بەهرۆز جەعفەر : نیکۆڵاى یەکەم یان ناپلێۆنى سێهەم !.

ڕۆژێ نیکۆڵاى یەکەم لەقەسرى سەڵتەنەت دێتە دەرێ ، دەبینێ جەنازەیەک بۆ گۆڕستان ئەبەن ، تەنانەت یەک کەسیش نەکەوتوەتە دواى جەنازەکە .. خۆى دەکەوێتە دواى جەنازەکەو ، خەڵکى بینیان ئەوا قەیسەر دواى جەنازەیێک کەوتووە و بەرەو گۆڕستان دەڕوا .. دڵنیابون یەکێ لەشازادە گەورەکان مردووە ، کارو کاسبى خۆیان جێهێشت و کەوتنە دواى جەنازەکە .. بەرپرسی شارەوانى پایتەخت بەشپرزەییەوە خۆى گەیاندە گۆڕستانەکە ، وتارێکى دەربارەى سیفەتە بەرجەستەکانى شازادە – کەناوى نە دەزانى – خوێندەوە.پاش تەواوبونى مەراسیمەکە ، نیکۆڵاى یەکەم ، بەئاسپایی بە بەرپرسی شارەوانى گوت : سزاى ئەم درۆیەى تۆ ئەوەیە ، قەبرى ئەم بێکەسە بودجەى شارەوانى تەحەمولى بکات .

نیکۆڵاى یەکەم:بۆماوەى سی ساڵ لە (1825-1855) قەیسەرى ڕووسیا بوو،سەڵتەنەتى کرد،لەماوەى ئەم (30) ساڵەدا،لەگەڵ ئەوەى رووسیا زستانێکى ساردو درێژى هەیە،لەپاڵتۆیەک زیاترى نەپۆشی،لەکاتێکدا پیاوێکى چاوچنۆک نەبوو،بەڵکو سەخیش بوو.بەپێی سەرچاوە ڕەسمییەکانى ڕووسیا،هیچ کەس ئەوەندەى نیکۆڵاى یەکەم ئاگاى لە وەزعى پایتەخت نەبوو،هەندێ شەو دەبوو بەعەرەبانچى خەڵکى لەشوێنێکەوە بۆشوێنێکى دى دەگواستەوە،گوێی لەقسەکانیان دەگرت و بەچاوى خۆى خەڵکى شارى دەبینى .قەیسەریەت نمونەى ئاوهاشی هەبو،بەڵام پاشتر هەر ڕووخا،لەدواى شۆڕشى ئۆکتۆبەریش سۆڤیەت نمونەى باشى هەبوو،بەڵام دواتر فەساد و بێ ئاگایی لەڕەعیەت سیستەمەکەى ڕووخاند.

دەبێت ڕاعییەت ( مەحکومەکان ) باش بزانن ، لە هەناوى هەر شۆڕشێکدا نەزعەیەک لە توندوتیژیی و دیکتاتۆریەت هەیە تا پرۆسەکە ڕێکبخات ، جەنگ و شۆڕش دوو بابەتى حەتمین ، هیچ کاتێک لەخاڵێک دانەوەستن ، لەوێستگەیەکدا ئۆقرە ناگرێت ، چەندین جار مرۆڤایەتى ، ئیمپراتۆرەکان ، شازادەکان ، زلهێزەکان ، ژێردەستەکان و بێنەواکان ، بەڕێگەى جیاجیا ویستى یان ڕێگە لەشەڕ بگرن ، بۆنمونە : یاسای جۆربەجۆریان داهێنا ، جێی پێکەنینە وابزانین یاسا درعێکە بۆ بەرگریکردن لەمافخوراوان و بەشمەینەتەکان ، ئەگەر وابوایە ، نەدەبوو لەعێراق پێشێلکاریی مافى مرۆڤ بکرایە ، نەدەبوو بەدرێژایی (3000) ساڵە لەم دۆڵى ڕافیدەینە ، قەتڵ و عام هەبوایە . چونکە عێراق دواى ڕۆما خاوەنى کۆنترین یاساکانە لەچەشنى حامورابى و ئۆشۆسناى و … هتد. کەچى ئاشکرابو ، سەرۆکى ڕێکخراوى مافى مرۆڤى عێراقى لە(3) ساڵى ڕابردوو ، دەست و پێی (14) مناڵى بەبلۆک بەستۆتەوەو ، فڕێی داونەتە ئاوى دیجلەوە !.

هەموو شۆڕشەکانى فەڕەنسا ، بەمشێوەیە دەستى پێکردووە ، لەسەرەتا خەڵکیان بۆ شتێکى بچووک هانداوە ، حکومەتیش داواکانیانى ڕەتکردۆتەوە ، ئەوجا موزاهەراتى خەڵکەکە بەرینتر دەبوو ، سوپا تەداخولى ئەکرد ، هەندێ دەکوژران و هەندێ بریندار ئەبون ، خۆپیشاندانەکە دەبووە شۆڕش . ڕەنگە دووخاسیەت ( مێژوو ) یان کردبێت بەو مێژووەى کە کەس پێی ناوێرێت ، ئەویش :نەلەت دەکرێت ، نەدەتوانى دواى ئەوەى تەماشاى ئاوێنەى مێژووت کرد ، ناڕێکیەکانى خۆت چاک بکەى ، فەڕەنسا مێژوویەکى لەعەشق و ئەدەبیاتدا هەیە ، مێژوویەکیشى لەمێبازی و شوێنى عمومیاتى ئیمپراتۆرو پاشاکاندا هەیە ، دروشمى شۆڕشى گەورەى فەڕەنسا (1789) ئازادى و یەکسانى و برایەتى بو ، خەڵک شۆڕشیان کرد ، جادەکانیان گت و سەنگەریان لێدا ، بەڵام ئەنجامەکەى دواى (100) ساڵى ڕێک ڕەنگدانەوەى هەبوو لەسەر هەموو جیهان ، واتە شۆڕش ڕووەکێکە ، نەتەمەنى هەیەو نە دەزانرێت کەى بەروبومەکەى دەکەوێتە بازاڕەوە .

سەیربکە : لەدواى شۆڕشی فەڕەنسا ، لەکاتێکدا ناپلیۆنى سێهەم دووجار کودەتا دەکات و سەرناگرێت ، دواتر لەسەر بەدڕەوشتى و ئافرەتبازیی ، لە هۆتێلەکانى نیۆرک دەردەکرێت ، لەو بەریتانیایەى کەمامى ناپلیۆنى سێهەم ( ناپلیۆنى یەکەم) ى لەدوورگەى سانت هیلانەدا بەخەفەتەوە کوشت ، دیسان ناپلیۆن لەسەر بەدڕەوشتى و خیانەت دەردەکرێت ، دەگەڕێتەوە ، بۆ فەڕەنسا زیندانى دەکرێت ، دوایی بەفێڵ لەزیندانەکە هەڵدێت ، تەنانەت لەزیندانیشدا نامەیەکى بۆ پاشا ناردبو ، داواى ئەوەى کردبو ئافرەتى جوانى بۆدابین بکەن . کاتێک خەڵکى لە ” لویی فلیپ ” ڕادەپەڕن و دەچنە کۆشکەکەى ، هەڵدێت . ئیتر ئەو قانونە هەڵئەوەشێتەوە کە ڕێگە لە دانیشتنى بنەماڵًەى ناپلێۆن دەگرێت لەفەڕەنسا ، ئینجا ئەم ناپلیۆنى سێهەمە دەگەڕێتەوە ، خۆى هەڵدەبژێرێت بۆ پەرلەمانى فەڕەنسا ، هەبوو پێی وابو : (100) دەنگ ناهێنى ، چونکە بنەماڵەکەیان لەجەنگ بەرامبەر ئەفریقاو ئەوروپادا بەتایبەت ( ناپلیۆنى یەکەم ) سەرکەوتوو بون ، هەرچى بەدڕەوشتى یەکیان لەناوخۆدا ئەکرد ، قبوڵدەکرا . لەوهەڵمەتى هەڵبژاردنەدا ، کاندیدێک نوسیبوى : ” بازووەکانى من بەقەد ئەستوریی ڕانەکانى تۆیە ، سنگ و شانم پانن ، من هەڵبژێرن ، تاببمە حەماڵێکى بەهێزى جمهوریەت .”. ئەمە حیکایەتى دواى شۆڕشی گەورەیە کەدواجار ناپلینى سێهەم دەبێتە ئیمپراتۆر ، هێشتا بەزۆر دەیەوێت لەگەڵ کچە ناسکۆڵەکانى وڵاتدا ڕابوێرێت .!. سەرەنجام بەشۆڕش دوبارە ناپلیۆنى سێهەم دەڕوخێت و خیانەتیش لەو ژنە ( هاوارد) دەکات ، کەبەپارەو ژیرى خۆى ئەمى گەیاندە پۆستى پەرلەمان و دواتریش بۆ کۆشکى ( ئەلیزێ) ( ئەلیزى :یانى بەهەشت ) . ئینجا بوو بە ئیمپراتۆر ، لەناوجێگەدا بەدەم نەخۆشیی و نەبونیەوە مرد.

ئەوانەى لەگەل و مییلەتانى خۆیان بێ ئاگادەبن ، لەهەرکوێیەک بن،بەکەساسی دەمرن ، مێژوو ڕەحمیان پێناکات ..

 

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds