عەتا قەرەداخی : بزووتنەوەى گۆڕان و زەمینەى بەهەرێمکردنی سلێمانی و گەرمیان .

سمبولی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆسەر بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پایەی سەرەکی دیموکراسی هەڵبژاردنە ، هەڵبژاردنیش بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە . واتە هەڵبژاردن کاتێک ماناو پێناسەى هەیە کە ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات . وەکو ئاشکرایە لە ساڵی 1992 بەدواوە لە کوردستاندا چەند هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی کراوە، بەڵام تاکو ئێستاو بەم هەڵبژاردنەى دواییشەوە هیچیان نەبوونەتە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات . هۆکەشی ئەوەیە لە هەڵبژاردنی یەکەمدا نزیکیی رێژەى دەنگەکانی دوو حیزبە سەرەکییەکەى کوردستان لیەیەکترەوە بوو بەهۆی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا . لە دوای ئەو هەڵبژاردنەش کە کوردستان لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا دووچاری شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی بوو ، ئیتر بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ هەڵبژاردن نەکرا ، بەدوای ئەوەشدا کە لە ژێر فشاردا هەردوو حیزب ناچاربوون دەسەڵاتی دابەشکراوی نێوانیان یەکبخەنەوە ، هەرچەندە ئەو یەکخستنەوەیە تاکو ئێستاش هەر رووکەشە ، ئەمجارەیان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کردو ئەمجارەش لیستی هاوبەش کە رێککەوتنی پێش هەڵبژاردنی لەسەر کرابوو ، دیسان حکومەتی هاوبەشی نێوان ئەو دوو لایەنەى لێکەوتەوە بە جۆرێک دەسەڵات لە نێوانیاندا دابەشکرا کە ئەوەش هیچ بایەخو گرنگییەکی بۆ سندوقەکانی دەنگدان نەهێشتەوە چونکە نەک مەسەلەى ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لە وەها هەڵبژاردنێکدا رووینەدا بەڵکو لیستە هاوبەشە دەسەڵاتی جارێکی تر لەسەرەوە بۆ خوارەوە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دابەشکردەوە کە ئەویش هەمان شێوازی پەنجا بە پەنجاکەى پێشتر بوو .

دواتر کاتێ بزووتنەوەى گۆڕان درووستبوو یان باشتر وایە بڵێن کە لە یەکێتی جیابووەوەو بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنی 25ی تەموزی کردو توانی چواریەکی کورسیەکان بباتەوە ، زەنگێکی ئاشکرابوو بۆ هەردوو حیزبی دەسەڵات کە ئەوجارەش بە لیستێکی هاوبەش دابەزیبوون و پێکەوە کەمێ لە نیوەى کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان زیاتریان هێناو سەرئەنجامیش جارێکی تر حکومەتی هاوبەشیان درووستکردەوە ، بەڵام ئەمجارەیان لە دەرەوەى حکومەت ئۆپۆزسیۆنێکی تا ئەندازەیەک بەهێز هەبوو کە پێکهاتبوو لە بزووتنەوەى گۆڕان و دوو لایەنە ئیسلامییەکە . سەرباری لاوازی و ناشارەزایی ئۆپۆزسیۆن ئەویش لە ئەنجامی نەبوونی ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنبوون ، بەڵام لە ماوەى ئەو چوارساڵەدا بەراورد بە پێشتر کۆمەڵی دیاردەى ئەرێنی لە دەسەڵاتداری خۆماڵی کوردیدا دەرکەوتن کە هۆکارەکەشی بێچەندوچوون بوونی ئۆپۆزسیۆن بوو بۆ نموونە مەسەلەى ئاشکراکردنی بودجەو گفتوگۆکردنی لە پەرلەمانء پەردەلادان لەسەر زۆر جومگەى شاراوە لە بەڕێوەبردنداو قۆرخکردنی ئەو جومگانە لە پێناوی بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکانداو لێپێچینەوەو بانگهێشتکردنی بەرپرسان بۆ پەرلەمان ئەگەرچی بەرپرسان وەکو بەرزەکی بانانیش خۆیان دەرباز کردبێت ، بەڵام ئەو کارانە دەورو کاریگەری خۆیانیان هەبووە . هەروەک نابێ ئەوەش پشت گوێ بخرێت کە دەوری راگەیاندنی ئەهلی و رۆشنبیرانی دەرەوەى حیزبیش هاوشانی ئۆپۆزسیۆن لە بواری زیاتر چاوکردنەوەى جەماوەردا ئاشکرا بووە . بۆیە ئێستا ئێمە لە قۆناغێکداین ، کە جیاوازی ئاشکرای هەیە لەچاو دەساڵ پێش ئێستادا . بۆیە پرسیار ئەوەیە ئایا دوو حیزبەکەى دەسەڵات ئێستاش هەروەکو پێشتر سەیری خۆیان و دنیا دەکەن ، یان لەوە تێگەیشتوون کە قۆناغەکەو ئاستی هوشیاری خەڵک و پێداویستییەکانی ژیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە ، بۆیە ئەوانیش ناتوانن وەکو پێشتر بیربکەنەوەو بڕیاربدەن و بیانەوێت لەسەر هەمان شێوەو بە هەمان سیاسەتی قۆرخکردن و پشتگوێخستنی ویست و داواکانی خەڵک و پشت گوێخستنی دەنگی ناڕەزایی خەڵک و پشتگوێخستنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن کە بریتیە لە دەنگی بەشێکی بەرفراوانی خەڵک کاری خۆیان بکەن و بە ئومێدبن وڵات بەڕێوەببەن و درێژەش بە مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و ناشەفافیەت بدەن .

وەکو بینیمان لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولدا زەنگێکی تری ئاشکرا لە هەرێمی کوردستاندا لێدرا ، زەنگێک کە هیچ کام لە دوو حیزبەکەى دەسەڵات چاوەڕوانیان نەکردبوو، وەکو بیریشمانە هەردوو لایەنی دەسەڵات پێداگری ئەوەیان دەکرد کە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی ئۆپۆزسیۆن بە جۆرێک دادەبەزێت کە ئەو قورسی و ئامادەبوونەى پێشتریان نامێنێت . بەڵام نەک ئەوە رووینەدا بەڵکو ئۆپۆزسیۆن زیاتر جێ پێی خۆیی قایمکرد ، بە تایبەتی بزووتنەوەى گۆڕان سوودێکی تەواوی لەوە وەرگرت کە ئەمجارە یەکێتی و پارتی بە لیستی جیاواز دابەزین چونکە ئەو بەجیا دابەزینە پێگەى هەرەیەکە لەو دوو حیزبەى دەرخستوو بەوەش پێگەى گۆڕان نەک هەر لای چاودێرو کەسانی خەریکبوو بە بارودۆخی سیاسی کوردستانەوە بەڵکو لای جەماوەری ئاسایی خەڵکیش دەرکەوت کە هێزی دووەمە لە کوردستاندا . بە جۆرێک کە جیاوازی ئەو لەگەڵ مونافیسەکەیدا لە رووبەری سلێمانیء گەرمیان کە یەکێتیە بە ئەندازەیەک ئاشکرایە کە ناشاردرێتەوە . کەواتە لێرەدا ئێستا بە ئاشکرا دیارە هێزی یەکەمی سنووری ئەوسا سەوز ، بزووتنەوەى گۆڕانە . ئێمە ئەوەش دەزانین لە پەرلەمانی پێشوودا یەکێتی و پارتی ئەوەى ویستوویانە لەسەر بنەمای زۆرینە راییان کردووە ، واتە کارکردن بە چەمکی زۆرینەى پەرلەمانی لە چوار ساڵی رابردوودا شتێکی دیارو لەبەرچاو بووە ، تەنانەت کاتێکیش کە رەشنووسی دەستوور نەخراوەیە بەردەم جەماوەرەوە بۆ دەنگ لەسەردان ، لە ترسی ئەوە بووە نەوەکو دەنگی پێویست بە دەست نەهێنێت . باشە لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی خۆیان بە چەمکی زۆرینەی پەرلەمانی ، خۆیان لەبەرامبەر کەمینەى ئۆپۆزسیۆندا چیان ویستووە بەڕێیان کردووە ، ئایا ئێستا چی دەڵێن سەبارەت بەوەی کە بزووتنەوەى گۆڕان زۆرینەیە لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و کەچی دەسەڵاتە خۆجێییەکان بە دەستی یەکێتییەوەیە ؟

من بە ماوەیەکی زۆر پێش هەڵبژاردنی ئەمجارەى پەرلەمان لەم گۆشەیەدا نووسیم : بڕواناکەم یەکێتی و پارتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن هەتا هەڵبژاردنی پەرلەمان نەکرێت بۆ ئەوەى بزانن ئایا پێگەی خۆیان و ئۆپۆزسیۆن چۆن دەبێت ؟ چونکە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەری دەخات کە کێ ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەباتەوە . دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەگەر زانیان دەسەڵاتی خۆجێی پارێزگاو قەزاکانیان لەدەست ناچێت ئەوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن ، بەڵام ئەگەر دڵنیا نەبن کە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن ، ئەوا ئەو هەڵبژاردنە ناکەن . بێگومان ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئاشکرایە بۆیە هیچ ئومێدی ئەوە نییە کە ئەو هەڵبژاردنە بکرێت مەگەر لەژێر فشاری زۆردا بۆسەر یەکێتی و پارتی . یەکێتی دڵنیایە لە هەڵبژاردنێکی لەوجۆرەدا دەسەڵاتی جوگرافیای سەوزی ئەوسای لەدەست دەچێت و دەسەڵاتی مۆر دەبێتە فەرمانڕەوای ئەم جوگرافیایە . پارتیش مەترسی ئەوەى هەیە یەکێتی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن وەکو ئەوەى لە هەڵبژاردنە پڕ لە ریسواییەکەى پارێزەراندا چۆن بوونە یەک دەگەن دژی ئەو ، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشدا ببنە یەک لیست و ئەویش هەولێری لەدەست بچێت . بۆیە ئەوە ئاشکرایە پارتی و یەکێتی بە ترس و نیگەرانییەوە سەیری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن و ناتوانن ئەوە قبوڵ بکەن کە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی شارەکانیان لە دەست بچێت ، ئەویش لەبەر ئەوەنا کە ئەمان دەیانەوێت خزمەتی بێ وێنەى خەڵک بکەن ، بەڵکو لەبەر ئەو هەموو بەرژەوەندییەی کە لە دەسەڵاتکردن بەسەر شارەکان و بەڕێوەبردنیاندا هەیانە . واتە وەها سەیر دەکەن لەدەسچوونی دەسەڵاتی خۆجێیەتی شارەکان مانای لە دەستچوونی بڕێکی هێجگار گەورەیە لە بەرژەوەندی و دوورخستنەوەیان لەو سەرچاوەى زۆروزەبەنەى زەوی و موڵک و بازاڕو باج و کاسبانەو کۆمپانیاو تەندەىرو بەنزینخانەو فرۆشتنی نەوت و … هتدد .

بەهەرحاڵ لە رووی راستییەوە دەبوو تاکو ئێستا چەند هەڵبژاردنێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کوردستاندا بکرایە ، چونکە ئەوەى زیاتر پەیوەندی بە ژیانی خەڵکی و چۆنێتی بەڕێوەبردن و راییکردنی کارەکانی جەماوەرەوە هەیە بەڕێوەبردنی خۆجێیەتی شارو قەزاو ناحییەکانە . دواخستنی جار لەدوای جاری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان عەیبێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و داکوتینی بزمارێکی ژەنگاویە بە کەللەى هێشتا دۆڵمەى دیموکراسیدا لەم هەرێمە ، ئەو بزمارەش بە دەستی یەکێتی و پارتی دادەکوترێت بۆیە جەماوەر هەقی خۆیەتی کە گومان لە نیەتی ئەم دووحیزبە بکات سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ، با ئەو ئاڵوگۆڕە بچووکیش بێت تەنانەت لەسەر ئاستی شارێک یان چەند قەزاو ناحیەیەکیش بێت .

ئێستا بزووتنەوەى گۆڕان دوای ئەوەى کە ئومێدی ئەوەى نەماوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت ، وەکو دەنگی یەکەمی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بە مافی خۆیی دەزانێت کە داوای وەرگرتنی ئیدارەی ئەم رووبەرە بکات . لە رووی راستیشەوە ئێستا دەبێت ، یەکێتی و پارتی بڕیار بدەن لە نزیکترین کاتی شیاودا هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکەن ، ئەگەر ئەوەش ناکەن هەقە بەپێ رێژەى دەنگەکان دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری و گەرمیان دابەش بکەن کە لەوەشدا گۆڕان پلەى یەکەمی بەردەکەوێت و بەوپێیەش پۆستەکانی وەکو پارێزگارو زۆربەى قایماقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بەردەکەوێت . بۆیە بە بۆچوونی من لە کاتێکدا کە دەسەڵات ئامادە نەبێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات ، ئەوا داواکارییەکانی گۆڕان بۆ و وەرگرتنی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە هەموو ئەو جێگایانەدا کە تیایدا زیاترین دەنگیان هێناوە ، داوایەکی رەوایە . هەروەک من لە هاوینی 2009دا لە وتارێکدا لە رۆژنامەى هاووڵاتی نووسیم : سیاسەتی تووندی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ئەگەری ئەوەى هەیە کە بزووتنەوەى گۆڕان هەوڵبدات سلێمانی بکاتە هەرێمێک . بۆیە وای دەبینم کە ئێستا لە هەمووکات زیاتر ئەگەری کارکردنی گۆڕان هەیە بەو ئاراستەیە ، کە لە روودانی هەرکارێکی وەهادا کوردستان دەبێتە دوو هەرێم هەرێمی پارتی و هەرێمی گۆڕان کە بەداخەوە زەمینەى کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجی خەڵکیش لەپاڵ زەمینە سیاسیەکەدا زۆر لەبارە بۆ ئەو دابەشبوونە ، کە بەشێکی لەبەرئەوەیە زۆرینەى جەماوەری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان هەست بەوە ناکەن کە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت لە هەولێر پەیوەندییان بەمانەوە هەیەو ناتوانن قەناعەت بەوە بهێنن کە سەرۆکی هەرێم سەرۆکی ئەوانیشە یان حکومەت و پەرلەمان حکومەت و پەرلەمانی ئەوانە . دیارە بڕوا کردن بەم قسەیە بۆ هاووڵاتیەکی هەولێری یان دهۆکی رەنگە گران بێت ، بەڵام بۆ من و هەر هاووڵاتییەکی تری ئەم رووبەرەی ئەملا ئەوە بووەتە هەست و تێڕوانینێکی جێگیر ، هەربۆیە زەمینەى بەهەرێمکردنی سلێمانی و گەرمیان لە ئێستادا لەسەر ئاستی جەماوەری دەشێ زەمینەیەکی ئامادەو رەخساو بێت .