار ئەحمەدی: شەھید بوون لای ئێمە ئامانج نیە، لوتکەی قوربانیدانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە باوەڕی ئێمەی کورد و دیمۆکراتا، گیانبازی بە مانای “شەھیدبوون” واتە لایەنە واتاییە (دینی- متافیزیکی- ئیسلامی)یەکەی ھیچکات جێی بایەخ نەبووە و نابێ و بگرە لە دەیان شوێنیشا ئاماژەی پێ کریاگە کە گیانی مرۆڤەکان لە گرشتێ بەنرخترە لامان. بەڵام ئیدی د کتۆر قاسملوو وتەنی؛ بڕواشمان وایە کە زۆر جار لە شێوازێکی خەباتە، لە بەرامبەر دوژمنێ کە تەنیا زمانی کوشتوبڕ ئەزانێ، نرخی ئازادی خوێنەو گیانەو گیانی رۆڵە بەنرخەکانی گەلەکەمان، رۆڵەگەلێ وەک پێشەوا. وەک دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی و وەک دەیان ھەزار رۆڵەی پێشەنگ و پێشمەرگە کە ھوشیار بە ماف و چەوساوەیی و ژێردەستییان، بە گیانیان تێکۆشان و بە ژیانیان نرخی ئازادییان بژارد.
لە باوەڕە متافیزیکییەکان بەتایبەت ئیسلاما، شەھیدبوون ئامانجە، مرۆڤ ئەیھەوێ شەھید ببێ بۆ ئەوەی قازانجی شەخسیی دەستکەوێ. مرۆڤی شەھادەتخواز بە باوڕی خۆی ھەوڵ ئەدا قازانجی دونیای کورتی خۆی بە ئاخێرت و دونیای ھەرمانی دیکە بگۆڕێتەوە.
لێرەدا ئیماندارانی شەھادەتخواز قسەیەکیشیان ھەیە کە ئەو بەرژەوەندیخوازییە تاکەکەسی و شەخسییە ئەسەلمێنێ و ئەویش ھەموو گوێمان لێی بووە کە ئێژن: “کەس ناچێتە قەبری کەسەوە.” بەڵام گیانبازیی شەھیدانی ئێمە ئینسانییە، دنیاییە و واقێعبینانە. ئەوان گیان ئەدەن بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەیان، بۆ رزگاری و سەربەستیی ئەوانیتر(ئازیزان و ھاونیشتمانیانیان).
زۆرێ لەوان ئەزانن کە لە دەستکەوتەکانی پاش ئەوان بۆ ئەوانی بێ گیان ھیچ سودێکی نابێ و وەک بڕوادارانی متافزیکیش ھیوایەکیان بە بەھەشت و بەرەکاتی قیامەت نیە. بەڵام ئەخلاقەن، ویژدانەن، ئینسانەن و ھوشیارانە ئەزانن کە رۆژێ ھەر لە بوونەوە ئەبنە نەبوون، بۆیە نایانھەوێ بوونە نەبوونەکەیان بێ نرخ و سود بێ. نایانھەوێ نیشتمانێ، نەتەوەیەک فیدای بەرژەوەندیی کەسی خۆیان بکەن.
د.قاسملوو لە جێگایەکدا ئێژێ: ئەگەر نەسڵەکانی پێش ئێمە ئەرکی خۆیان بە باشی بەجێگەیاندبا، لەوانەبوو ئەمڕۆ نەسڵی ئێمە ناچار نەبوایان گیان بدەین بۆ ئازادی و رزگاری، بۆیە پێویستە نەسڵی ئێمەش ئەرکی خۆمان بەباشی بەجێ بگەیێنین، تا نەسڵی پاش ئێمەش ناچار بە گیانبازی نەبێ بۆ رزگاریی.
پێشەوا سەربەرزانە گیانی بەخشی تا وەک زۆر سەرکردەی دیکە سەرشۆڕی گەلەکەی نەبێ. ئیتر ئەوانەی کە ناتوانن دەرکی گەورەیی پێشەوا بکەن لەوانەی لە دەرکی لاواز و تێگەییشتنی نزمیان بێ.
لە بەرەبەرەی 10ی خاکەلێوە، رۆژی شەھیدانی کوردستانا ( رۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، سەدری قازی و سەیفی قازی) کڕنۆشی وەفا بۆ پێشەوا و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان و ئازادی و ئینسانییەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت