کامەران وریا قانع : تراژیدیاى فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ستى كاتى ..

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌مرۆ له‌ كوردستان جۆرێك فه‌رمانبه‌رى میرى هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ره‌ گروپى لاوازى فه‌رمانبه‌ران كه‌ پێیان ئه‌وترێت ( فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ستى كاتى) .به‌گشتى فه‌رمانبه‌رى میرى یه‌كێكه‌ له‌ لاوازترین چینه‌كانى كۆمه‌ڵگا , چونكه‌ چینێكى كۆنترۆڵكراو ئاراسته‌ كراوه‌ .

به‌رده‌وام یه‌كه‌م چینه‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌كانى گۆرانكاریه‌كانى كۆمه‌ڵگا ئه‌كه‌وێت . هه‌ر ته‌نگژه‌یه‌ك روو بدات له‌ كۆمه‌ڵگا به‌ تایبه‌تى ته‌نگژه‌ى دارایی یه‌كه‌م چین كه‌ باجه‌كه‌ى ئه‌دات چینى فه‌رمانبه‌رانه ‌, ئه‌م چینه‌ تاقه‌ چینێكه‌ چاوه‌روانى ئه‌وه‌ ئه‌كات فه‌رمانى له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ بێت كه‌ى كار بكات و كه‌ى پشوو بدات , موچه‌ى ساڵانه‌ چه‌ند زیاد بێت , كه‌ى له‌ كار كردن بوه‌ستێت .

له‌ رژێمه‌ توتالیاره‌كان فه‌رمانگه‌كان ئاسانترین شوێنه‌ بۆ كۆنترۆڵ كردنى مرۆڤه‌كان,هه‌ر له‌ هێنانه‌ سه‌ر شه‌قام تاكو جێبه‌جێكردنى بریاره‌كانى ده‌وڵه‌ت .

زۆر جار چینى فه‌رمانبه‌ران به‌ چینى ناوه‌راست ئه‌ژمارد ئه‌كرێن , ئه‌م چینه‌ له‌ ناو خۆییدا چه‌ند ئاسته‌ له‌ رووى توانایی دارایةو ه , چینى ناوه‌ندى هه‌ژار كه‌ زۆرترین رێژه‌یه‌ , چینى ناوه‌ندى مام ناوه‌ند , چینى ناوه‌ندى ده‌وڵه‌مه‌ند .

ئه‌مرۆ من زیاتر قسه‌ له‌ گروپێك ئه‌كه‌م له‌م چینه‌ كه‌ پێیان ده‌ڵێن ( فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌وت به‌ شێوه‌ى كاتى) كه‌ له‌ چینه‌ هه‌ره‌ هه‌ژاره‌كانى فه‌رمانبه‌رانن , چونكه‌ بێبه‌شن له‌ هه‌ر مافێكى ئاسایی كه‌ فه‌رمانبه‌رى ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تى ,هه‌ر له‌ پێشكه‌وتنى پله‌ى وه‌زیفی تاكو خانه‌نشینى و مۆڵه‌ت وه‌رگرتن و ده‌رماڵه‌كان..هتد.

به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌م گروپه‌ هه‌موو كۆتایی ساڵێك ئه‌چنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى هیچ خزمه‌تێكیان نه‌كردبێـت چونكه‌ گرێبه‌سته‌كه‌یان ته‌واو ئه‌بێت حكومه‌ت لێیان بێ به‌رى ئه‌بێت , ئه‌بێت چاوه‌روانى ره‌زامه‌ندى لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان بكه‌ن بۆ دووباره‌ ده‌ست كردنه‌وه‌ به‌ كار كردن, هه‌ندێكجار مووچه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ دوا ئه‌كه‌وێت كه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ گرنگى نه‌دان پێیان .

ئه‌م گروپه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام له‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ى ده‌ركردنن یان تازه‌ نه‌كردنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كانیانن به‌رده‌وام گروپێكى ئیشكه‌رترن له‌ فه‌رمانبه‌رى ئاسایی زیاتر گوێرایه‌ڵى و بێ ده‌نگى هه‌ڵده‌بژرێن له‌ ژیانى كاركردنیان . ئه‌م گروپه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بێ هیچ پاڵپشتێكى یاساین زۆر كه‌م ده‌توانن به‌رگرى له‌ مافه‌كانیان بكه‌ن, ئه‌م گروپه‌ زیاتر ئه‌و گه‌نجانه‌ن كه‌ بروانامه‌ى خوێندنیان یان نیه‌ یان له‌ ئاستێكى مام ناوه‌ندین. ئه‌وه‌ى زیاتر وايلێكردم ئه‌م بابه‌ت بنوسم خنكانى یه‌كێك له‌و فه‌رمانبه‌ره‌ كاتییانه‌ى فه‌رمانگه‌ى ئاو رانیه‌ بوو له‌ ئاوى قولله له‌ كاتى كاركردن , كه‌ ئه‌م ژیانه‌ى به‌ جێهێشت بێ هیچ مافێكى یاسایی وه‌كو خانه‌نشینى یان پێدانى یارمه‌تیك یان قه‌ره‌بووكردنێك به‌ خیزانه‌كه‌ى كه‌ فه‌رمانبه‌رى ئاسایی ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌.

ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ دوایی خۆیی ته‌نها چه‌ند چیرۆكێكى له‌ نێوان هاورێكانى به‌ جێهێشت ,ته‌نها خه‌فه‌تێكى گه‌وره‌یی بۆ خانه‌واده‌كه‌ى به‌جێهێشت. كاتى ئه‌وه‌ هاتوو هه‌موو تاكێكى ئه‌م كوردستانه‌ ژیانیان مسۆگه‌ر بكرێت مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت به‌شێك هه‌ر چه‌ند بچوكیش بێت له‌ سه‌روه‌تى ئه‌م خاكه‌ به‌ریان كه‌وێت. به‌ بۆچوونى من حكومه‌ت پێش ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رى تازه‌ دابمه‌زرێنێت ئه‌م فه‌رمانبه‌ره‌ كاتییانه‌ بكات به‌ فه‌رمانبه‌رى هه‌میشه‌یی . داواى لێبوردن له‌ هاورێیان ئه‌كه‌م كه‌ هیچ داتایه‌كه‌م ده‌ست نه‌كه‌وت ده‌رباره‌ى ژماره‌ى ئه‌و فه‌مانبه‌ره‌ كاتییانه‌ له‌ سیكته‌ره‌ جیاوازه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم .