عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمه‌د: سه‌ری کوێره‌مار لای حاجی عارفی عه‌تار ده‌ست ده‌که‌وێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوکانەکەی حاجی عارفی عەتار، یەکێکە لە دوکانە دێرینەکانی شاری سلێمانی، حاجی عارف و باوکی، لە عەتارە دێرینەکانی شاربوون، لە بەر حەوزە وشکەکە.
حاجی عارفی عەتار کەسێتیەکی هێمن و بە سەلیقەی وردو زیرەک بوو، بە دەستی خۆی رەگی توتنی وشكی دەهاڕی و ورد وردی دەکرد و تێکەڵی رۆنی گوڵی بۆن خۆش و گوڵاوی دەکرد، بەو جۆرە دەرمانە تایبەتیەیان دەوت برنوتی، بۆ پژمین و هەڵامەت باش بوو، خەڵکی شار لە بەر رێزو خۆشەویستی بەحاجی عارفی عەتاریان دەوت حاجی عارفی بڕنوتی.
ئەو سەردەمە حاجی عارف بەپێی ئەزمونی کارەکەی، زۆربەی داو و دەرمانەکانی لەقوتی تایبەتی بە جیاجیا دانابوو، هەموو جۆرە دەرمان و کەرەسەیەکی پزیشکی کوردەواری و دەرەوەی وڵات لای حاجی عارف هەبوو، گەر هەرکەسێک بە دوای ئەو دەرمانە میللی و کەرەستە پزیشکیانەدا بگەڕایەو دەستی نەکەوتایە پیان دەوت: بڕۆ بۆ لای حاجی عارفی برنوتی لەلای حەوزە وشکەکە، سەری کویرەماریشی لا دەست دەکەوێت.

عه‌تاره‌کۆنه‌کانی سلێمانی بریتی بوون لە:
سه ید مسته‌فا – قادرئاغای برایم ئاغا – میرزاساڵح – خوله‌ پاره‌پیس – ئه‌ورامی جوله‌که – فه‌تاحی عه‌تار – حه‌مه‌ سه‌عید چاو قڵیشاو – مه‌لا ئه‌حمه‌دی چیایی – سه‌ید عه‌لی سه‌ید مسته‌فا – حه‌مه‌ که‌ی مام ساڵح – حاجی عارفی بڕ نوتی – حاجی ئیبراهیم – عومه‌ری ئه‌وره‌حمانه‌ خڕه‌.
له‌ م چه‌ندساڵه‌ی دواییدا دوکانی عه‌تاری زۆر لە شارکەدا کرایەوە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ده‌رمان و ئەو که‌ره‌سته‌ پزیشکیانه‌، له‌ کوردستاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، بۆچاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌کان.
+ گوڵه‌ هێرۆ و ناوکه‌ به‌هێیان له‌ ئاو و شیردا ده‌کوڵاند، بۆچاره‌سه‌ری کۆکه‌ به‌کاریان ده‌هێنا.
+ به‌یبوونیان له‌ ئاودا ده‌کوڵاند، ئاوه‌که‌یان ده‌خواردەوە بۆ چاره‌سه‌ری ( کۆکه‌، سک چوون، به‌ردی گورچیله‌، رێککردنی ئیشوکاری گه‌ده‌ ) به‌کاریان ده‌هێنا.
+ جاران بە ئاوی به‌یبون‌، خه‌نه‌یان ده‌گرته‌وه‌، بۆ ئەوەی قژ رووتانەوە بوەستێنن. بەیبونیان بۆ چاره‌سه‌ریی جیوبی ئه‌نفی بەکار دەهێنا، به‌و مه‌رجه‌ی نه‌خۆشه‌که‌ له‌ کاتی کوڵانی ئاوه‌که‌دا، ده‌م و چاوی به‌سه‌ر ده‌فره‌که‌دا شۆڕ بکاتەوەو هه‌ڵمه‌که‌ی هه‌ڵمژێت.
+ بنێشته‌ تاڵیان زیاتر بۆ ئازاری گه‌ده‌و ئیلتهابی ریخۆڵه‌و نه‌هێشتنی قه‌بزی و بۆ ده‌رهێنانی چڵکی له‌ش به‌کار ده‌هێنا.
+ توێکڵی وشکی رێواسیان لێ ده‌کردەوەو ناوه‌ سپییه‌که‌یان له‌ ناو ئاودا ده‌کوڵاند، یان ده‌یان هاڕی و دەیان خستە ناو گوڵاجی به‌تاڵه‌وه‌، به‌یانیان و شه‌وان دوو دانه‌یان لی ده‌خوارد،ئه‌مه‌ش بۆ دابه‌زینی (فشاری دڵ) به‌شێوه‌یه‌کی زۆر خێرا باش و بە سوود بوو. ‌

سه‌رچاوه‌/ سه‌ری کوێره‌ مار لای حاجی عارفی عه‌تار ده‌ست ده‌که‌وێت، کوردستانی نوێ. ژ: 1669، 15/ 8 / 1998، ل 5.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت