جیهاد موحەمەد / کێشەی زیادکردنی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ هەرا دەنێتەوە ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حکومەتی گەندەڵ ناتوانێت چارەسەری هیچ کێشەیەک بکات . لە گرتنەبەری هەرچ چارەسەرێکدا بۆ کێشەیک ، دنیاییەک کێشەو ئاڵۆزیی و بۆگەنی دەردەکەوێت . دنیاییەک لە خەڵک و لایەنی پێوەندیدار زیاندەکەن . دنیاییەک لە کۆمپانیا و بەرپرس و وەزیر و گزیر و تەنانەت سەرۆکی حکومەت خۆشی دەکەوێتە ژێر باری لێپرسینەوەی یاساییەوە .

ئایا سەرۆکی حکومەت لێپرسینەوەی یاسایی و پەرلەمانیی قبوڵە ؟!، قبوڵیەتی وەزارەتی پلاندانان و بازرگانی و بریارە هەڵەکانی خۆی بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی یاساییەوە ؟ قبوڵێتی داوای لێبوردن بکات لە و سەدان کەسەی کە ساڵانە بە هۆکاری ئەو کێشانەوە توشی گیان لە دەستدان و کەمئەندامیی و نەخۆشی بوون ؟ قەرەبووکردنەوەی هەموو زیانلێکەوتوانی بڕیاری هەڵە و بێ پلانییەکانی خۆی قبوڵە؟ کاتێک، حکومەت دەتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکان بکات کە ئەمانەی پێقبوڵبێت ، قبوڵکردنی ئەوانەش لە پێش هەموو شتێکەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیەتی بە بڕیاری خۆی ئەگەر بوێربێت ، یان بە بڕیاری پەرلەمان .

لە هەر بوارێک لەو بوارانەی کە ڕاستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ پێوەندی بە ژیانی خەڵکییەوە هەبێت، لەسەر حکومەتە کە پلانڕێژییەکی عەقڵانی وای بۆ دابرێژێت کە هاوسەنگییەکی رێژەیی وەربگرێت کە نە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا زیانیڵێبکەن، نە کۆمەڵگا بە گشتی و نە حکومەت. بەڵام کاتێک حکومەت و، وەزارەتە پێوەندیدارەکان ئەم پلانڕێژییە ناکەن بە هۆکاری تایبەتی و بەرژەوەندیخوازیی حیزبەکانیان و سەرکردە بازرگانەکانی حیزبەکانیان، ئیتر کاتێک دەزانن کار لە کار ترازاوە و کیشەیەکی وا دروستبووە کە چارەسەری زەحمەتە، لە هەڵبژاردنی هەرچ چارەسەرێکدا لایەنێک، یان چەند لایەنێک لە کۆمەڵگا زیانی زۆر دەکات .

زۆر دەمێکە خەڵکی کوردستان و پسپۆرانی بواری ژینگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە کوردستاندا دەناڵێنن بە دەست زۆری ئۆتۆمبێلەوە ، کە وەک باس دەکرێت ژمارەی دەگاتە ملوێنێک و ١٠٠ هەزار ، ئەم ژمارەیەش بە گوێرەی کەمی گەشەی ڕێگاوبانەکان و خراپی هەندێکییان ، شێوازی ئەندازیاری کۆنییان و تەسکییان لە ناو شارەکان و دەرەوەی شارەکان یەجگار زۆرە. هەر بەم هۆیەشەوە ساڵانە بە دەیان کارەستای رووداو ڕوودەدات و سەدان کەس گیانیان لە دەستدەدەن یان شەل و شیت دەبن و دەبن بە کەم ئەندام .

هێنانی داودەرمانی خراپ و بەسەرچوو ، هێنانی کەلوپەلی کوالیتی نزم ، هاوردەی گۆشتی بەسەرچوو ، هاوردەی ئوتمبیلێکی لە ڕادەبەدەر بە بێ پلانرێژی، ئەمانە هەمووی کارەستگەلێکی لێوە دروستدەبێت کە ئەنجامەکەی دەبێت بە تاوانی گەورە و پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە لە لایەن دادەوەرە گشتییەکانەوە بۆ بە دادگاییکردنی تاوانباران کە ئەم لێپرسینەوە یاساییەش ناکرێت ! چوونەک نەک هەر کۆمپانیاکان ، بەڵکو وەک ئاماژەم پێدا هەردوو وەزیری پلاندانان و بازرگانی و سەرۆکی حکومەتیش دەگرێتەوە .

لە هەرچ وڵاتێکدا کە حیزبیەکان و سیاسیەکان کەوتنە کاری بازارگانی ئەوە حەتمەن کارەساتی لێوە دروستدەبێت ، چوونکە ئەم دەسەڵاتدارە حیزبییانە دەکەونە سەرو یاسا و ڕێساوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت .

کاتێک حکومەت بە ناچاری و لە ژێر فشاری زۆردا، یان بۆ بانگهێشکردنی هەڵبژاردنەکان ، دەیەوێت چارەسەرێک بکات و هاوردەی ئۆتۆمبێل کەمبکاتەوە ، دەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە ، چوونکە کێشەکە بۆگەنی کردوە ، دەستلێدانی ، کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات .

بێ پلانیی و ، بێ گوێدانە پیسبوونی ژینگەی شارەکان و . بێ گوێدانە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و بێ گوێدانە بە هەدەردانی پارەوپولی زۆر لە بواری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلدا ، ڕێگەدراوە بە کۆمپانیا چاوچنۆکەکانی هاوردەی ئۆتۆمبێل ، کە حەتمەت بەرپرسێکی حیزبی لە پشتیانەوەیە کە بەو لێشاوە ئوتوموبیل بڕژێننە کوردستانەوە . بە گوێرەی ژمارەی دەنگدەرانی کوردستان کە ٢ ملوێن و هەشسەد هەزار کەس بوو لە ٢٠٠٩دا، هەموو دوو کەس تا سێ کەسێک ئوتمبیلێکی بەردەکەوێت . لە وڵاتانی زۆر پێشکەوتووشدا ئەم ڕێژەیە لە ئۆتۆمبێل نییە .

جارێک ڕێمکەوەتە بەشی یاسایی وەزارەتی ناوخۆی کوردستان، سەرۆکی ئەو بەشە کە زانی لە ئەورپاوە گەڕاومەتەوە ، پرسایریلێکردم چ شتێک زۆر بە خراپ دەزنانییت لە کوردستاندا ؟ ، کە باسی ئەو هەموو کەلوپەلە خراپ و بەسەرچوو و داودەرمانەم بۆ کرد ، کە ئەوە کارەساتە ، وتی : ( لێگەڕێ مامۆستا ، لێگەرێ ، هیچ بازرگانییەک نییە لەم وڵاتەدا بەرپرسێکی گەورە لە پشتیەوە نەبێت ئەوە بۆیە ناتوانرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت ) .

هەر لەو سەفەرەمدا ، ڕۆژێک سەردانی یەکێک لە رۆژانامەکانم کرد ، لەو کاتەدا بەرپرسێکی گەورەی یەكێتی تەلەفوونی بۆ سەرنووسەری رۆژنامەکە کرد و پێیوت : ( چییتر لەسەر ئەو داودەرمانە بەسەرچووە مەنووسن ، چوونکە بریارم داوە کە دەینرێم بۆ خوار کەرکووکەوە لەوێ بفروشرێت ) ، وەک ئەوەی ئەوانەی لە خوار کەرکووکەوەن مرۆڤ نەبن ، مێرو بن .!. سەرنووسەری رۆژنامەکە پێیوتم، ئەو دەیان تەن دەرمانە بەسەرچووە کە دێتە ناو کوردستانەوە ئەم بەرپرسە و کوڕەکەی کە ئەویش بەرپرسێکی گەورەی حیزبییە دەیهێننە ناو کوردستانەوە . پسپۆری کڕینی دەرمانەکانیش کە دەینێرن بۆ ئەورپا برینپێچێکە !!

ئەوەش بووە بە نوکتە ( کاتێک ئوتومبیڵیک لە سەگێک دەدات ، پیرە ئۆتۆمبێل تێکوپێکدەشكێت ، خاوەنی ئۆتۆمبێل ناڵێت ئۆتۆمبێلەکەم لە تەنەکە دروستکراوە ، نەکە لە پڵێت ، دەڵێت ئاخر سەگ ئێسقانی ڕەقە ، بەختم نەبوو لە سەگێکمدا بۆیە وام لێهات !) . دەیان کارەساتی وا لە کوردستانی قەزا و قەدەرا حکومەت لێیبەرپرسیارە و بۆشیان چارەسەر ناکرێت ، مەگەر ئەم حکومەتە لە بنەڕەتەوە بگۆڕدرێت بە عەقڵیەتێکی زانایانە و حەکیمانەی سەردەمیانە .

٢/٤/٢٠١٣

1,778 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست