سەلام عەبدوڵا: رزگاری ژن لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌!

موزایه‌ده‌ی سوپایه‌ك له‌ (رێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تانی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی به‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئه‌كادیمی زانكۆكان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن تا ده‌گاته‌ ئیسلامگه‌را و UN) خۆیان شین و مۆر كردووه‌ له‌باره‌ی ماف و ئازادی ژنان‌.
له‌م باره‌یه‌ ئه‌م سوپایه‌‌‌ تووشی سه‌رخۆشی و وڕینه‌ بوون، به‌ پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی له‌ هوتێل و هۆڵه‌ گرانبه‌هاكان، هه‌ر خه‌ریكی فره‌بێژ و لافوگه‌زافی زڵ ده‌كه‌ن به‌ناوی(كۆڕ، كۆبوونه‌، سمینار، سیمپۆزیوم، كۆڕبه‌ند، ورگ شۆب و ئیڤێنت)، كه‌چی زۆربه‌ی ژنان له‌ هه‌ژاری و نه‌خۆشی و بێزاری و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌شفرۆشی و سێكسیزم، وێران و نامۆ بوون له‌ ژیان تا ده‌گاته‌ كوشتن و زه‌بروزه‌نگ.
ئه‌وه‌ی باس له‌ مافی ژنان ده‌كات ده‌بێ لێره‌وه‌ ده‌ستپێبكات: گفتوگۆ و راپۆرت و چالاكی رۆژانه‌ و توێژینه‌وه‌و هه‌ر كارێك بۆ رزگاركردنیان له‌ كوێلایه‌تی كاری(متبه‌خ، شۆردن و پاكردنی)ناوماڵ و به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنی مناڵ(داینگه‌، باخچه‌ی مناڵان، خانه‌ی مناڵان و… هتد) به‌ خۆڕایی و له‌ بێكاری.
بیری باو و ئامرازه‌ تیئۆری و رێكخراوه‌یی و راگه‌یاندنه‌كانی له‌م باره‌یه‌وه‌ وشه‌یه‌ك نادۆڕێنن، له‌وانه‌یشه‌ بیانوی سووك بهێنن و بڵێن(جارێ كاتی ئه‌مه‌ نیه‌). ئه‌ی هێشتا هه‌ر كاتی قورسكردنی باری سه‌رشانیانه‌؟! بۆچوونه‌كه‌ ئۆتوبیایه‌!
ده‌مێكه‌ كاتی هاتووه‌، به‌ڵام ناگونجێ له‌گه‌ل پره‌نسیپی رێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ بیری سه‌رمایه‌داری، بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌مه بكرێت به‌ ناوه‌ندی كاركردن‌ بۆ پرسی ژن!