شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: هۆکار و ڕێکارەکانی دوشمنایەتی بنەماڵەی بەرزانی بۆ لاهور شێخ خەنگی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی 2005 مام جەلال لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆماریی ئێراق، ویلایەتی موتڵەقەی بنەماڵی بارزانی بە سەر باشوری کوردستان قەبوڵ کرد. باقی بنەماڵەی تاڵەبانی و ڕێبەرانی یەکیەتی وەک سەرانی پارتی دێموکڕاتی بارزانی چونە ناو زەلکاوی گەندەڵی و خیانەت. یەکیەتی لەو کاتەوە لە پوکانەوە و داڕمانی بەردەوام دا بوە.
ئێستا یەکیەتی نیشتمانی لە قەوارەی حیزب دەرچوە و وەک بەرەیێکی ناکۆکی ئابوری و پیسخۆری گوێ لەمستی بارزانی لێهاتوە.
تەنیا کەسێکی کە گریمانە دەکرا بتوانێ یەکیەتی نیشتمانی پێش ڕاپەڕینی 1991 زیندوو بکاتەوە، لاهور شێج جەنگی بو. بۆیە بوو بە ئامانجی پیلانەکانی میت و پاراستنی بارزانی.
لە دوای کارەساتی شەنگال و هێرشی داعش لە مانگی 9 ی 2014 بۆ سەر کۆبانێ، ئەمەریکا لە ناوەراستی مانگی ئۆکتۆبەری 2014 بڕیاری دا لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بۆ هاوکاری شەنگال و کۆبانی ناوەندێک دورست بکات. بەمەرجێ پارتی تێدا لەم ناوەندە باڵا دەست بێت و بارەگاکەی لە هەولێر لە گەڵ دەزگای جاسوسی میت بێت.
لاهوری شێخ جەنگی کە بەرپرسی دژە تیرۆری یەکیەتی بوو، توانی ئەو ژوورە لەژێر دەسەلاتی پارتی و دەزگای جاسوسی میت دەربێنێت. ئەمریکاییەکانی ڕازی کرد کە بارەگاکە لە سلێمانی بێت.
لە ئاکامی بە بێ¬ڕۆڵکرانی پارتی-میت لەم ژوورە دا ، ئەمەریکیەکان باشتر کەوتنە تەنسیق لەگەڵ گەریلا لە شنگال و شەرڤانان لە رۆژئاڤا. رۆڵێکی گەورەیان بینی لە زوو تێکشکاندنی داعش لە شەنگال و کۆبانێ. لەو زەمانەوە پارتی و تورکیا هەستیان بە گەورەیی خەتەری لاهور کرد.
کۆنگرەی یەکیەتی هیوایەکی بەخشی بە قاعیدە و جەماوەری خوارەوەی کە پانیکەکان پاکسازی بکرێن و لە پاشکۆیەتی پارتی بێتە دەر.
پاراستنی بارزانی ویستی لاهور شێخ جەنگی تیرۆر بکات. بەڵام لەم کارە ناکام مایەوە. هەر بۆیە مەسعود بارزانی کوڕەکانی مام جەلالی ناچار کرد لە مانگی حەوتی ٢٠٢١ دژی ئامۆزاکەیان(لاهور) کودتا بکەن.
دەسگای پاراستن لە 2014 تا ئێستا سیاسەتی ڕەش‌کردن و تیرۆری کەسایەتی(تررور شخصیتی) لاهوری پەیڕەو کردووە. گشت دەسگاکانی ڕاگەیاندن(تەلێویزیۆن. ڕۆژنامە، گۆڤار و تۆڕە کۆمەڵاتیەکان) و هەمو خێڵی درۆی دیوەخانی بۆ ئەم مەبەستە ئەرکدار کردوە.

