عەتا قەرەداخی : گرێی هەست بەکەمیکردن و پشێوی کۆمەڵایەتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

شەڕی بەردەوامی نێوان براکان لە کوردستانداو کوشتن و بڕین و بەگژیەکدا کردنی کۆمەڵگەى کوردی لە رابردووەوە بۆ ئێستا لە پێناوی پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییانەدایە کە لە کەسێتی بەشێکی دیار لە نوخبەی سیاسی کوردیدا هەیە . 

مرۆڤ وەکو تاکەکەس ئافریدەبوویەکە دابەشبوو لە نێوان حەزو ئارەزووە تاکەکەسیەکانی خۆیی و ئەو یاساو رێساو سنووربەندە نەریتی و کۆمەڵایەتیانەى ، کە بەگشتی لە نێو کۆمەڵگەى مرۆڤایەتی و بە تایبەتیش لە نێو ژینگە کۆمەڵایەتییە تایبەتییەکەی خۆیدا هەیە .

ئەوەی یەکەمیان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تیۆری دەروونشیکاری فرۆید ئەوا دەتوانین بڵێین غەریزە ئاژەڵییەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵی کردووەو تەحەکومی پێوە دەکات . ئەوی دووەمیشیان لە روانگەى ویژدان یان ئیلتیزامکردن بە واقیعەوە سەیر دەکرێت . هاوشانی لە نێوان ئەم دوو ئاستەدا جۆرێک لە هاوسەنگی لە بوونی تاکەکەسی مرۆڤدا درووست دەکات . هەروەکو بە پێچەوانەشەوە هەر ناهاوسەنگییەک ناهاوسەنگی لە کەسێتی تاکەکەسدا درووست دەکات . بە تایبەتیش ئەگەر غەریزە ئاژەڵیەکانی مرۆڤ باڵادەست بن ئەوا بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو تاکەکەسە دەگاتە بارێکی ئەوتۆ کە کەسێتییەکی غەریب یان سەیر یان بەدەر لە باری ئاسایی نێو کۆمەڵگەی بۆ درووست دەبێت . لە رووی دەروونییەوە هەندێکجار کەسە نائاسایی یان ناهاوسەنگەکان کەسانی داهێنەری جۆراو جۆریان لێدەردەچێت بەتایبەتی لەو بوارانەى کە پەیوەندیان بەتواناو لێهاتوویی فیکری و هەست و خەیاڵەوە هەیە ، بەڵام لەو بوارانەى تردا کە پەیوەندییان بەژیانی کۆمەڵایەتی و بەبوونی ئەوانی ترو بە بەڕێوەبردنی بوارێک یان رووبەرێک لە خەڵکەوە هەیە ناتوانن بوونی خۆیان بسەلمێنن و لەو رووبەرەدا ، یان کەسێتییەکی مەعنەوی بەهێز بۆ خۆیان درووست بکەن ، چونکە ئەم جۆرە کەسانە کە لەدوو ئاراستەدا دەردەکەون ، زیاتر کەسێتیەکی شەڕەنگیز و لەبەرامبەریشدا کەسێتییەکی بەسەرخۆدا شکاوە دەبێت ، لە هەردوو بارەکەدا ناتوانن خۆیان لە کاریگەری ئەو بارە دەروونی و مەعنەوییە دەرباز بکەن کە زیاتر سیمای کەسێتیەکی تێکشکاوی هەیە .

