Newshirwan-3

کامەران وریا قانع : نامه‌كه‌ى كاك نه‌وشیروان ..

من نامه‌وێـت زۆر له‌سه‌ر ورده‌كاریی نامه‌كه‌ برۆم , چونكه‌ زۆرى له‌سه‌ر نوسرا, به‌ڵام من بۆچونێكى تایبه‌تیم هه‌یه‌ له‌سه‌ر كارى سیاسه‌ت كردن بوونه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان. به‌شێكى كارى سیاسی بریتیه‌ له‌ ته‌ماح و حه‌زه‌ دنییایه‌كان , هه‌ر له‌ وه‌رگرتنى پۆستێكى به‌رز تاكو مووچه‌یه‌كى به‌رز و هه‌لى زۆرى سه‌فه‌ر كردن به‌ وڵاتانى دنیا. ئه‌وه‌ى ئه‌م راستیانه‌ نه‌بینێـت چاوه‌روانى شتێكى ئه‌فسانه‌یى ئه‌كات له‌ سیاسیه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ گه‌ڵ روحی كار كردنى سیاسى یه‌كناگرێته‌وه‌ كه‌ كار كردنه‌ له‌گه‌ڵ واقعدا, مه‌رج نیه‌ هه‌موو سیاسیه‌ك وه‌كو غاندى بێت چونكه‌ یاساكانى ژیان بۆ حاله‌ته‌ شازه‌كان دانانرێت.كاتێك له‌ جۆرج بۆشى كوریان پرسى دواى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌لبژاردنه‌كان دۆرا زیاتر بیرى چى ئه‌كه‌یت له‌ كۆشكى سپی؟ له‌ وه‌ڵامدا وتى بیرى فڕۆكه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌كه‌م , كه‌ به‌ تازه‌ترین ته‌كنه‌لۆجیا دروست كراوه‌ !., واتا ئه‌م كابرایه‌ پێش هه‌موو شتێك زۆر سه‌رسامى شتێكى مادى بوو له‌ كاتى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى ئه‌و نه‌هات باسى ئه‌و پڕۆگرامه‌ى بكات كه‌ بریتى بوو له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى دیموكراسى و سه‌رله‌نوێ دارشتنه‌وه‌ى رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست .

هه‌روه‌ها بێگومان بوونه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى دنیا وه‌كو دەسكەوتێك وایه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى هه‌وڵى بۆ ئه‌دا چونكه‌ زۆربه‌ى حزبه‌كانى دنیا پرۆپاگه‌نده‌یه‌كى زۆر ئه‌كه‌ن تاكو نوێنه‌ره‌كانیان سه‌ركه‌وێـت له‌م رێگایه‌دا به‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار سه‌رف ئه‌كه‌ن بو ئه‌وه‌ى ده‌سه‌لات بگرنه‌ ده‌ست , چونكه‌ هه‌ر ده‌سه‌لات گرتنه‌ ده‌ست خۆى له‌ خۆیدا بریتيه‌ له‌ دنیایه‌ك ده‌سكه‌وت بۆ حزبى براوه‌ له‌ ‌ رێگاى سه‌رخستنى چه‌ندان ئه‌ندامانى خۆیی بۆ پۆسته‌ به‌رزه‌كان و پیاده‌كردنى ئه‌و دنیا بینیه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى له‌ بواره‌كانى ‌ ئابورى و سیاسی و كۆمه‌لایه‌تیه‌ى كه‌ مه‌رج نیه‌ هه‌موو كومه‌لگا پی باش بیت .

ئه‌ندام په‌رله‌مان ئاساییه‌ مووچه‌یه‌كى باشى هه‌بێت و سه‌فه‌رى ولاتان بكات . به‌ڵام ئه‌بێت ته‌نها بۆ ماوه‌ى كاركردنى بێت,واته‌ نه‌ك دواىی ته‌واو بوونى كاركردنى خانه‌ نشین بكرێـت و شوقه‌ى گران به‌ها له‌ دوا به‌جێبمێنێـت ! …. هتد .

ئه‌بێت هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ مادیه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان وه‌كو فرۆكه‌كه‌ى جۆرج بۆشى لێبیت دواى به‌ جێهێشتن ته‌نها بۆیان هه‌بێت بیرى لێبكه‌نه‌وه‌ !. به‌ بۆچوونى من دادپه‌روه‌رى ته‌واو بوونى نیه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌شبێـت ئه‌وه‌نده‌ى زه‌ره‌رى هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ قازانجی نیه‌ ,چونكه‌ به‌شێك له‌ سروشتى ژیان بریتیه‌ له‌ نا دادپه‌روه‌ریى , به‌لام ئه‌كرێت سیسته‌مێك هه‌بێت ده‌رفه‌ته‌كان یه‌كسان بكات و ژیانى مرۆڤه‌كان دابین بكات نه‌ك خه‌ونى دادپه‌روه‌رى سه‌دا سه‌دى هه‌بێت .

دكتۆر علی وه‌ردى كاتێك باسى ئیمامى على ده‌كات ئه‌لێت : ( كێشه‌ى گه‌وره‌یى ئیمامى علی ئه‌وه‌ بوو زۆر دادپه‌روه‌ر بوو ئه‌مه‌ واى كرد ئه‌وانه‌ى ده‌وربه‌رى لی بێزار بن و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى براكه‌ى راكات په‌نا بۆ معاویه‌ به‌رێت, هه‌روه‌ها ئه‌لێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو له‌ سه‌رده‌مى ئیمام علی ئه‌وه‌نده‌ى خه‌ریكى كپ كردنه‌وه‌ شۆرشه‌كانى ناو خۆ بوو ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكى فتوحات نه‌بوو ) . له‌ كۆتایدا من پێم باشه‌ ئه‌م نامه‌ى كاك نه‌وشیروان به‌ جۆرێك بێت ده‌ست كه‌وته‌كانى بوون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان زۆر به‌ گه‌وره‌ نه‌زانێـت , به‌لكو هه‌وڵ بدات ئه‌و یاسایانه‌ دارێژێت كه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ نه‌بنه‌ هه‌میشه‌یی ! .