بابان بریزی : چۆن دەتوانرێت چارەسەری گرفتی بێکاری بکرێت ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

چۆن لە ڕێگای بازاڕی دراو گۆڕینەوەو ڕامیاری نەختینەییەوە دەتوانرێت چارەسەری گرفتی بێکاری بکرێت و لۆد لە سەر سێکتەری گشتی کەم بکرێتەوە؟

بانکی ناوەندی وەکو دەزگایەکی نەختینەیی گرنگ ئەگەر موسەیەس نەکرابێت و لێبگەڕێن بە ڕۆڵ و ئەرکی خۆی هەستێت دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە چارەسەری زۆر گرفتی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بکرێت؟ چونکە بانکی ناوەندی داڕێژەرو ئاراستەکاری ڕامیاری نەختینەییە لە وڵاتدا ، دەتوانێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەعویمی پیسەوە وەك کڕیار بێتە نێو بازاڕی دراو گۆڕینەوەی بیانییەوەو بە دراوی بیانی دراوی نیشتیمانی بکڕێت لەم ڕێگەوە بەهای دراوی نیشتیمانی بەرز دەبێتەوەو بەم هۆیەشەوە سەرمایەدارو وەبەرهێنەکان هان دەدرێن کە واز بهێنن لە بردنە دەرەوەی سەرمایەکانیان و بیخەنە گەڕ لە ناو خۆی وڵاتدا ، بەمەش دەریڤەی وەبەرهێنان دەڕەخسێت و بەکارخستن و کارپێدان فراوان دەبێت و بێکاری کەم دەبێتەوە بۆ ئاستێکی شیاو ، چونکە کاتێك بەهای دراوی نیشتیمانی بەرز بویەوە بۆ سێ هێندە یان چوار هێندەی بەهای ڕاستەقینەی خۆی لە ڕێگەی کڕینییەوە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە لە بازاڕی دراو گۆڕینەوەی بیانیدا ، وەبەرهێنانی ناوخۆیی بۆ سەرمایەدارانی ناوخۆیی پڕ قازانجتر ئەبێت و ئامادەن لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو قازانجە گەورەدا ڕیسک بکەن و گوێ بە نالەباری باری ئاسایش کەمتر بدەن و دەستبدەنە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە کایەی بەرهەمهێناندا ، بۆیە بە ڕای من ئێستا کە عێراق گیرۆدەی دەستی بێکارییەو لۆدی سەر سێکتەری گشتی ساڵ بەساڵ زیاتر ئەبێت و هەندێك جار بەهۆی ئەم لۆدە زۆرەی داخوازی هاوڵاتیانەوە بۆ وەسەرکارخستن لە سێکتەری گشتیدا گرفتی ڕامیاری و ئاسایش دەئەفرێنرێت و خۆ نیشاندانی توندو تیژی سەرهەڵدەدات و بەریەککەوتن دروست ئەبێت لە نێوان هێزە کانی ناوخۆو حکومەتداو سەرەنجامیش هەندێك جار بە کارەساتی دڵتەزێن و ناخۆش کۆتایی دێت و پردی متمانەی نێوان هاونیشتیمانیان و حکومەت دەپچڕێت و کەلێن دەکەوێتە نێوان دەسڵات و هاوڵاتییەوە، باشتر وایە دەستوەربداتە بازاڕی ئاڵوێری دراوەوەو بەو شێوەی خستمانە ڕو بجوڵێتەوە ، ئەمەش بە هەما هەنگی دەبێت لە گەڵ وەزارەتی نەوت و دارایدا ، دەبێت لەو کاتەدا وەزارەتی نەوتی عێراق پەرە بە کێڵگە نەوتییەکانی بدات و سەقفی بەرهەمهێنانی بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین دۆلار بکەوێتە بەردەستی بانکی ناوەندی بۆ کڕینەوەی دراوی نیشتیمانی و کەمکردنەوەی خستنەڕوی لە بازاڕەکاندا ، لەم بارودۆخەشدا دەبێت وەزارەتی دارایی هەماهەنگ بێت و بڕی نەخت سنوردار بکات .

بەمجۆرە دەتوانرێت کەرتی تایبەت ببوژێنرێتەوەو ڕێگە لە کۆچی سەرمایە بگیردرێت کە چەند ساڵێکە بوە بەدیاردەیەکی بەر بڵاوی کۆمەڵگەکەمان و هۆکارێکیشە بۆ بێ بەهرە بونمان لەو داهاتە زۆرەی لەم وڵاتەدا پێکدەهێنرێت .

ئەم ڕامیارییە باسمان کرد زۆر گونجاوە بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم و بە بڕوای من ڕزگارکەری عێراق و کوردستانە لە گرفتی بەرخۆری و ، دەبێتە هۆی گۆڕینی کۆمەڵگەکەمان لە کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرەکییەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەکی، چونکە ئەگەر بەهۆی بەرزی بەهای دینارەوە قازانجی وەبەرهێنەران زیاد بکرێت ، ئەو کاتە جگە لە سەرمایەی ناوخۆیی سەرمایەی بیانیش دێتە وڵاتەوەو لە جیاتی ئەوەی سەرمایە لەوڵات هەڵبێت ، سەرمایەی بیانی دێتە وڵاتەوە بە ئومێدی قازانجی زۆرتر ، ئەو دەمەش لە ناوخۆیی ئەم وڵاتەدا زۆرێك لە پێداویستییە بنچینەیی و ناچارییەکانی کۆمەڵگە دێتەبەرهەم و کەمترین دراوی ئەم وڵاتە دەڕواتە دەرێ بۆ کڕینی هەندێك شمەك کە زەمینەیەکی زۆر لەباری هەیە بۆ بەرهەمهێنان لە عێراقدا ، ئەو کاتەش خۆمان خۆراکی خۆمان بەرهەم دێنین و توشی مەترسی خۆراکی ژەهراوی و کواڵیتی نزم و ماوە بەسەر چو نابینەوە، کە ساڵانە بەم هۆیەوە هەزاران عێراقی گیرۆدە دەبن ، بۆیە تکایە سەرکردە کانی عێراق ئەگەر ئەتانەوێت وڵات چاك ببێت و خێری ئەم خاکەتان ئەوێت ، هەوڵبدەن لە ڕیشەوە چارەسەری گرفتەکانی عێراق بکەن ، بۆئەم چەندەش گوێبگرن لە ئابوریناسان و کەسانی تایبەتمەندو شارەزای ئەو کایە ، چونکە ئەگەر گرفتە ئابورییەکان چارەکران گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان خۆیان چارە سەر دەبن .