عەتا قەرەداخی : پۆپۆلیزم و خواستی ئاستەکانی خوارەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پۆپۆلیزم وەها پێناسە دەکرێت کە فەلسەفەیەکی سیاسیە پشتگیری مافەکانی گەل یان خەڵک دەکات لە دژی دەسەڵاتی دەستە نوخبەییە جۆراوجۆرەکان . هەروەها بریتیە لەو بیروباوەڕە سیاسی و چالاکیانەى کە مەبەستی نیشاندان و نوێنەرایەتی کردنی پێداویستیی و حەزو ویستەکانی خەڵکی ئاساییە لە جۆری دابەزاندنی باج و بەرزکردنەوەى کرێ یان دەستکەوتی زۆرینەى خوارەوەى خەڵک . هەروەک دیسان بریتیە لەو بیروباوەڕەى خەڵک کە دژی دەستە نوخبەییەکانە . بۆ ئەو مەبەستەش ئەم بیروباوەڕە جەماوەر یان گشت یان خەڵکی ئاسایی دەکات بە ناوەندو لە روانگەى بەرژەوەندییەکانی ئەوانەوە سەیری دنیا دەکات . هەروەک زاراوەى populism لە وشەى Populus ی لاتینیەوە وەرگیراوە کە ئەویش بە مانای خەڵک دێت ، واتە خەڵکی ئاسایی یان زۆرینە کە ئەویش ئەو ئاست و پێگە و زەمینە کۆمەڵایەتیە دەگرێتەوە کە خوارووترینە لە کۆمەڵگەدا.

سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم وەکو بزووتنەوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدە کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەرکەوت وەکو نوێنەرایەتی کردنی دەریڕینی ئازارو بێ ئومێدی و مەینەتییەکانی جوتیاران ، کە هەستیان دەکرد مڵکانەو باج فشاری زۆری بۆ هێناون و بێ بەڵێنی و تووندو تیژی خاوەن موڵکەکان رۆژ لە دوای رۆژ هەرەسی پێهێناون . ئەم بزووتنەوەیە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا سەری هەڵداو دامەزرێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە رۆڵی دیاریان هەبوو لە دامەزراندنی پارتی پۆپۆلیستی ئەمەریکیدا لە ساڵی 1892دا کە ئەم پارتە داوای دەست بەسەردا گرتنی خاوەندارێتی تاکەکەسی و تایبەتی زەوی و زارو هێڵی ئاسن و جومگە ئابوورییەکانی تری دەکرد . ئەم داوایانەش لەو کاتەدا بوونە بنەما بۆ پێکهێنان و درووستیوونی بزووتنەوەى پۆپۆلیزم و پارتی پۆپۆلیستی ئەمەریکی ، کە خودی ئەم داواکارییانە ئەم پارتەو کۆی بزووتنەوەى پۆپۆلیستی بە سیمایەکی پێشکەوتنخوازانەی دیموکراسی و جەماوەرییەوە نیشاندا . هەر لەم روانگەیەوە هەندێ لە نووسەران و توێژەران و تەنانەت ناوەندە ئەکادیمیەکان و لەسەرووى هەمووشیانەوە سیاسیەکان وەکو هێزێکی گەورەو بەرفراوانی دیموکراسی و ئەرێنی سەیری ئەم بزووتنەوەیەیان دەکردو وایان دەبینی کە پێداویستییەکانی کۆمەڵگەو زۆرینەى کۆمەڵگە کە خەڵکی ئاسایی و چین و توێژەکانی خوارەوەن ئەو بزووتنەوەیان لە کۆمەڵگەدا بەرهەم هێناوە . هەروەک هاوکات بۆچوونی پێچەوانەى ئەم بۆچوونەش هەبووە کە پێی وابوو پۆپۆلیزم دیاردەیەکی ناعەقڵانییەو هەمیشە ناسەقامگیری و پشێوی لە پرۆسێسی سیاسیدا درووست دەکات . بەهەرحاڵ رەنگە جێگای خۆی بێت کە لەم روانگەیەوە سەیری کوردستان بکەین و ئەم دوو بۆچوونەش تاوتوێ بکەین . بەڵام پێش ئەوە پێمباشە سەرنجێکی ئەو پۆلێن کردنەش بدەین کە مارگرێت کانۆڤان بۆ پۆپۆلیزم کردوویەتی . مارگرێت کانۆڤان بەم جۆرە پۆپۆلیزم پۆلێن دەکات .

یەکەم : پۆلێنکردن لە روانگەى پەیوەستبوون بە زەوى و زارو کشتوکاڵەوە کە ئەویش بەم جۆرە دابەش دەکات:

1- بزووتنەوەى کشتوکاڵی یان ئەوەى پەیوەستە بە زەوىو زارەوە ، واتە بزووتنەوەکانی شمەک و کەلوپەلی جوتیاری لەگەڵ ئەجیندای رادیکاڵیدا . ئەمەش لەبەرنامەو داواکارییەکانی پارتی پۆپۆلیستی ئەمەرێکی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا دەردەکەوێت.

2- بزووتنەوەکانی داهاتء دەستکەوت و خۆراکی ژیان لە جۆری میلیشیاکانی ئەوروپای رۆژهەڵات کە بە دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا دەرکەوتن.

3- بزووتنەوەى رۆشنبیران یان بیرمەندان کە رۆمانسییانە سەیری کاری سەختی جونیاران و کرێ گرتەى زەوییان دەکردو بزووتنەوەی رادیکاڵیی پەیوەست بە زەوی و زارو کشتوکاڵیان درووست دەکرد وەکو بزووتنەوەى نارۆدمیکی رووسی .

دووەم: پۆلێنکردنی پۆپۆلیزم لە روانگەى سیاسیەوە کە ئەویش دابەش دەکات بۆ ئەم بەشانەى خوارەوەدا کە لە راستیشدا پەیوەستن بەیەکترەوە :

1- دیموکراتی میللی کە داواکاری بەشداریکردنی سیاسیانەی زیاتری خەڵکە ، ئەویش لە رێگای ریفۆرمەوە کە ئەمەش لە رێگای راپرسیەوە دەگاتە ئەنجام.

2- پۆپۆلیزمی سیاسیى کە بە داواکاری نائایدیۆلۆجیانە دەناسرێتەوەو بۆ ئەوەیە کە خەڵک هاوپەیمانییەکی یەکگرتوو بنیاد بنێن .

3- پۆپۆلیزمی کۆنەپەرستانە کە هەمیشە بە دوای بە میللیکردن و بەجەماوەریکردنی بەها بەسەرچووەکانەوەیە بۆ نموونە خەونی جوتیاران بەو هاریکاری و پێکەوە کارکردنانەوە زیندوو دەکاتەوە کە لە قۆناغی پێش هاتنە ناوەوەى تەکنۆلۆجیا بۆ بواری کشتوکاڵ پەیڕەویان کردووە.

4- پۆپۆلیزمی دیکتاتۆریانە بە تایبەتی ئەم شەپۆلە زیاتر لە دوای جەنگی دووەمەوە دەردەکەوێت کە لە شێوەی تێکەڵاوییەک لە بزووتنەوەى دژە ئیمپریالیزمی و شۆڕشی جوتیاران و ئاراستە ناسیونالیزمییەکاندا بەرجەستە دەبێت. وەکو بزووتنەوە میللیەکانی ئەمەریکای لاتین و تەنانەت چینء زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێیەم کە راپەڕینی میللی چینەکانی خوارەوە یان زۆرینەى خەڵکی ئاسایی بووە هۆی راماڵینی رژێمە سیاسیە پادشایی و کۆنسێرڤەتیڤەکان و لە جێی ئەو رژێمانەدا لە بری دیموکراسی و دەسەڵاتی گەل ، دیکتاتۆریەتی تاکەکەس درووست بوو ، دیکتاتۆرە تاکەکەسیەکانیش ناویان لە خۆیان نا دیموکراتی میللی یان نیشتیمانی یان نەتەوەیی .

ئەگەر سەرنجی ئەم پۆلێن کردنانەى سەرەوە بدەین ئەوا بە ئاشکرا دەردەکەوێت پۆپۆلیزم وەکو چۆن زاراوەکەى لە وشەى خەڵک وەرگیراوە هاوتا بەدەوای ویست و خواستەکانی خەڵک یان ئاستی خوارەوەى کۆمەڵگەوە بووە، کە زۆرینەیە . بەڵام شێوازی کارکردن زۆرجار وەکو زۆرینەى بیرو ئایدیاکانی تر کە هەموویان لە دەرەوەى جێبەێکردن جۆرێک لە جوانیان تێدایە ، ئەگەر بەتواویش جوان نەبن ، بەهەمان شێوە پۆپۆلیومیش وەکو بیرو ئایدیایەک بۆ بەرگری کردن لە خواست و ویست و ئارەزووەکانی خەڵکی ئاسایی بیرێکی جوان و رەونەقدارە ، بەڵام کاتێ بەشێوازی تر بەکار دەهێنرێت و دەبێتە پلیکانە بۆ ئەوەى تاکەکەسە نائاساییەکان پێیدا سەربکەون و لەبری دیوکراسی و بەدەستهێنانی خواست و ویستەکانی زۆرینەى خوارەوە خۆیان بگەنە کورسی دەسەڵات و سیستێمێکی تاکڕەوی دیکتاتۆری درووست بکەن و ناویشی لێ بنێت دیموکراتی میللی ، گشتی ، نیشتیمانی ، نەتەوەیی .

بێگومان ئێمە دەزانین کە کوردستان وەکو وڵاتێکی داگیرکراوو دابەشکراو لە پێش ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە بزووتنەوەى میللی تێدا سەری هەڵداوە کە خواستی ئەو بزووتنەوانە لە ئاستی یەکەمدا دژی پرۆسەى داگیرکردن بووەو لە ئاستی دووەمیشدا خواستی جوتیاران و کشتیارانی کورد بووە بە دژی خاوەندارێتی زەوی و زارو ئاستی بەرزی مڵکانەو چەوساندنەوەى لەرادەبەدەری جوتیاران ، کە بێگومان تا سەروەختی پرۆسەى ئەنفال و وێرانکردنی کوردستان رێژەیەکی بەرزی کۆمەڵگەى کوردییان پێکدەهێنا . هەروەک راپەڕینەکانی کورد کە زیاتر راپەڕینی میللی بوون بارگاوی کراوبوون بە خاسێـەکانی پۆپۆلیزم چ لە ئاستی داواکاری و داخوازییەکاندا چ لە ئاستی هێزی بزوێنەری راپەڕینەکاندا. ئەنجا ئەگەر ئەو راپەڕینانە لە روانگەى کورد و هێزى میللی خودی راپەڕینەکانەوە سەیر بکرێن ئەوە راپەڕینی پێشکەوتنخوازانە بوون و هەوڵوکۆشش بوون لە پێناوی مافەکانی رووبەرێکی فراوانی خەڵکدا ، بەڵام ئەگەر لە روانگەى تێڕوانینی نوخبەى فەرمانڕەوا یان نوخبەى دەسەڵات و داگیرکەری کوردستانەوە سەیری ئەو راپەڕینانە بکرێت ئەوا بە نەعەقڵانی دانراون لەو روانگەیەوە کە نوخبەى دەسەڵاتی داگیرکەر پێی وابووە ئەو راپەڕینانە درووستکردنی ناسەقامگیری و پشێوییە لە وڵاتداو ناجێگیری ئاژاوە درووستکردنە لە پرۆسێسی سیاسی یان بەڕێوەبردندا. واتە ئەو بزووتنەوانەى کە لە روانگەى زۆرینەى خەڵکی ئاسایی کوردستانەوە راپەڕین بوون لە پێناوی خواست و ویستەکانی ئەواندا ، لەلای نوخبەى داگیرکەرو دەسەڵاتی داگیرکەرەوە ، درووستکردنی ناسەقامگیری و پشێوی بوون .

هەڵبەت ئەوەش راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە هەر بزووتنەوەو جوڵەو راپەرینێک کە لە پێناوی خواست و ویستی چینەکانی خوارەوەو زۆرینەى خەڵکی ئاسایدا بێت لە کۆمەڵگەدا ئەوە کارێکی رەوایە . هەر لەم گۆشە نیگایەشەوە ئەگەر کۆی ئەو بزووتنەوانەى کە لە پێناوی ویستەکانی خەڵکدان بە پۆپۆلیست یان یان ئەنارشیزمیش ناوببرێن ئەوە بە روانینی من هەر رەوان چونکە تاکە شتێک لەسەر ئەم گۆی زەوییە جێگای لایەنگری لێکردن و پشتگیری کردن بێت ئەو بزووتنەو رابوونە کۆمەڵایەتی و میللیانەن کە لە پێناوی خواستەکانی زۆرینەى خەڵکدان کە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدە لە ئەمەریکا جوتیاران بوون و بۆ کوردستانیش هەتا ئەنفال بەهەمان شێوە بزووتنەوە میللیەکان ئەوانە بوون کە توانیوویانە ویستەکانی کورد وەکو نەتەوەو ویستی چینەکانی خواەرەوە وەکو گەل یان خەڵک هەڵبگرن و بکەنە درووشمی خۆیان.

لە بارودۆخی ئێستای کوردستانی گەورەش ئەوەى کە پارتی کرێکارانی کوردستان دەیکات لە راستیدا کاری بزووتنەوەیەکی پۆپۆلسیتیە لەو روانگەیەوە هەڵگری خواست و ویستەکانی رووبەرێکی فراوانە لە خەڵکی باکوری کوردستان کە تاکو ئێستا سەرباری نەبوونی ئازادی نەتەوەیی بەدەست یاساکانی کشتوکاڵ و دەسەڵاتی نوخبەی خاوەن موڵک و رژێمی ئەو حکومەتەوە دەناڵێنن کە وەکو نوخبەی دەسەڵات داواکانی ئەو رووبەرە فراوانەى پشت گوێخستووە. رەنگە بۆ ئێستای باشووری کوردستانیش ئەوە راست بێت کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن وەکو بزووتنەی پۆپۆلیستی سەیر بکەین بەڵام لە رووە پۆزەتیفەکەیەوە بەوەى کە بەدوای ویست و خواستەکانی رووبەرێکی فراوانی چین و توێژەکانی خوارەوەى کۆمەڵگەوەن لەبەرامبەر نوخبەى دەسەڵاتدا. راستە نوخبەى دەسەڵات بەردەوام ئەم هێزانەى ئۆپۆزسیۆن وەکو تێکدەری سەقامگیری نیشان دەدەن بەڵام راستییەکەى ئەوەیە کە بەروانینی نوخبەى دەسەڵات ئەو هەنگاوانە تێکدانی سەقامگیرییەو ئەوەش وەکو روویەکی نەرێنی ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدەن بەوەى گوایە بزووتنەوەیەکی ناعەقڵانیە بەڵام ئەگەر لە روانگەى ئاستەکانی خوارەوەی خەڵکەوە سەیر بکەین ئەوا ئۆپۆزسیۆن رۆڵی بزووتنەوەیەکی میللی یان بە چەمکی نوخبەی دەسەڵات بۆ ناشیرین کردن رۆڵی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی دەبینێت ، ئەگینا لە رووی ئاساییەوە دەشێ وەکو بەرزکردنەوەى دەنگی روبەرێکی فراوان لە کۆمەڵگە سەیر بکرێت . بۆیە من وای دەبینم سەپاندنی هەندێ زاراوە لە ئێستادا بەسەر ئۆپۆزسیۆنی باشووری کوردستاندا لە جێگای خۆیدا نییە بە تایبەتی کاتێ بەکارهێنانی ئەو زاراوانە بە مانا نێگەتیفەکەی بێت ، چونکە دەبێ هەموو شتێ لە روانگەى بۆچوون و بەرژەوەندییەکانی زۆرینەى ئاستەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەوە سەیر بکرێت .