ئارام قزلەری: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێزان زۆر پێویستە گوێبیستی ئەم ڕاپۆرتە ڤیدیۆیە بن کە لە خوارەوە دامان ناوە و کاری لەسەر بکەن، ئەگەر مەبەستانە یەکێتی گەشە بکات و نوێ بێتەوە. پێویستە ڕاوێژکارەکان نمونەی ( فاسیلی زایستیف ) بێت و مەرج نیە هەموو خاوەن بڕوانامەکان و زمان لوسەکان و پلەدارو ئەکادیمیەکان ڕێنیشان دەری باش و نیشتیمان پەروەربن.
زۆر بەداخەوە دەبینین بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ناسەقامگیرە لەڕووی ئاسایش و دارایی و هەم لە ڕوی کۆمەڵایەتیشەوە بە پێی پێشبینیەکانیش بێت کە خۆزیار نین! شەڕو نەهامەتی بەرۆکی نیشتیمانەکەمان دەگرێت. بەلام بەپێی بۆچون و پێشبینیەکان بێت وا دەردەکەوێت بارو دۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش ڕوو لە نا ئارامی و شەڕێکی نەخوازراو بێت.
بۆیە پێویستە بەڕێزتان وەک دەسەڵاتداری یەکەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کار لەسەر ئاشتکردنەوەی گشتی بکەن و روبکەنەوە دڵسۆزان و تێکۆشەران و چیتر لەوە زیاتر گرنگی نەدەن بە کاسەلێس و ماستاوچی و بەرژەوەند پەرستەکان، ئەوانە ئەوەندە لەگەڵتانن تا کاریان مەیسەر دەبێت و گیرفانیان پڕدەبێت.
لەتەمەنی مرۆڤایەتیدا هەر وابووە پارە پەرست و مرۆڤە خۆپەرستەکان، هەرگیز نە بیروباوەڕی حیزبیان خۆش ویستووەو نەشکۆی حیزب و نیشتیمانیان بەلاوە گرنگ بووە، جگە لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
بەڕێز سەرۆکی یەکێتی، ئەوەشتان لەبیر نەچێت مەرج نیە هێزی سەربازی زۆرو دەزگا ئەمنیەکان و تانک و زریپۆشی زۆر بەتەنها بتوانێت هەم حیزب و هەم نیشتیمانیش بپارێزێت.
ئەگەر هاوڵاتیان و تێکۆشەران و دڵسۆزانی لەگەڵدا نەبێت، بۆ پشت راستگردنەوەی ئەم ڕستەیەشم ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی رابوردون کە کاتێک سنوری زوڵم و زۆرداریان بەزاندوە نەهێزی سەربازی و نە تانک و زریپۆش و نە داهاتی زەبەلاح، نەیتوانیوە فریایان بکەوێت و بیان پارێزێت و لەسەر کورسی دەسەڵات بیان هێڵێتەوە. لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتە زلهێزانەش وەک ئێمەش بێ پشت و پەنا نەبون، تا لە چاوەڕوانی ئەوەدا بن وڵاتێک یاخود هێزێکی نێو دەوڵەتی پشت و پەنایان بێت و بیان پارێزێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت