khedira-oezil-boateng

لوقمان غەفوور : ئوزێل و خزێرە و بواتینگ – یش ، سروودی ئەی رەقیب – یان نەتەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەشەڕێکی ساردی ناسیونالیستی شکستخواردووی کوردی و ئیسلامی سیاسی پەرگیر دەستی پێکرد ، بەڵام سەرئەنجام هیچیان نەیانتوانی بەها ئینسانییەکان بپارێزن ، لەکاتێکدا چەند مانگێک لەمەوبەر هەمان شەڕی ساردی نازییەکانی ئەڵمانیا بەرامبەر یاریزانە بیانییەکانی نێو تیپی فوتباڵی مانشافت دەستی هەبوو ، بەڵام لەوێ بەهاکانی ئینسان نەیتوانی قسەکان درێژە پێبدەن .

لەنێو مانشافت زیاد لە7یاریزان هەیە کە بەڕەچەڵەک ئەڵمانی نین ، تەنیا رەگەزنامەی ئەڵمانیان هەیە ، لەوانە کە دیارن مەسعود ئوزێل کە بەڕەچەڵەک کوردی تورکیایە و سامی خزێرە بەڕەچەڵەک عەرەبی تونسییە و جیرۆم بواتینگ کە بەڕەچەڵەک غانا – ییە .

وەک رێوڕەسمێکی هەمیشەیی لەگۆڕەپانی فوتبۆڵیندا بەرلەدەستپێکی هەموو یارییەک ئەوکاتەی سروودی نیشتمانی ئەڵمانیا یان هەر وڵاتێکی بەرامبەر لێدەدرێت ، یاریزانانی ئەو وڵاتە وەک خۆشەویستی بۆ سردووەکە ئەیڵێنەوە ، بەڵام ئەم یاریزانە بیانیانەی نێو ئەڵمانیا سروودی نیشتمانی ئەڵمانیا ناڵێنەوە و هەستیان لەگەڵ سروودەکە ناجوڵێت ، هەر بۆیە نازییەکانی ئەڵمانیا لەپاڵەوانێتی یۆرۆی 2012 لەرێگەی میدیاکانی ئەڵمانیاوە کەوتنە هێرشکردنە سەر ئەو یاریزانانە و کەرامەتیان روشاندن و لەرووپەڕی میدیاکاندا وایان دەنەخشاند کە ئەمانە بەدفەڕ و بێ سوودن لەئەڵمانیا و هیچ سوربوونێکیان بۆ ئەڵمانیا و مانشافت نییە و سروودی نیشتمانی ناڵێنەوە، ئەمەش نیشانەی نەبوونی حەماسە بۆ ئەڵمانیا ، بۆیە مانشافت هیچ نازناوێک بەدەست ناهێنێت ، هەر ئەو دەمە یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا بەتوندی وەڵامی نازییەکانی ئەڵمانیای دایەوەو وتی : ئەو یاریزانانە ئێستا نیشانەی نموونەی تۆپی فوتباڵی ئەڵمانیان و گرنگ ئەوەیە لەنێو یاریگادا کاتێک گۆڵێک تۆماردەکەن بەوپەڕی هەستی خۆشییەوە ، ئەو خۆشییەیان دەردەبڕن و ئەوپەڕی بەهرەیی خۆیان نیشاندەدەن ، ئیتر لەگەڵ سرودی نیشتمانی ئەڵمانیادا ئاوێتە بن یان نا هیچ بۆ ئەڵمانیا دەستەبەر ناکات.

چەند ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی تووشی هەمان تێڕامان هاتن لەنێو هۆڵە پڕ قەیراناوییەکەی پەرلەمانی کوردستان و هەستیان گەڕێندرایەوە بۆ 1400ساڵ لەمەوبەر ، لەکاتێکدا خراپ مامەڵەکردنی ئیسلامی سیاسی لەدوای ئەو رووداوە ئەوەندەی تر ئەندامەکانی کۆمەڵی تووشی شەرمەندەیی کرد ، کاتێک ئەندامەکانی کۆمەڵ سروودی ئەی رەقیب – یان بەکوفر لەقەڵەمدا بیریان لەوە نەکردەوە ئەوانەی قیت دەبن لەبەردەم ئەو سروودەدا هاومەزهەبەکانیان نەک کافرەکان ، بەڵام کاتێک مەسعود ئۆزێل و سامی خزێر و بواتینگ و بۆدۆلسکی و هاوڕێ ناڕەچەڵەک ئەڵمانییەکانیان کاتێک هێرشیان کرایە سەر ئەو وەڵامەیان جێهێشت بۆ یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا و خۆیان لێ بەدوور گرت .

ئەو خۆ خزاندنە بێ بەرنامەیەی نوسەر و رۆشنبیر و هەندێک قەڵەم بەدەستی کوردیش هێندەی تر خەڵکی گشتی شەقامی لەگەڵ خۆیان پێچایەوە بۆ ناساندنی نانیشتمانی و نانەتەوەیی بوونی ئەندامانی کۆمەڵ ، ئیدی بێئەوەی تێفکرین هەبێت بۆئەوەی ناسیونالیستی کوردی خەمی ئەی رەقیب بۆ ناگوازێتەوە بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ، بێ بیرکردنەوە لەوەی ئایا ئەوەی ئێمە لەبەری قیت دەبینەوە سروودی نەتەوەییە یان نیشتمانی و کێش ئەو هەقە بەخۆی دەدات دادگایەک دانێ بۆ ئەوانەی لەبەردەم ئەو سروودەدا قیت نابنەوە ، تاوانە و فڕیدانی گیانی شۆڕشگێڕییە لەو کەسانەدان لەبەرامبەریشدا کێش ئەو هەقە بەئەندامەکانی کۆمەڵ دەدات کە ئەوانەی قیت بوونەوە لەبەردەم سروودەکەدا ، کافرن .

رەنگە دڵدار کاتێک بەزمانی ناسیونالیستی داڕێژەری ئەو سروودە بووە نە زانیبێتی کەیخسرەو کێیەو نە ئەوەندەش لەهەستیدا دین و ئایین غائب بووە ، چونکە هەموو دەزانین بەشێکی زۆر لەشاعیرانی کورد زۆربەی دەروێشی خانەقا و تەکێ بوون ، بەڵکو ئەوە نەست و مەزاجی شوڕشگێڕی ناسیونالیستی کوردە هەمیشە پاڵی پێوە نەواون و هەمووش دەزانین وەک ئەو باوکە وایە کاتێک بەمنداڵە کچەکەی دەڵێت “دایەکیان ، بەقوربانت بم” مەرج نییە دایکی بێت ، جا ئەگەر بیرکردنەوەمان وەک کۆمەڵی ئیسلامی لێبکەین ئەبێت زۆربەی ئەدەبی کوردی توڕدەین .

ئێستا ئیسلامی سیاسی و بەتایبەتی کۆمەڵ لەیەکەم ئەزموونیان شکستیان هێنا بەرامبەر بەو تەڵەیەی ناسیونالیستی کوردی بۆیان دانان و پێوەبوون ، هەموو فۆکسەکەش لەدوای ئەو رووداوەوە چووە سەر سروودی ئەی رەقیب و ئەندامانی کۆمەڵ ، لەدوای ئەو دانیشتە قسەکردن لەشکستی پەرلەمان و ئەو یاسا شکێنییەی پەرلەمانی نوێ دوای شەش رۆژ لەفەراغی یاسایی بەشکاندنی مادەی‌ 13ی پەیڕەوی ناوخۆ، هیچ بوونی نەما ، کەس نەیپرسی کوا سەرۆکی هەرێم ؟!، هەموو چاوەکان نووقان و دەمەکان داخران و پرسیارێکیان نەکرد کە ئەوانەی دانیشتوون لەو هۆڵەدا ئەگەر ئازا و ئازادن بۆ سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی هەڵنابژێرن و نەگەڕێنەوە بۆ ناو باوەشی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکان .