Ako-Ibrahim

ئاکۆ برایم : کێ گیانمان ئەپارێزێت ؟.

چەند چەکدارێک تەقەیان لە هاوڵاتیەک کردوە ، تەرمى گەنجێک بەکوژراوى دۆزرایەوە ، چەکدارێک تەقەى کردوە کۆمەڵێکى کەلەپاچە کردوە . ئاسایش و پارێزەرى سەروماڵى هاوڵاتیان ، خەڵک دەکوژێت ، چەند کرێکارێک لە پرۆژەیەکدا کەوتونەتە خوارەو و مردون ، ئەمانە سەرەتاو دەستپێکى هەموو هەواڵێکى کوردستانن ، ئەگەربێت وشەوێک گوێ بیستى ئەم هەواڵە ناخۆشانە نەبین ، لامان سەیر و عەجیبە .

ئەرێ باشە وڵات بوواى لێهاتوە ؟!، کێ کەم تەرخەمە؟، دادو بێداد بەرینە لاى کێ؟ پێم سەیرە و سەرى لێ دەرناکەم،لەخوا بەزیاد بێت ژمارەى سەرباز و هێزى ئاسایش نیو ئەوەندەى خەڵکەکەیە ، ئەگەربێت ودابەشى بکەیت ، هەرماڵى دانەیەکى بەردەکەوێت ، کەچى بەداخەوە لەبرى ئەوەى تاوان کەم بێت وبنبڕ بکرێت ، روولە هەڵکشانە ، لایەنى بەرپرسیش دەستەوەستانە .. خەڵک هەمووى ترسى لێ نیشتوە ، خەریکى تەدبیرى پێویستە ، کۆمەڵێک دەرگاو پەنجەرەکانیان مەحکەم ئەکەن ، بەشێکى دیکە لەبیرى ئەوەدایە،کە لەمەولا لەکۆڵانەکان پاسەوانى ئەهلى و حەرەس هەبێت ،، بەعزێکش بەنیازن چەک بکڕن ولەماڵەوە دایبنێن ، کەچى بەڕێزێکى وەکو وەزیرى ناوخۆ بێ خەبەرانە دەڵێت ، سلێمانى ئارامە !

ئاخر هیچ مەعقول نیە و مایەى قبوڵ نیە، بەو هەموو هێزە نەتوانن کۆنترۆڵى شارێکى وەکو سلێمانى بکەن و، ئاسایش و ئارامى بپارێزن،کە ئەرک وکارێکى هێندە گران و زەحمەت نیە،دەپرسم و دەڵێم باشە بۆچى ساڵانى نەوەدەکان، کە هەموو پۆلیسى سلێمانى نەدەگەیشتە 100 کەس و، بەهەر هەمویان 3 ئوتومبیلى شڕیان هەبوو،فیشەکى چەکى سەرلەبەربان، نە دەگەیشتە چەند مەخزەنێک،کەچى سەر و ماڵى هاوڵاتیان زۆر لەئێستا پارێزراوتربوو، بۆزانیاریشتان ئەو دەمە،ترسى حکومەتى بەعس و،لایەنە دژەکانى حکومەت زۆر لەئارادابو، هەروەها خەڵکیش لەژێر چەندین گەمارۆى ئابوریدا بوو،بەڵام قەت وەکو ئێستا تاوان و کوشتن و دزى نەبوو .

بەڕێز وتە بێژى پۆلیس ،ئەم دیاردەیە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە بەهۆى زۆرى چەک و تفەنگەوەیە، گوایە کەم ماڵ هەیە چەکى نەبێت، کە ئەمەشیان شێکى نا مەنتیقیە ،چونکە ئەوەى کە چەکى لەماڵدایە وخاوەنى چەکە، ناچێت کارێکى وەها بکات وەک ئەوەى شاسوارى کۆمپانیاى نالیا و، سەروەتى پاسەوانى بەڕێز مامجەلال و،برا زاکەى کاک بەکرى حاجى سەفەر بکوژێت، ئەوەى ئەو کارەدەکات زیاتر کەسانێکن کە یان باندن و،بەپارە ئەو کارانە ئەنجام دەدەن ، ئیشو کاریان بوە بەوە،یان کەسانێکن کە لەدەزگا ئەمنى وسەربازیەکانى حکومیدان و چەکدارن و بێ باکانە چەک بەکاردێنن،،ئەگەرنا،بەنمونە من ئەگەر چەکم هەبێت،لەماڵەوە دام نابێت،زیاتر وزۆرتر بۆ پارێزگارى خۆمە و بۆ خۆپاراستنمە لە هەر پەلامارو دزیەک .

