چەند ژیلەمۆیەک لە ئاگرانی خەباتی گەلێک : ئامادەکردنی سامان فەرەج .

(بەسەرکردنەوەی ڕەوانی ئینسانە فریشتەییەکان..بەیادی دڵشادمەریوانی، شەهید محەمەدی حاجی ئەحمەد وشێخ ئەنوەری مەکتەبە)

ساڵ ناساڵێک کە ئەگەڕێمەوە بۆ کوردستان ، جگە لە دیداری کەس وخزم وهاوڕێکانم ، جگە لە بەسەرکردنەوەی گڵکۆی ئازیزان باوەشێک کتێب و گۆڤار ونوسراو کە هەموو موڵک و دۆنم و سەرمایەی منن لە سلێمانیا ،زۆر بە پەرۆشەوە ئەوانیش بەسەرئەکەمەوە

هەرکتێبێک هەر دۆکمێنتێک بۆمن گەنجینەیەک یادەوەری و مەعریفەی تیایە، یەکێک لەو کتێبانەی لەم سەفەرەما پێش ئەوانی تر خۆی خستە بەر نیگام کۆمەڵە شیعرێکی بەهەشتی ( دڵشاد مەریوانی) بوو بەنێوی سیمفۆنیای وەنەوشە وە . لە ڕاستیدا ئەم پەڕتووکە

یادەوەری سەردەمی هەرزەکاریمە کە زۆر بەقوڵی وەک زۆرێک لە لاوان ونەوجەوانانی کوردستان ئەو سەردەمە خولیای شیعربوم

ئەم کتێبەو زۆری تر، یادەوەری ئەو ساتانەن کەبۆ کتێب کڕین ئەچومە دوکانەکەی شێخ ئەنوەر، ئەو شێخ ئەنوەرەی یەک پارچە بوو لە ئەدەب و ڕۆشنبیری، ئەو شێخ ئەنوەرەی خاوەنی دەیان پارچە هۆنراوە و دەقی بەرزە ،ئەو پیاوەی لە تاریک ترین و دژوارترین ڕۆژانی هەشتاکانا کەرامەتی مولازم موحسینی عارەبی بەعسیی شکاند و کاک جەلیل زەنگەنەش ئەم ڕووداوەی بە نادروستی کردە بەری یەکێک لە پاڵەوانەکانی ناو زنجیرە درامای گەردەلوول و بۆچاوەزاریش باسی لە هەقیقەت وپاڵەوانە واقعیە کە نەکرد کە شێخ ئەنوەری کتێب فرۆشە، ئەمە سەرباری ئەو شاکارە جوانانەی تری شێخ ئەنوەر. لە گەڵ ئەمەشا جێی داخە زۆر بەکەمی لێرەو لەوێ

هەر بۆ یادگاریش شتێکی تایبەتی لەسەر نەنووسراوە، ئەویش وەک زۆریکی تر لەسەربازانی وون ، لە یادگاری و ویژدانی هەندێ کەسدان و بەس. بەهەر حاڵ، یەکێ لەو شیعرانەی شەهید دڵشاد مەریوانی ،لە نێو ئەم کۆمەڵە شیعرەدا ناوی عەجولە..زۆر جار

ئەم شیعرەم خوێندۆتەوە و بە مەزەندەی خۆم ئەو حەمە عەجولە ی شەهید دڵشاد ناوی بردوە ، ناوێکی مەجازییە و لام وابوو ڕەنگە هێما بێ بۆ فڵانە شەهید. بەڵام ئەمساڵ کە کەوتمە خوێندەوەی ئەو شیعرە یەکسەر وتارە بەرزو جوانەکەی مامۆستا وشاکارنووس و

ئینسانی بەرز، کاکە حەمە ڕەشید هەرەسم هاتەوە یاد، زانیم ئەو حەمە عەجولەی ناوشیعرەکەی بەهەشتی مەریوانی هەمان کاکە

حەمە گیانەکەی لای کاکە هەرەسە، ئنجا زانیم حەمەی عەجول ، دوائاکامی ئەگا بەچی . من نامەوێ بەچەند دێڕێک ئەوکاکە حەمە یەتان پێبناسێنم ،چونکە کەسانی وەک مامۆستا هەرە س کە هاوبیر و هاوخەبات وهاورەوانی بوون ،ئەتوانن سیمای بەرزی

ئەو مرۆڤە ئەفسوناویە پێناسە بکەن، بۆیە لام باشە سەرەتا شیعرەکەی بەهەشتی دڵشاد مەریوانی بخەمە بەر نیگای ئێوەو ئنجا دواتر

وتارە بەرزەکەی مامۆستا هەرەس تێکهەڵکێش کەم. دوابەدوای خوێندوەی هەر دوو دەقەکە ، من دڵنیام ئینسانی ژیر و ڕوناکبیر یەکسەر ئەو راستیە تاڵەی لا دروست ئەبێ کە ئاخۆ چەند پاڵەوان و مرۆڤی ڕەوان بەرز درێغیان لە ژیانی خۆیان کردوە

بۆ دواڕۆژێکی گەش تر بۆ نەتەوەکەیان ، کەچی ئەمڕۆ هاوخوێن و هاوشاریانیان نەک هەر (تاجەگوڵینەیەکیان لەشوێن گۆڕیان) دانانێن بگرە بێ وەختیشن لە خوێندنەوە ی چەند دێڕێکا کە بۆ یاد و بەسەرکردنەوەیان ئەنوسرێ، هاوکات هەست بەزۆر گرێ و

زۆر پرسی ئەدەبی ئەکا کە ئاخۆ وەلامەکانیان لای کێ بێ؟؟ ئەو شاکارەی مامۆستا هەرەس بەجێهێنانێکی ئەخلاقی ونەتەوەیی یە

بێ لەوەی تۆماری سەربازێکی وون و ساخکردنەوەی گرێی شیعری نەتەوەیەکی ئەدەب و هونەر ومێژوو بزربێ .

Honrawe

ئەمەش وتارە ڕۆح بزوێنەکەی مامۆستا هەرەسە ، کە لە نووچە نێتەوە وەرمگرتوە،و لە ١٦/٤/٢٠١١ دابڵاوکراوەتەوە بە سەردێڕی: بەهەشتی حەمەی حاجی ئەحمەدی هاوبیرم..مولازم موحەممەد

حەمەڕەشید هەرەس

ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، لە پۆلی پێنجی دواناوەندی بووین، ئەو کاتانە هێشتا پۆلی شەشەم زیاد نەکرابوو، بەندە لە دواناوەندی وەتەن ئەمخوێند و ئەندامی لێژنەی قوتابخانەی یەکێتی قوتابیانی کوردوستان بووم،(باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی). لە رێکخستنی قوتابیانەوە ئامۆژگارییەکمان بۆ هات، کە بە هیچ جۆرێك لە دڵشاد مەریوانی و حەمەی حاجی ئەحمەد هەروەها چەند کەسێکی تر نزیک نەبینەوە، چونکە ئەوانە کاژیکن ئەو کاتەش بە کاژیکیان ئەووت کوردکوژە. منیش دوو خۆشەویسترین هاوڕێم ئەو دووانە بوون و هەر ئەو کاتە زانیم بەتایبەتی مەبەستیان منە، ئەو کاتە کاکە دڵشادم سێچوار ساڵ بوو ئەناسی بەڵام حەمە گیان لە مناڵیەوە هاوڕێ بووین، کاک دڵشادیشم بە هۆی حەمەوە ناسی. حەمە لە پۆلەکەی من بوو، بەڵام دڵشاد ئەوکاتە ساڵێک لە دوامانەوە بوو، تا ئەو کاتەش نەمئەزانی ئەوانە کاژیکن و باوەڕی نەتەویی کۆی کردوونەتەوە. بێگومان من گوێم بە ئامۆژگارییەکە نەدا، رۆژانە لەگەڵ حەمە گیان بە یەکەوە ئەهاتینەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەمویست بزانم حەمە بۆ کاژیکە و چۆن لەم بیروباوەڕەوە ئاڵاوە. دوای ماوەیەکی کەم پاش تەواو بوونی وانەکانمان بەیەکەوە بەرەوماڵ ئەهاتینەوە، لە رێگا بە حەمەم وت: کە پۆلی پێنجمان تەواو کرد ئەچیتە چ کولییەیەك؟ وتی کولییەی سەربازیی. بە منی وت: ئەی تۆ؟ منیش وتم کولییەی شورتە، حەز ئەکەم ببم بە معاون. وتی شەرم ناکەیت؟ ئەتەوێت ببیت بە پیاوی حوکمەت دژی نەتەوەکەت؟!! وتم ئەی تۆ بۆ ئەبیت بە زابت، جیاوازی زابت و معاون چییە؟ وتی کوڕی باش خۆ من نابم بە زابتی حکومەت، کە تەواوم کرد ئەچمە دەرەوە و وەك کادرێکی سەربازی سوپایەک بۆ کورد دروست ئەکەم، وتم: ئەی ئەوە نیە پێشمەرگە هەیە، ئەوە سوپای کورد نییە؟ وتی راستە بەڵام ئەوانە سوپای حیزبن، من ئەڵێم سوپایەکی نەتەوەیی بۆ کورد، خەڵك هەموو شوێن حیزب ناکەون، بەڵام شوێن نەتەوەکەیان ئەکەون، حیزبەکان قوتابخانەی برایەتی کورد و عەرەبن ئەو برایەتییە درۆیەی ئەمکات بە قوربانی بۆ ئەو زەعیم سدیقەی کە دوێنێ ویستی هەر هەموومان بکوژێت، خۆ بە چاوی خۆت دیت. هیچم نەووت بێدەنگ ئەڕۆشتین، وەک جاران گاڵتەو بەزمەکەشمان نەما، بە بێدەنگی تا دوکانەکەی باوکی، لەوێ وتی من ئەچمە دوکان ئەی تۆ؟ منیش وتم حەمە گیان مێشکم زۆر بزێو بووە، تا ماڵەوە ئەبێت قسەکانت لێک بدەمەوە. دەستی کرد بە پێکەنین و وتی بەینی هەردووکمان بێت، زۆرم خۆش ئەوێیت بۆیە بە راشکاوی قسەم بۆ کردیت. جێمهێشت و هەر لێکم ئەدایەوە، تا گەیشتمە ئەو بڕوایەی حەمە گیان راست ئەکات، ئەگەر پێشمەرگە بن بۆ لەگەڵ یەکتر شەڕ ئەکەن؟ پێشمەرگە بۆ لەتەک حوکمەتا فیشەک ئەنێت بە براکەیەوە؟ ئەگەر کوردایەتییە بۆ ئەو کوردایەتییە یەکیان ناخات؟ باشە خۆ من خۆم بە کورد ئەزانم بۆ لای کوردێکی تر ببم بە ناپاك؟ کەچی بەو حاڵەشەوە وەك تلیاکم دەرخوارد درابێت، نەمدەکرد پێیان بڵێم منیش ئەمەوێت ببم بە کاژیک. ئاخر ئەو کاتانە مێشکی گەنجی کوردیان ئەشۆرییەوە، منێکی ئەو کاتە تەمەن حەڤدە ساڵ، مژم هەرئەوەندەی بڕ ئەکرد. ئای کە مژێکی ئیفلیج بوو، وا تورتیان کردبوو، بۆمان نەدەکشا.

بەڕێزینە من ئەو ساڵە مامەوە، حەمە گیان بەجێیهێشتم و چوو بۆ کولییەی عەسکەریی، ئیتر منیش کە پینجم تەواو کرد چوومە پەیمانگای مامۆستایان، من بووم بە مامۆستا و ئەویش بوو بە ئەفسەر لە سوپای عیراقیدا، بەڵام هەرگیز بە جڵی ئەفسەرییەوە حەمەم نەدەدی، کە دەموت حەمە گیان بۆ ئەو جلە لەبەر ناکەیت، زەردەخەنەیەک ئەیگرت و دەستی ئەکرد بە گاڵتە و بەزم، توومەس شەرمی ئەکرد خەڵک بەو جلەوە بیبینێت. پورزایەکی هەیە ئێستا ئەنووسێت، ئەو برایە ناوی (رزگار رانگۆڕە) و ئەویش کۆمەڵێک وێنەی حەمە گیانی بۆ ناردم سوپاسی ئەکەم، لەو بەینەدا بۆی نووسیبووم ئەیووت: کاکە حەمە کە ئەو کاتە ماڵیان لەسەر پردەکەی ناوبازاڕ بوو، من مناڵ بووم پێی ئەووتم برۆ بزانە پاسەکە کەی دێت بانگم بکە، بۆ ئەوەی زوو بڕۆم بۆ سەربازگە و، کەس بەم جلەوە من نەبیبنێت. یەکسەر قسەی ئەو خۆشەویستە ئەوەی بیرخستمەوە، کە لە پۆلی پینجی سانەوی بووین، من و حەمەگیان وکاک سالاری مستەفای مەلا حەکیم کە لە قوتابخانەوە ئەهاتینەوە، بە بەزم و گاڵتەوە، حەمە ئەیوت کتێبی (سایلس مارنەر) ەکە بشارنەوە با نەزانن لە پۆلی پێنجین و خەڵک سەرزەنشتمان بکات، با وا بزانن لە پۆلی یەک و دووین. سایلس مارنەر چیرۆکێکی ئینگلیزی بوو، لە پۆلی پێنجی ئەو کاتە ئەخوێندرا. حەمە گیان هەموو کاتێک قینی لەخۆدەرخستن بوو.

ئەوە بوو کە بوو بە ئەفسەر ئۆقرەی نەگرت و پێش ساڵی ١٩٧٤ و شەڕبوونەوە، کاکە حەمە هاتە ناو شۆڕشەوەو، پاش ماوەیەک کرا بە سەرکردەی بەتالیۆنی (شەهید دڵشاد) لە هێزی خەبات، کاکە دڵشادیش(دڵشادی ئەحمەد شەوقی) دراوسێی نووسەری ئەم دێڕانە و جگە لەوەش هەر لە دێرینەوە باوکم و باوکی دۆستی نزیکی یەک بوون، پێش ئەوەی ببێت بە پێشمەرگە و شەهید بێت، ئەفسەری پۆلیس بوو، بە ئازایەتی ناوبانگێکی شایستەی بۆ خۆی بەجێهێشت، رەوانی ئەو نەمرەش شاد بێت.

ئیتر ئەو ماوەیە من کاکە حەمەم نەدییەوە، هەتا ساڵی ١٩٧٤ ئەو کاتە منیش بووم بە پێشمەرگە و لە ئیزگەی دەنگی کوردستان وەک بێژەر و نووسەر دەست بە کار بووم. شەو نەبوو چالاکی بەتالیۆنی شەهید دڵشاد لە ناوجەرگەی سلێمانی و بەردەرکی سەرا نەخوێنینەوە، هەر کاتێک بەلاغەکان من بمخوێندایەتەوە، چالاکییەکەی حەمە گیانم وا ئەگەیاند کە هەست بکات جێگای شانازی منە، هەرچەندە بۆ هیچ کەرتێک درێغیم نەدەکرد، بەڵام بە دەست خۆم نەبوو ئەوەی حەمە گڕی تێبەرئەدام، چونکە ئەمزانی لە چ پلاتفۆرمێکی پیرۆزەوە، ملی ناوە بە کێوی سەروەرییەوە……. ئاخ حەمە گیان: ئەوە منم دەستم خامە ئەگرێت و بە تان و پۆی پیرۆزی تۆدا چنگەکڕی ئەکەم؟ حەمە گیان لێم ببورە، بەربینم خڕ بووە و ئەم قوڵپی گریانە ناهێڵێت ببمە ئاوێنەیەکی روون و وەك خۆت نیشانی نەتەوەکەتت بدەم، بیرەوەریم تیژ و کسپەی کۆچەکەت خامەکەمی کول کردووە.

ئەو کاتانە سلێمانی هەموو شەوێک بە دەستی حەمەوە بوو، بەعسە فاشستەکانی خستبووە کونەوە، بە هاوەن و ئاربیجی شەو نەبوو سەراکەی شەشی ئەیلوول رانەژەنێت، حەمە گیان بە سوپا نەتەوییەکەیەوە دەیویست وەشانی تۆوی کوردایەتی لە باخی تێکۆشانا بکا بە باو، گوڵی نەتەوەیی بوون لە کێڵگەی هەموو مژێکی کوردا گەشە بکات و پەرە بسێنی.

پاشنیوەڕۆیەکی مانگی ئابی حەفتاو چوار بوو، خواردنم ئامادە کردبوو بۆ خۆم و برادەران، ئەوەندەم زانی یەکێك لە دوامەوە وتی: هەرەس گیان ئەوە چی ئەکەی؟ ئاوڕم دایەوە و باوەشم پیاکرد، زۆر سەیرم پێهات حەمە بۆ گەیشتۆتە چۆمان؟ وتی: هاتوین زۆزگ بگرینەوە، هەموو بەتالیۆنەکەمم هێناوە، بەڵام زۆرم برسییە. وتم حەمە گیان ئەوە مەنجەڵێکی گەورە خواردنە، فەرموو، سەرقاپی مەنجەڵەکەی هەڵدایەوە، وتی: ئائەمە ئەخۆن؟ هەتیو ئێوە کەی پێشمەرگەن، خواپێداون، خۆت لایە با قاپێکی لێ پڕکەم. قاپەی پڕ کرد و وتی جا من ئەمە بخۆم ئەی پێشمەرگەکانم؟ وتم حەمە گیان هەموویان بانگ بکە، ئەگەر بەشیشی نەکرد هی تر دروست ئەکەم. وتی چی بانگ بکەم دووسەد کەس زیاترین، قاپەکەی دایەوە دەستم وتی ناچێت بە قوڕگما، بیکەرەوە مەنجەڵەکە، هەر چەندم کرد دەمی بۆ نەبرد لەبەر پێشمەرگەکانی، وتی منیش وەک ئەوان، نانەواخانەیەك نانمان بۆ ئەکات، ئەبێت نانەکە وەرگرین و برۆین، پەلەمە باوەشی پیاکردم و منیش بە جێم نەهێشت لەگەڵی رۆشتم تا نانەکەیان تەواوبوو، هەڵیان گرت و رۆشتن. چەند حەزم کرد لەگەڵی برۆم نەیهێشت، دیسانەوە باوەشم پیا کرد و فرمێسک بە چاوما هاتە خوارەوە، وتی هەتیو گرینۆک، خەڵک کە گوێی لە دەنگت ئەبێت وا ئەزانن لە ژیانتا نەگریاویت، فرمێسکەکەی سڕیم و وتی کە گەڕامەوە یەکدوو رۆژ لاتان ئەمێنمەوە، با تۆزێک لەو خواردنە خۆشانە بخۆم، کەمێکی پێ چوو هەموو سواربوون بەرەو زۆزگ، منیش ئەو ئێوارەیە نانم پێ نەخورا، وەک ماخۆلانم بێت هەر بە شەقامەکەی چۆمانا ئەهاتم و ئەچووم، ئیتر بەرەو ماڵ بوومەوە، بۆ سبەینێ کاک سالاری مستەفای مەلا حەکیمم دی شپرزە بوو رەنگی تێكچوو بوو، وتم سالار خێرە، وتی ئەی نەتزانی حەمە شەهید بوو، هەر گەیشتۆتە زۆزگ تۆپێک هاتووە لە ناوەراستی خۆی و پێشمەرگەکانیا تەقیوەتەوە و هەموو بەرکەوتوون و ئەویش شەهید بووە. ئەو دنیایە لەبەر چاوم خولایەوە، نەم ئەزانی چیبکەم بۆ کوێ بچم، زانیم هەر ئەوشەوە بردوویانەتەوە بەرەو پێنجوین، تازە چوو، ئەو سەرکردە مەردە، کوردپەروەرە، خۆنەویستە، ئابڕوومەندە نابینمەوە، خۆی خستە پێناوی نەتەوەکەیەوە، ناوی کاژیکی بە پیرۆزترین و خاوێنترین خوێن رازانەوە.

ئێستا حەمە گیان من چۆن ئەتوانم بەم خامە لەرزۆکەمەوە، بەم چەند دێڕە شەرمنانەی خستومەتە سەر ئەم رووبەرە، وەک خۆت باست بکەم، نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم هەر چی بکەم، هەرچی بنووسم تامی یەک تەماشاکردنی تۆ نادات، تامی یەک لەو زەردەخەنە پڕ مانایانەی تۆ نادات، من چوزانم وەک تۆ هەر بە سەیرکردنێک زۆر شت بڵێم، هەر ئەوەندە ئەڵێم: سی و حەوت ساڵە ئۆغرت کردووە، ئەوندە لەلای من زیندویت وا دەزانم هەر لە کوردایەتی هەڵە بکەم دێیت و بە یەک تیلەی چاو هەزارەها سەرزەنشتم ئەکەی، دڵ لە دڵ نەدەی حەمە گیان ئەم حەمەیەی برات ئێستاش هەر کاژیکە، ئیستاش هەر بە تەرازووە پیرۆزەکەی تۆ هەڵویستی خۆم هەڵدەسەنگێنم.

خوێنەری خۆشەویست، لە باخچەی نەمرانا ئەم گوڵەم پێشکەشی هەموو بە رۆمەتێکی ئەم کوردە کردووە، کاتی خۆیەتی ئەوەش بە ئێوەی خۆشەویست بڵێم کە هەندێك لە چەپەکانی ناو شۆڕش بە بەهەشتی فەتاح ئاغایان وتبوو، هێزەکەت یەکپارچە کاژیکە. ئەوێش ئەڵێت: جا ئێستە چۆن بە مولازم محەمەد و حەمەمین گوڵچین و ئەو هەموو شەهیدە نەتەوەییانە بڵێم زیندوو ببنەوە، کەسانێک هەن پێیان ناخۆشە بۆ کورد وکوردستان خۆمان بدەین بە کوشت. ببورن بۆ دووبارەکردنەوەی.

http://www.nuche.net/?p=2187

3,631 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست