nawt

لوقمان غه‌فوور : ته‌ق و هوڕی به‌رمیل له‌یاده‌وه‌ری مندا ناسڕێته‌وه‌ .

سه‌رله‌به‌یانی 30-11 له‌ناكاو ده‌نگی به‌رمیل هێنامییه‌ ناو كۆڵانی گه‌ڕه‌ك ، ده‌نگی به‌رمیل بۆ من بوومه‌ به‌مێردزمه ‌، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌م نه‌بوونی سووته‌مه‌نی چێشتووه‌ ، كه‌ گوێم له‌ده‌نگی به‌رمیل ده‌بێت هه‌ست به‌سه‌رمایه‌كی توندی زستان ده‌كه‌م ، ئه‌و دوو قوتابییه‌م دێته‌وه‌ یاد كه‌ ساڵی نه‌وه‌ده‌كان له‌سه‌یدسادق له‌سه‌رمادا ره‌قبوونه‌وه‌ ، رۆژانی سه‌رمای به‌شی ناوخۆییم دێته‌وه‌یاد ، تازه‌ ئه‌مه‌ له‌نه‌ستی مندا جێگیر بووه ‌، كه‌ به‌پێی رای سیگمۆند فرۆید زانای شیكردنه‌وه‌ی ده‌رونی ئه‌وه‌ی له‌نه‌ستدا جێگیر بوو، مه‌حاڵه‌ وا به‌سانایی له‌كه‌سێتی مرۆڤ ده‌رچێته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ماوه‌ی 6 ساڵه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی به‌رمیل گوێچكه‌كانم هه‌راسان نه‌كات و رۆكردنی نه‌وت له‌م به‌رمیل بۆ ئه‌و به‌رمیل نه‌مباته‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌ تاڵه‌كانی له‌مه‌وپێش، یه‌ك به‌رمیل نه‌وتم له‌رێگه‌ی بریكاری خۆراكه‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو به‌نرخی گران له‌بازاڕی ره‌ش كڕیومه‌و بۆم ده‌هێننه‌ به‌رده‌رگا ، بێئه‌وه‌ی گوێم له‌ته‌ق و هوڕی به‌رمیل بێت ، هه‌ر كه‌سێكیش ئه‌و فۆرمی نه‌وته‌ی من وه‌رده‌گرێت ، گه‌ردنی ئازاد بێت، به‌خواستی خۆم شه‌ش ساڵه‌ پێشكه‌شم كردووه ‌.

كێشه‌كه‌ من نیم، كێشه‌كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ بینیم به‌دوای ته‌نكه‌ردا رایانده‌كرد و یه‌كێك به‌رمیلی تلۆر ئه‌كرده‌وه‌ و یه‌كێك ریزی به‌ستبوو، یه‌كێكی دیكه‌ نه‌وتی رۆده‌كرد، له‌وانه‌یه‌ وه‌ك پیاوانی گه‌ڕه‌ك وتیان : ” بوون له‌نه‌بوون باشتره‌ “، به‌ڵام عه‌یبه‌كه‌ لێره‌وه‌یه‌ بۆ ده‌وڵه‌تێك كه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات ، به‌ڵام له‌یاده‌وه‌ری خه‌ڵكه‌كه‌یدا ته‌ق و هوڕی به‌رمیلی نه‌وت نه‌سڕێته‌وه ‌.

ئه‌وه‌ كاری من نییه ‌،  حزبه‌ كوردستانییه‌كان چۆن له‌هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ده‌ڕوانن ، باشه‌ یان خراپ ، هه‌ریه‌ك به‌دیدی حیزبایه‌تی و ئایدیۆلۆژی خۆی ، چۆن قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات ، به‌لای منه‌وه‌ هه‌نارده‌كردن تا ئه‌م ساته‌ هیچ له‌یاده‌وه‌ری منی ناگۆڕیوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ته‌ق و هوڕی به‌رمیلی نه‌وت ، ئه‌وه‌ی بۆ من بۆته‌ پرسیار له‌م ده‌وڵه‌ت یان وڵات یان هه‌رێم یان هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی تری ناو ده‌نێن خۆتان ناوی بنێن ، نه‌گونجاو و نه‌خواستراوه‌ نه‌وت به‌بۆری هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بكات، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌م رێگه‌یه‌ نه‌وت وه‌رگرێت ، له‌وه‌ش نابه‌جێ و نه‌خواستراو تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناشێت و نابێت، هه‌رێمێك نه‌وت هه‌نارده‌ بكات ، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی په‌نا به‌رێته‌ به‌ر نه‌وت وه‌ك وزه‌ی گه‌رمی بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌وه‌ و كاری رۆژانه‌ی، ئیتر ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌م قسانه‌ی مندا ئه‌وه‌یه ‌، هه‌نارده‌ی نه‌وتم بۆچییه‌ ، كه‌ ته‌ق و هوڕی به‌رمیل له‌یاده‌وه‌ری مندا نه‌سڕێته‌وه‌ ؟.