ئەم بارە بۆ کۆی کۆمەڵگەى مرۆڤایەتی جۆرێک لە هاوشێوەیی تێدایە بەڵام بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەى کوردی سەرباری ئەم بارە گشتییە ، بارێکی تایبەتیش لە رووی کەسێتیەوە ئامادەبوونی هەیە ئەویش باری تێکشکاندنی کەسێتی ئینسانی کوردە لە رووی سایکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی و لە رووی بوون و شووناسەوە . کە کۆبوونەوەی ئەم دوو حاڵەتە لە کەسێتی مرۆڤی کورددا وەکو یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆرینەى پشێویی و ئاژەوە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەى کوردی سەیر دەکرێت . واتە مرۆڤی کورد لەبەر هەستکردنێکی خنکێنەر بە لاوازی بوونی خۆی بەردەوام دەیەوێت ئەو گرێی هەست بە کەمی کردنەى پڕبکاتەوە کە ئەوەش یان لەسەر حیسابی کەسانی تر دەبێت یان تەنانەت لەسەر بنەمای بەخشینەوەى شکستە کەسیەکانی خۆی بەسەر ئەوانی تردا دەبێت . هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکیە بۆ ئەوەى کە مرۆڤی کورد وەکو تاکەکەس نەتوانێت لەسەر پێی خۆی رابووەستێت .

ئایا کاریگەری ئەم بونیادە کەسیەی مرۆڤی کوردی کە سیمایەکی تا ئەندازەیەک گشتیشی هەیە چیە لە بواری حیزبایەتی و ئیداری و سیاسی و رووناکبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا ؟ . ئەى داخۆ ئەم باری کەسێتیە چی رۆڵ و کاریگەرییەکی هەیە لەسەر ئەو بنەمای رق و کینەو لێک تێنەگەیشتن و یەکتر قبوڵنەکردن و تەخوین کردن و ئیتیهامات بەخشینەوەیەی کە بەگشتی لە کۆمەڵگەى کوردیدا هەیەو لەلای نوخبەى سیاسیش زۆر دیارو بەربڵاوە ؟ .

ئەوە ئاشکرایە کە ئیدارەی باش و سیاسەتی باش و حکومەتی باش تەنانەت شۆڕش و راپەڕینی باشیش تەنیا لەو کۆمەڵگەیانەدا درووست دەبن و پێکدین ، کە کۆمەڵگە بەهەموو ئاستەکانییەوە کرابێتە کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی . لەبارێکی وەهاشدا رۆڵی تاکەکەس ئەو دەورو کاریگەرییەى نامێنێت . چونکە لەو بارەدا تاکە کەس دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەکەو بەرنامەو سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوەو یاساکانی جێبەجێ دەکات ، بە پێچەوانەشەوە هەر لادانێک لە یاساو رێسای ئەو دامەزراوەیە دەبێتە شتێکی ناجۆرو ئەو تاکەکەسە دەخاتە بەردەم دوو حاڵەت یان راهاتن بۆ ئەو بارودۆخە یان فرَێدانی ئەو تاکەکەسە بۆ دەرەوەى ئەو دامەزراوە .

لەو کۆمەڵگەیانەدا کە عەقڵی دامەزراوەیی درووست نەبووەو کۆمەڵگە بەگشتی نەبووەتە کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی ، ئەوا بەردەوام رۆڵی تاکەکەس و عەقڵی تاکەکەس کە هەردووکیان بەرهەمی عەقڵی تاکەکەسن بەجۆرێک دەبێت ، کە رۆَل و عەقڵی کۆمەڵگە پاسیڤ دەکات و بە میزاج و تێڕوانینی تاکەکەس هەموو شتەکان بەڕێوەدەچن . وەکو پێشتریش گوتمان ئەگەر تاکەکەس لە پێگەیەکی ئاسایی بەڕێوەبردندا بێت ئەوا ئەو دەورو کاریگەرییەی نابێت یان ئەگەر کەسێکی ئاسایی نێو کۆمەڵگە بێت دیسان ناتوانێت کار لەرەوتی ژیانی گشتی و تەقس و میزاج و تەناتە هەستی کۆمەڵایەتی و سۆزو هەڵچوونی خەڵک بکات ، بەڵام ئەگەر ئەم تاکەکەسە نائاساییە لە کۆمەڵگەکانی وەکو ئێمەدا ، کە کۆمەڵگەى پاشکەوتوو نادامەزراوەین لە پێگەى باڵای کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، ئیداری حیزبید ا… بێت . ئەوا دەشێ رۆڵی نەرێنی کاریگەر ببینێت و سەرئەنجامیش بتوانێت کۆمەڵگە بەئاراستەى پشێویی و ئاژاوەو فەوزای کۆمەڵایەتیدا ببات .

ئەگەر سەیری کەسێکی وەکو سەدام حسێن بکەین لەمێژوودا ئەوا دەزانین کەچ پاشخانێکی خێزانی و پەروەردەیی ناڕێک و خراپی هەبووە بەجۆرێک کەئەو پاشخانە لاوازەى خێزانی و شێوازی پەروەردەکردن و بەو هۆیەشەوە درووستبوونی گرێی هەست بەکەمی کر دن لە پێکهاتەى کەسێتی ئەودا وایلێکردووە کە بەردەوام بەدوای پڕکردنەوەى ئەو باری هەست بەکەمی کردنەیدا بێت .

رەنگە بەهەڵەدا نەچووبین کە ئەگەر پێمان وابێت دەستدانە سیاسەت و حیزبایەتیش هەر لە پێناوی تێرکردنی باری دەروونی تێکشکاو بۆ پڕکردنەوەى ئەو هەست بەکەمیکردنە بووە . وەکو پێشتریش گوتمان ئەم جۆرە کەسانەى کەگرێی هەست بەکەمیکردنیان هەیە چونکە گەڕان بەدوای پڕکردنەوەى ئەو باری هەست بەکەمێتی کردنەدا گەیاندوونی بەو ئاستە بەوجۆرە دەڕوانن ، کەدەبێ هەموو شتێک بکەن لە پێناوی ئەوەدا کە بگەنە ئاستێک لەسەرەوەو بە بۆچوونی خۆیان لەبەرزییەوە سەیری کۆمەڵگەو دەوروبەریان بکەن ، بۆ ئەوەى لەو پێگەیەوە هەست بەبوونی خۆیان و باڵادەستی خۆیان بکەن . لە پیێناوی گەیشتن بەو ئاستە ، بێگومان هەموو رێگایەک دەبڕن و نەک پێ بەخەڵکی تریشدا دەنین بەڵکو هاوشانەکانی خۆیشیان دەکوژن و جەستکەیان دەکەن بەسەنگەر بۆئەوەى شەڕی هەنگاوی داهاتووی خۆیانی لەپاڵدا بکەن . هەروەک ئەم جۆرە کەسانە تەنانەت لەو کاتەشدا کە دەگەنە بەرزترین ئاست ، هێشتا لە بوون و پێگەى خۆیان دڵنیا نین ، بۆیە گومان لەهەر کەس و هەر هێزێک بکەن لە دەوروی خۆیان لەناوی دەبەن . یان تەنانەت نایانەوێت چاویان بەو کەسانەش بکەوێت کە ئاگاداری رابردووی خراپ یان پڕلەشکست و لاوازی ئەوانن . هەربۆیە زۆرجار دەبینرێت تاکە دەسەڵاتدارەکانی کە بەم جۆررە هاتوون قەلاچۆی دەوروبەرەکانی خۆیان دەکەن بەتایبەتی ئەوانەى کە دەشێ لە رابردووی شکستدا لێیانەوە نزیک بووبن . بۆ نموونە سەدام حسێن لەبری پاداشتدانەوەى ئەو کەسانەى کە سەردەمی منداڵی و گەنجێتی لێیەوە نزیکبوون و ئاگاداری مێژووى ترسناکی ئەو قۆناغەی ئەو بوون ، کەمیان بەسەلامەتی دەرچوون مەگەر ئەوانەیان کە لەترسی ئەو دورکەوتوونەتەوە .

مەبەستمان لەم قسانە ئەوەیە کە کەسانێک رابردوویەکی پڕ لەشکست و پڕ لە گرێی هەست بەکەمیکردنیان هەبێت ناتوانن لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا لە کاریگەرییەکانی ئەو گرێ و هەستبەکەمیکردنانە رزگاریان بێت . هەربۆیە ئەم جۆرە کەسانە لە هەر ئاستێکدابن ناتوانن نەدان بەبوونی کەسی تردا بنین نە راوبۆچوونی کەسی تر قبوڵ بکەن ، نە بڕوایان بە ئازادی و بوونی ئەوانی تر هەبێت ، نە دەتوانن پاڵپشتی ئازادی و دیموکراسی و مافی ئەوانی تر بکەن . لەهەر پێگەیەکیشدابن بەردەوام هەموو شتێک دەکەن لە پێناوی مانەوەو زیاتر چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیاندا چونکە هەر لاوازبوونێک لە پێگەو دەسەڵاتیاندا وەها لێکدەدەنەوە کە گەڕانەوەیانە بۆ سەرەتاو بۆ نێو ئەو ئازارو ژانی هەست بەکەمیکردنەی کە لەرابردوودا بینیوویانە .

ئەوەى لە بارودۆخی سیاسی و ئیداری کوردستاندا دەبینرێت و ، ئەو جۆرە پشێوی سیاسییەى کە پەنجا ساڵە نوخبەى سیاسی کوردی کۆمەڵگەى کوردیان پێوە گیرۆدە کردووە بەشێکی دیاری بەرهەمی ئەو گرێی هەست بە کەمیکردنەیە کە بەشێکی دیار لەو نوخبەیە لە منداڵیەوە تاکو ئێستاش بەدەستیەوە دەناڵێنن . کە ئەو گرێی هەست بە کەمیکردنەش لە نێو واقیعی سیاسی و حیزبایەتی کوردیدا جۆرێک لە نوخبەیەکی سیاسی تووندو شەڕەنگێزو برسی و تینووی بەرهەم هێناوە کە بە ئاسانی ناگەنە ئاستی پڕکردنەوەى کەموکورتییەکانی رابردووی . شەڕی بەردەوامی نێوان براکان لە کوردستانداو کوشتن و بڕین و بەگژیەکدا کردنی کۆمەڵگەى کوردی لە رابردووەوە بۆ ئێستا لە پێناوی پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییانەدایە کە لە کەسێتی بەشێکی دیار لە نوخبەی سیاسی کوردیدا هەیە . تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی گەندەڵی و دزیکردن و یاریکردن بە سامانی گشتی لە کوردستاندا دیسان دەرهاوێشتەی ئەو پاشخانە لاوازەى نوخبەى سیاسی و ئیداری کوردییە . بۆیە من پێموایە پشێویی و فەوزاو هەڵچوون لە کوردستان کۆتایی نایەت هەتا کوردستان نەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی کە لە بری دەوروکاریگەری تاکەکانی ئەم نوخبە سیاسیەی کە دەیان گرێی هەست بە کەمیکردنی هەیە ، نوخبەى نوێی پەروەردەبوو بە عەقڵ و کەلتووری نوێی هاوچەرخ و دوور لە کاریگەرییە نێگەتیفەکانی رابردوو ، نەیەتە پێشەوەو دەسەڵات نەکات .

واتە گواستنەوەى کوردستان بۆ ئاستێکی تر پێویستی بە عەقڵ و کارەکتەری نوێ و دەربازبوون لە رۆڵی زۆرینەى ئەو نوخبە سیاسیەى ئێستا هەیە کە بەشێکی دیاریان گرێی هەست بە کەمیکردن هاوردوونیەتیە ئەو بوارەوەو بە ئاسانیش ئەو گرێیانەیان بۆ پڕناکرێتەوە . سەرئەنجام دەتوانین بڵێن ئیدارەى باش و حیزبی باش و بزووتنەوەى باش و حکومەتی باش کەسانێک درووستی دەکەن و بەڕێوەى دەبەن ، کە گرێی هەست بە کەمیکردنیان نەبێت .

 

2,228 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست