عەتا قەرەداخی : رۆحی گشتی کۆمەڵگەو لادان .

ئەنتۆنی گیدینز لە کتێبی ” لەو دیو چەپ و راستەوە ” کە لە ساڵی 1994دا لە کامبریج چاپی یەکەمی کردووە ، دوای ئاخاوتنێکی زۆری نێوان چەپ و راست ، لیبرالیزم و کۆنسێرڤەتیزم ؟، مۆدێرنیزم و نەریتگەرایی ، دیموکراسی و تۆتالیتاریزم ، سۆشیالیزم و سەرمایەدەری ، باسی دەوڵەتی رەفاهیەت و خێرو ئاسوودەیی هەمووان دەکات واتە Welfare State . مێژووى باسکردنی ئەم جۆرە دەوڵەتەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی کە لەو کاتەدا راپۆرتی بێڤەریج بەریتانیا پێشنیاری چارەسەرێکی تا ئەو کاتە ئەنجامنەدراوی کرد وەکو بەشێک لە بیناکردنەوەى فراوانتری بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری .

سەرکەوتن لە جەنگی دووەمدا جۆرێک لە دڵنیایی بۆ دەوڵەتانی سەرکەوتوو کە بەریتانیاش یەکێک بوو لەوان هێنایە ئاراوەو ئەو پێشنیارە بوو بە نەخشە رێگای دەوڵەتی خۆشی و رەفاهیەتی هەمووان لەو وڵاتەدا. مەبەست لە دەوڵەتی رەفاهیەت و خۆشی و ئاسوودەیی هەمووان سیستێمێکە کە حکومەت تیایدا پرۆژەى بەرپرسیارێتی سەرەکی دادەنێت و دەخاتە ئەستۆی خۆی بۆ پێشکەشکردنی سەلامەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ دانیشتوانی وڵاتەکەى ئەویش بە رێگای پێدانی موچە و ، سوودی کۆمەڵایەتی و ، چارەسەری پزیشکی و چاودێری تەندرووستی بێبەرامبەرو ، خوێندنی خۆڕایی و ، کار و ، شوێنی ژیان و نیشتەجێبوون بۆ هەمووان . ئەم شتانە بە جۆرێک باس دەکران ، لە ساڵی 1948دا رۆژنامەى تایمز لە سەروتارێکدا رایگەیاند: ئەم پێشکەش کردنانە سەلامەتی و دڵنیایی هەمووان لە بێشکەوە بۆ گۆڕ دابین دەکات ” . چەمکی دەوڵەتی رەفاهیەت و خۆشی و ئاسوودەیی گشتی رووبەرووی ململانێ دەبووەوە لە نێوان ئەوانەى لایەنگری نەریتی لیبرالیزم بوون لەگەڵ ئەوانەى داواکاری دەوڵەتی یەکسانی بوون . ئەمە بێجگە لەوەى هەر یەکە لە چەپ و راستیش هەریەکە بە جۆرێک رەحنەیان لەم جۆرە دەوڵەتە دەگرت . بۆ نموونە بارودۆخی دوای شەڕ کە قەیرانی ئابووری بە دوای خۆیدا هێنا رێگر بوو لەبەردەم ئەو چکسازی و پێشکەشکردنانەى کە دەبوو بکرێت لە پێناوى رەفاهیەت و خۆشی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی خەڵکدا.

لە بەریتانیادا کە لە ساڵی 1974-1979پارتی کرێکاران لە دەسەڵاتدا بوو ، لە ساڵی 1976 دووچاری قەیرانی دارایی هات ئەوەش وایکرد کە وڵات پێویستی بە جۆرێکی تر لە بەڕێوەبردن بێت بە تایبەتی لەو ماوەیەدا ، بنەماکانی دەوڵەتی رەفاهیەت و خۆشی و ئاسودەیی گشتی پاشەکشەى کردبوو ، بارودۆخەکە پێویستی بە جۆرێک لە چاکسازی و بیناکردنەوە هەبوو ، ئەوەش مانای دوو بارە بیناکردنەوەى ئەو جۆرە دەوڵەتە بوو . لەم رووەوە باڵی راست کە پارتی کۆنسێرڤەتیڤی بەریتانیا بوو باشتر وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی دایەوە ئەوەش وای لێکرد کە لە هەڵبژاردنی 1979دا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و لەم بارەشدا ئەم پارتە راستڕەوە کەوتە ریفۆرم کردن و راپۆرتەکەی ساڵی 1942ی سەبارەت بە دەوڵەتی رەفاهیەت و خۆشی و ئاسودەیی گشتی کردە نەخشەی کارو سیتسێمی نامەرکەزییەتی بەڕێوەبردن و ئابووری دامەزراند . بێگومان کاتێ ئەنتۆنی گیدینز باسی سیتسێمەکانی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری دەکات بە چاوی رەخنەوە سەیر دەکات و کاتێ باسی دەوڵەتی رەفاهیەت و خۆشی و ئاسودەیی گشتی دەکات نموونە بە بەریتانیا دەهێنێتەوە ، بەڵام پێی وایە ئەم دەوڵەتەش ناتوانێت ویستەکانی خەڵک وەکو ئەوەى کە دەخوازن و تەنانەت وەکو ئەوەشی کە دەشێت جێبەجێ بکات ، هەروەک دەوڵەتی سویدی کە بە دەوڵەتی یەکسانی گشتی ناو دەبرێت هێشتا جێگای دەیان جۆری نایەکسانییەو چەندین شێوازى نەبوونی عەدالەتی تێدا دەبینرێت . نموونەى سۆڤیەت و ئەوروپای رۆژهەڵاتیش کە بەناوى سۆشیالیزمەوە بوون جۆرێکی تر بوون لە سیستێمی تۆتالیتاری و ، لیبرالیزمی رۆژئاواش نەیتوانیووە یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی وەکو ئەوەى کە دەبێت دابین بکات و رۆحی مرۆڤ لە هەموو جۆرە کۆت و پێوەندێک رزگار بکات . کۆی ئەم سیستێمانەش لە نێوان چەپ و راستدا دابەش دەبن کە سەرباری جیاوازى لە سرووشت و شێوازى کارکردن و ئاستی هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک هێشتا هیچ کام لەم سیستێمانە نموونەیی نین . دیارە مەبەستمان لەم قسەیەش ئەوە نییە بڵێین ئەو سیستێمەى نموونەیەی لە خەیاڵی زۆربەماندایە جۆرێکە لە یۆتۆپیا ، یان کۆمارێکی خەیاڵیە وەکو ئەوەی تۆماس مۆر ، یان شاری هەرە تەواوى فارابی . نەخێر ئێمە باسی یۆتۆپیاو شاری خەیاڵی و شاری هەرە تەواو ناکەین بەڵکو باسی سیستێمێکی سیاسی ئیداری دەکەین لەسەر زەمینەى واقیع کە جۆرێک لە عەدالەت و یەکسانی تێدا بێت و تیایدا سوکایەتی بە بوون و کەرامەتی ئینسان نەکرێت . لەم رووەوە ئەنتۆنی گیدینز لە ئەو دیو چەپ و راستەوە باسی ئەگەری سێیەم دەکات کە بەلای ئەوەوە درووستکردنی جۆرێکی ترە لە سیستێمی فەرمانڕەوایی کە جیاواز بێت لە سیتێمی درووستکراوى کەلتوورو عەقڵی چەپ و سیستێمی درووستکراوو بەرهەمی کەلتوورو عەقڵی راست. دیارە ئەوەشمان ئاگا لێیە کە تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشتری بەریتانیا باسی لە رێگای سێیەم کرد.

دیار درووستکردنی سیتێمێکی لەم جۆرەش هێزو بکەری تایبەتی خۆیی دەوێت کە دەشێ لە ئاستێکی تردا مەبەست بکەرێک بێت لەو دیو چەپ و راستەوە کە ئەو بکەرەش دەشێ بە هێزی سێیەمیش ناوببرێت کە هێزی عەقڵی و فیکری و هێزی فیزیکی یان مرۆیش دەگرێتەوە. بە تایبەتی کاتێ گیدینز باسی ئامانج یان مەبەستی حکومەتی باش دەکات ، پێی وایە ئەو حکومەتە پێویستە بە دوای بەهێزکردنی ئاسوودەیدا بچێت و خۆشی و ئاسوودەى تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیش دەبێ لەم رێگایەوە پێناسە بکرین . هەروەک دەڵێت با ئێمە ئەوە پەسەند بکەین کە ئاسوودەیی بەهۆی ئاسایشی عەقڵ و جەستەوە ، بەهۆی رێزی خۆگرتنەوە ، لەگەڵ هەل رەخساندن بۆ بە واقیعیبوونی خودو توانا بۆ خۆشەویستی پتەوو بەهێز دەکرێت ( ئەنتۆنی کیدینز : لەو دیو چەپ و راستەوە – چاپی ئینگلیزى ، ل:180) بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە مرۆڤ لە ململانێی بەردەوامدا بووە لە پێناوى گەیشتن بە ئاسوودەییدا، هەروەک ئاسوودەیی بەهایەکی گەردوونی هەیەو ئەم بەهایەش لەسەردەمی ئەرستۆوە باس کراوەو لە هەموو سەردەمەکانداو تاکو ئێستای لەسەردەمی مۆدێرنێتەش دیسان مرۆڤ بە دوایدا دەگەرێت و دەیەوێت پێی بگات. ئەگەر لەسەردەمی دێریندا والێکدرابێتەوە کە چالاکیە خاوێنەکانی رۆح ئاسوودەیی و نەریتە توندو چەقبەستووەکانی پێکەوە بەستبێت ، بەڵام هێشتا ئەوە ئاشکرایە کە ئاسوودەیی وەکو هۆکارو بابەتی رزگاربوون شتێک بووە لەپەرەسەندندا بێت ، بەڵام لەلایەن ئەو هێزانەی پەرەسەندنەوە کە دامەزراوە مۆدێرنەکان لە جیهاندا بەرهەمیان هێناون و بواریان پێداون سەرکوت دەکرێت و بواری بەدیهاتنی نادرێت . ئەمەش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات ئەگەر ئازادی و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پارستنی کەرامەتی مرۆڤ بە گشتی و دابین کردنی هەموو ئەو بنەمایانەى کە بۆ ژیانێکی پڕ کەرامەت پێویستن کە هەندێ پێیان وایە ئەوە لە سایەى سیتێمی دەوڵەتی رەفاهیەتءخۆشی و ئاسوودەیی گشتیدا دەبێتء هەندێکی تر پێیان وایە لە سایەی سۆشیالیزم و هەندێ لە سایەی لیبرالیزم و هەندێکی تریش لە سایەی دەوڵەتی یەکسانیدا دەبێت ، کە دیارە هەریەکە لەم سیستێمانە لە ئاستێکدا دەتوانن بەشێک لە ویستەکانی مرۆڤ بەدیبهێنن کە هەموو ئەمانە لەوەدا کۆدەبێتەوە داخۆ کامیان زیاترین ئاست لە ئاسوودەیی بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەکەن چونکە ئاسوودەیی ئەنجامی بوونی دەوڵەتی باشە بە چەمکی گیدینز . بەڵام لەسەروی هەموو ئەمانەوە وەکو گوتمان ئەوە ئاشکرایە کە ئاسوودەیی لەلایەن دامەزراوزەکانی کۆمەڵگەى مۆدێرن یان هاوچەرخەوە سەرکوت دەکرێت ، ئەمەش لە ئاستێکی تردا ئەوە دەگەیەنێت کە ئاسوودەیی نموونەیى تەنیا لە یۆتۆپیادا تەسەور دەکرێت . بەڵام ئەوەش چارەنووسی مرۆڤە دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵبدات دەوڵەت و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی خۆی نزیک بکاتەوە لەو یۆتۆپیاوە واتە کۆماری خەیاڵی یان شاری هەرە تەواو بۆ بەدەستهێنانی زیاترین ئاستی ئاسوودەیی . ئەنجا ئایا کێ ئەوە دەکات بێگومان ئەوە هەر مرۆڤ خۆیەتی ، کە هەرچۆن لە لایەکەوە ئاسوودەیی سەرکوت دەکات لە رێگای بەرهەم و دامەزراوەکانی مۆدێرنێتەوە یان لە رێگای داب و نەریت و عەقڵی داخراوو کەلتووری دواکەوتووەوە ، بە هەمان شێوە بەڵام بە ئاراستەیەکی تر کۆشش دەکات بۆ درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئەوتۆ کە زەمینەى گەیشتن بە ئاسوودەیی تێدا فەراهەم ببێت .

