بەهرۆز جەعفەر : لیبراڵیزم و بازاڕ ( قسەیەک لەسەر ئایندەى لیبراڵیزم ) ..

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لیبراڵیزم ( līberālism ) ، دەرکەوتنى ئەستێرەیەکى ترە ، لەسەر گۆى زەوی .گوزارشتە لەفەلسەفەیەکى سیاسیی یاخود دیدێکى جیهانى ، بۆ کارکردن لەسەر بنچینەى ( ئازادى و یەکسانى) . لەساتەوەختى هەڵهاتنی یەوە ، لەسەدەى شانزەوە ، لیبراڵەکان خوێندنەوەى جیا جیا بۆ چەمکى ( ئازادى و یەکسانى) دەکەن . کۆک و ناکۆکن . ئەگەرچى لەکۆى گشتى دا ، هەموویان بانگەشە بۆ ( هەڵبژاردنى ئازادو بیًَگەرد ، دامەزراوەیی و دەستوریەتى دەوڵەت ، دیموکراتیەت ، مافەکانى مرۆڤ ، خاوەندارێتى تایبەت ، بازاڕى ئازاد ، ئازادی دەربڕێن ) دەکەن . بۆیەش ( هۆبزو لۆک و رۆسۆ و ئیمانوێڵ کانت) دەستدەکەن ، بە تەتەڵەکردن و خستنەڕووى ( تیۆرى گرێبەستى کۆمەڵایەتى ) ( نڤریە العقد الاجتماعی ). تا پەیوەندى نێوان تاک و دەسەڵات ، پەیوەندیی نێوان ( فەرمانڕاواکان – حکام ) و ( فەرمانپێکراوەکان – محکومین ) لەچوارچێوەى ئەم فەلسەفەیەدا ، دیارى بکەن . لێرەوە بیانویەک دەدەنە دەست حاکمەکان بەوەى تاک خۆى ڕێگەى پێداون ئەم دەسەڵاتدارییەتە بگرنە ئەستۆ . بەوپێیەشی تاک مەرکەزییەتى هەیە لەچوارچێوەى لیبراڵیزمدا ، ئەم خاڵە دەبێتە دوالیزمەو دژیەک وەستانێک ،

ئەگەر بەتەنها ، لەئەزمونى سەدەى بیستەوە ، بنواڕینە هەموو ئەو شوێنانەى ئازادیی و حوکمى یاسا و مافەکانى مرۆڤ و دیموکراتیەتى تیا پارێزراوە ، دەبینین بیرى لیبراڵى بەسەر فەلسەفەى حوکمڕانى هەموویاندا زاڵە . هەقە بپرسین ، لەکاتێکدا مێژووى دیموکراتیەت و لیبراڵیزم ، زیاد لە هەزار ساڵیان نێوانە ، بۆچى ( لیبراڵ -دیموکرات) دروست بوە .؟. دیموکراتیەتى کۆن میێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى (5) ى (پێش میلاد) کە دیموکراتیەتى ئەسینایە . لەڕێرەوەکەیدا تا دەگاتە سەدەى شانزە ، تووشى سەدان ڕووداو چەمکى جیاوازو پێکدادانى گەورە دەبێتەوە ، لەهێڵیکى میًژوویدا هەردوو جۆگەلەى ( دیموکراسیەت و لیبراڵیزم ) بەریەککدەکەون و دۆستایەتى پەیدادەکەن ، دەریاچەیەک بەناوى ( لیبراڵ – دیموکرات) پێک دەهێنن. ئیتر نەدیموکراتیەت و نە لیبراڵیزم لە فۆرم و شێوە کلاسیکیەکەى خۆیاندا نامێنن ، وەک فلیم کارتۆن دەچنە ناو هەموو کونج و کەلەبەرێکەوە. جوگرافیایەکى مەزن لەسەر زەوى داگیرئەکەن ، لە ئەوروپا لیبراڵیزم لەهەناوى جەنگى ئاینى و مەزهەبیەوە فیشقەى کرد ، بە ڕۆشنگەریی دەقى گرت و ، بە پیشەسازیی گەیشتە لوتکەو ، لەئێستادا بە بازاڕ و کاڵاو شمەک خۆى نمایش ئەکات .

لەکۆن و نوێیدا ، ڕووبەرى هەرە فراوانى لیبراڵیزم بۆ ( تاک) و ( بازاڕى ئازاد) بووە ، ڕەنگبێ بۆ ئێستا باشترین پرسیار ئەوەبێت ، ئایندەى لیبڕالیزم بەرەو کوێ ؟. چۆن هاوسەنگى نێوان ( تاک) و (بازاڕى ئازاد) ڕادەگرین ؟. لەو سۆنگەیەى بەتەواوەتى بازاڕ زۆرى بۆ تاک هێناوەو ، هەرچەند ئەکات فریاى ناکەوێت. ئاخر ئەم دەلاقەیە ئیتر تەنها موڵکى فەیلەسوفى ئینگلیزى ( جۆن لۆک) نییە ، کە دامەزرێنەریەتى. لەهەموو جیهاندا تەیارو ڕێکخراوو کەسایەتى لیبراڵ هەن ، تەنانەت لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، لەدواکەوتووترین وڵاتەکانیدا ، چەندین حزبى لیبراڵى هەن :

– لەعێراق : ( تجمع احرار ) بەسەرکردایەتى ( ئەیاد جەمالەدین ) و (حزبى نیشتمانى دیموکراتى ) و ( حزبى لیبراڵى دیموکراتى عێراقى ) و ( حزبى ئوممەى عێراقى ) و( حزبى لیبراڵى عێراقى- بەسەرکردایەتى دکتۆر هادى نەعیم مالکى) هەیە .

– لەکوردستان : یەکێتى لیبراڵەکانى کوردستان کە پارتى سەربەستین ، هەیە . سکرتێرەکەشی (عارف باوەجانى ) یە.

– لە لوبنان : حزبى ( تیار مستقبل) هەیە.

– لەسودان : حزبى دیموکراتى لیبراڵى موەحەد هەیە.

– لە لیبیا : ( حزبى لبیبی ئەحرار ) و ( هاوپەیمانى هێزى نیشتمانى هەیە.

– لەمیسر : حزبى وەفد ، حزبى بەرەى دیموکراتى ، حزبى ئایندە ( غد) ، حزبى کۆمارى ئازاد و ، حزبى میسرى ئازاد و ، حزبى دەستورو ،ح زبى میسرییە ئازادیخوازەکان ، هەیە.

ئینجا لیبراڵیزم ، بەدرێژایی تەمەنى خۆى،هەر بەباسکردنى تاک و بازاڕەوە،هەر بەتەنها بە (نیۆ-لیبراڵیزم) ى (مارگرێت تاتچەر) ەوە ،لەنگەر ناگرێت،بەڵکو سنورى زمان و کلتورو ئاین و هەر شتێکى دى ،دەبەزێنێت.ئێمە دوێنێکەو ئەمڕۆکەش خاوەنى لیبراڵیزمى ئیسلامى و لیبراڵیزمى مەسیحى و یەهودى لیبراڵ و، عیلمانی لیبراڵین .لق و پۆپى لیبراڵیزم زیادى کرد بۆ : لیبراڵزمى سیاسیی و لیبراڵیزمى کۆمەڵایەتى و دینى و ئابوریی و…هتد.

لەئیستەوە بۆ ئایندە ،ئەوەى شەرقیەکانى تۆقاندووە،ئەوەى تاکو کۆى جیهانى تاساندووە،بازاڕى ئازادە. تەکنەلۆژیاو داهێنانەکانى مرۆڤە،کە خودى مرۆڤى سەرقاڵکردووە بەخۆیەوە. مرۆڤى ئەمڕۆ لەسێبەریاندا،هەستەکات شتێکى گەورەى بزر کردووە،ئەویش لەدەستدانى بەشێکى گەورەیە لە (ڕۆحى خۆى).بەجارێک ئەم بازاڕە (خەیاڵ و فەنتازیا) ى مۆنۆپۆڵ کردووە .

ئەگەر بڕیارە ، ئابوریی ئازاد یاخود ئابوریی بازاڕ ، پێکهێنەرى سەرەکى لیبراڵیزمى کلاسیک بووبێت ، مەبەست لە بیرۆکەى ئابورى ئازادیش ، دەست تێوەر نەدانى دەوڵەت بێت ، لەچالاکییە ئابورییەکان ، لای وا بوبێت : بازاڕ خۆى لەخۆیدا ، خۆى ڕێک دەخات ( یڤبگ نفسه بنفسه). ئەوا ئەمڕۆکە ئەم لێگەڕانە و ئەم ئازادی پێدانە بۆ بازاڕ و کڕۆکى لیبراڵیزم ، کۆڵێک تارمایی ترسناک و پرسیارى گرتۆتە خۆى. چونکە لەبنەڕەتدا ئەو لایوایە : تاک بەئازادیی لەدایک دەبێت ، وە دەبێت ئازادیی ڕەهاى هەبێت.. لەهەمان کاتدا دەبینین هەزاران کۆت و بەند لەجیهاندا کراوەتە دەست و پێی تاکەکان.ئەگەر لەمێژوویەکى کۆندا ( سیۆقراتیەت) و حوکمى خوا لەسەر زەوى کرابێت. حاکمەکان نوێنەرى خوا بوون لەزەوى،ئەو وەختە ترۆپکى تاریکى و کۆیلە بوون بووە. ئیستەش لەسایەى بازاڕەوە هەریەکەمان بەچاوى خۆمان دەبینین،کۆیلایەتى هەر ماوە، “د. عەلى شەریعەتى” لایوایە : دوینێ گەورەکان کۆیلەکانیان هەڵدەبژارد ، ئەمرۆِ کۆیلەکان گەورەکانى خۆیان هەڵدەبژێرن ..”

ئەو ( لیبراڵیزم) پێی وتین ، کوڕى پاشاو گەدایەک ، کوڕى خێزانێکى ناوەنجى و ، کوڕى هەژارێکى شەکەت ، دەکەینە ژوورێکەوە ، باتاقى کردنەوەیەک ئەنجام بدەن ، هەرکەسێکیان باشترین نمرەى هێنا ، پیرۆزى بێت .بەم هاوکێشەیە توانى بیچەسپێنێت ، کە لیبراڵیزم باوەڕى تەواوى بە هەلى یەکسان و ئازادى تەواو هەیە. بەڵام ناتوانێت خۆى لەو قەیرانە ئەخلاقییە بوبوێرێت،تەنانەت لەو قەیرانە سەرمایەدارییە بانکییە،دەربازبکات،کە بەپێش چاوى هەموو جیهانەوە لەساڵى (2008) ەوە، خوێن لەناو گەڵى دەچۆڕێت ، لەماوەى چەند هەفتەیەکى کەمدا ، ئەمریکاو ئەوروپاو بەشێک لەئاسیا ، گورزێکى گەورەیان بەرکەوت. دەتوانێت بازاڕ بۆ شمەک و کاڵاکانى خۆى بڕەخسێنێت ئەویش بەکێبڕکێی لەگەڵ بەشە زیندووەکانى ئیشتراکیەت کە (ڕوسیاو چینن) ،نفوسی ئابوریی و جوگرافیاى ئابوریی خۆى بەرینتر بکات ، بەحوکمى یاسا سیستەمى ناوخۆیی خۆى بپارێزێت ، بەڵام ناتوانێت لە دەرکەوتە نێگەتیڤەکانى بازاڕ و کۆیلایەتى مرۆڤ ، خۆى بشارێتەوە ، کە دونیایەک چاوچنۆکى خستۆتە دونیاوە . بازاڕى ئازاد ، بازاڕى زیادبونى غەریزەکانى مرۆڤە . ” دۆستەیفسکى” لەبارەى سەربەستى بۆرژوازییانەوە ، ئەلێت :” سەربەستى چى یە ؟. کام سەربەستى مەبەستە ؟.. ئەڵێن سەربەستى ئەوەیە کە بتوانى لەچوارچێوەى یاسادا چیت بوێ ، بیکەى .. بەڵام ئایا کەى ئەتوانى هەرچیەکت ویست بیکەى ؟.. ئەو کاتەى کە ملیۆنێکت هەبێ.. بەڵام ئایا ئەو سەربەستى یە ملیۆنێک ئەدا بەهەموو کەسێک.؟. بێگومان نە ْ.. ئەى ( مرۆڤى بێ ملیۆن ) کێیە ؟.. دیارە ئەو کەسەنییە کە بتوانێ هەموو شتێک بکا ، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ئەتوانرێ هەموو شتێکى دەربارە بکرێ .

خەریکە بۆجارێکى تر ، جیهان پێشێلى هەموو سنورەکان دەکات ، بەڵکو هەموو سنورەکان بەرەو نەمان دەچن ، بۆیە لیبراڵیزمى نوێ ، بەخۆى دونیایەک چەمکى وەک : مۆدێرنیزاسیۆن و تازەبونەوەى کۆمەڵکەو جیهانگیریی و فێمێنیزم و هیومانیزم و … هتد. ئەمانە باسگەلێکن ، بۆ دابڕاندنى بەشێکى گەورە لەجیهان ، کە کۆتایی هێنانە بەمافەکانى مرۆڤ ، وە یەکسانە بەڕەهەندە نێگەتیڤەکانى جیهانگیریی و ڕۆڵى پۆلیسى بۆ هێزە گەورەکان ، یەکسانە بە بەرجەستەکردنى جۆرێک لە جیاوازیی چینایەتى ، بەبێ ئازادیی و یەکسانى کە دروشمى لیبراڵیزمى کلاسیکى ( کۆن) بوو. دیسانەوە سەردەمى هاوچەرخى بازاڕ ( کڕیارو فرۆشیار ) سەردەمى ژمارەکانە ، سەروەختى لەبەرکردنى ( پاسۆردى ئیمەیڵ و فەیسبوک و تویتەرو سکایپ و یوتیۆپەکەتە ).

بە شێوەیەکى تریش ئایندەى لیبراڵیزم جەنگە . جەنگێک کەدەکرێت ناوى بنەین کاردانەوە لەدژى مۆنۆپۆڵکردن و داگیرکردنى هەموو ژیان لەلایەن بازاڕەوە . جەنگێک بۆ بەرگریکردن لەو کلتورو زمان و ئاینانەى کە بەشێکن لە موڵکیەتى تاک و کۆمەڵى جبهانى .