muhamad-genawi

دکتۆر محەمەدئەمین گەناویی : ئاماژه‌كانی قه‌یرانی موچه .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌ر روداو قه‌یرانێ له‌سه‌ر ئاستی تاك بێ یان كۆمه‌ڵ و وڵات هه‌ندێ راستی وه‌ پرس و ئاماژه‌ له‌گه‌ڵ خۆیا ئه‌هێنێ .

كاتێ خوێندكارێ له‌ وانه‌یه‌كا یان چه‌ند وانه‌یه‌كا یان یاریزانێ له‌ یاساكانی توشی كه‌وتن و شكست ئه‌بێ ناكرێ ئه‌م راستیه‌ انكار بكات كه‌ پێش خۆ ئاماده‌كردن بۆ امتحان یان یاری كه‌می هه‌بووه‌ له‌ فێركردن .

كه‌ چۆن كه‌ڵك له‌كات وه‌ربگرێ بۆ ئه‌وه‌ی خاڵه‌ لاوازه‌كانی نه‌هێڵێ تا زۆرترین شت فێر بێ ، وه‌ هه‌روه‌ها ئه‌بێ ئه‌م پرسه‌ش له‌ خۆی بكات، كه‌ چۆن بتوانێ بۆ جاری داهاتو چی بكا وه‌ چۆن كار بكا ت. جگه‌ له‌مه‌ش هه‌ركه‌وتنێ وه‌ دروست بونی هه‌ر قه‌یرانێ ئاماژه‌یه‌ به‌ بونی نا دروستی له‌ئه‌نجامدان و دوربینیه‌كانی كاررا . واته‌ قه‌یران و شكست كاتێ دروست ئه‌بن وه‌ روئه‌ده‌ن كه‌ زه‌مینه‌ و ڕه‌گه‌زو خلفیه‌تی شكست و قه‌یران هه‌بێ . به‌ ئاماژه‌ به‌مه ‌، ئه‌توانین بڵێین ئه‌م قه‌یرانه‌ی موچه‌و داراییه‌ی كه‌ ئێستا ڕوبه‌ڕوی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ڕودانی ئاماده‌بوه‌ وه‌ ته‌نها پێویستی به‌كاتێكی كورت هه‌بوه‌ تا سه‌رهه‌ڵدبدات له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌رده‌وامی كۆی هه‌مو قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌كانی هه‌رێمه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ ، له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی بغداد وه‌ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ‌َ په‌یوه‌ندی ده‌وروبه‌رو وه‌ نه‌بونی شه‌رعیه‌تی جیهانی .

به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی پێشهاته‌كانی ئه‌م قه‌یرانی موچه‌و داراییه‌ی ئێستا كه‌ هه‌رچی بێ باش یان خراپ ئه‌م قه‌یرانه‌ بو به‌ ڕاچڵه‌كینێك له‌و خه‌و بێ باكی و لامبالاته‌ ( indifference) ی كه‌ ساڵانێكه‌ باڵی شومی به‌سه‌ر هه‌مو كایه‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سلوكی هه‌موان كێشاوه‌ . ئه‌م حاڵه‌تی بێ باكی و بێ ئامانجی و بێ فكری زه‌مینه‌ی هه‌ره‌ دیاری دروست بونی ئه‌م قه‌یرانه‌ و قه‌یرانه‌كانی تره‌ .

ئه‌م قه‌یرانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی ئێستا به‌ زه‌مینه‌و خلفیه‌ت و هۆكاری به‌هێزی خۆیه‌وه‌ هه‌مو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه‌و په‌شۆكاندوه ‌، وه‌ ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی سیاسیانه‌ی واقعی و زانستیانه‌ی ئابوری بۆ نه‌كرێ ئه‌وا له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی بونیا له‌ كه‌متر له‌ دو مانگ هه‌مو قه‌واره‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری كوردستان توشی بوله‌رزه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌كات وه‌ هه‌میشه‌ قه‌یرانه‌ دارایی و ئابوریه‌كان ، قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیان به‌شوێن خۆیانا هێناوه‌ له‌ وڵاتانا ، به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی واقعی كوردستان كاریگه‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ كه‌ به‌رده‌وام بێ ، كاریگه‌ریه‌ قه‌یرانه‌ سیاسیه‌كانی كه‌به‌ شوێن خۆیانا ئه‌هێنێ زۆر به‌ ئازار تر ئه‌بێ له‌ چاو وڵاتانی كه‌ قه‌واره‌ و سه‌رداری نیشتمانیان هه‌یه ‌.

لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌نددار له‌ كوردستان هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تن ، كه‌ بۆ هه‌ردولایان قه‌یرانه‌كه‌ ئه‌م ئاماژانه‌ی هه‌یه ‌.

1- له‌سه‌ر ئاستی هاوڵاتیان ، ئه‌بێ ئه‌م ڕاستیه‌ بزانرێ كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئاماژه‌ی (اشاره‌) ده‌كات ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیان هه‌م به‌شێكن له‌ زه‌مینه‌ی دروست كردنی قه‌یران هه‌م به‌شێكیشن له‌ چاره‌سه‌ر . له‌ حاڵی ئێستادا ، وه‌كو ئه‌ركێكی مرۆڤایه‌تی نیشتمانی ئاینی ڕه‌وشتی پێویسته‌ هاوڵاتیان پشتگیری برای هاوڵاتی بكه‌ن ، وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كە خوا سه‌رمایه‌یه‌كی پێ داون له‌ پڕۆژه‌ی بچوك و مام ناوه‌ندیی یا سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن له‌ بواره‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و خزمه‌ت گوزاریا كه‌هه‌م بۆ خۆیان به‌ سوده‌ هه‌م بۆ خه‌ڵك  .

2- له‌سه‌ر ئاستی نخبه‌ی سیاسی و حكومه‌ت ئه‌بێ ئه‌م قه‌یرانه‌ وه‌كو زه‌نگی ئاگاداركه‌ره‌وه‌ بێ بۆ رابون و پیاچونه‌وه‌ی جددی سیاسه‌تی ئابوری وه‌ یه‌ك لاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ بغداد له‌ پێش هه‌مویان كێشه‌ی سنور و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان ، كه‌ ئه‌مه‌ گرنگی گه‌لێ گه‌وره‌تر له‌ كێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌ وه‌ ئه‌شێ له‌ هه‌ر كاتێ دا به‌ جۆرێ له‌ جۆره‌كان زۆر له‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا ترسناك ئه‌بێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت