Snduqi-Pare

هەندرێن هەورامی : سەرۆک هۆزی بێکەسان .

دیمەنی یەکەم

شوێن : ماڵێک .

کات و سات : ماوەیەکی کەم پێش هەڵبژاردن .

بابەت : پلان دانان .

– مەردی خودا بەهێشتا نەچووە بەسەر بچێ ، وەرەو پەشیمان بەرەوە .

– ئەوە بەڕاستە ، سەرێکە هێناومە و ناگێڕمە دواوە و تا دوایی لەسەر بڕیارەکە سورم ، کورە عالەم بە دیار چاوی ئێمەوە بوو بەپیاو و خاوەن پارە ، ئێمەش وا کوێرایمان داهات بۆ کەمێک خۆشگوزەرانی .

– برام تۆ حەقت چییە بەسەر خەڵکەوە ، لە کەلی شەیتان وەرە خوارێ و بەزەیەکت بە خۆتدا بێتەوە ، ئەم کارە دەرنجامی باش نابێت .

– تۆ هیچ غەمت نەبێت ، ئەگەر شتێکیش ڕوویدا ، خۆت مەکە بە ساحێبم ، نە ئەم ناسی و نەئەتناسم ، ئیتر قسەت ما .

– بەڕاستی سەیری ، بۆ وا دەزانی من غەمی خۆمە ، سەد حەیف و مەخابن کە وا لە من تێگەیشتووی ، کوڕی باش من غەمی تۆمە نەک خۆم .

– وازم لێ بهێنە تازە پەشیمان نابمەوە ، یان لە پڕێ دەبم بە کوڕێ ، یان ئەوەتا دەچمە ژوورەوە و ئاسودە لێی دەدانیشم ، خۆ هەزار جار لەم ژیانە کولەمەرگیەی ئێستام باشترە ، بۆیە سەری منیش و خۆتیش مەئێشێنە . بڵێ بزانم ئەوەی پێم وتی ، جێ بەجێت کرد ، کەساکانت هێنا ؟

– کەیفی خۆتە ، چۆن پێخۆش وا بکە .. بەڵێ هەر هەموویانم هێناوە ، لە باخچەکە چاوەڕێ ڕێنوێنیەکانی جەنابت دەکەن ، زێرەکانی نەکیشمم فرۆش بۆ خەرجیەکان .

– هەر بژی و ئافەرین ، فەرموو باڕۆینە خزمەتیان .

بەرێزان بەخێر بێن ، لەم ساتەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لای بەندە کار دەکەن. هەڵبەتە کارێکی قورس و سەخت نییە ، تەنها ئەوەندەیە ، ئەوەی کە پێتانی دەڵێم ، جوان بیخەنە مێشکتانەوە لە بیری مەکەن و لە ڕێنوێنیەکانم دەرمەچن ، جا ئەو کات بەدڵی خۆتان ڕۆژانە و بگرە بەخشیشیش وەردەگرن . بەڕێزان لە ڕاستیدا پڕۆژەی فیلمێکم هەیە ، ئێوەش تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن ، لەوانیە وا بیربکەنەوە کە تا ئێستا شتی واتان نەکردوە و لەوانەیە نەتوانن ئەرکەکەتان باش بەجێبهێنن . نا نا وا نییە ئێوە هەڵەن ، ڕۆڵگێرانەکانتان زۆر ئاسانن و پێویست بە هیچ نگەرانیەک ناکات . ئادەی ئەم دوانەتان وەرنە پێشەوە ، ئێوە ڕۆڵی دوو پیاو ماقوڵ دەگێڕن و سەرپا بەرگی کوردی دەپۆشن . تۆش ڕۆڵی پیاوی ئاینیت لێ دێت . ئەم دوانەشتان ڕۆڵی کەسانی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامەی بەرز دەبین . ئێوەش ، نا نا تۆ نا ، ئەم دوو بەڕێزە دەڵیم ، ئێوە ڕۆڵی دوو گەنجی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز دەبین . ئەم خانمەش ڕۆڵی داکۆکیکار لە مافی ژنان دەگێرێت . زۆر باشە ئەم سیانەتان بەم شان و شەوکەت و بەژن و باڵایەتانەوە دەبنە پاسەوانی بەندە و لەو هەموو شوێنێک و لە هەر کات و ساتێکدا ، تەنانەت لە کاتی خەو و چوونە توالێتیش لەگەڵم دەبن . جا ئێستە کە هەر کەسە و ڕۆڵی خۆی زانی بە باشی گوێم لێ بگرن ، ئێوە بەگویڕەی ڕۆڵگێڕانەکانتان بە تەنیا خۆ دەنوێن و هیچ شتێکتان لەدەمەوە دەرناچێت و واتا تەنها جستەتان ڕۆڵ دەبینێت و هیچ تر ، جا خۆ ئەگەر ناچاریش بوون و یان پرسیاریان لێکردن ، ئەو کات تەنها دەڵێن : لە حزوری بەرێزمان سەرۆک هۆزی بێکەسان ” کە بەندە ڕۆڵەکەی دەگێڕم ” ئێمە نادوێین و بەرێزیان سەروەر و سەرۆکمانە و قسەی ئەو قسەی ئێمەیە . بەم شێوەیە پێکەوە ڕۆڵی ئەندامانی هۆزێک دەگێرێن کە هەموو چین و توێژێک لە خۆ دەگرێت .

دیمەنی دووەم .

شوێن : دادگا .

تۆمەت : قۆڵبڕین ، ساختەکار و پارەخواردن .

تۆمەتبار : سەرۆک هۆزی بێکەسان .

سکاڵاکار : چەندین پارت و لایەنی سیاسی .

کات و سات : ماوەیەکی کەم پاش هەڵبژردن .

دادوەر :

ئایا هەموو ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵت لە قۆڵبڕین ، ساختەکاری و پارەخواردن پشتڕاست دەکەیتەوە ، پێشمان بڵێ ، ئەو کەسانەش کێ بوون کە هاوکارت بوون ؟

تۆمەتبار :

قوربان گیان ، لە بارەی تۆمەتەکانەوە وەلامم هەم بە بەلێ و هەم بە نەخێرە ، لە بارەی هاوکارەکانیشمەوە خودی سڵاکارە بەڕێزانەن .

دادوەر :

یانی چی ئەم جۆرە وەڵامێکە ؟! بەڕێکی و ڕوونی وەڵاممم بدەرەوە ، دەچیتە ژێر بای تۆمەتەکان یان ؟ چۆ دەبێت کەسێک سکاڵات لێ بکات و هاوکات هاوکاریشت بووبێت؟

تۆمەتبار :

گەورەم ،ئەوەی ئەم بەڕێزانە دەیلێن هەمووی ڕاستە ، بەڵام ئەم خودی خۆیان کە ئێستە لێرەن و سکاڵایان لە دژم بەرزکردۆتەوە هۆکاری ئەوە بوون کە پەنا بۆ وەها پلانە بەرم .

دادوەر :

بەردەوام بە .

تۆمەتبار :

تەمەنم نزیکەی 40 ساڵێک دەبێت و لەوتەی هەم ناوخۆشی و چارەڕەشی و مەینەتی بەشم بووە . بەهۆی ئەوەی ڕەحمەتی باوکم کەسێکی خەباتکار و نەتەوەیی بوو ، هەر ماوەیەک ماڵمان لە شوێنک بوو و تەنانەت نەشمتوانی خوێندنەکەم تەواو بکەم ، بۆیە هەر لە تەمەنی مێرمنداڵیەوە هەتا ئێستا سەرقاڵی کاری تاقەت پڕوکێنم و کارێک نەماوە نەمکردبێت و وێرای ئەوەش هیچم بە هیچ نەکردوە . بەڕاستی ئیدی لە ژیان وەڕەس و بێزار ببووم و خۆزگەم بەمەرگ دەخواست . خۆت دەزانی لە ماوەی ڕابردودا هەڵبژاردن بەڕێوەچوو ، پارت و لایەنەکانی بەشداری هەڵبژرادن بەدیار چاوی ئێمەومانانی بێکەس و هەژاروە ، زەوی ، ماشێن ، دەمانچە و پارە و پولێکی زۆریان بەسەری خەڵکیدا ” هەڵبەت مەبەستم لە خودا پێداوەکانە ” دابەش دەکرد . وەک بڵێی ، پارە و سامانی ئەم وڵاتە بە ڕەنجە شانی باوانیان بۆیان پەیدا کرابێت تەخشان و پەخشانیان دەکرد . لەم نێوەندەشدا کەسانی قوڕبەسەری وەک من ، زڕتەی چاومان دەهات و دەتوت هاوڵاتی ئەم نیشتمانەش نیین و وەک نەبوو لێمان دەڕوانرا . ئیدی گەورەم منیش هەستام ئەم پالانەم داڕشت و وەک سەرۆک هۆزی بێکەسان ئەو بەڕێزانەم وەدوای خۆم خست کە وایان دەزانی لە فیلمدا بەشداری دەکەن ، جا بێ ئەوەی ئەمیان بەویان بزانێت پارت بە پارت و لایەن بە لایەنم بەسەر دەکردوە و بەناوی سەرۆک هۆزی بێکەسانەوە بەڵێنم دەدانێ لە هەڵبژردندا بە خۆم و هۆزمەوە دەنگیان پێ بدەین ، خوا هەڵناگرێت ئەوانیش زۆر بە گەرمی پێشوازیان لێ دەکردین و فرە دەست و دڵبازانەش پارە و دیاری زۆریان پێ بەخشیم . جا قوربان گیان ئێستا خۆت دادوەری و بڕیار بەدەست ، بە پیرۆزی پیشەکەت سوێندت دەدەم ، من تاوانبارم یان ئەمانە ، یانی هەرکەس لەم وڵاتە پشتوپەنایەکی نەبێت ئیدی دەبێت بەدەردی ئێمە و مانان بچێت ، ئەی کوا دادپەروەری ، ئەی کوا پاداشتی ئەوانەی لە پێناوی ئازادی و خۆشبەختی ئەم خاک و خەڵکە سەریان نایەوە ، ئەی کوا ماف و بەشی ئەو خەڵکە هەژار و نەدارە لەو هەموو خێر و بێرەیە وڵات ؟!

برۆکسل / بەلجیکا