هێمن ڕەئووف : ئەوە ئازایەتییە لە مەترسیدایە نەک ئازادی !!

کەنەدا ..

ئەوە ئازادی ڕۆژنامەوانی نیە هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە لە کوردستان .  با ڕۆژنامەنوسان و نوسەران و ڕۆشنبیران نەپەشۆکێن . ئەوە ئەوان نین تیرۆر لە ڕێیان وەستاوە . هەرگیز بەختیار عەلی و فەرهاد پیرباڵ و کەمال ڕەووف و شوان محمد و ڕەحمان و نیاز و ئاسۆس و ڕێبین هەردی و هەڤاڵ ئەبوبەکر و هۆشیار عەبدوڵا و ڕەنج سەنگاوی و ئەوانی تر ناکوژرێن .. بێخەم بن و دڵنیابن ئەوان هەرگیز نابن بە گوللەوە .

ئەوەی هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە لە کوردستان ، ‘ ئازایەتییە ‘ . ئەو سیفەتەی لە ڕۆشنبیر و میدیاوانی کورددا بوونی نیە . مرۆڤە ئازاکان هەمیشە ژیانیان لە مەترسیدایە ، سەربازە چاونەترسەکانن لە جەنگدا دەکوژرێن . کۆیلە ئازاکانن دەرگای بەندیخانەکان دەشکێنن و دەپێکرێن ، پاشان ترسنۆکەکان بەسەر لاشەکانیاندا دێنە دەرەوە و هەوای ئازادی هەڵدەمژن . کرێکارێکی ئازا ئاگر لە جستەی خۆی بەردەدات و دەمرێت ، خلیج نشینەکانیان دێنە سەر تەخت و شانازی بەخۆیانەوە دەکەن . گوندنشینە ئازاکان بوون ماڵەکانیان دەکردە دیوەخانی پێشمەرگە و گوندەکانیان خاپور دەکرا .. لەبەر ئەوە، پێویست بە هات و هاوار ناکات .. پشتێنەکانتان بکەنەوە و بێخەم بخەون . من و تۆ چیمان هەیە شایانی کوشتن بین ؟

داخەکەم بۆ کاوەی جوانەمەرگ .. سبەینێ دوانی وەکو ئەحمەد میرە و توانا عوسمان لافی ڕۆژنامەوانی لێدەدەن و دەنگ هەڵەبڕن و دەڵێن مەمان کوژن . سبەینێ هاوڵاتی و ئاوێنە و شار و سپی و ئەوانی تر خۆیان وەک قوربانی دەستی تیرۆر دەناسێنن . سبەینێ گۆشەنوسەکانن ڕەواجی باش لەسەر خوێنی کاوە پەیدادەکەن . سبەینێ شاعیرە درۆزنەکانن خوێنی کاوە دەخەنە ڕستەوە و ناوبانگی پێپەیدا دەکەن . سبەینێ ڕۆژنامەنوسە ترسنۆکەکانن دێنە سەر جادە و باڵەفشەی ئازادی ئازادی لێدەدەن .  سبەینێ هەندێک نوسەری هەلپەرستن بە کەیسەکەی کاوە لە وڵاتێکی ئەوروپی مافی پەنابەری بۆخۆیان دەسێنن .

لەو کوردستانەی ئێمەدا جگە لەو تەسفیە حسابەی حیزبەکان لەناو خۆیاندا بە تیرۆر خۆیانی تیدا ساغ دەکەنەوە . جگە لە هەندێک گەنجی ئازا و گیانفیدا نەبێت ، کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات یەک نوسەر و ڕۆژنامەوان و چالاکوان لە مەترسیدا ناژین . هیچ دەسەڵاتێک لە دونیادا بەقەد ئەوی خۆمان سود لەم جەڵەبە قەڵەمبەدەستە نابینێت . بەهۆی ئەم تاقمە هەلپەرستەوە سەرۆک و سەرکردە گرگنەکان دەتوانن بلێن ” ئەوەیە ئازادی ، ئەوەیە دیموکراسی ، ئەوەیە ئاسایش .” دەتوانن ناوی سەدان ڕۆژنامەو گۆڤار و تیڤی و تۆڕی میدیایی وەک بەڵگەی ئازادی بەکار بهێنن .. دەتوانن دەیان ڕۆژنامەوانی سوک بەدوای خۆیاندا ڕاکێشن بۆ کۆبونەوە کان و سبەینێ ” لەزاری بەرپرسێکی باڵا ” وە قسە بۆ ئێمە بکات .

کاوەی ئازا هەر ڕۆژەو ناوی بەرپرسێکی گەندەڵی بڵاودەکردەوە ، هەر جارە و سەری بەرپرسێکی لە بەرگی گۆڤارەکەی دەداو ئابڕووی دەبرد . بەڵام ئەوانی تر هەر ڕۆژە و دەستەواژەیەکی نوێ بەکار دەهێنن بۆ ئەو بەرپرسانەی کە ناوێرن ناویان بهێنن ، یان وێنەی کچێکی سێکسی لە بەرگی گۆڤارەکانیان دەدەن بۆ بوژانەوەی چاوی بەرپرسە شەرواڵ پیسەکان .

فیرات نیوز ماوەیەک لەمەوپێش هەندێک بەڵگەنامەی مێژوویی لەسەر تاوانەکانی بنەماڵەی بارزانی بڵاوکردەوە ، ڕۆژیی دوایی میدیاکانی سلێمانی وەک ئەوەی هەنگیونیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە و شتی وایان نەبیستبێت، ترسنۆکانە بەناوی فرات نیوزەوە بڵاویان کردوە . لەکاتێکدا بۆخۆیان سەدان بەرواری قێزەونتری حیزبە کوردیەکانیان لەبەر دەستدایە و بڵاوی ناکەنەوە .

هەتا بەگژداچونەوە نەبێت ، هەتا میدیایەک نەیەتە دەرەوە ئابڕووی پیاوە سیاسی و چەکدارەکان نەبات . هەتا شەرەف و شکۆی پیاوکوژان و ژنکوژان ژێرپێی ڕۆژنامەکان نەخرێت ، شەرمەزارییە ئەو میدیایە خۆی بکاتە خاوەنی شەهیدە ئازاکان .