mom-bedest

لوقمان غەفوور : بەتەمای پیاو مەبن ، خۆیان ژنکوژن .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئەو دوو کچە هەرزەکارەی ئێوارەی 27/2، تەرمەکانیان لەچەمی چەقان لەسەیدسادق دۆزرانەوە، یەکێکە لەو ئێوارانەی کە پیاو بەنۆتەیەکی بەرز دەنەڕێنێت و ژنیش رەفتارئاسا، دەست دەکات بەگریان.

ئەوەی منی هێناوەتە قسە لەسەر ئەو رووداوە دوو هۆکارە یەکەمیان، ئەو شیوەنەی هەندێک پیاوان دەیکەن بۆ ئەو رووداوە کە خۆیان بەشێکن لەپێشێلکاریی بەرامبەر بەژنەکانیان، دووەمیان لەکۆمەڵکەیەکدا خۆی بەدەست ناعەدالەتییەوە بناڵێنێت نەفرەتکردن لەژن کوشتن بەقسە ئاسانە و بەکردەوە گرانە ، چونکە هەندێک لەپیاوەکانی ئەم هەرێمە تا ئەوکاتە ژن ناکوژن کە بابەتەکە وەک هەواڵێک دەبیستن ، لەدوای ئەوەوە بۆیان بکرێت دەیان جار ژن دەکوژن، بەڵام بەرێگە و شێوازی جودا کە لەوانەیە کوشتنەکە رۆحی بێت نەک جەستەیی .

ئەو بێدەنگیەی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش لەولاوە بوەستێت کە هەستکەم ئەوەی لەدەرەوەی دەستی دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی پراکتیزەبکرێت ، نابێت قسەی لەسەر بکرێت ، لەکاتێکدا ئەو رەفتارە ژن کوژییەی لەکوردستان دەکرێت بەشێکە لەو دەسەڵاتەی کە پیاو لەهەموو جومگەکاندا هەیەتی ، ئەوەی بیری لێدەکەمەوە ئەوەیە ئەبێت ئەو دوو خاتوونە بۆ هەڵبژاردنەکانی 30 نیسانی داهاتوو بیریان لەوەکردبێتەوە دەنگ بەچ پیاوێک بدەن بۆ ئەوەی بیگەێننە ئاستی باڵاتر لەفاشیزم و نارسیزم .

ئێستا ئەم ژنانە رۆیشتنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی هاتوون، کەواتە رۆیشتنەوە بۆ ناو ژیانێکی ون کە لەوەدەچێت ئەو ژیانە ونەش بەحوکمی پیاو سالاری بەرێوە بچێت ، ئەگەر نا بۆچی زۆرجار کوشتنەکانی ژنان بەشێوەیەکە کە تێدا زەبری پیاوانەی تێدا پیشاندەدرێت ، یان ئەوەتا ئەندامێکی جەستەیان دەبڕێت یان دەدرێنە بەر فیشەک یان دەخنکێنرێن ، کە هەموو ئەمانە گوزارشتن لەزەبر و لەپیاودا دەبینرێتەوە ، هەرئەمەش وایلێکردوم لەکاتێکدا کە دیاری بۆ خوشکەزا کوڕەکانم دەکڕم پەنا نابەمە بەر کڕینی دەمانچە و ئەو یارییانەی کە نیشانەن بۆ توندوتیژی ، ئەڵێم نەوەک لەئایندەدا ئەو دەمانچەیە ببێت بەڕاستی بەدەستییەوە و مێشکی خوشکەکەی پێ بپژێنێت ، چونکە ئەگەر لەدوای 20 ساڵ لەمەوبەرەوە تائێستا لەزۆر شتدا گۆڕابین لەتوندوتیژی بەرامبەر ژندا نەگۆڕاوین و دڵنیام تا بەم کلتور و پەروەردەیەوە بەڕێچین لەم ژنکوشتندا ئەگەر یەکەم نەبین ئەوا بێشک دووەمین و فریای نەوەی خۆشکەزاکەشم دەکەوێت ، چونکە هیچ دڵخۆش نیم لەم مانگی ئادارەدا کە مانگی راپەڕین و ئازادبوونە ، هێشتا ژن ئازاد نییە و پیاوەکانیش ئازادیان لەناو لنگیاندا گیری خواردووە و هەموو ئەو وزە شاراوەیەی هەیانە بەسەر ژنەکاندا تاقیدەکەنەوە.

دەمەوێت ئەو یاسا سروشتییە توڕدەمە دەرەوەی بیری خۆم کە لەدوای شەوێکی تۆفان ، رۆژێکی هێمن دێت ، ئەویش بەو شێوەیەی دەمەوێت بڵێم نامەوێت لەچەند رۆژێکی تردا کاتێک ئەم تۆفانی توڕەییەی ژنان هێور بۆوە بەرامبەر کوشتنی ئەو دوو خانمە ، ئەو پیاوانەی باسی ئازادی ژن و نەفرەت لەژن کوژی دەکەن شانبەشانی ژنان لە 8 ی مارسدا لافیتەیەک هەڵگرن ، بەڵام خۆیان بەشێک بن لەپێشێلکاری و ژنی دووەمیان هێنابێت و ئامادەش بن ژنی سێیەم بهێنن ، خۆ ئەگەر لەرووی فیزیکییەوە ئەو کەسانە ژن کوژ نەبن ئەوا لەرووی رۆحییەوە ژنێکیان کوشتووە و ئامادەشن ژنێکی تریش بکوژن .

من قسەکردنی سەر تیڤی-م بۆچییە کە کرداری لەگەڵ نەبێت، ئێستا چ میدیاکارێک هەیە لەم هەرێمە، بڕوات بەرنامەیەک لەسەر ئازادی ژن و ژنکوشتن بکات، بەدەیان زەرتە زەلام رائەکەن بۆ قسەکردن و رستە بەخشینەوە و لەولاشەوە لەنێو هۆڵەکانی تیڤی-یەکەدا سەرقاڵ و سەرمەستی چاوباشقاڵیە و لەگەڵ گەڕایەوە بۆ ماڵەوە وەک ئاغای دیوەخان ئەنەڕێنیت و داوای پەرداخێک ئاو دەکات ، وەک ئەوەی سەردار و ئاغای ماڵەکە بێت و ئەوەی لەبەردەستیدا بێت کۆیلەبن . نەفرەتکردن لە ژنکوشتن ئەوەندە ئاسان بووە ، ئێستا بەنێر و مێ- وە پێی دەوێرین، دوور نییە ئەوەی ئەمڕۆ ئەو دوو خانمەی کوشتوو و ئەو باوکەی دوێنێ کچەکەی لەهەولێر دایە بەر فیشەک ، مانگێک لەمەوبەر نەفرەتی لەژن کوشتن نەکردبێت یان لەسەر بەرماڵی نوێژکردنەکەی نەپاڕابێتەوە خوایە هیدایەتم بدە ، ئەگینا لەکۆمەڵگایەکدا ژنکوژی وەک درەخت ئاونەدرێت چۆن ئاوا بەسانایی ژنکوژەکان بۆی دەربازدەبن و خۆیان ون دەکەین ؟!.

من کۆتای قسەکانم هیچ چارەسەرێکی تێدا نییە ، چونکە چارە ئەگەر لای منی پیاو بێت ئەوە بەدڵنیای ژن نەدەکوژرا ، ئەگەر چارەسەر پیاو دایبنێت ئەوە ژنان دڵنیادەکەمەوە ، تا ماون ئەبێت وێڵ بن بەدوایدا .

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان