شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: جیاوازی ژنکوژی لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە کوێرەڕێی کوردایەتی بەرەو گەورە ڕێی مرۆڤایەتی
لە 1991 کە نیمچە حکومەتی کوردی لە باشوری کوردستان دامەزراوە تا ئێستا 2022 نزیک 30.000 سی هەزار کچ و ئافرەت لە بە دەستی کەس و کاریان کوژراون.
پێش دەسەڵاتی کوردایەتی، کوشتنی ساڵانەی ژنان لە هەمو باشور نەدەگەییشتە بیست کەس. بەڵام ئێستا ساڵانە سەدان ژن بە دەستی/ باوک، برا و مێردەکانیان دەکوژرێن و بنەماڵەکانیان بۆ پاراستنی ئابڕوی خۆیان لە ژێر ناوی خۆکوژی، وەرگەڕانی سەیارە(ماشێن) کەوتنە خوارەوە لە بڵیندایی، نەخۆشی جڵدەی دڵ و مێشک، ژەهراوی بون بە گاز، دوکەڵ و پاککەرەوەکان لە حەمام و … پەردەپۆش دەکەن. کەمتر لە 10٪ی ئەم تاوانانە ئاشکرا دەبن. بۆ نمونە لە مانگی ڕەشەمەی(مارس) 2022 ناو و چۆنیەتی کوژرانی ئەم پێنج ژنە ئاشکرا کران: (سەروین خوڕشید، پەرژین نەسرەدین، مەریەم یەعقوب، شەنیار ئەنوەر، ماریا سامی)، سەرچاوەی ئەم کوشتارانە دەگەڕێتەوە بۆ فەرهەنگ و کەلتوری کوردایەتی کۆنەپەرەستانەی شێخ و ئاغاکانی باشوری کوردستان کە ساڵی 1961 لە دژی دابەشکاری زەوی بە سەر جوتیاران لە دەوڵەتی پێشکەوتنخوازی عەبدولکەریم قاسم یاغی بون و ساواکی ئێران و سیایەی ئامریکا و موسادی ئیسڕائیل چاردە ساڵ شەریان پێ کردن و ناویان نا کوردایەتی.
وتەی مەلا مستەفا بارزانی، ئۆستورەی کوردایەتی دیوەخان، سەبارەت بە ماف و دەوری ژن لە کۆمەڵگادا: ژن دەبێ دەفرێ خۆ بشوا، شێوێ خۆ لێنێ، نانێ خۆ بکا، هینی خۆ بدا.
خوێنەری هێژا، نەتەوەیێک بەم عەقڵە گۆش درابێ، کوژرانی ماریاکانی بە دەستی باب و براکانیان شتێکی چاوەڕوانکراوە. سی ساڵ تاوانی ژنکوژی لە باشوری بندەستی چەتەگەری کوردایەتی هیچ ناڕەزایەتیەکی جەماوەری لێنەکەوتەوە. بەڵام؛ کوژرانی ژینا ئەمینی لە ئاخیر ڕۆژەکانی هاوینی 2022 بوو بە هۆکاری گەورەترین ناڕەزایەتی جەماوەری لە نێو کورد و گشت نەتەوەکانی ئێران دا. کوردی ڕۆهەڵات و گەلانی ئێران ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە پێگەی ژنیان لە کارەکەری ماڵ و عەورەتێ بەتاڵ کردنەوەی شەهوەتی گۆڵەکەری مێرد گۆڕی بۆ جوانترین دروشمی بەرابەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
ئێستا کاتی ئەوە هاتوە لە خۆمان بپرسین کوردی باشور لە ژێر دەسەڵاتی شێخ و ئاغایانی کوردایەتی چیان بە دەست هێناوە و چیان لە دەست داوە؟ ئایا کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ حەسرەت بۆ ژیانی کوردی باشور بخوازن؟ یان ڕێگای سێهەم؟
لە جیاتی هەنگاونان لە کوێرەڕێی کوردایەتی کۆنەپەرەستانەی ژنکوژ و مێشک برشاوی و چەتەگەری کوردی، هێز و تواناکانی خۆمان لە گەڵ گشت گەلان و ئازادیخوازانی ئێران گرێ بدەین بۆ ئامانجەکانی گەورەی مرۆڤایەتی؛ وەک یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەرابەری ژن و پیاو، ئازادی تاک، ئازادی بیر و باوەڕ، دێموکڕاسی ڕاستەوخۆ، ڕووناکبیری، گەشەی ئابوری و بەرهەمهێنان، برایەتی گەلان و خۆشەویستی بۆ ئینسان، کۆمەڵگا، سروشت و گشت مرۆڤایەتی.
ئەوەی دەیڵێم خەیاڵ‌پڵاو نیە. لە ئێران زمزمەی زوڵاڵی کانی ژین دەبیسم بە سرودی: ژن ژیان ئازادی.
کاهینەکانی کوردایەتی باشوری کوردستان، گۆڕستانی ژنانی کوژراوی شەڕەفی دەستی پیاوانی بێشەڕەف/ ماریا سامی کوژراو بە دەستی برا و مامی لە باشور