فەرەیدون بێوار: چاوپێکەوتنی بەڕێوەبەری وتاریکورد لەگەڵ ڕۆژنامەی پرس دا.

 

لەکاتێکدا مێدیای ئازاد و نوزەی نێو پەڕلەمان لەهەرێمی کوردستان دەربهێنین، هیچ واتایەک بۆ دیموکراسی لەم هەرێمەدا بوونی نامێنێت.

پرس: لەئێستادا بە گشتى رەوشی میدیای کوردى چۆن دەبینى، بەتایبەتى لە رووی پیشەیی و پرۆفیشناڵ بوونییەوە ؟

کونجرینی: کاتێک لەڕووی پێشەییەوە لەمیدیای کوردی بڕوانین هەوڵدان لەئارادایە، وەک پێویست نا ” بەڵام کەموکوڕییەکان زیانی پێدەگەینێت و لەسکەی لادەدات. ئێمە پێش ئەوەی بڕوانینە پڕۆفیشناڵیەتی مێدیای کوردی، دەبێت پرسیار لەبوونی ئامادەکارییەکانی بەپرۆفیشناڵکردنی ئەم چەمکە بکەین؛ ئێمە لەهەرێمیکدا دەژین مەنفەعەتە حیزبییەکان داری ژیانی هەموولایەکی کلۆر کردووە بەمیدیای کوردیشەوە. دەکرا سیستەمی مێدیای کوردی جێگیرو پتەوتر بوایە، بەڵام تائێستا وەک پێویست نەکراوەو دواکەوتووە.

پرس: زۆرجار میدیاى کوردى پۆلێن دەکرێ بەسەر بەرەى” میدیاى حزبی دەسەڵاتدار” و ” بەرەى میدیاى ئەهلى و سەربەخۆ “، تۆ تاچەند لەگەڵ ئەم پۆلێن کردنەدایت؟

کونجرینی: لەجیهانی دیموکراسیدا بەرەی میدیایی ئازادو حیزب بوونی هەیە، ئەوەی کوردستانی لەوان جیادەکاتەوە نەبوونی گرنگی پێدان و تێڕوانی خراپە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ مێدیای ئازاد. لەکاتێکدا مێدیای ئازاد و نوزەی نێو پەڕلەمان لەهەرێمی کوردستان دەربهێنین، هیچ واتایەک بۆ دیموکراسی لەم هەرێمەدا بوونی نامێنێت.

پرس: را و سەرنجت لەسەر میدیاى ئەهلى و سەربەخۆ و ئەداى کردنى چییە لە کوردستان ؟ .

کونجرینی: میدیای کوردی لەکڵێشە کۆنەکە دەرچووەو لەبەردەم قەیراندایە، حیزب ڕۆحیانەتی ئەم چەمکەی بەدەستەوەیەو بڕیاردەری سەرەتاو کۆتاییەتی، ئەوەی لەودیو دەسەڵاتی کوردییەوە لافی ئازادی لێدەدات نەفەسی کورتەو تواناکانی جێگیرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەرغوب ترو ئێسک سوک ترە. ئێستاکە دوو جۆر میدیای بەناو ئازاد هەیە لەو دیو بەرەی پچوکی مێدیا ئازادەوە کار دەکەن، هەندێکیان لەلایەن کەسە دەست ڕۆیشتووەکانی نێو دەسەڵات و کۆمەڵگا” پەتەکەیان بۆ بەردراوەتەوەو تەمێکی ئازادیان پێوە دیارە، هەندێکی تریان شەڕی لایەنێک لەسەر حسابی لایەنێکی تر دەکات و جارجارە خاوەن ماڵیش بۆ مجامەلە دەکوتێت. ئەمە ئەو پەیامەیە کە پێمان دەڵێت: میدیای ئازاد ناشرین کراوە، بۆ جوانکردنی میدیای ئازاد دەبێت دەوڵەت و بەرەی خواستی مێدیای ئازاد بیر لەدامەزراندی سسیستەمی میدیای ئازاد بکەنەوە. ئەویش جێگیر کردنی بودجەیەک لەلاین حکومەتەوە دوور لەدەست تێوەردانی حیزبی، وەک وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان.

پرس: ئێستا هەستدەکرێ کە میدیاى خوێنراو وەک جاران خوێنەری نەماوە، بەهۆی پێشکەوتنى تەکنەلۆجیاوە ، ئایا پێتوایە میدیاى ئیلیکترۆنى جێی بە میدیاى خوێنراو لەق کردووە؟.

کونجرینی: ئەوە بێ گومانی! بەهۆی تەکنەلۆجیایەوە بەکلیکێک بە دورترین هەواڵ دەگەین لەچەند سانییەکدا، هەموو کاتێک فڕۆژگای میدیا لەژورەکەتدایەو زۆرینەیان بێبەرامبەر، وابڕوات جاپخانەکان بەتەواوی کەم دەبنەوە ، نرخی پەرتوکەکانیش دادەبەزن.

پرس: ئێستا ئەو مەترسییە هەستى پێدەکرێ کە میدیاى کوردى بە تایبەتى ماڵپەڕە کوردییەکان بەشداری دەکات لە تێکدانى ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دا، راى تۆ لەو بارەوە چییە؟.

کونجرینی: ئەوە راستە، هەموو شتێک خراپ بەکارهات زیان بەخشە. ئەم وانەیە شەڕی ناوخۆ هێنایە ناو کۆمەڵگا، تا ئێستا کەس لێپێچینەوەی لەسەر نەکراوە، بۆیە ئەوەی لەدەسەڵاتدایە خاوەنێتی؛ تا باجەکەی نەدات ناتوانێت کەس راپێچی دادگا بکات؛ ئەمە سیستەمە تاوانبار نەبۆتە دادوەرو بڕیار لەسەر تاوانی خەڵک بدات؛ ئێمە تا ئێستا باجی شەڕی ناوخۆ دەدەین، حاکمی بەشدار نەبوو لەشەڕی ناوخۆ وەک فریاد ڕەس نەهاتۆتە سەر حکوم. ئێمە لە ڕەهێڵپۆست کار لەسەر دوورکەوتنەوە لەو دیاردەیە دەکەین ، خوازیارین هەموومان لەئاست ئەو بەرپرسیارییەدا بین و ئاشتی بۆکۆمەڵگا دابین بکەین ، نەک تێکی بدەین.

بۆ خویندنەوەی چاوپێکەوتنەکە لەلاپەڕە 12ی سایتی” پرس” کلیک بکەرە سەر..  پـــــــــــــــــــــــــــــــرس

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies