pdk-puk

عیماد عەلی : بۆچی شکستی پارتی قازانجی خەڵکە ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەو رۆژەی یەکێتی وەک هێز و بزوتنەوەیەکی نیمچە بەرەیی کراوە سەریهەڵدا ، لە ململانێی نێوخۆیی خۆیدا کێشە و بێشە و گیروگرفتی زۆری تێکەوت و نەبونی ناوەندێتی توند و بەرژەوەنخوازیی هەمەچەشن زەرەرێکی زۆری پیگەیاند ، تادواجار زۆر جیابونەوەی تێکەوت و لەدوای راپەرینیش بە دروستبونی بزوتنەوەی گۆران دوکەرتبونێکی جەرگبری بەخۆیەوە بینی . ئەم حاڵەتانە نەک لە دەرئەنجامی جێبەجێنەکردنی سیستمی دیموکراسی راستەقینەوە هات کە ئیدعای دەکرد ، بەڵکو لەم دوایانە لەدەرئەنجامی لاسایی کردنەوەی پارتی لە سیاسەت و حوکمرانی و بریاردان و نەخوێندنەوەی واقعی نێوخۆی خۆی وەک یەکێتی خۆی و کوردستان بە گشتی و تایبەتمەندیەکانی زەمان و زەمینی دروستبونی خۆی نەک پارتی و، لەبەرچاونەگرتنی پێداویستیە حزبیەکانی خۆی و سەردەم بە جیا لە رەفتاری پارتی و ، هەوڵنەدانی بۆ پیشاندانی جیاوازیەکانی لەگەڵ پارتی لەبەر بەرژەوەندی شەخسی و پلەو پایەی هەندێک سەرکردە وە،هاتە ئاراوە. بۆیە لە کۆتاییەکەیدا هەم لە عەلی بووە و هەم لە عومەریش، واتە نە خۆی لەسەر رێچکەی خۆی رۆیشت و سەردەمیانە پیادەی سیاسەتەکانی بکات و بیروباوەرەکانی بسەپێنێت و نەش توانی وەک پارتی خۆی بخاتە خودپارێزیەکی ئەوتۆوە کە خەڵکە عامەکە روو لەم بکەن و باوەری پێبکەن و، نەش توانی نوێنەری ئەو خەڵکە بێت کە لە ئاستێکی باشی رۆشنبیریدان ، بۆیە بەم دەردە برا کە دەیبینین و، وا ئێستا بۆتە قوربانی ململانێی دەستەگەری و بەرژەوەندیە شەخسیەکان .

لەو رۆژەوەی پارتیش پاش هەرەس و دورکەوتنەوە لە خەبات بۆ ماوەیەکی دورودرێژ، هاتەوە سەر سفرەی حازری، هەموو هەوڵێکی خستە گەر بۆ گەشەپێدانی خۆی لەسەر حسابی بەرژەوەندی باڵای میلەت بە گشتی، چ بە قۆستنەوەی هەڵەکانی یەکێتی و چ بە ئیستغلال کردنی عەقڵی خەڵکە عامەکە بە نیشاندان و بەرزکردنەوەی شیعارە سواو و کۆنەکانی و دەرخستنی باڵایی سونبولەکانی وەک رەمزی نەتەویی و نیشتمانی و، لەهەمان کاتدا لەبەر نەبونی جەماوەر، بە گرتنەخۆی خەڵکی جاش و خۆفرۆش و بێهەڵوێست و پەرشوبلاو و ناپاکەکانی کوردستان، توانی لەمەودایەکی کورتدا خۆی لەقەرەی جەماوەرێتی یەکێتی بدات لە رێژەی ئەندام و هەوادارانی و، بەڵکو توانی تێشیپەرێنێت. ئەمەش نەک بە ململانێی پاک و بێگەرد، بەڵکو بەهەموو رێگەیەکی نابەجێ و نادیموکراسی و ساختە و فرتوفێڵ و بەکارهێنانی پارەو دەسەڵات وئیمتیازات بۆ کرینی خەڵک، جگە لە بەکارهێنانی هونەری ساختە لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا. بۆیە ئەم هێز و قەبارەی ئێستای پارتی جکە لە نەفس نزم و کڕاوەکان و خەڵکە پەراوێزەکەی گەل رێژەیەکی کەم خەڵکی دڵسۆز و پاکی تێدا دەبینیتەوە و، هیچ سەرسورمانێکی تێدا نابێت کە یەکەم بێت لە هەڵبژاردندا، بەلام لەناوەخندا ئەوەندە پوچەڵە کە بەرگەی شنەبایەک ناگرێت و بەگۆرانکاریەکی بچوکی ناوخۆیی یان ناوچەیی سەرلەبەری دەروخێت .

ئێستاش، پاش دابەشبونی دەنگەکان و دەرکەوتنی جەماوەریی لایەنە سەرەکیەکان، گۆران ، یەکێتی ، پارتی، ئەگەر ساختە و فرتوفێڵ و ئەو خەڵکانەی لێدەرکەیت کە هیچ لایەنێکی بەرێز بە ئەندامیشیان قبوڵ ناکات،لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی هێزی راستەقینە و پتەو وهەڵقوڵاوی زەرورەت و پێداویستیەکانی سەردەم ومیلەت لە سەرووی هەمو لایەنەکانەوە دەبێت و لە قازانجی گشتی خەڵک دەبێت و، ئەو هێزە براوە راستەقینەیە جێگەی متمانەی هەموان دەبێت لە پێشخستنی باری نێوخۆی کوردستان و بەدیهاتنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و حوکمی خزمەتگوزاری و،لەهەمان کاتدا بە پتەوی و پشتگیری راستەقینەی خەڵک توانای بەرگری و بەرەنگاری هەر روداوێکی نەخوازراو و چاوەرواننەکراوی ناوچەکە دەبێت و خەڵک بە دڵ و گیان بە هەمان گیان و روحیەت و ورەی شۆرشی نوێوە پشتگیری لێدەکەن و ناهێڵن ئەزمونی کوردستان لەناوبچێت .

بۆیە، شکستی پارتی وەک نوێنەری ئەو خەڵکە بێ میژوو و پاشماوەیە و وەک ساختەکارێکی گەورە بە قازانج بۆ خەڵکی قوربانیدەر و دڵسۆز دەکەوێتەوە و ، لەوێشدا لایەنی رەسەن و نوێنەری راستەقینەی گەل سەردەکەوێت، ئەمەش لەدواجاردا بە قازانج بۆ خەڵک دەکەوێتەوە .