من گەیشتومەتە ئەو باوەڕەى کە خەڵک هەقى رەواى خۆیەتى چەکى هەبێت، بۆ بەرگرى و پاراستنى خۆى،چونکە ئەگەر هێزى پۆلیس وئاسایش نەتوانن ژیانى خەڵک بپارێزن و،رێگرى لەتاوان و دەستدرێژى بکەن،ئەى خەڵک پەنا بۆکوێ بەرێت و قوڕى کوێ بکات بەسەریا؟

ئەى باشە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیس و وەزارەتى ناوخۆ ،قەت ئەوپرسیارەیان لەخۆیان نەکردوە ،کە سەرچاوەى دەست کەوتنى ئەو چەکانە کوێ یە؟ خەڵک چۆن پەیداى دەکات؟ یان نایانەوێت راستى مەسەلەکە بدرکێنن، ئەگینا زۆر باش دەزانن، کە بەشى زۆرى ئەوچەک و تفەنگانە ،لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا،وەکو چوکلێت و شیرینى بەسەرخەڵکدا دەبخشرێتەوە، بێجگە لەوەش تا ئێستاش لاى سابونکەران و بەرخانەقا، زۆر شارۆچکە، بە ئاشکرا کڕین وفرۆشى پێوە دەکرێت، شتێکى لەوەش سەیرتر،نازانم ئێستا ماوە یان نا ،بەڵام ساڵان کاتێک کەسێک دەبووبە پۆلیس ،یان پێشمەرگە، دەبوایە بۆخۆى تفەنگى پەیدابکردایە. من دڵنیام ئەوەى باسیدەکەن هۆکارێکى فرە لاوازە،چونکە مرۆڤ ئەگەر شەڕانگێز و تاوانکاربێت و، نیەتى لەخراپە بێت، دەربەستى ئەوە نایەت چەکى هەبێت یان نا، بۆ نموونە ئەو پیاوە مەسیحیەى ماوەى پێشوو لە سەرچنار کوژرا،ئەو کوڕە چایچیەى کە پار ساڵ لەلایەن عەرەبەوە بۆ مەبەستى ئوتومبیلەکەى کوژرا،ئەو گەنجەى دوێنى لە چەمى قلیاسان بەکوژراوى بینرایەوە،سەرجەمیان بە چەقۆ کوژرابوون و، تفەنگى تیا بەکار نەهاتبوو،کەواتە مەسەلەکە ئەوەندەى پەیوەندى بە چاو کراوەی هەوڵ و هیمەتى ئێوەوە هەیە پەیوەندى بە چەکدارى خەڵکەوە نیە، ، ئەبێت ئەوان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە،لایەنى ئاسایش و پاراستنى سەروماڵى خەڵک چڕتر بکەن،هەروەها رازى نەبن و قبوڵى نەکەن ،کە کەسانى تاوانبار وپیاوکوژ ،بە ئاسانى بەر لێبوردن بکەوێت ، جارێکى دیکە ئارامى شار بشڵەژێنێت و گیانمان بخاتە مەترسیەوە .

هەرچى تایبەتیشە بە تیاچوون و گیان لەدەست دانى کرێکاران ، ئەویش بۆخۆى خەمێکى دیکەیەو بەرۆکى شارى گرتۆتەوە، کەرۆژانە بەهۆى کەمتەرخەمى و نەبونى بێوەیى پیشەیى و، لێنەپرسینەوەو سزا نەدانى زۆربەى کۆمپانیاکان ، گیانى کرێکاران هەراج دەکرێت ، کە جگە لەلێدوانى سواو چەند بارەى بەرپرس و سەندیکاى کرێکاران، هیچ کاردانەوەیەکى دیکە نابینین .

خوابەوە رەحمى کردوە کە شارەکانمان هاوشێوەى ئەمریکاو ژاپۆن و چین قەرەباڵغ نین و ئاپارتمانى سەد قاتى مان نیە ، ئەگەر وابوایە چیمان بکرادیە؟سەیرەکەى ئەوەیە حکومەت وپەرلەمانیش لەهەمبەر ئەم کوشتن و مردنە زۆرە، دەستەوەستانن ، وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى کاریش کە مەعنین بەو کارەساتانە،بەباى خەیاڵیان نایەت!کەئەگەر ئەو کەس و بەرپرسانە لە هەر وڵاتێکى هەرە دواکەوتوى دونیا بونایە،شەقیان لەپۆست وپلە هەڵدەداو دەستیان لەکار دەکێشایەوە ، ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژویەیان نەدەخستە ئەستۆو گەردنى خۆیان، کەچى لاى خۆمان ، تا دواسات و تا ئەوکاتەى پێى ئەڵێن بەڕێز جەنابى وەزیر کارى تۆ تەواو و خانەنشین بویت ، هەر چاوەڕێى ئەوەیە بەشکوم خوا بکات ، کابینەى تازە لوتف بفەرموێت شانسێکى پێ بدەن و خوڵێکی دیکەش ببێتەوە بەوەزیر و ، تۆزێک ئیمتیاز و داهاتى زۆرتر بێت .

ئاى خەجاڵەت خۆم بۆ وڵاتێک کە هەمانە، شەرمەندەم کاتێک دەبینم، کرێکارێک لەپێناوى کرێیەکەى کەم گیان لەدەست دەدات و ،پاش خۆى خێزانێک سەرگەردان دەکات،زۆر زۆر موعەزەب ئەبم و،مەرگى خۆم بەئاوات ئەخوازم، کاتێک ئەبیستم گەنجێک لە بەلاش خوێنى دەڕێژرێت، بکەرانى بۆهەتایە ناگیرێن، خوێنى بەفیڕۆ دەچێت …. ئاى دەستم شکێ وڵات، کۆرە بم لۆت ئەى نیشتمان،لەم وڵاتەدا هەمو شتێک بەهاو نرخ و قیمەتى خۆى هەیە و شتێک دەکات ، تەنهاو تەنها مرۆڤەکانى نە بێت ؟

 

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds