Shehid-Cebar

پاش 34 ساڵ لەشەهید بوونی نامەیەک بۆ مام جەلال دەنێرێت ..

نامەیەک بۆ مام جەلال خۆزگە دەمزانی لەکوێیت ؟

لەسەر تەختی کام نەخۆشخانە کام تیمارگا کەوتوویت ؟

دەبێت چیت بێت ؟

وابۆ ساڵێک دەچێت نە ڕەنگت دەبینین و نە دەنگێکت لێوە دیت ! من دەزامن وشەکان لەناو قوڕگتدا پەنگیان خواردۆتەوەو نایەنە دەر، ئەوان بەوەفان … نایانەوێت شوین پێی جارانی ژێگەلی قوڕگێک ببڕن .

بەشەقامی زارێکدا هەنگاو بنێن کە هەمیشە وەک نەعرەتە .. وەک بومەلەرزە هاڕەو هاژەی هاتبی .. کەچی ئێستا لە ئاست وتنی دوو ووشە یان یەک دوو ڕستە جۆش داماوەو گۆناکا .

من دەزانم دەستەکانت شەرم دەکەن .. خەجاڵەتن بۆ تۆزێکیش لێت جیاوەبن ، ئاخر تۆ فێرت کردبوون لەبەرزبونەوەو هەڵبران هەزاران هەزار پێشمەرگەی دەجوڵان . کەچی ئێستا لەژێر چەتری شانەکانتا کڕووز .. کڕووز .. مات .. مات بە جەستەتەوە نوساون بێدەستەوەستان .

من دەزانم پێکانت باوەشییان بە سیستەمەکەتدا کردوەوبۆ تۆزقاڵێکیش نایەنە خوار، بێزییان ناییەت ماچی زەوییەک بکەن کەڕایانبگرێت بە گۆچان .. یان بە هاتنە ژێر باڵ . ئاخر ئەوان بەس بەرزی شاخ و بەرینی دەشت وکوچەو کۆڵانی شارە حەیاتەکە و قەڵاو منارەی پیرە هەولێر وەک فەرشی سوور ڕاخرابوون لەبەر پێیان ، بۆیە شەرمندەن بەم شێوە وەستاندنەیان .

 من دەزانم چاوەکانت نایانەوێت .. پێیان ئەخزە هەڵبین و لەپەنجەرەی ژووری تیمارگاکەوە سەیری دیمەنی بکەن کە غەریب و نامۆیە پێیان . ئاخر ئەوان هەر بەباڵای نیشتیمان و بەباڵای شەهیدا هەڵهاتوون ، ئەوان فێربوون بەکەمێک گرژی و تۆزێک خێسە دوژمنیان خستۆتە لەرزە  . من هیچم لەگەڵ جەستەدا نییە  ، ئەوان هەموو وەک ئاو .. شنەی با وەک بەفر و نمەی باران بوون بەبەشێک لەمێژوت و بەشێک لە نیشتیمان . تاکە شت کە تییاماوین .. من و زۆر بەشە گەلیکی زۆر کە تا ئێستاش تێڕاماوین .. سەرسوڕماوین .. بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا وێڵین کە نازانین چۆن دەرمان خواردییان کردی بەو پەرداخە ژەهرەی ناوی ” پەیمانی ستراتیجی یان ” لێنا بۆتان ؟! ئیتر ئەو ژەهرە بوو بە خۆرکەی تفەنگی شۆڕشت و هەمووی لێکترازان ، بوو بوو مۆرانەی مێژووت و هەموو تاق و ڕەفەکانتی ڕزان !! ئەمە جەستەتە ئەگەر ئێستا هاوڕێی و هاوشانی مەرگ نەبێت ؟! هەموو دەمرین ئەمە یاسای خوا و ژیان و سروشتە ..

ئەمە نە نەنگییە و نە شەرم . نەنگی و شەرم ئەوەیە کە تۆ دەشارننەوە لێمان . ئاخر تۆ تا چاو و دەم و پێکانت هی خۆت بوون وەکو ووتم هەمیشە بەدەرەوە بوون دەمان بینین .. دەیان بینین .. دەییان دواندین .. دەمان دواندن .. کەچی ئێستا وەک ئەوەی هیچی هی خۆت نەبن خەڵکی تر بڕیاری دەدات کەی دەرکەون .. کەی دەرنەکەون .

تۆ ئەگەر هی ئەوان نەبویتایە ئێستا هەروەک جاران چۆن بە زیندویی تا چاو حوکمی بڕکردنی ببوایە هەر بە ڕاست و هەر بە چەپتتا ، هەر بە سەرو و هەر بە خوارتتا ئەڵقە .. ئەڵقە دەورە درابوی بە خەڵک ، ئێستاش بەهەمان شێوەی جاران دەبوی بگرە زیاتریش و لەوکات جوانتر وەک وەفایەک بۆ خەباتت .. بۆ شۆڕشت . گەر ئەوان بییەڵن تۆ هەر باوکەکەی تەیموریت و هەموو تەیمورە کوڕ و کچەکان هەر منداڵی تۆن ! گەر ئەوان لێگەڕێن من دەزانم یەکسەر بێیەکودوو لە دەباشندا بە گۆچانەکەتەوە هەروەک جاران چۆن دەتوەشان بەهەمان شێوە بەڵام ئەم جارەیان ئامبازی پەیمانی بە ناو ستراتیجی دەبووی هەموو سەر و گوێلاکیت دەشکاند . دەستێکیشت درێژ دەکرد بۆ کاکە نەوە .. کاکە نەوەکەی جاران ، هەرچیت مابوو لە خەبات .. لەشۆڕش و تێکۆشان دەتدایە ئەو دەستە سپییەو پێت دەسپارد ، چونکە بێگومانم کەلەو بە ئەمەکترو بەوەفاترت هەڵنەدەبژارد ….

شەهید جەبار پێشمەرگەی هەرێمی پێنجی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت و لە 29/6/1979 لە بەری قەراخ ئەکەوێتە بۆسەی دوژمنەوەو شەهید دەبێت . کەسێک لە کەسە نزیکەکانی شەهید جەبار بەناوی شەهید جەبارەوە ماڵپەڕێکی  لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کردۆتەوەو ئم نامەیەی بەناوی ئەوەوە بڵاوکردۆتەوە …

وێنەی شەهید جەبار

Shehid Cebar