چوار نمونە چەواشەکاری شایەرانی دیوەخانی بارزانی بۆ ڕەش کردنی لاهور شێخ جەنگی:
1- بە دوای پیلانی ڕیفڕاندۆمی تورکیا و بارزانی، لە شازدەی ئۆکتۆبری 2017 ئەرتەش و جەیشی شەعبی هێڕشیان کردە سەر کەرکوک. بە پێی ئەم پیلانە بە دەستوری مەسعود بارزانی شەوێک پێشتر لەشکری پارتی لەم شارە پاشەکشەی کردبو(وەک کارەساتی سێی ئابی 2014ی شەنگال)
سەرانی گەندەڵ و پانیکی یەکیەتی پێشمەرگەکانیان کردنە سوتەمەنی ئەم شەڕە، دوای چوار سەعات بەرگری و کوژران و بریندار بونی زیاتر لە سەد کەس، لاهور پێشی بە تەشەنەکردنی زیاتری کارەساتی کوژرانی بە کۆمەڵی پێشمەرگەی یەکیەتی گرت و پاشەکشەی بە هێزەکە کرد.
ئەم پاشەکشەیە بو بە هۆی هەڵوەشانەوەی پیلانی تورکیا و بارزانی بۆ شەڕی نابەرابەری پێشمەرگە و کوردی کەرکوک لە برانبەر ئێراق و کاول بونی کەرکوک و ئاوارەبونی هەمیشەیی خەڵکی کوردی ئەم شارە.
دەست‌بەجێ بنەماڵەی بارزانی ئەمریان کرد بە خێڵی درۆ و دەسگا ئیعلامیەکانیان، کە هۆکاری کەوتنی کەکوک و دوایەش نیوەی باشور بخەنە سەر شانی یەکیەتی و بە دیاریکراوی شەخسی لاهور.
سەیرەکەی لەوەی دابو کە هیچ کەس لە خەڵکانی عەوامی گوێگری ڕووداو و شایەرانی دیوەخانی بارزانی، نەیان پرسی ئەرێ لە 16ی ئۆکتۆبری 2017 ئەو کاتەی لەشکری یەکیەتی پاشەکشەی کرد، لەشکری پارتی لە کوێ بون؟ بۆچی یەک چەکداری پارتی لە کەکوک بریندار نەبوە؟
گوێگرانی خێڵی درۆ نەیان‌پرسی لەم 51٪ی خاکی باشور کە داگیر کرا؛ خۆ نیوەی لە ژێر حوکمی بارزانی دابو. ئەی بۆچی لەشکری بارزانی لە زوممار و ڕەبیعە تا کەرکوک و مەخمور بێ تەقە هوموی ڕادەستی حەشدی شەعبی و جەیشی ئێراق کرد؟ لە کاتی داگیرکرانی نیوەی خاکی باشوری کوردستان، سی هەزار فیداییەکەی بارزانی لە کوێ بون!؟
ئەم جەماوەرە سێ ساڵ پێشتریش (2014) بۆ هەڵاتنی 15000 پێشمەرگەی بارزانی لە بەرابەر 500 چەتەی داعش و ئەنفالکرانی ئیزەدیەکان و محاکمە نەکرانی هیچ فەرماندە و بەرپرسێک سەبارەت بە ڕاکردنی بەپەلە و بێ‌دیفاع هێشتنەوەی خەڵک، پرسیاریان بۆ ساز نەبوبو!
لەم کاتەوە لە مێشکی جەماوەری عەوام دا، لاهور بۆتە کەرکوک فرۆشی شازدەی ئۆکتۆبر و مەسعود بۆتە قارەمانی سەربەخۆیی!
2- دوای بزوتنەوە جەماوەریەکەی دیسامبری 2019 شارەکانی ئێران، پاراستنی پارتی سیناریۆیەکیان بۆ عەلی جەوانمەردی و شایەران و بەرماوخۆرانی دیوەخان ساز کرد تا لە سۆسیال مێدیا دا بڵاوی بکەنەوە. وتیان لاهوری شێخ جەنگی بۆ سەرکوتی شۆڕشگێڕانی کورد هێزی دژە تیرۆری یەکەیەتی بۆ هاوکای ئێران ناردۆتە مەریوان.
زۆر عەقڵشیرین باوەڕیان کرد.
هەر کەسێکی خاوەن مێشک دەزانی کە دەوڵەتی ئێران نەک کەمی هێزی نیە ، بەڵکە بەشی چەند دەوڵەتی دیکەشی هێزی دژە شۆڕش هەیە. لەم مەیدانە دا ئاستی خودکەفایی تێپەڕاندوە.
3 ساڵی 2019 کە خۆپیشاندانەکانی جەماوەری ناڕازی ناوەڕاست و باشوری ئێراق تەشەنەی کرد و کوژراوی لێ کەوتەوە. پاراستنی پارتی تۆمەتیان بۆ لاهور ساز کرد و وتیان قەناس بەدەستەکانی دژەتیرۆری لاهور لە ناسریە و نەجەف خەڵک دەکوژن.
4- بەهاری 2020 مستەفا سەلیمی مەحکوم بە ئیعدام لە زیندانی سەقز هەڵدێ دوایە دەگیرێتەوە و حوکمەکەی جێبەجێ دەکرێ.
هەر ئینسانێکی خاوەن هۆش و ویژدان کە ئاگای لە مێژوو بێت، دەزانێ کە ئەرکی کوشتن و ڕادەست کردنەوەی 99٪ی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، لەم 60 ساڵە دا لە ژێر ئەمری مەلا مستەفا، ئیردیس، مەسعود، نێچیر و مەسرور بارزانی بە ئەنجام گەییشتون.
چۆنە خێڵی درۆی کوردایەتی دیوەخان، لە کەیسی کوشتن و ڕادەستکردنەوەی سەدان شۆڕشگێڕی باکور و ڕۆژهەڵات کەڕ و کوێر و لاڵن؟ بەڵام بۆ ڕەش‌کردنی نەیارانی بنەماڵەی بارزانی پەنا دەبەنە هەر جۆرە سەفسەتە و چەواشەکاریەک؟
چۆنە مو لە ماستی نەیارانی پارتی دا دەبینن، بڵام شۆرباوی پڕ لە پیسایی دیوەخانی بارزانی بە کوردایەتی ڕەسەن دەرخواردی خۆیان و کەسانی ساویلکە و گەمژەی ناو کۆمەڵگای کوردی دەدەن؟
خێڵی درۆ کە بۆ بەدەستەوەدانی ئاشکرای شەنگال و 6300 کچ و ژنی ئیزەدی کەڕ و کوێر ببون، بەڵام بۆ کەیسی تەم و مژاوی مستەفا سەلیمی دەستیان دایە دەهۆڵ و زوڕنا. گوێی دونیایان کەڕ کرد کە لاهوری شێخ جەنگی خەیانەت و جەنایەتی کردوە ئەم پەنابەرەی ڕادەستی ئێران کردۆتەوە. گوێگرانی خێڵی درۆ پرسیاریان نەکرد کە بڵێن: “6300 ئافرەتی ئیزەدی بە قەد تاوانبارێکی ئاسایی بایەخیان نەبو؟”
ئەگەر پیلانی دەرکردنی لاهور لە یەکیەتی سەر بگرێ، خەونی شەست ساڵەی بنەماڵەی بارزانی بۆ قۆرغ کردنی تەواوی دەسەڵات و ئاغایەتی بە سەر خەڵکی باشور وەدی دێ.

پەراوێز و سەرچاوەکان:

ئەم دەستەواژە لە شێعرەکەی سوارەی ئێلخانی زادە وەرگیراوە:
“خێڵی‌ درۆ
ئێوه‌ كێن؟ خێڵی‌ درۆ
گه‌لی‌ ده‌م پڕ له‌ هه‌را
نیشته‌جێی‌ شاری‌ به‌ گرمه‌ و دووكه‌ڵ‌
ئێوه‌:
میراتگری‌ كام جێ‌ له‌وه‌ڕن؟
كه‌ی‌ شێری‌ چیان؟

به‌رده‌ماو خۆری‌ توڵه‌ و گورگی‌ گه‌ڕن
زه‌لكه‌یه‌ كۆڕه‌كه‌تان ئێوه‌ زه‌ڵمن

به‌سیه‌تی‌، …. به‌سیه‌تی‌
واهات …. وا چوو”

– خێڵی درۆی پارتی دێموکڕتی بارزانی ئیدعا دەکەن ناوبراو توانیویەتی خۆی بگەیێنێتە پێنجوێن لە باشوری کوردستان و لە لایەن ئاساییشی یەکیەتی ڕادەستی دەوڵەتی ئێران کراوەتەوە.
ئەگەر ڕادەست کرابێتەوە، تاوانێکە وەک دەیان تاوانی بنەماڵەی بارزانی. بە پێی یاسای نێودەوڵەتی کەسانی پەنابەر کە ترسی کوشتنیان لە سەرە، نابێ ڕادەستی ئەم دەوڵەتانە بکرێنەوە کە قانونی ئیعدام تێیدا جێبەجێ دەکرێ. تەنانەت ئەگەر تاوانی جنایەت، کوشتن و چەتەگەریشیان لە سەر بێت.
ئەوەی کە مەبەستی ئەم وتارەیە بەزاندنی سنوری لۆمپەنیسمی سیاسی کوردەواریە.
لەشکرێک پارێزەری مافی مرۆڤ،کوردپەروەر، شۆڕشگێڕ، پاڵەوان و ئازادئخوازی سەر فەیسبوک کەوتونەتە شوێن عەلی جەوانمەردی بۆ ڕەشکردنی لاهور شێخ جەنگی بە قیمەتی سپی کردنەوەی مێژووی ڕەشی بنەماڵەی بارزانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت