شـــــــوان خورشــــــید: کەرکوک لەنێوان نەوەی نوێ و بانگێشەی هەڵبژاردندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق،کە تا دێت چەواشەکاریەکانی هەندێ لایەن ڕوو لە هەڵکشانی زیاتر دەکات، لە کاتێکدا خودی ئەو لایەنانە بڕوا بە ووتەو هوتاف و پڕوپاگەندەکانی خۆیانیش ناکەن، بەڵام بۆ لە خشتەبردنی خەڵک و بە مەبەستی فەوتاندنی دەنگی کورد، لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵێنی وا ئەدەن تەنانەت لە توانای حکومەتی عێراقیشدا نیە جێبەجێی کات، بۆ نمونە دەیانەوێت بێکاری لە شارەکە نەهێڵن، گەندەڵی و فەسادی بنبڕ بکەن، پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دەستەبەر بکەن و کۆتایی بەو پارێزگارە سەپێنراوە بهێنن، بە کوردیەکەی نەوەی نوێ قەپاڵی زۆر لەخۆی گەورەتر دەهاوێژێ، چونکە لە کۆی 16کورسی کە چەندین لیست و هاوپەیمانی لە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی کێبرکێی ئەو ژمارە کورسیە دەکەن کە لایەنی براوە بەلای کەمەوە دەبێ لە نیوە زیاتر کورسیەکان حاسڵ بکات، نەک بە چوار کاندید کە هەتانە ئەو هەموو بەڵێن و دورشمە قەبانە بڵێیتەوە، هەق وایە کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی بکردایە بەتایبەت لە کەرکوک، بەڵام کە ئەوە ڕووی نەدا، باشتر وایە ئێستا لیستە کوردیەکان هەوڵ بدەن سەرەڕای جیاوازی بیرکردنەوەیان کار بۆ ئەوە بکەن کورد لەکەرکوک سەرخەن، نەک لایەنێک خۆی لێ ببێتە شێرە بەفرینەو پێی وابێت هەموو شتێکە و گۆڕەپانەکە لەبەرژەوەندی ئەوەو بەس، چونکە نەوەی نوێ 4کاندیدی هەیە، کە جگە لەسەرۆکی لیستەکە کە پاشخانێکی تەمومژاوی هەیە، سیانەکەی تر زۆر نەناسراون و هیچ باکگراوندێکیان نیە، ئەگەر هەر چواریشیان دەربچن و بە قەولی خۆیان لیستە کوردیەکانی تری کوردی ئاوت بکەن، پاش هەڵبژاردن چی دەکەن، پارێزگارێکی کورد جێگیر دەکەن؟ گەندەڵی ناهێڵن لە شارەکە؟ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان دادەمەزرێنن؟ بێکاری بنبڕدەکەن؟ هەموو ئەمانە لە گەڵ کێ دا؟ لەگەڵ کام لیستی براوەی هەڵبژاردن؟ لیستی عەرەب و تورکمان، کە ئەو لایەنانە بەهەموو شێوەیەک دژی ویست و ئیرادەی کوردن، دژی ئەوەن کوردێک پارێزگاری کەرکوک بێت، چونکە عەقڵیەتی شۆڤینیەت ڕێگای ئەوەیان پێ نادا، ئەی کەواتە چۆن چۆنی بەڵێنی بانگێشەی هەڵبژاردن جێبەجێ دەکەی؟
بەڕاستی لە بانگێشەی کاندیدو پەیج و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە بزوتنەوەکەتەوە گومانی ئەوە دەکرێ ژێربەژێر لەگەڵ نەیاری کورد ڕێکەوتنیان هەبێت، تا پارێزگارەکە بە دڵی ئەوان هەڵببژێدرێت گرنگیش نیە کورد بێت، تەنها ئەوەی ئێوە دەستان لە جێگیرکردنی دا هەبێت، چونکە پێشتر لە بڕیارە چارەنوس سازەکان دا، هەرگیز لەبەرەی گەل نەبونە، ڕاستە یەکێتی و پارتی لە ماوەی حوکمڕانیان لەکەرکوک و کوردستانیشدا بەشێوەی تەندروست فەرمانڕەواییان نەکردوە، بەڵام بتەوێ و نەتەوێ ئەو دوو حیزبە دوو لیستی گەورەن و دەتوانن زۆربەی دەنگی کوردانی کەرکوک لە لیستەکانیان کۆ کەنەوە، بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تا هیچ نەبێت هەوڵەکەیان بە ئاراستەیەک بێت دەنگی کورد نەفەوتێت و بۆ لیستە براوەکانی نەیاری کورد نەڕوات، نمونە لیستەکەی کاکەحەمە دڵنیام پێشمەرگەی بارەگاکەی خۆشیان دەنگیان بە کەمی پێ دەدەن، بۆ ئەبێ بە لیستێکی سەربەخۆ دابەزێت،کە ئامانج لێی تەنها فەوتاندنی دەنگی کوردە لە کەرکوک، یان چەند لایەنی تر کە شەو ڕۆژ لافی کوردایەتی لێ ئەدەن، بەڵام لەم هەڵبژاردنە ئەوەیان سەلماند کە سیاسەتەکەیان تەنها قسەی زل و قەبەیەو قسەی زلیش ناچێتە گیرفانەوە، پێشتریش ئەو حیزبانە ئەوەیان بە کرداری تاقیکردۆتەوە،کە جەماوەریان بایی ئەوەندە نیە بتوانن کورسی پەرلەمان یان ئەنجومەنی پارێزگار لە کەرکوک بهێنن، بۆیە دەسخۆشی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەم کە قورسایی خۆیان لە کەرکوک زانی لیستیان دانەمەزراندو ئەندام و هەوادارەکانی خۆشیان سەرپشک کرد لە دەنگدانیان بەهەر لایەنێکی کوردی، تەنها لەبەرژەوەندی سەرخستنی کورد لە کەرکوک، بەڵام ئەوەی جێگای قسەکردنی زیاترە نەوەی نوێیە، جارێ نەوەی نوێ و بزوتنەوەکەی جێگای پرسیان، چونکە لە یەکەم هەنگاویاندا وەک بزوتنەوەیەکی بنەماڵەیی هاتونەتە نێو گۆڕەپانی سیاسەتەوە، بەبێ هیچ پاشخانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی.
ئەگەر سەیری هەیکەلی بزوتنەوەی نەوەی نوێ بکەین سەیرو سەمەرە بەدی دەکەین، ئەوەی تۆزێک خەمی نەتەوەیی هەبێت و دژی حیزبی بنەماڵەیی بێت، نابێ بەهیچ شێوەیەک ووشەیەکی ئەو بەناو بزوتنەوەیە بە گوێچکەیدا بچێت، لەبەر ئەوەی گەر تا ئێستا نەتانزانیوە کە نەوەی نوێ هەیکەلەکەی چۆن دامەزراوە ئێستا لێی بڕوانن، شاسوار عەبدولواحێد سەرۆکی نەوەی نوێ و کۆمپانیای نالیا، سروە عەبدولواحێدی خوشکی سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی لەگەڵ عەرەبەکان، نزار عەبدولواحێد برای شاسوار ڕێپێدراوی چاڤی لاند لە بەغداو بەرپرسی پەیوەندیەکانی نەوەی نوێ لە عێراق، شۆخان حسێن هاوژینی شاسواری جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرپرسی دارایی نەوەی نوێیە، هێژا حسێن برای شوخانی سەرۆکی نەوەی نوێ سەرپەرشتیاری کەناڵەکانی nrtیە، ڕەوەند ساڵح خوشکەزای شۆخانی هاوسەری سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ سکرتێرە، حەمە حسێن ژنبرای شاسوار بەڕێوەبەری نوسینگەکەی سەرۆکی نەوەی نوێیە، سەیری ئەم مەزهەلەیە، بەم شکل و شێوەیە ڕەخنەلە حیزبی دەسەڵات ئەگرێت، وەک ئەوەیە خۆی لە شامی شەریفەوە هاتبێ، چەند چرکەیەک بەر لە ئێستا لە کەناڵەکانی سۆسیال میدیاوە گوێم بۆ گۆرانیەک ڕاگرت، هێنامیە پێکەنین کە دەیگوت، پێنج و دوو ڕۆژی مەیل بدە پێمان، ئەگەر خراپ بوین حاشا کە لێمان، ڕێک نەوەی نوێش وا دەڵێ، دەڵێتیش دەنگمان پێ بدەن و تاقیمان بکەنەوە، کوردیش دەڵێ لە پاش تڕێ ، خەپشێ بڕێ.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم من هەرگیز لە ئەدای یەکێتی و پارتی لەکەرکوک ڕازی نیم، بەڵام هەڵبژاردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان، قەزێیەکی نەتەوەیی و چارەنوس سازە، بۆ ئەوەی عەرەبی شۆڤێنی عەگالمان لەسەر نەکات پێویستە شەڕی کوردایەتی بکەین بە دەنگەکانمان، چونکە گەر خەڵکی کەرکوک یەکگرتو بێت سبەی ڕۆژێ دەتوانی یەکێتی و پارتی پەراوێز بخات و لە نێوان خۆیان دا کەسی شایستە نوێنەرایەتیان بکات، بەڵام وەلانانی عەرەبی شۆڤێنی و بەکرێگیراوانی میتی تورکی قورس و قورستر دەبێت، بۆیە با شەڕی نەتەوەیی لەکەرکوک کاری لەپێشینەمان بێت لەم هەڵبژاردنەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت