عەتا قەرەداخی : ئایا عەقڵی سیاسی کوردی بەرهەمهێنی تیرۆرە ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایا کام عەقڵەیە کە تیرۆر بەرهەم دەهێنێت ؟ ئایا مەسەلەى تیرۆرو لە پشتەوە خەڵک کوشتن شتێکی نوێیە لە مێژووی کورددا ؟ ئایا لە چوارچێوەى دەسەڵاتە ناوچەییەکانی کورد خۆیدا جۆرێک لە تیرۆر هەبووە یان نا ؟ ئایا سلێمانی دەبێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ تیرۆر ؟ ئایا ئەوەى روودەدات جۆرێکە لە پشێوی ناوخۆ یان بەراستی سلێمانی بە تایبەتی و هەرێمی کوردستان بە گشتی لەبەردەم مەترسی هەڕەشەی تیرۆردایە ؟ ئایا رێکخراوە تیرۆریستیەکان لە کوردستان بە گشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی ئەوەندە بەهێزن کە هەڕەشە بن بۆ سەر ئارامی و ژیانی هاووڵاتیان ؟ ئایا چۆن دەتوانرێت رووبەری تیرۆر لە کوردستاندا بۆ کەمترین ئاست نزم بکرێتەوە ؟

تیرۆر بە مانای ترساندن و تۆقاندن دێت ، هەروەک تیرۆریزم بریتیە لە میتۆدی رێکخراوو سیستاماتیکانە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک کە ئەویش لە سادەترین ئاستەوە دەست پێدەکات تا بەرزترین ئاستی کە لە ناوبردنی جەستەییە . لە ناو جۆرەکانی تیرۆریشدا خراپترین جۆریان تیرۆری سیاسییە چونکە ئەمەیان پەیوەندی بە جیاوازی بیروڕاو ئایدیۆلۆجییەوە هەیە . هەروەک لەوەش خراپترو ترسناکتر تیرۆری رێکخراوە کە بەمەبەست لەمەش کوشتنی خەڵکە بە بەرنامە کە ئەوەی ئەمڕۆ لە جیهاندا دەبینرێت زیاتر لەم جۆرەیانە . دیارە تیرۆریش لە ئاستی یەکەمدا بەرهەمی ئەو عەقڵ و تێڕوانینە فیکری و ئایدیۆلۆجییەیە کە بڕوای بە بوونی ئەویتر نییەو تەنیا دەیەوێت خۆی هەبێت ، بۆ ئەوەى خۆیشی هەبێت ، پێی وایە دەبێ هەموو ئەوانی تر بسڕێتەوە کە ئەمەش ناشیرینترین ئاستە کە مرۆڤ تێیدا بژی کە لە راستیدا کاتێ مرۆڤ وەکو تاکەکەس یان وەکو دەستەوگروپ و حیزب و رێکخراوو دەسەڵات و دەوڵەت دەگاتە ئەو ئاستەى کە نەیارەکانی خۆی یان ئەوانەى کە لێی جیاوازن یان ئەوانەى کە تەنانەت مەترسیان هەیە بۆ سەر ئامادەبوون و دەسەڵاتی ئەو لەناویان ببات ، مانای وایە هەموو خاسێت و سیفاتێکی مرۆیی دەدۆڕێنێت ، بگرە ناکرێ تیرۆریست بە ئاژەڵێکی دڕندەش ناوببرێت چونکە دڕندەترین ئاژەڵ یان لە ئەنجامی برسێتیدا پەلاماری زیندەوەرانی تر دەدات یان لە ترسدا ، کە ئەمەی دواییان شەڕ یان ململانێیە لە پێناوی مانەوەدا ، کە دیارەى یاسای سرووشتیش ئەوەیە هەمیشە بەهێز بێهێز دەخوات . بەهەرحاڵ ئەو عەقڵەى تیرۆر بەرهەم دەهێنێت عەقڵێکی داخراوی تەنگە نەفەسی ناشیرینی ئەوتۆیە کە هەڵگرەکانی لە سادەترین بوونی مرۆیی رووتکراونەتەوەو بێجگە لە ناوی تیرۆریست هیچ ناوێکی تر لە ئاستی ناشیرینی ئەواندا نییە .

لە مێژووى مرۆڤایەتیدا پیاوکوشتن لە پشتەوە چیرۆکێکی کۆن و دێرینە ، بەڵام ئەوەى لە چوارچێوەى تیرۆردا پێناسە بکرێت ، رەنگە زیاتر لە مێژووى نوێدا بتوانرێت باسی لێوە بکرێت . لە کۆمەڵگەى کوردیدا لە دێر زەمانەوە کوشتن و بڕین و ماڵ و خەرمان و پاکژو باخ و رەز سووتاندن ماڕوماڵات تاڵانکردن هەبووە ، کە هۆکاری سەرەکی ئەم رووداوانەش یان مادی یان مەعنەوی بووە . مەعنەوی لەسەر پێگەو شوێنی عەشیرەت و بنەماڵەو درەختی بنەماڵە بووە ، کە ئەمەیان رووبەرێکی کەمتری داگیر کردووە . مادیش لەسەر زەوی و زارو پاکژو سنووری جوگرافیای خێل و عەشیرەت بووە کە زۆر کێشەى جۆراوجۆر لەم رووەوە روویداوەو زۆربەى کاتیش ئەم کێشانە بە سوڵحی عەشایەری یان خێڵایەتی چارەسەر کراون ، زۆربەى کوشتنەکانیش تۆڵەکردنەوە بووە واتە خوێن بە خوێن . بۆیە ناکرێت ئەو جۆرە کوشتنە لە مێژووى خێلایەتی کوردیدا بە تیرۆر دابنرێت .

بەڵام لە مێژووى دوو سەدەی رابردوودا کۆمەڵگەى کوردی بەجۆرێک لە جۆرەکان بەدەر نەبووە لە کوشتن یان هەوڵی کوشتن کە دەشێ بخرێنە چوارچێوەى تیرۆرەوە . وەکو جاری تریش ئاماژەم بۆکردووە یەکەم هەوڵی تیرۆری فیکری بەرنامە بۆ داڕێژراو لە مێژووى ئێمەدا هەوڵی تیرۆر کردنی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بووە ، ئەوەش ئاشکرایە بنەمای یەکتر قبوڵنەکردن هۆکاری ئەو هەوڵە بووە ، کە جیاوازی تێڕوانین و پێگەى دوو رێبازی تەسەوف لە پشتی ئەو هەوڵەوە بووە ، ئەمەش لە ئاستێکی تردا ئەگەرچی ناکرێت گوناهی ئەو هەوڵە بخرێتە سەر ئایین بەڵام لە سنووری ئاییندا روویداوە . دواتریش واتە نزیکەى سەدەیەک لەتێپەڕینی یەکەم هەوڵی تیرۆری فیکری لە مێژووی ئێمەدا ، تیرۆرکردنی جەمال عیرفان روودەدات و هەوڵی تیرۆرکردنی رەفیق حیلمی دەدرێت وەکو خۆی لە یاداشتەکانیدا باسی دەکات . ئەوەى لە یاداشتەکانی رەفیق حیلمیدا باس کراوە لە بارەى ترس و نیگەرانی خەڵکەوە ، تا ئەندازەیەک هاوشێوەیە لەگەڵ ئەوەى کە ئێستا لە سلێمانی و هەندێ شوێنی تری کوردستانیشدا دەبینرێت . واتە ئەو ترس و تۆقاندنەى کە رەفیق حیلمی باسی لێوە دەکات دەشێ لەم بارودۆخەی ئێستای سلێمانیدا هەستی پێبکرێت . کە هیوادارین ئەمە جۆرێک نەبێت لە تەسفیەى حیساب ، چونکە هەموو تەسفیەیەکی حیساب کۆتاییەکی تراژیدیانەى بۆ بکەرەکەکانی دەبێت .

بەهەرحاڵ مێژووی پەنجا ساڵی رابردوو ناو نێوەندی سیاسی و حیزبایەتی کوردی لەبەرچاوەو ئاشکرایە کە چەندین کەس لە پشتەوە لەبەر جیاوازی سیاسی و جیاوازی تێڕوانین و پەیوەندی حیزبایەتی لە کوردستاندا تیرۆر کراون کە دواترینیان شەهید کاوە گەرمیانییە . کەواتە عەقڵی سیاسی کوردی ، رووتکراوە نییە لەو بنەماو رەگەزانەى کە تیرۆر بەرهەم دەهێن و تەنانەت پیادەشی دەکەن . هەرچەندە لە کوردستان فەزایەکی وەها خوڵقیندراوە یان لای رووبەرێکی فراوان وەکو حەقیقەتی لێکراوە کە گوایە ئەوەى بەرپرسە لە تیرۆرو ئەوەى تیرۆری هێناوەتە کوردستانەوە ئیسلامی سیاسیە ، بەڵام ئەگەر بابەتیانە سەیر بکەین و مێژوو وەکو خۆی و وەکو ئەوەى هەبووەو روویداوە بخوێنینەوە ، ئەوا تیرۆر لە پێش دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسیشەوە لە کوردستاندا هەبووەو بە ئاشکراش دیارە هیچ کام لە عەلی بۆسکانی و رەئوف ئاکرێیی و بەکر عەلی و سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی .. لە لایەن ئیسلامی سیاسیەوە تیرۆر نەکراو ، دیارە ئەمە بەرگری نییە لە ئیسلامییەکانی کوردستان چونکە بەشێک لەوانیش رۆڵی نێگەتیفیان لەو روانەوە هەبووە ، بە تایبەتی لە تاوانبارکردن و تەکفیرکردنی نووسەران و شاعیران و هونەرمەداندا. کەواتە لێرەدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە لە نێو عەقڵی سیاسی و تا ئەندازەیەکیش لە کەلتووری سیاسی کوردیدا رووبەرێک ئەگەر تەسکیش بێت بۆ تیرۆر هەیە ، ئیتر ئەو رووبەرە تەسکە لە ئاستی تاکەکەس یان دەستەو گروپدا بێت ، خراپ ئەوەیە کە بوونی هەیە . بەڵام دیارە مەسەلەى تیرۆر بە گشتی لە عەقڵی کوردیدا نەبووەتە دیاردەو نەبووەتە کاری زۆرینەو ئەوانەشی کە لە نێو دەستەو گروپ و حیزب و خەڵکیشدا ئەو کارانە ئەنجام دەدەن یان لە پشتی ئەو کارانەوەن پێدەچێت زیاتر لە ئاستی تاکە کەسیی یان گروپی بچوکدا بن . بۆیە پێموایە لە بارێکی وەهادا ئەگەر دەسەڵات و حیزب و گروپ و دەستە سیاسیەکانی کوردستان بیانەوێت چارەسەرکردنی ئەو کارە تیرۆرییانەى ناو بەناو دەکرێن ئاسانە . ئەویش بەوە دەبێت کە لە ئاستی یەکەمدا یاسا سەروەر بێت ، لە ئاستی دووەمدا ئەگەر حیزب و لایەنە سیاسیەکان خۆیان بڕوایان بەو کارە قێزەونە نییەو خۆیان لە پشتییەوە نین ، پێویستە خۆیان پێش هەر کەسێکی تر ئەو کەسانەى ناو ریزەکانی خۆیان بدۆزنەوە کە ئەو کارانە دەکەن یان لە پشتیەوەن . ئەگەر ئەو جۆرە کەسانە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بوون ، پێگەى بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتی خۆیان بۆ ئەو کارە بەکارهێنابوو ، لە هەموو دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەک رووتیان بکەنەوەو بیانبەنە بەردەم دادگاو خۆیشیان ببن بە داواکار بەسەریانەوە . بێجگە لەوەش ئەگەر بەراست دەسەڵاتی کوردی و حیزبەکانی ئێمە دژی تیرۆرن ، پێویستە هەر ئەندام و کەسێکی سەربەوان یان نزیک لەوان کارێکی لەوجۆرەى بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کرد فڕێی بدەنە دەرەوەى حیزبەکەیان و سزای توندی حیزبیشی بدەن . پێموایە ئەگەر بەم شێوازە رەفتار بکرێت ئەوا دەتوانرێت ئەو بەشەى تیرۆر لە کوردستاندا کە کورد خۆی ئەنجامی دەدات زۆر کەم بکرێتەوە . بەشی دووەمی تیرۆریش کە لە لایەن دەرەوەى کوردستانەوە بەرەو ناوەوەى کوردستان لە لایەن قاعیدەو رێکخراوە ئیسلامییە تووندڕەوەکان و کۆنەبەعسی و دوژمنانی دەرەوەى کوردستانەوە ئاراستە دەکرێت چارەسەری ئاسانترەو ئەرکی هەموو تاکێکی کوردیشە لەو رووەوە یارمەتی دەری دەزگا تایبەتییەکانی ئەو بوارەبێت چونکە هەر هەنگاوێک بۆ دوورخستنەوەى مەترسی دەرەوە لەسەر کورد دەبێتە بەشداریکردن لە پارستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەداو زیاتر دابینکردنی هێمنی و سەقامگیری لە کوردستانددا کە ئەوەش دەبێتە هۆی هێمنی و سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا .

یەکێک لە گومانە سەرەکییەکانی هاووڵاتی بەرامبەر بەو کارە تیرۆریستی و تەقینەوەو کاری کوشتنانەى کە لە کوردستاندا دەکرێت ، ئەوەیە تاکو ئێستا دەزگا پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیووە قەناعەت بە جەماوەر بهێن ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەیان دۆزیووەتەوەو دەستگیریان رکردوون و پاشانیش بە ئاشکرا سزادرابن . بەڵکو بە پێچەوانەوە شێوازی مامەڵەکردنیان لە دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تاوانبارانی سەرەکی پشتی رووداوەکانەوە ، ئەو گومانەى لای خەڵک درووستکردووە کە ئەوانەى ئەوان دەستگیریان دەکەن و هەندێجار سزاش دەدرێن ، ئەوانە بکەری راستەقینەى ئەو کارانە نەبن . یان بەردەوام جەماوەر گوێبیستی ئەوە دەبێت کە سەرە داوێک دۆزراوەتەوە ، دوای ئەو سەرەداوەش هیچیتر نابینرێت بە تایبەتی بەرامبەر بە تاوانەکانی تیرۆری ناوخۆ . بۆیە ئەگەر ئەم شێوازە کارکردنە بەردەوام بێت زیانی گەورەى بۆ دامەزراوەکانی ئاسایش و دادوەری دەبێت لە کوردستانداو سەرئەنجام متمانەى جەماوەر بە تەواوی بەو دامەزراوانە هەرەس دەهێنێت و ئەوەش نیشان دەدات کە ئەم دامەزراوانە ناتوانن لە کارەکانیاندا سەربەخۆو پرۆفیشناڵ بن . واتە بە مانایەکی تر بەرژەوەندییەکانی حیزبەکان دەیانجوڵێنن کە ئەوەش وایان لێدەکات زیاتر لەوەى دامەزراوەى نیشتیمانی و نەتەوەیی بن دامەزراوەى حیزب و هەندێ لە پنتەکانی دەسەڵات بن . لەبارێکی وەهاشدا گومان دەکرێت کە بتوانرێت مەسەلەى تیرۆرو لە پشتەوە کوشتن لە هەرێمی کوردستاندا چارەسەر بکرێت . هەروەک دەشێ ئەو پشێوی و ناجێگیرییەی لەباری سیاسی و هەڵچوون و داچوونی بەرژەوەندییەکانی هیزب و کەس و پنتەکانی ناو دەسەڵاتی حیزبەکاندا هەیە رۆڵی نێگەتیف ببینن ، بەو مەبەستەى کە پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن . لەسەربنەمای مەلەکردن لە ئاوی لێڵدا ، بەڵام لە راستیدا لێرە ئاوەکە روونە ئەمان بە راوکردنی ماسیە بێ گوناهەکان ئاوەکە لە کۆی مەلەوانەکان کە جەماوەرە لێڵ دەکەن چونکە بەرژەوەندی عەقڵی تیرۆرکەر لە ئاوی لێڵ و لە تاریکیدایە .