Abubakir-Caf-8

سارتەر و پارادۆكسەكانی .. لە بارەی وڕێنەكانی پیاوێكی نەخۆشەوە . ئەبوبەکر جاف .

 

( ژیوپیتی ..: ئازادی ئەگەر لەرۆحی ئینسندا تەقییقەوە , خوداكان ناتوانن هیچ شتێك دژی ئەم ئینسانە بنوێنن , پێویستە لەسەر مرۆڤەكانی تر وازی لێبێنن , بڕواو بێت , یا بیخنكێنن ) . , les mouchesjean paul Sartre

ناهەق نین تا ئەوێ برۆین بۆ وتن : كۆی سیستەمی گوتاری نووسینی فكریی ( سارتەر ) , مانێڤستبوون و دەرخستنی شێوازێك لەهەڵشاخان و هەڵزنان

و یاخی بوون بوو دژ بەگوتاری ( میتافیزیكی – تیۆلۆژیدا.. ) . ئەو مانێڤستبوونی گووتارێكی ئەتەیزمی و ئیلحادیانەی پر( كینەو رق ) بوو , پرۆبڵێماتیك و ئیشكالە گەورەكەی ( ژان پۆل سارتەر ) , پرسی نێوان( بوون و ماهییەت بوو .. ) ئەمە چەندێك بۆ نووسینی ( بوون و نەبوونەكەی راستە … بۆ ( رەخنە لە عەقڵی دیالیكتیكی و شانۆنامەكانی لە ( هێڵنج و دەستە پیسەكان و مێش و مەگەزەكانیش … ) راستە , تا ئاستێك رقی لەو میراتە (فەلسەفی- تیۆلۆژی ) بەشەرییە گەورەبوو , دەقاو دەق ئینسانی بەهەموو ئیشكالیەت و ئاستەنگ و رەهەندەكانییەوە لە جێگەی ( خودا) دانا … سارتەر بە دەر لە تێرامانە فكرییەكانی , ئەو پیاوی كردەو بەرگریكردن بوو, لەو بەهایانەی لە ئاستی واقعدا باوەری پێی هەبوو.

سارتەر , ئەكرێت بلێین وێنەیەكی ( ساختەو ) تێكدراوی ( كییەركیگارد و هایدگەرو گابریل مرسیل و كارل یاسپیرزە … واتە وجودییەك كە لای ئەم پیاوە تەنها سوبجێكتیڤییەكی رووت و قوتە … بە مانای دابرداندنی رەهەندێكی ترانسدینتاڵی ئینسان و پەیوەستكردنی بە( بوونێكەوە) , كە خودی خۆی( ئینسان) دروستكەرو داهێنەرێتی. .. ئەمە ئەگەر لای هایدگەریش ریشەیەكی ( ئۆنتۆلۆژیانەی ) هەبێت , ئەوا ناچنەوە سەر هەمان ( بانە) یەك كە وێكی بهێنێتەوە لە گەڵ( سارتەردا) … وەك چۆن فەیلەسوفی( دازاین ) لە كتێبی ( نامەیەك لە بارەی مرۆڤخوازییەوە , بە ئاشكرا باس لەو دەكات سارتەر تەنهاو تەنها لە( ئەو , هایدگەر ) نەگەیشتووە.ناوەكانی دیكە جگە لە ( سارتەر ) دەچنەوە سەر میراتی تیۆلۆژی فەلسەفی ) مەسیحییەت , لە دەرگیربوونیان لە گەڵ ئینسان وەك ( ماهییەتێكی پێش وجود ) ی … ئەم قسەیەك برێكی زۆر بەرانبەر هایدگەریش هەر راستە .. لە ساتی قسەكردنی لەسەر ( میتافیزیكایەك كە دژی بوو بەڵام لە هەمانكاتدا بە هێڵێكی ( خوازراو یا نەخوازراو ) بەرهەمی هێنایەوە .. و زیاتر لە سۆفییەك ئەچوو..!!

قسەكردنی سارتەر لەسەر ( نا وێكهاتنەوەیەك ,non-coincidence )) كە لەخۆیدا دەرئەنجامی راستەوخۆی رەتكردنەوەی پێشینەیی جەوهەرو ماهییەتە لە سەر بوون .. primat de l essence sur l existence.

لێرەوە وجودی بوونی سارتەر , لە لایەكەوە رەتی تەحدید و سنوربەنكردنی ( سروشتێكی ئینسانی پێشینەیی ) دەكات لەسەر ئەكتەكانی مرۆڤ . وەك چۆن لە لایەكی دیكەوە , رەدی دوونیایەك ئەكات كە هەڵگری ( بەهای موتەعالی de valeurs transcendantes)) بێت . كە بەهۆیەوە حوكم لەسەر ئەكتی ئینسانی و رەوایەتی ئەكتی ئینسانی بدرێت . كەواتە مرۆڤ دێتە بوون كاتێك ئەو مانایە وەردەگرێت و لە شوێنێكدا خۆی دەدۆزێتەوە لەناو خودگەراییەكدا وەك پرۆژەیەكی دیاریكراو .., كە هیچ شتێك جەبریەتی بەسەرییەوە نیە جگە لە ( ئەكت و هەڵبژاردنەكانی خۆی نەبێت . وەك چۆن بەشێوەیەك باس لە هەلومەرجێكی ووردو دەقیقی( les conditions strictes ) ئینسانی دەكات , كە تێیدا ئازادی مرۆڤ ( پەیپێبرا : شایستەی پەیپێبردنە ” و مەعقولە ,concevable ) .

ئەوەی لێرەداو بەلای ئێمەوە گرنگە , ئەو ئازادیەیە كە سارتەر باسی دەكات ..

سارتەر وا ئیشكالیەتی ( ئازادی ) وەردەگرێت,كە دەبێت بە سەلب و نەفی وەریبگرین .. ئەم بە نەفی وەرگرتنەی ئازادی .. دەیبات بۆ ئەوێیەك , كە ئازادی بەفۆرمێك لە فۆرمەكانی ( نەفی وەربگرێت ) . سارتەر , پونتی كاركردنی لەسەر ئازادی , تەنها كایەیەكی تێڕامانی تیۆری نەبوو , بەڵكە پونتی ژیانی رۆژانەش , كایەی كارلەسەركردنی بوو , ئەمەش ئیزافەیەكی دیكەی سارتەریانەیە , بەرانبەر ئیشكالیەتی ( ئازادی) , بە بەراورد بەكەسانی پێش سارتەرو پاشی… هەرلێرەوە دەرگیربوونی سارتەرمان لەگەڵ چینی پرۆلیتاریادا , لە خەباتی پرۆلیتاریدا, لەپراكسسیدا بۆ دەرئەكەوێت , لێرەدا پێویستە ئیشارەیەك بەو بكەین , كە سارتەر جیاوازی لە نێوان ماركسیزمی ماركسدادەكات , كە بوار رەخساندنە بۆ ئینسان لە هەلومەرجی ( كۆمەڵایەتی – میژوویدا) و لە نێوان مركسییسزمی ماركسییەكاندا, بە تایبەت لە وێنەی ( ستالین) كە تەنها هەلومەرجە ( مێژووی – كۆمەڵایەتییەكان ) وەك فاكتەری سەرەكی شۆرشركردن تەماشا ئەكەن.

ئا لێرەوە لەوە دەگەین كە ئامانج لە گەران و توێژینەوەی سارتەر تەنها گەیشتن نەبوو بە تێگەیشتنێكی (تیۆری) رووت . بەڵكە هەوڵی تێگەیشتنیش بوو بۆ تێگەیشتنێكی ( پراكسیسیانەی ) ئەكتی ئازادی وا لەئازادی گەیشتبوو كە كە ماهیەتی نیە , ئازادی خۆی خۆی دەكات بێ كردار , هەر لەو رێگەوە بەدەستی دێنیت كە كردەكە لە گەڵ هۆكارو پاڵنەرو ئامانجەكانی كردەی ئازادیدا هەڵگریەتی. ئازادی لای سارتەر ماهییەتی نییە , تەنانەت بنەرەتی سەرجەم ئەو ماهییەتانەیە كە ئینسان كەشفی دەكات . ئینسان لای سارتەر تەنها ئازاد نییە , بەڵكە خودی ئازادییە.. لە بیرمان نەچێت بۆ ئازادبوونی ئینسان, سارتەر ناچارە باس لە ( وشیاری بكات ) , ووشیاری لای سارتەر ( كارابوون ) ـە كارابوونێكی نەفیگەرایانەو سەلبیانە كە بتوانێت بلێت ( نا) . ئەم تواناییەی ووتنی ( نا) یە لای سارتەر , تەنها لە ( بە پرسهێنان و وێرانكردن و حوكمدانی سەلبیدا نییە), بەڵكە سەرجەم كردە مەعریفییەكاندایە. ئازادی سارتەریانە , نەفییە, چوونكە لە سەر عەدەم وەستاوە. ئازادی سارتەری لە سەر نەفیكردن و ووتنی ( نا) وەستاوە ..

