فەتاح حەسەن : ٢١ بروسکە بۆ نەورۆزی ئەم بەهارە
١٦ ی ئازاری ٨٨
لە مامۆستایەکی ( ناوەندی گۆران ) ی کوڕانەوە :
ئەی .. گەلانی سەر روی زەمین ..
ئەمڕۆ هەڵەبجە ،
بە کیمیاویی شەهیدکرا..
***
لە زێوانی مزگەوتی ( دارول ئیحسان) ەوە :
قورئانی ئەم مزگەوتە و
هەمو مزگەوتەکانی تری هەڵەبجە
کۆپی قورئانی مەدینە بون.
***
٧ ی مایسی ٨٨
لە باوکی شەهیدێکەوە :
بەرەی کوردستانی
بە شەقی زەمانە .. پێکهێنرا.
***
٤ ی ئەیلولی ٨٨
لە ( علی حسن المجید) ەوە
بۆ :-
سەرۆکی فەرماندە ، خێمەی هەمو عێراقییەکان
عەمەلیاتی ئەنفال
لە ٢٣ ی شوباتەوە تا ٣ ی ئەیلولی٨٨
بە هەشت قۆناغ *
بە بادینان ، کۆتایی هات .
***
لە مستەشاری فەوجێکی خەفیفەوە
بۆ :-
سەرۆکی فەرماندە( خوابیپارێزێت)
لە پرۆسەی ئەنفال دا
ئەرکەکانمان بەجێگەیاند
چاوەڕوانی
بەخشندەیی بەڕێزتانین
بۆ بەخشینی
( مەکرەمە و نۆط الشجاعة )** .
***
لە زانکۆی سەلاحەدینەوە
بۆ :-
کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکان
٨٠٠٠ بەرزانی بێسەروشوێنکراو !
١٨٢٠٠٠ ئەنفالکراو !
٥٠٠٠ خنکێنراو بە گازی کیمیاوی !
بە گەزی عروبەکەتان
چەند گەز خامیان دەوێت .. بۆ کفن؟
***
٥ /٣ ی ٩١
لە ئەحمەد نەبی هاوڕێمەوە :
رانیە .. بوە دەروازەی راپەڕین
بۆ کوردستان ..
بەعسی قڕانە .. بەعسی قڕان .
***
١٤/ ٣
لە پێشمەرگەیەك ، لە بەردەرکی سەراوە :
دایکان .. خوشکان
نۆردوی نان و شفتە و ناوسساجی
حازرکەن
رۆژێکە و ئەمڕۆ ، هێرش دەبەین
کەرکوکیشمان ئازاد دەکەین .
***
٢١/٣
لە دەنگی گەلی کوردستانەوە:
بەعسی قڕانە .. بەعسی قڕان
بە هیمەتی جەماوەرو
بە پاڵپشتی پێشمەرگە
زۆربەی کەرکوك ئازادکرا
شەڕی دەستەویەخە
لە ( معسکر خالد ) ، بەردەوامە .
***
٢٢/٣
لە پێشمەرگەیەکی بنکەی ( ئاشتی) یەوە
بۆ :-
لێپرسراوی بنکە
تۆ، کرێچیت ..
بۆ نایەیتە یەکێك لەم خانوانەی
( دور الأمن ) ؟!
وەڵام ..
بەمن ناشێت ..
چون تایبەتە ،
بە ئاوارەکانی گەرمیان .
پاش ئەوانییش ..
موڵکی کەسوکاری شەهید و
وارسی کیمیاباران و ئەنفالە.
***
یەکی مایسی ٩٤
لە دوکاندارێکی قەڵادزێی بیمارەوە :
تێکدانی ریزە دوکانێکیان ،
بۆ بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ ..
کردە بیانو .
***
لە ( کڵاوقاسمە) ە وە :
شێرەکوڕەکان ، منیان گرت و
( کەپکی حەمەد ئاغایان )
لێسەندرایەوە !
لە کەپکی حەمەدئاغاوە :
شێرەکوڕەکان ، منیان گرت و
کڵاوقاسمیان لێسەندرایەوە.
***
لە هاوڵاتیانی
قەڵاو منارە و شاری مەلیك مەحمودەوە :
بە سەوز نوستین، بە زەرد هەستاین
بە زەرد نوستین ، بە سەوز هەستاین.
***
١٧ ی ئەیلولی ٩٨
لەسەر دەستی ( مادلین ئۆلبرایت)***
سەرۆك و سکرتێری زەرد و سەوز
لەژێر چەتری ( ئەمریکا) دا
پەیماننامەی واشنتۆنیان
پێ مۆرکرا
شەڕ راگیرا..
***
لە زیندانییەکی سیاسی
سەردەمی رژێمەوە :
چارەنوسی
دیلەکانی شەڕی ناوخۆ
گەیشت بەچی ؟!
***
لە هەڵۆکەی گەرمیانەوە :
ئەرێ ..
دڵ و قودسی کوردستان ئازادە ؟
یا، لەژێر چەپۆکی
برای عەرەبی چاوڕەشدا
دەناڵێنێ ؟!
***
لە رێکخستنێکی دێرینەوە :
مەرجی بە ئەندام بون ، وەك جارانە ؟!
مەرجە مرۆڤ
دەست و دەم و داوێن پاك بێ؟
***
لە پێشمەرگەیەکی دێرینەوە :
ئێمە خزمی شاخ و بزن بوین
کەچی ئەمڕۆ .. سبحان اڵڵە
هەندێك.. بوین بە خاوەنی ..
کۆمپانیای زەبەلاح .
***
لە کەمئەندامێکی سەنگەرەوە :
رازیم بەوەی رۆژەکانی مانگ
حەفتاوپێنج بێت
ئا بەومەرجەی
موچەی قاچ پەڕیوێک
لەکاتی چونی بۆ واجبدا، بۆ رەبایە
لە لیستەکەی مندا نەبێت.
***
لە کەسوکاری شەهید و
وارسی کیمیاباران و ئەنفالەوە:
ئیتر با بەس بێ گەندەڵی..
***
لە کۆمەڵێك چالاکوانی مەدەنیەوە :
بەسە چیدی.. یاسا لە سێدارە مەدەن ..
* پرۆسەی ئەنفال : پەلامارێکی دڕندانەی رژێمی بەعس بو بۆ سەر کوردستان لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەم شێوەیەی خوارەوە :
ئەنفالی یەك : ٢٣ ی شوبات تا١٩ی مارت ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە : دوکان ، بنگرد ، زیی بچوك ، ماوەت ، چوارتا ، ئەزمڕ ، سلێمانی ، سوسێ ، سورداش .
ئەنفالی دوو: ٢٢ی مارت – ٢ی نیسان ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە : سلێمانی ، چیای گڵەزەردە ، بازیان ، قەرەداخ ، دەربەندیخان ، زەڕایەن، ئۆردوگای نەسر و عەربەت .
ئەنفالی سێ : ٧ی نیسان-٢٠ی نیسان ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە : کەرکوك ، تازەخورماتو ، کفری ، کەلار ، دەربەندیخان ، زنجیرە چیای قەرەداخ ، تەکیە، چەمچەماڵ ، قەرەهەنجیر.
ئەنفالی چوار: ٣ مایس-٧ ی مایس ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە : کەرکوك، ئاڵتون کۆپری، دێگەڵە، کۆیە ، خەلەکان ، دوکان، سورداش ، تەکیە، چەمچەماڵ .
ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت ٢٤ی مایس-٢٦ی ئاب ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بون لە کۆیە ، دێگەڵە ، ئاڵتون کۆپری ، هەولێر ، شەقڵاوە ، رەواندوز، چۆمان ، چیای قەندیل،رانیە،چوارقوڕنە،هیزۆپ ە چیای باواجی.
ئەنفالی هەشت: ٢٨ی ئاب-٣ی ئەیلولی ١٩٨٨ سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە : دهۆك،زاخۆ،باتوفە،کانیی ماسێ ،زێوە، دێرەلوك، ئەتروش و زاوێتە . ( کتێبی : ئەنفال – کورد و دەوڵەتی عێرا ق – شۆڕش حاجی رەسوڵ ٢٠٠٣ لەندەن)
** بەخشیش و نیشانەی ئازایەتی بو سەدام حسێن دەیبەخشییە ئەو کەسانەی زۆر دڵسۆزی حیزبی بەعس و حکومەتی عێراقی بون .
** مادلین ئولبرایت :- ئەندامی حیزبی دیموکراتی ئەمریکی ، بۆ یەکەمجار لە مێژوی ئامریکادا وەك ژن لە ٥/١٢/١٩٩٦ بو ە بە وەزیری دەرەوەی ئامریکا ، وە لەو پۆستەدا مایەوە تا ٢٠/١/٢٠٠١
- فەتاح حەسەن: چوار کورتە چیرۆك. - 2018-03-08
- عیماد عەلی: دیدگای ستراتیجی لەهەگبەی سەرکردایەتی کوردستاندا. - 2016-12-27
- فەتاح حەسەن : فەیسبووکەچیرۆك . - 2015-03-09