ئێمە دەزانین ئەوەى کە لەسەرەوە باسمان کرد ، کە بە پێی بۆچوونێک لە ئاسوودەیی گشتیدا چڕدەبێتەوە ، لە رێگای درووستکردنی یەکێک لەو جۆرانەى دەوڵەتەوە دەبێت کە لەسەرەوە باسمان کردن ، ئەگەرچی ئەوەش ئاشکرایە کە دەوڵەت وەکو بەرزترین دامەزراوی دەسەڵات خۆی لە ئاستێکدا بکوژی ئازادی و ئامرازی سەرکوت کردن و بەربەستی بەردەم ئاسوودەیشە ، هەرچەندە پێشتر ئێمە ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە گیدینز باسی دەوڵەتی باش دەکات هەرچەندە بە بڕوای من ئەم قسەیەش زۆر رێژەییەو ئەستمە بتوانرێت هێندێ پێوانەو سنووربەندی بۆ ئەوە دابنرێت کە ئەگەر دەوڵەتێک بەم جۆرە بوو ئەوە دەوڵەتی باشەو ئەگەر بەم جۆرەش نەبوو ئەوە دەوڵەتی خراپە . کەواتە دەتوانین بڵێین هەموو دەسەڵاتێک بکوژی بەشێک لە ئازادییەکانی مرۆڤە کە دەشێ ئەوەش بە جۆرێک بەشداری بکات لە سەرکوت کردنی ئاسوودەیدا. ئێمە پێشتر باسی رێگایەکی ترمان کرد بۆ گەیشتن بەو ئاسوودەییە کە لە دەوڵەتی رەفاهیەت و خۆشی و ئاسودەیی گشتیدا بەدیدێت . لەو ئاقارەشدا ئاماژەمان بۆ جۆرەکانی تری دەوڵەت کرد کە هەریەکەیان دەشێت بەجۆرێک و بە رێژەى جیاواز کار بکات بۆ فەراهەمکردنی زەمینەى بەرهەمهێنانی ئاسوودەیی گشتی بە تایبەتی دەوڵەتی لیبراڵ و دەوڵەتی یەکسانی و دەوڵەتی سۆشیالیستی . ئایا لە لای نەتەوە بێ دەوڵەتەکان چۆن سەیری ئاسوودەیی گشتی دەکرێت ؟ ئایا دەشێ لە دەرەوەى بوونی دەوڵەت باسی جۆرێکی تر لە دامەزراو بکرێت کە رۆڵی دەوڵەتی رەفاهیەتءخۆشی و ئاسودەیی گشتی ببینێت ؟ بە بۆچوونی من نەخێر ، چونکە ئاسوودەیی بەبێ گەیشتنی رۆحی کۆمەڵگە بە ئاستی رەهای خۆی لە ئازادی ناتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات ، هەر رۆحێکیش نەتوانێت ئازادانە گوزارشت لە خۆی بکات مانای وایە ئەو زەمینەى نییە کە تێیدا بەدوای ئاسودەیدا بگەرێت یان تەنانەت ئەگەر بە دوای ئاسوودەیشدا بگەڕێت ئەوە ناتوانێت بەدەستی بهێنێت . لەبارێکی وەهاشدا کە رۆح ناتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات ، ئەوا لەباری هەڵچووندا دووچاری لادان دەبێت. ئەوەى لەم ساڵانەدا لە کۆمەڵگەى کوردیدا دەگوزەرێت راست و درووست دەرئەنجامی لادانی رۆحی گشتی کۆمەڵگەیە ، چونکە ئەو رۆحە گشتیەی کۆمەڵگەى کوردی کە گەیشتۆتە قۆناغی هەڵچوون و بڵندبوون ناتوانێت بە درووستی گوزارشت لە خۆی بکات کە ئەو گوزارشت کردنە تەنیا لە درووستکردنی دەوڵەتدا بە دیدێت ، کە لە بنەڕەتدا گەڕانی رۆحی گشتی کۆمەڵگەیە بە دوای ئاسوودەیدا ئەو ئاسوودەییەش تەنیا لە بوونی جۆرێک لە دەوڵەتدا بەدیدێت کە وەکو پێشتر گوتمان ئەویش دەوڵەتی باشە .

بێگومان وەکو گوتمان زۆرێکی کێشەکانی کوردستان دەرئەنجامی ئەو لادانە رۆحیەن لە کوردستاندا چونکە ئەو دەسەڵاتەی لە کوردستاندا ماوەى بیست ساڵە بە ناوى دامەزراوەى فیدراڵی بەردەوامە ، ناتوانێت لەوەى ئێستای زیاتر پەرەبسەنێت لە رووی یاسایی و لە رووی بوون بە زەمینەوە بۆ گوزرارشتکردنی رۆحی گشتی کۆمەڵگە لە خۆی ، واتە هیچ رووبەرێکی تر نەماوە کە رۆحی گشتی کۆمەڵگە گوزارشتی تێدا بکات . کاتێ لە هەموو ئاستەکاندا تووندو تیژییەکی پێشتر لە وێنە نەبوو بەرهەم دێت ، راستە بەشێکی دەرئەنجامی هۆکاری کەلتوورییە ، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەو تووندو تیژی و پشێوییە سەرکوتکردنی رۆحی گشتی کۆمەڵگەیە لە چوارچێوەى سیستێمی فیدراڵی ئابڵوقەدراودا . کاتێ مامۆستا توندو تیژی بەکاردێنێت ، پۆلیس لە خۆپیشاندەر دەدات ، جەماوەری خۆپیشاندەر پۆلیس و پێشمەرگە بەردبارن بکات و هەڵبکوتێتە سەر دامودەزگای حکومەت کە لە ئەسڵدا هی ئەو جەماوەرە خۆیەتی ، کاتی بەرپرسی حیزبی و حکومی هەڕەشەدەکات و نەخشەى سەرکوت کردنی جەماوەر دادەنێت ، کاتێ دەسەڵات و سەرکردە گوێ لە جەماوەر ناگرێت . کاتێ جەماوەر ئینتیمای نامێنێت بۆ نیشتیمان و نەتەوەو ناتوانێت بیر بکاتەوە لەوەى دەیکات ، کاتێ ئۆپۆزسیۆن تووڕەیەو پەلەیەتی بگاتە کورسی دەسەڵات و زۆرێک لەودەستکەوت و بەهایانە دەڕوخێنێت کە خۆی بەشداری خەباتی سەختی کردووە لە درووستکردن و بەرهەمهێنانیدا. کاتێ لادانی رۆحی دەگاتە لوتکە لەگەڵ خۆیدا ئەو لادانە ئەخلاقیە دەهێنێت کە روخێنەری دڵسۆزی و ئینتیماو پەیوەستبوونە بە بەها جێگیرەکانی مرۆڤەوە کە ناشێت سەوداگەرییان لەسەر بکرێت چونکە روخاندنی ئەو بەهایانەیە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی رووتکراوە لە بەها مرۆییەکان و دزی و گەندەڵی و بەدرەوشتی پێدەکات . هەموو ئەم دیاردانە دەرئەنجامی لادانی رۆحی گشتی کۆمەڵگەیە لە ئەنجامی نەتوانینی بڵندبوونی زیاترو گەیشتن بە بەرزترین ئاستی ، کە ئەوە تەنیا لە درووستکردنی دەوڵەتی کۆمەڵگەدا دەبێت. بە گوێرەى کۆمەڵگەى کوردی تەنیا لە درووستکردنی دەوڵەتی باشدا کە وەکو پێشتر گوتمان دەوڵەتی رەفاهیەت و خۆشی و ئاسوودەیی گشتییە، رۆحی پاسیڤبوو یان لە رێگا لادراوى ئەم کۆمەڵگەیە دێتەوە سەر هێڵی راستی بڵندبوونی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاسوودەیی و تەنیا گەیشتنیش بەو ئاسودەییەى کە وەکو گوتمان بەرهەمی یەکسانیء عەدالەت و هاوڵاتیبوونی راستەقینەیە ، کۆمەڵگەى کوردی لەباری پشێوى بەردەوامی ئێستای رزگار دەکات کە ئەو ئاسوودەییەش تەنیاو بەس تەنیا لە درووستکردنی دەوڵەتی باش یان دەوڵەتی رەفاهیەت و خۆشی و ئاسوودەیی گشتیدا دەستەبەر دەبێت .

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies