جەنگێك بەئاسمانەوە .. جەمال حسێن

 هانا ئارینت، لەكتێبی (لەبارەی شۆرشەوە) لەو بەشەی كەتایبەتی كردوە بە قسەكردن لەسەر شۆرش‌و جەنگ، ئەو راستیە یەكلادەكاتەوە كە برێكی زۆر لە شۆرشەكانی دوسەدەی رابردوو، لەئەنجامی كۆتای هاتنی جەنگێكەوە سەریان هەڵداوە، ئەو كاتەی وڵاتێك لەجەنگێكدا بەشكست خواردوی هاتۆتە دەر، گەلەكەی لەرێی شۆرشەوە خۆی لەو شەرمەزاریە رزگاركردوە، یان راستر وایە فرسەتی وەرگرتوە بۆ لادانی ئەو رژێمەی جەنگ لاوازی كردوە. لەم بەشەدا ئارینت بەشێوەیەكی گشتی یەكێك لە سیماكانی شۆرش بەوەدیاریدەكات كە بەدوای جەنگدادێت، وەكو شۆرشی ئەمریكاو فەرەنساو روسیا. بەڵام پرسیارێك بۆ ئێمە لێرەدا مایەی لەسەر وەستانە، ئەوەیە كە شۆرش چ زەمینەیەك بۆ جەنگ دەرەخسێنێ، رونتر ئایا شۆرشی وڵاتانی عەرەبی چ پەیوەندیەكیان بەجەنگەوە هەیە ؟ وەكو ئەوەی ئەم شۆرشانە بەرهەمی هیچ جەنگێك نین، ئایا خۆیان دەبنە هۆكاری هیچ جۆرە جەنگێك؟ بەرلەهەموشتێك مەبەستمان بەجەنگ ئەو زبری و بەریەككەوتنە سەربازیانە نییە كەلەناو خۆی ئەم شۆرشانەدا رویان داوەو رودەدەن، وەكو لیبیاو سوریاو یەمەن كە لە لێواری هەمان جەنگدا گەرایەوە، ئەو جەنگەی بۆنی دێت و و بەئاسمانەوەیەو هێشتا نەنێشتۆتەوە، ئەوەیە كە لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە ئەگەری رودانی لەهەموكاتێك زیاترە، جەنگ لەنێوان بەرەی سونی و شیعە، بەرابەرایەتی توركیاو سعودیاو چەند وڵاتێكی كەنداو لەگەڵ ئێران و سوریا چەند هێزێكی سیاسی و سەربازی كاریگەر لەناوچەكە، جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێك، خۆرئاواو روسیا، جەنگێك تادێت تارماییەكەی تۆختر دەبێتەوە بێ ئەوەی دیاربێت چۆن و كەی و لایەنەكانی كامانە دەبن.

بەگەرانەوە بۆ لێدوانی ژمارەیەك جەنەرالی ئیسرائیلی و ئەمریكی، لەگەڵ هەرەشەكانی دەسەڵاتی سوریاو ئێران و خۆگیفكردنەوەكانی توركیا، تێدەگەین ناوچەكە لەهەمو كات زیاتر بەرەو ئەگەری بەریەككەتنێكی خوێناوی دەچێت. گەورە رۆژنامەنوسی میسری هەیكەل پێی وایە لە نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ ئێران دەبێت، چەند لێكۆڵیارێكی ستراتیژی خۆرئاوا پێیان وایە ئەم جەنگە لە ئیسرائیل و لوبنانەوە دەست پێدەكات، هەشە بەدوری نازانێت عێراق ببێتە سەرزەمینی تەقینەوەی، بەتەنیشت ئەوانەوە كە دەڵێن هەر پەلامار یان فشارێكی سەربازی بۆسەر سوریا پریشكی ئەم ئاگرە دەبێت، نزیك بوەنەوەی گری شۆرش لە دیمەشق و دروستبونی مەترسی جدی بۆ لەناوچونی دەسەڵاتی بەشار سەردەكێشێت بۆ گربەردان ناوچەكە. راكان لەسەر دەسپێكەكەی هەر جۆرێك بێت، لەسەر درندەی و كاولكاریەكەی كەمتر ناكۆكن، بەو پێیەی ئێستا رۆژهەڵات وەكو بەرمیلێك بارودی لێهاتوە كە ژمارەیەك سەركردەی كەللەرەق و بێ ویژدان یاری ئاگرینی بەچواردەوری دادەكەن .

گۆڕانی رژێمەكان، تەنها گۆرینی نەخشەیەكی ناوخۆی نییە، بەڵكو دوبارە هەڵوەشاندنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكەشە، كە بۆ سەدان ساڵ لەسەر فۆرمێك لەبەرژەوەندی وڵاتانی جیهان ساغ بۆتەوە. كەئەم بەرژەوەندیانە بۆ زۆر وڵات ئەوەندە ستراتیژیە كە ئامادەیە شەری مان و نەمانی لە پێناودا بكات. لەناوچەكەش ئەو گۆڕانكاریانە سەردەكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوە یان لانی كەم لاوازبونی برێكی زۆر لەو رێكەوتنانەی كە تائێستا بە خوارو خێچیش بێت توانیویانە برێك لە ئاشتی بۆ ناوچەكە دابین بكەن، هەرنەبێت سەقامگیریەكی درۆزنیش بێت دروستیان كردوە. سیاسەت و بەتایبەت جەنگ كە لوتكەی سیاسەتی خوێناوییە، پێویستی بەرقە، بە تورەیی و ئایدۆلۆژیایەكە كە پاڵی پێوەبنێ و بیجوڵێنێ، كە ئێستا رۆژهەڵات بەم رقە ئاودەدرێ و بەم توەریی و ئایدۆلۆژیایە موتوربەدەكرێ. هاوكێشەكانی ئەم ناوچەیە بەجۆرێك تێكەڵ و ئاڵۆزە كە هەر هەوڵێك بۆ جیاكردنەوەو دارشتنەوەیان جارێكی تر تەنها بەردیواری جەنگ دەكەوێت، كە هیوادارم ئەم تێگەشتنە بێ ئەنداز هەڵەو خواربێت، كە هیچ ئەگەرێكی راستەقینەی لەبەردەمدا نەبێت .

بەڵام بالە سوریاوە سەیری نەخشەكە بكەین، ئایا دەسەڵاتی سوریا بێ جەنگ دە روات؟ ئایا ئێران و روسیاو لانی كەم لە پشت شوراكەشیەوە چین، بێ هیچ جوڵەیەك دەوەستن لەكاتی قوڵ بونەوەی ئەم جەنگە ناوخۆییە؟ ئایا حیزب و الله و چەند بزوتنەوەیەكی تری فەلەستینی، توانای ئەوەیان نییە كە هاوكێشەی جەنگی ناوخۆی سوریا بگۆرن بەجەنگێكی ناوچەیی؟ دودڵی خۆرئاواو بگرە پاشەكشەی توركیاش لە برێك لەولێدوانە توندانەی لەسەرەتای دەسپێكردنی شۆرشی سوریدا دەریدەكرد، ئاماژەن بۆ زیاد بونی مەترسی سوتانی ناوچەكە بەجەنگێك كە تەنها لایەنە بەشدارەكان ناگرێتەوە، بەڵكو ئەوانەش كە لێیەوە نزیكن، وەكو توركیا.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies