شـــــــوان خورشــــــید: بانێک و دوو هەوا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، کەوتە بەر هێڕشی موشەکی و بالیستی، بە بەهانەی لێدان لەبارەگاو بنکەی موسادی ئیسرائیل. من نامەوێت قسە لەسەر بونی موسادی ئیسرائیلی بکەم لە هەرێمی کوردستان، هەیە، یان نیە، با بۆ بابەتێکی تر هەڵبگرین، ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم ڕووی سیاسەتی هەرێمە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی بەسەر هەرێم و سەروەری خاکەکەیدا دێت، دیارە بوردومانکردن و بەزاندنی سنورەکانی کوردستان تازە نیەو، هەر کاتێک داگیرکەرانی کوردستان بیانەوێ، یان ویستبێتیان بێ سەڵەمینەوە پێشێلی سەرجەم بەندەکانی نێو دەوڵەتی و مافی مرۆڤ و بەها ئینسانیەکانیان کردوەو، لە بوردومانکردنی شارو لادێ و خەڵکی سیڤیلی کوردستان تەقسیریان نەکردوە. بەڵام ئەمجارە جیاواز لە جارەکانی تر حکومەتی هەرێم کەوتە سەر خەت لە ئیدانەکردنێکی شەرمنانەی دەسەڵاتدارانی ئێران، هەروەها ئەوەی جیاوازی تیا بەدی دەکرا، ئەمجارە حکومەت خۆی مۆڵەتی خۆپیشاندانی ڕێک خست و هاندەرێکی باشیش بوو تا خەڵک و فەرمانبەرانی فەرمانگەکان بچنە سەر جادەو ناڕەزایی دەربیڕن، تەنانەت نەک تەنها هاندانی خەڵک و فەرمانبەر، ناچاریش کران بەوەی کە دەبێت بەشداری ناڕەزایەتیەکان بکەن، بەجۆرێک سەرجەم زۆنی زەردی گرتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامین بوو دەبوایە ناڕەزایەتیەکان لەبەردەم قونسوڵیەی ئێران ببوایە نەک شوێنی تر، کە حکومەتی هەرێم لەوەشدا بایی بەگ و پاشەکشەی ڕەچاو کردبوو.
سەمەرەیەکی تری حکومەت ئەمجارە بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی بوو، لەڕێگای ژووری بازرگانی هەولێرەوەو، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکات، هەرچەندە بەو هەنگاوەش قەیرانێکی ئابوری و گرانی سەر بازاڕو ئەرک دەخرێتە سەر شانی هاوڵاتیان، چونکە کاڵای ئێرانی بەراورد بە کاڵای تورکی تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازی لێ بەدی دەکرێت لە ڕووی نرخ و خستنە بازاڕەوە،هەرچۆنێ بێت ئەوەی دەمەوێ موقاڕەنەی بکەم لە نێوان ڕوداوی موشەک بارانکردنی ئەم جارەی هەولێر و ڕوداوەکانی پێشتری هەرێمی کوردستان، دەستدرێژیەکەی ئەمجارە جیاوازیەکەی لەوەدا بوو، جگە لە بەئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی چەندین دەزگای هەستیاری پارتی کەوتە بەر پەلامارەکەی ئێران، بە دروستی تەقینەوەکان نزیک بون لەسەری ڕەش و دەزگا هەستیارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەفعلی مەترسیەکان لە دڵی پارتیەوە نزیک بوو، بۆیە حکومەتی هەرێم لەهەموو سوچێکەوە کەوتە ناڕەزای و ئیدانەکردنی دەستدرێژیەکە، بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە بوردومانی کوردستان و سنور بەزاندنی لەلایەن داگیرکەرانی وەک ئێران و تورکیاو عێراقەوە،تازە نیە و هەر کاتی ئەو داگیرکەرانە ویستبێتیان بێ پرس و ڕا موشەک و درۆن و فڕۆکەکانیان ئاسمانی کوردستان دەبەزێنن و کوێیان ویستبێت لەگەڵ خاکدا تەختیان کردوە، تایبەت تورکیای داگیرکەر سەرەڕای بوردومانە بەردەوامەکانی نیوەی خاکی کوردستانی داگیر کردوەو ڕۆژانە بە فڕۆکەو درۆن و موشەکی دوور هاوێژ کوردستان بۆمباران دەکات، هیچ ڕۆژێ بەدی ناکرێت لەهەرێمی کوردستان چەندین شوێن نەکاتە ئامانج و خەڵکی مەدەنی خەڵتانی خوێن نەکات، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە تا ئێستا سەرەڕای چەند بارە بونەوەی هێڕشەکانی تورکیای داگیرکەرو دوژمنی سەرسەختی کوردایەتی، تا ئێستاشی پێوە بێت، یەک بەیانامەی حکومەتی هەرێمە لەسەر ئەو دەستدرێژیانە کرد بێتی، تەنانەت زۆر جار خوڕسکانە خەڵکی شارەکانی کوردستان ویستویان خۆپیشاندان و ناڕەزای دەربڕن، ڕێگاو مۆڵەتیان پێ نەدراوە. تورکیای داگیرکەر بەجۆرێک دەروازەی بازرگانی بەهەرێم و عێراقەوە گرێ داوە،گەر بایکۆتی کاڵای تورکی بکرێت و ڕێ بەهاوردەی نەدرێت، سەرەڕای خراپی دۆخی داراییان، بە قەدەغەکردنی کاڵای تورکی لەهەرێم ئەوەندەی تر، بارودۆخی لیرەی تورکی خراپتر دەبێت، بەڵام هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستدرێژیەکانی تورکیا مێشێک میوانی نیەو تەنانەت چالاکی میتی تورکی و دەستدرێژیەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەر لەتورکیا بڵاو دەکاتەوەو وەکو مژدەیەک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو دەکاتەوە، لەجیاتی سەرکۆنەکردنی دەستدرێژیەکان و بایکۆتکردنی کاڵاو ڕێخۆشکردن بۆ ناڕەزایەتیەکان، بەڵام دەبینین ئەو دۆخە چۆن دەگوزەرێت، بەجۆرێک یەک هەرێمە چەقەڵ و ڕێوی لەهەموو لایەکەوە دەمی تیا ژەنیوە، بەڵام هەندێک لەو دیمەنانە دەبینرێت و هەندێک لە تاریکی شەودا لەگەڵ تەمومژ بەسیاسەت دەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت