Derbaz-Serabi

دەرباز سەرابی : ” گەنجی تەق تەق لەنێوان گوتارو کرداردا “

ئەگەر کەمێک لەسەرقاڵی خۆت ببوری و پیاسەیەکی نێو بازاڕو کوچەو کۆڵانەکانی شار بکەی ، بەچەند هەنگاوێکی کەم کەرەستەگەلێکی زۆر نایابت دەست دەکەوێت بۆ نوسین و لێکۆڵینەوە ، من دڵنیام ئەگەرسیگمۆند فرۆید یان جان پیاجە کورتە باسێکیان لەسەر ئەم شارۆچکەیە بزانیایە دەمێک بوو هەمو سنورەکانی نێوان ژیان و مردنیان بڕیبوو، خۆیان گەیاندبوە تەق تەق ، لەم شارە ئەگەر بە درۆ نەبێت پارک و کافتریاکان هێندە زۆرن هەموو خەڵکی کەرکوک و کۆیەش بێن بەخەیاڵیدا نایەت ، بەڵی لەم شارەدا شوێنی جێژوانی عاشقەکان ، کۆڕو کۆبونەوەی نوسەرو شاعیرەکان ، سەکۆی سەیرکردنی دوا دیمەنی خۆر ئاوابون هێندە زۆرن پیاو نازانێ کامیان هەڵبژێرێت ، باوەڕتان هەبێت بازاڕی کتێب فرۆشان لەبەر زۆری خواستی خوێنەران شەوانیش تا درەنگ کراوەیە ، دوبەی چیە،تەق تەق ئەوروپایەکە بۆخۆی ، کام سیاسی دڵسۆزە ، کام کارمەندی پڕۆفیشناڵی حوکمەتە لەم شارۆچکەیەدا بەرچاوت دەکەوێت ، هەمو ڕۆژێک کۆڕی فکری،کۆنسێرتی مۆسیقا ، پێشانگای شێوەکاری ، ڕاگۆڕینەوەی بزنز مانەکان ، بەزم و هەرای بزوتنەوە فیمینستەکان،قەرەباڵغی شەقام و هۆتێل و ڕێستەورانتەکان ، تەق تەق ئەگەر نەوت و هەنجیر و ماسیشی نەبێت داهاتی گەشتیاری هێندە زۆرە خەزێنەی حوکمەتیشی پێ پڕدەبێت … ئای لەوە من چیم بەسەر هاتوە ، خۆ خەریکە هەر بەڕاستی باوەڕ بەو وڕێنانەی خۆم دەکەم ، ئۆخەی لەخەو خۆ لەوێ هەمو شتێک جوانە ، نا کەسەکانم نا،ئەو قسانەی سەرەوە هەموی وڕێنەبون ، هەمویان کۆمەڵێ خەیاڵی پوچی پیاوێک بون .

هەر لەگەڵ یەکەم هەنگاوتدا هەزارجار پەشیمان دەبیتەوە لەهاتنت ، هەرزوو خۆت ئارامی ڕۆحیت لەدەست دەدەیت و هەزارو یەک پرسیار لەمێشکتدا دێن و دەچن،هەر خۆت دەتەوێ یەکەم هەنگاوت لە شایستەترینیانەوە دەست پێبکەیت بەڵام ناتوانی چونکە هەمویان بایی ئەوەندە بایەخیان هەیە کە ویژدانی مرۆڤێک بجوڵێنن . من باسی دەموچاوە غەمبارەکان ناکەم کە دەڵێی تازە لە دۆزەخ بە مۆڵەتێکی هەفتەیی هاتونەتەوە ، باسی ئەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوانە ناکەم کە بەرلەوەی خۆیان بناسن وایان لێکراوە حیزبێک ، گروپێک ، مەلایەک،سیاسیەکی فێڵباز بناسن ، نا ، من هەرگیز باسی ئەو منداڵانەش ناکەم کە زۆر بەقەناعەتەوە لەجێگەی شاری یاری خاکی بونەتەوەو یاری بەخۆڵ دەکەن ، نا من باسی کەسانی بێکارو دانەمەزراوەکانیش ناکەم ، خۆ بێکاری شتێک نیە تەنها لەتەق تەق دا هەبێت ، باسی شۆستەو شەقمامەکانیش ناکەم ، بۆ لەم شارە لەبەر تەنکەری نەوت ڕێگا هەیە بڕۆی تا باسی جوانی شەقامەکان بکەیت ، هەندێ جار لەبەر خۆمەوە دەڵێم تەقتەق شارێکی نێرە ، خۆ بۆ سوێندیش ئافرەتێکی تێدا نابینی ، ئێ ئەو داماوانە چی بکەن ، خۆ جێگایەکیان نیە بۆی بڕۆن،کەوابێ بۆچی بێنە دەرەوە؟! کەمێک هەنگاو دەنێی و هەمو شتێک تەواو دەبێت و خۆت لەبەر دەمی چایخانەدا دەبینیتەوە ، هەر ئەو شوێنەی منیش هەندێ جار بۆی دەچم ، باوەڕبکەن لەتەق تەق خۆش بەختترین کەس خاوەنی چایخانەکانن ، چونکە هەر لەدەرگای ماڵەکەت بێیتە دەرەوە بەبێ ویستی خۆت هەنگاوەکانت بەرەو ئەوێت دەبەن ، نا لەبەر ئەوەی ئەوێ بەهەشتێک بێت بۆخۆی ، هیچ دەرەتانێکی ترت نیە،دەبێ لەوێ ڕەنگی دوو شەش و جۆکەرەکان بگریت .

تا ئێرە شتەکان تا ڕادەیەک ئاساییە ، ئەوەی من ئاگاداربم لەم شارە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستاو دەرچوی زانکۆو پەیمانگاکان هەیە ، وە کۆمەڵێ ڕۆشنبیرۆکەو سیاسیۆکە هەیە ، کۆمەڵێ بەرپرسۆکەش هەیە کە خۆیان بە ئۆباماش ناگۆڕنەوە ، خۆم ئاسایی کۆمەڵێ نوسەرۆکەشی تێدایە کەشا بە سەپان نازانن ، بەخوا تاک و تەرا هەندێ بازرگانۆکەشمان هەیە ، لەم لاو ئەولاش هەندێ سەنتەرۆکەی ڕۆشنبیری سێبەری حیزبیۆکەش هەیە ، ئەی کەوابێ حاڵی ئەم شارە بۆ ئاوایە؟! بۆچی ژیانی تێدا نیە؟!ئاخر خواتان هەبێت ئەگەر هەمومان تەنها گلەیی بێ کردار بکەین خۆ گۆدۆتەکەی سامیۆڵ بێکێت نایەت ئەم شارە وێران بوەمان بۆ چاک بکات؟! ئێمە هەمومان ناڕازین ، هەمومان ڕەخنە دەگرین ، هەمومان تاوتوێی نەک هەر وەزعی کوردستان بەڵکو سیاسەتی دونیاش دەکەین ، ئەرێ تخوا شەرم نیە شارێکی ئاوا بچوکمان پێ چاک نەکرێت؟! ئێمە هەمومان مەیدانەکەمان چۆڵکردوەو حەق و حیسابی خۆمان لەچایخانەو لا کۆڵانەکان دەکەین !! من سەرم لەوە دەرناچێت ، کاتێک گەنجی تەقتەق لەشارێکی ترە ، پڕە لەتاقەو هەوڵدان ، کەچی هەر پای خستەوە نێو تەقتەق هەمو شتێکی تێدا دەمرێت!!باشە دەبێ خاکی ئەم شارە هێندە بێ خێر بێت ئاوا هەمو ڕوناکیەکی تێدا دەکوژێتەوە ، یان لێرە هەمومان دەستمان بەکڵاوەکەی خۆمانەوە گرتوە تا با نەیبات ، بێ ئاگا لەوەی ڕەشەبای سیاسیە نەفامەکان نەک هەر کڵاو سەریشمان بەفەتارەدا دەبات .

لەم شارە کۆمەڵێ دەموچاو هەن هەموو شتێکیان قۆرخ کردوە،هێندە خۆ ویستانە کاریان کردوە هەموو شتێکیان بەسەر یەکدا شێواندوە،لێرە سیاسەت مەدار تەنها ئیشی سیاسەت نیە،بازرگانە ، بەرپرسی دائیرەیەکە ، وەرزشوانە ، پۆلیسە ، مامۆستایە ، دکتۆرە،ئەندازیارە ،….

کوڕە هەر مەپرسە ، بەخوا فەنتەڵۆسێکە بۆخۆی ، بەڵام باوەڕتان هەبێت ، ئەو دۆخە پڕ لە ئەنارشیەتە تەنها ناکەوێتە ئەستۆی ، کۆمەڵێ کەسی چڵێسەوە ، بەڵکو ئۆباڵی گەورەی بۆ گەنجان و خوێندەوارانی ئەم شارەیە ، باوەڕبکەن قسەی برادەرێکم هەیە بەتەواوی بەسەر ئەم شارەدا دەچەسپێ ” لە غیابی عەقڵ و مەعریفەدا دارو بەرد ڕۆڵی خۆیان دەبینن ، من لۆمەی کەس ناکەم ، چونکە لەوانەیە ئەوان هەر ئەوەندەی لێ بزانن ، کەوابێ با ڕەخنەو قسەکانمان کۆ بکەینەوەو بیکەین بە کردار و بە کەسانی ناشارەزاو نا بەرپرس بڵێین ، ئییییتتترررر بەسەەەەەە