سارتەر برێكی زۆر تێكەڵ و پێكەڵ لە ( ئازادیدا) دەكات . بە روویەكدا كە ( ئازادی) بەهایە, بەروویەكدا كە ئازادی كردەو ئەكتە , بە روویەك كە سروشتمانە, لە جێگەیەكدا رەهایەو لە جێگەیەكی دیكەدا , بەربەستكراو بەستراوەیە ؛ ئەمەش برێكی زۆر گەرانەوەی ئازادییە لای سارتەر بۆ رەگەزە سروشتییەكەی , لەبری سروشتە سۆسیۆلۆژی و كۆمەڵایەتییەكەی . لای سارتەر : ( ئینسان ناتوانێت هەندێك كات ئازاد بێت و هەندی كاتی دیكە كۆیلە, یا ئازادە بۆ ئەبەد. یا ئازاد نییە بە رەهایی ) … گەورەترین هەڵەی سارتەر رووتكردنەوەی ئینسان و پێشنیازخستنی ئازادی ئینسانییە بە ( رەهایی) . ئینسان ملكەچی و دەورگیراوە بەكۆمەڵێك شتی سروشتی كە لەسەر كۆمەڵێك یاسای تایبەت بەخۆی دەروات ..! ئەگەر ئینسان وەڵامدانەوەیەكی ( بە ئاگاو بێئاگای ) هەبێت بۆ ئەم یاسایانە كۆیلەیە ..؟؟!! سارتەر تێكەڵەیەك لە نێوان ( ناچاری و ماكەچپێكردن) دا دەكات..

ئازادی بەرانبەر ملكەچییە نەك ناچارییەكان..! ئەمە جگە لە كۆمەڵێك پارادۆكسی تر. ئەگەر شت بۆ خۆی (pour soi ) عەدەم بێت و ئەمەش ئازادییە..؟! ( ئازادی لە بنەرەتدا لەگەڵ عەدەمدا وێك دێتەوە..!! عەدەمێك كە دڵی ئینسانە..!! سارتەر ) . ئەی چۆن شیاوە بۆ عەدەمێك كە ( هیچ) ـە ببێتە شت .؟! ببێتە كردە.؟! كردەی ( ئازادی).. ئەمە یاریكردنە بەزمانێك كە پڕە لەپارادۆكسی ( ئیپستیمی – سۆسیۆلۆژی) ..

سارتەر كەوتۆتە هەڵیەكی گەورەوە , كاتێك ( ئازادی) یەكسان دەكاتەوە بە ( عەبەس و پوچی) .. ئەمەش لەوێوە كە ئازادیخۆی خۆی درووست ئەكات نەك بنەمایەك بێت بۆ خۆی..!” هەڵبژاردن بێهودەیی و پوچییە… ئەمەش چونكە ئازادی ( هەڵبژاردنی كەینوونەو بوونە , نەك بنەمایەك بۆ بوون…؟! ) سارتەر ئینسانێكی ئەوێت كە خۆی ( بوونی) خۆی درووست بكات.. ئەمەش دەیەوێت ماهییەتێك دروست بكات لو واقی بوونیدا هەبێت… ئەگەر ئێمە ناچاربین بەم دراوە.؟ ئەی چۆن ئازادی.. ( نەك بوون) .. ئامانجە… ! .

لوژیكی سارتەری ئەوەیە پێویستە ( ئازادی) ئامرازی تەحقیقكردنی ( بوون) ئینسان و چارەنووسی بێت. بەڵام سارتەر( یەكێتییەك ) لە نێوان ئازادی و ئامانجدا درووست ئەكات ..” كاتێك ئازادی وێك دێتەوە لەگەڵ بوونمدا, ئەوا بنەمای سەرجەم ئەو ئامانجانەیە كە دەمەوێت پێی بگەم , جا ئەمە بەئیرادە بێت , یا بە سۆز… ) كاتێك وشیاری لای سارتەر ئەو كۆجیتۆیە كە پێش تێرامان ئەكەوێت.؟! وەئازادیش ئەم ووشیارییەیە.. كەواتە ئازادی ئەو كۆجیتۆیە كە پێش تێڕامان ئەكەوێت.! ئەمەش پرۆسەیەكی ( خۆبەخۆیی و تیلقاییە, لە لە هەمانكاتدا ئامانجە. ئامانجی ئامانجەكانە. بەدبەختیەكەی سارتەر.. ( تێكەڵكردنی پرۆسەی خۆبەخۆی , تیلقایی سروشتی و ئازادی مۆراڵییە.! ئەمە سەرباری ئەوەی كە ئەم تیلقاییە ( نەرێیە) ؟! .

كاتێك كەدەڵێین ( نەخێر ) لە راستیدا مەبەستمانە بڵیین بەڵێ.. بەڵام سارتەر لەباسكردنی ئەم ( نەخێر و نا) یەدا ئەوەی لە بیركردووە كە ( بەڵێیەكی ناواخنی هەیە.!! ئازادی لای سارتەر لە غەریزەیەكی سروشتی ئەچێت لە ئینساندا..! ئەگەر سارتەر نەفی ئەوە دەكات كە ( سروشتێكی نەگۆری ئینسانی هەبێت.! ئەوا ( ئازادی كردووە بە سروشتێكی نەگۆری ئینسان..؟! ) ئەم ئازادییەش خزمەت بە هیچ بەهایەك ناكات .. بەڵكە خۆی بەها باڵكەیە.؟! ئەی ئەگەر ئینسان مەحكوم بێت بە ئازادی .. مەحكومە لە بەر ئەوەی خۆی خۆیدرووستنەكردووە.. بەڵام لە گەڵ ئەمەشدا ئازادە ..

ئەگەر سارتەر نەفی (جەبرییەت ) ئەكات.. بەلام جەبرییەت درووست ئەكاتەوە لەرێگەی ( نەفیكردنەوە). ” هیچ جەبرێك نییە .. ئینسان ئازادە .. ئینسان ئازادییە ..؟!!” هیچ مەرزو سنورێك بۆ ئازادیم نییە.. جگە لەئازادی خۆی نەبێت.. سارتەر لەبوون و عەدەمدا.. نەفی ئەوە دەكات پێناسەیەك بۆ ئازادی هەبێت..! ئەگەرچی خۆی پێناسەی ئەكات… ئا لێرەوە قسەكردنی سارتەر لەسەر ناچاری بوون بە ئازادی .. گەرانەوەیە بۆ فەلسەفەی ماهییەت .. كە بەهەموو وزەو توانایەكی لەژیانیدا ئەیویست لێی را بكات .! .

ئازادی لای سارتەر ئەگەر راكردن نەبێت بۆ( عەدەم) راكردنە بۆ ئەكت و كردە نواندن..: ئەی ئەم كردەیە چییە.؟؟ گۆرینی دونیایە بە پێێ ئامانجێك.. ئامانجەكەش (عەدەم بێت) . لای سارتەر كردە رێكخستنی جیهان بێت بە ئاراستەی ( ئازادی) ..! ئەگەر (ئازادیش , خۆبەخۆیی تیلقایی و ئازادی بێت. .؟! كردەو ئەكتیش ریكخستنێكی تیلقایانەی دونیا بێت .. رێكخستن و تیلقایی .. كەواتە سارتەر .. ( بوونەوەرێكە لە پارادۆكس..!!1) .. سارتەر باس لە كۆمەڵێك (بەربەست) دەكات ( شوێن, رابردوو, دەورووبەر, ئەویتر, مەرگ) بەڵام سارتەر ولیدەبینیچت كە ئەمانە لە خۆیاندا بەربەست نین..!.. ئەگەر لە لاوازترین ئیماندا .. باوەرمان هێنا كە ئەمانە (بەربەستی نین .؟!! یا بەربەستی فیزیكین.. ئەی ..

سارتەر ئەم ئینسانە رووت و قوتەی لەكوێوە هێنا, ئەی ئەم پەیامبەری ( ئازادیی) ـە بۆچی بونیادە.. ( سۆسیۆلۆژی- ئابوری – سیاسی- جوگرافی – سایكۆلۆژی …) كانی لەیاد كرد ؟؟!! .

بەهەرحاڵ سارتەر جۆرێك لە ئازادی پێشكەش بە ئینسان ئەكات.. كە دیكارت تەنها بەخودای بەخشیبوو .

1,675 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds