سلاو لە کوردسات . ئارام قزلەری .

دور لە هەموو ئینتیمایەکی سیاسی ، دور لە هەموو بیرکردنەوەیەکی ناوچەگەری هەزاران سلاو بۆ کەناڵی کوردساتی خۆشەویست بۆ ئەو کەناڵەی بۆتە ماڵێکی گەورە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و ، بۆتە زمانحاڵی ڕاسەقینەی ئەو شارەی کە بەشاری هەڵمەت و قوربانی و شاری سەربڵندو هەمیشە پێشڕەوی خەبات و تێکۆشان و هونەرو خێرخوازی ناسراوە .

ئەو دەستپێشخەریەی کەناڵی کوردستان بە بەرنامەیەکی پەخشی ڕاستەوخۆ داوای لەهەموو خەڵکی کوردستان و کوردانی دەروەی وڵات کرد کە دەستی یارمەتی درێژ بکەن بۆ خێزانە ئاوارەکانی کوردانی ڕۆژئاوا ، کە پەنایان هێناوەتە بەرهەرێمی کوردوستان . بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان لەبەرامبەر ڕژێمی دیکتاتۆری نامرۆڤایەتی بەعسی فاشستی سوریا ، تاوەکو بتوانن لەناو خاکی کوردستانی باشوردا پارێزراو بن لە هەموو ئەو تاوانانەی دەکرێت بەرامبەریان لە لایەن دەسەڵاتی سوریاوە.

ئەو ئەرکە پیرۆزەی کوردسات وروژاندنی ویژدانی کوردەو دەبێت دەستخۆشی لەو هەڵوێستە جوامێرانەیە بکات ، کوردسات گەیەنەری ئەو دیمەنە مرۆڤایەتیە بوو کە چۆن خەڵکی کوردستان بە پیرو گەنج و تەنانەت نەخۆش و مناڵەوە دەهاتن بە ئوتومبێل ، بە شان بە کۆڵ ، پێخەف و خواردەمەنی نێو ماڵەکانی خۆیان دەیان بەخشیە ئەو خێزانە ئاوارانەی کە لە وڵاتی سوریاوە پەنایان هێناوەتە بەر خەڵکی باشور .

هەموو ئەو دیمەنانەی کە لە سەرچەم شارو شارۆچکەکانی کوردستانەوە دەبینران مایەی خۆش حاڵی بون ، سەلماندنی ئەو ڕاستیانە بون کەچۆن هاوڵاتیان بەهەموو چین و تۆێژەکانەوە پەرۆشی خزمەتکردنی ئەو خوشک و برا ئاوارانە بون کە ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتوەو ئێستا لەم وەرزە سەختەدا کە سەرمای زستان تەنگی پێ هەڵچنیون لەژێر خێمەو ناو بینا چۆڵەکاندا ، خۆیان و ماڵ و منداڵیان ژیانێکی سەخت بەڕی دەکەن .

ڕاستە دەسپێکی ئەو ئەرکە پیرۆزە لە کەناڵی کوردساتی خۆشەویست و شاری سلیمانی شاری هەڵمەت و قوربانیەوە دەستی پێکرد بەلام بەدەنگەوە هاتنی سەرجەم خەڵکی کوردستان مایەی خۆشحاڵی هەموو مرۆڤایەتیەکی ئەم سەر زەمینە بووە کە بەچاوی خۆی بینیویەتی لەو کەناڵەوە .

گەلی کورد سەلماندی کە میلەتێکە هەمیشە دەستی هاوکاری و مرۆڤایەتی درێژ کردووە بۆخزمەتکردنی هەموو ئەوکەسانەی پەنایان بۆ هێناوە،

ئەوەی منی هەژاند ئەوەی منی گریان لەناو ئەو هەموو خەڵکە جوامێرەدا ئەو خوشکە گەورەیە ئەو مرۆڤە مەزنە بوو کە سەرجەم جەستەی دەلەرزی بە هۆی نەخۆشیەوەو بەو باران وسەرمایەوە هاتبوو خزمەتی ئەو ئاوارانە بکات و بە پێێ توانای خۆی هاوکاریان پێ ببەخشێت ، هیچ وشەیەک نیە شایستەی ئەو خەڵکە مەزنە بێت کە بەو دڵە گەورەیەو بەو هەستە بە بەزەیەوە هەنگاوەکانیان گەورەترو زیاتر دەکرد بۆ بەخشینی هاوکاری بۆ خوشک وبرا ئاوارەکانیان.

بڕوا ناکەم هیچ مرۆڤیک هەبوبێت بە دەوڵەمندو هەژارەوە ویژدانی قوبوڵی کردبێ دەستی هاوکاری درێژ نەکات لەم ساتە وەختەدا ، کە هەموو ئەو خێزانانە چاوەڕوانی ویژدان و هاوکاری ئەوانن ، ئەمرۆ ڕۆژی هیمەت و پیاوەتیە بە تایبەت ئەو ملیاردلێرو ملێون لێرانەی کوردستان کە هەن و ئەوانەی کە لەپاڵ ئازادی ئەمڕۆی کوردستان و خوێنی شەهیدانی گەلەکەماندا بونەتە خاوەن ئەوسەروەت و سامانەی کە ئێستاکە هەیانە ، با چاو لەمرۆڤە هەژارەکان بکەن کەچۆن دەست و دڵ و دەرونیان کراوەیە ، با ئەوانیش ویژدانیان بجوڵێت و جیتر تەنها بیر لەخۆیان و ژیانی شاهانەی مندالەکانیان نەکەنەوە . ئەو مرۆڤانەی کە ئێستا لێیان قەوماوە چاویان لەدەستی هەموو لایەکەوەیە.

لە کۆتایدا دەڵێم ئەوەی کوردسات کردی ناساندنی میللەتەکەمان بوو بەجیهان کەچۆن کورد دەستی ئاشتی و مرۆڤایەتی و خزمەتگوزاری بەرزو بڵندە بۆهەموو مرۆڤێک کەبێ پەناو ماڵ و حاڵ ، بێت و ڕوبکاتە کوردستان لەوێ بیەوێت ژیان بەسەربەرێت ، دوبارە کوردسات چۆن دەنگی گەڵی کوردستان لەسەردەمی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیدا گڕو تینی دەبەخشیە خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر دوژماننی گەلەکەماندا ، ئەوەتا ئیستا دەبینین کوردساتی خۆشەویست بەشێوازێکی ترو بۆ ئامانجێکی تر کە پەیوەستە بەخزمەتکردنی ئەو مرۆڤانەی لێیان قەوماوە ، بەڕێبازێکی تر هانی هاوڵاتیانی کوردستان دەدات لەناوخۆو دەرەوە بۆ هاوکاریکردنی ئەوئاوارانەی پێویستیان بەیارمەتی و کۆمەکی مرۆڤایەتیە ، تەمەنا دەکەین کوردسات لەسەر ڕێچکەی خۆی بەردەوام بێت دور لەبیرو ڕای سیاسی خزمەتەکانی فراوانتر بکات تاوەکو ببێتە سومبوڵیک لە مێژوی گەلەکەماندا.

973 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds