Dr-Hevall

کامیار سابیر : سەبارەت بە بەعسییبوونەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر ..

سلێمانیی، بێ ساحێب و ئەتککراو؟

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، هەر شتێ بنووسی، بە قازانجی حیزبێکی سیاسیی لەدژی ئەویتر تەواو دەبێت. بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات، دەبێ زۆر بە وریایی و ئاگاییەوە، رستە بە رستە و وشە بە وشە ئاگادار بیت چیی دەڵێیت و بە قازانجی کێ دەقۆسترێتەوە؟ ئەوەی منی تووشی شۆک کرد، بەعسییبوون و نابەعسیبووبنی هەڤاڵ نییە ، بەڵکو ئەو غەمساردییەیە کە گۆڕان بەرامبەر دەنگدەرانی خۆی و بزوتنەوەکەی و بەرنامەکەی خۆی دەیکات! گۆڕان لەهەموو کەس باشتر دەزانێ ، ئەم پیاوە، پیاوی سەفسەتەی زمانە، پیاوی بەیەکدادانی چەمکی شیعریی و لەفزیی( بە قەولی خۆی- لفظي) و ریتۆریکی زمانیی و فشەی شیعرییە، بێئەوەی فیکر و روئیاو عەقڵانییەت، بێئەوەی زمانی سیاسیی ورد لەگەڵ چەمکەکاندا بەکاربهێنێ، بەڵکو تەنیا تەقوتۆق و دەنگەدەنگ و غەڵبەغەڵب و حەماسی شیعرخوێندنەوە و چەقەچەقی تێدایە.
ئایا نووسین لە “هاوکاری” بەعسدا، بەتەنیا بەسە بۆ ئەوەی کەسێک بکەین بە بەعسیی و پیاوی بەعس؟ یان گەنجێکی وەک ئەم کاندیدەی گۆڕان، گوایە ١٩ تا بیست ساڵ تەمەنی بووە، چۆن دەبێ بەعسیی بووبێت و کەی عەقڵی بە بەعسییبوون شکاوە؟ ئەوە نییە بەردەوام خۆی بچووک دەکاتەوە و دەڵێ ١٩ ساڵ تەمەنم بووە! ئاخر گۆڕان، بڕیارە جیاواز بێت لە یەکێتیی و پارتیی کە بەشێکی زۆر لە بەعسییەکان و ئەنفالچییەکان و موستەشارەکان لەو دوو حیزبەدا پلەو پۆستیان هەیە! گۆڕان دەبێ، رێگە نەدات بچووکترین کەسی بەعسیی و گەندەڵ لەناویدا جێگەی ببێتەوە. بۆ گەندەڵییەکە پێموایە، بەشێکی زۆر لەگەندەڵەکانی یەکێتیی تەنانەت جلوبەرگەکانیشیان نەگۆڕی و ئێستا دووبارە هەڵپەی چوونەوە دەسەڵاتیانە. بۆ بەعسییبوونەکەش، پووچترین بیانووە، باسی فایلی جاشییەتیی و بەعسیبوونی سەرکردەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بکرێ، بۆ شاردنەوەی باکگراوندی بەعسییبوونی کاندیدێکی گۆڕان!
ئەوەمان زانی کە مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی پارتیی و یەکێتیی، بەشێکی بەرچاویان پیاوی بەعس بوون، راپۆرتیان لە حیزبەکانی خۆیان و هاوسەنگەرەکانی خۆیان دەدا، دوای راپەڕینیش داڵدەی جاشەکانیان دا و هەموویان کردن بە بەرپرس، ئەنفالچیی و فڕۆکەوان و سەرکردەی عەمەلیاتەکانی ئەنفال و ئیستخباراتی عەسکەریی عێراقییان، پەنا داو رەوانەی هەندەرانیان کرد. ئەوەمان زانی کە ئەو دوو حیزبە دەیان بیلیۆن دۆلاریان لە سامانی گشتیی خەڵک دزیی و خستیانە سەر حیسابە شەخسییەکانی خۆیان، بەڵام ئەوەمان نەزانی، بۆچی گۆڕان، بە هەمان مێنتاڵیتیی پارتیی و یەکێتیی، داکۆکییەکی کوێرانە لەم پیاوە دەکات؟ بەڕاستیی گەنجی کوردستان بەگشتیی و گەنجی سلێمانیی بەتایبەتیی، گوناهن بەمشێوەیە دەخەڵەتێنرێن و پیاوێکی خراپیان لێدەکەن بە پیاوێکی ئەفسانەیی لە باشیی و پاکییدا.
ئێستا ئەوە بەدەردی گۆڕان ناخوات، بڵێن ئەوە شیعری بورهان هەژار ناوێک بووە. ئەوەی پێشوو راستە ساختەکرابوو، شیعری هەڤال نەبوو، بەڵام ئەمانەیان فۆتۆشۆپ و ساختەکاریی نییە. راستە شیعری راستەوخۆی بۆ سەدام و حیزبی بەعس نەنووسیوە، بەڵام شیعری بۆ بۆنە حیزبییەکانی بەعس نووسیوە. رەفیق حیزبییەکان و بەعسییەکان و ئەنفالچییەکان سەرپەرشتیی ئەو کۆڕو کۆبوونەوانەیان کردووە.
ئەمانەش لەژێر دیموقڕاتییەکەی عودەی سەدام و فریا جاف و شیعارەکانی عروبە و ئومە عەرەبییە خالیدە ، زات ریسالە خالیدەدا ، گەنجێک لەو تەمەنەدا، ئەوەندە هەلپەرستانە، لەپێناوی دەرکەوتن و فەخفەخەی راگەیاندندا، حەزی بەناو دەرکردن بووبێت،نەک هەر جێگەی گومانە، بەڵکو دنیایەک پرسیار لەسەر کەرامەت و ماهیەتی سیاسیی و ئەخلاقیی دروست دەبێت! پیاوێک بەو گەنجییەوە، یەکسەر دوای راپەڕین، ئەوەندە تەمەلوق بۆ سەرکردە سیاسیی و عەسکەرییەکانی یەکێتیی بکآت، ئێستا ئەوەندە تواناو بەهرەیەکی گەورەی هەبێت، بەلەبلەبانیی و زمانلووسیی خۆی خستبێتە ناو دڵی گۆڕانەوە، وێڕای باگگراوندە ئیخوانییەکەی بۆ ئیختراقی حیزبی سیاسیی جۆراوجۆر، یەک دنیا پرسیاری گوماناویی بەجێدەهڵێێت ؟؟؟
من نموونە لەسەر شەخسی خۆم دەهێنمەوە. بەتەمەن سێ ساڵ لەم کاندیدەی گۆڕان بەتەمەنترم، یەک ساڵ بوو خوێندنی زانکۆم لە بەغداد دەستپێکردبوو، لە کۆتایی یەکەم ساڵی خوێندنمدا دەبووایە، سەرجەم خوێندکارانی پەیمانگا و زانکۆکانی عێراق (طلاب المعاهد و الجامعات العراقیة)، بچن بۆ مەشقکردنی سەربازیی لەژێر ناوی جەیشی شەعبییدا، بەڵام هەزاران گەنجی ١٨ ساڵیی و ١٩ ساڵیی( هاوتەمەنی ١٩ ساڵییەکەی هەڤاڵ) ئەمەمان بەتوندیی رەتکردەوە… من بەهۆی فیراریی و راکردن لەدەست بەعس، بووم بە پێشمەرگە لە ٥٧ ی سەگرمە، دواتر کە هاتمەوە بۆ خوێندن، پاش ئەوەی بەعس، لێبووردنی گشتیی دەرکرد و دووبارە خوێندکارە فەسڵکراوەکان گەڕانەوە، بە رەزامەندیی بەرپرسە سیاسییەکانی پێشمەرگە هاتمەوە، پێم شەرم بوو کە خۆم بە حیزبی بەعس تەسلیم بکەمەوە، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، وەک گەنجێکی موراهیق، بەلامەوە گەورەترین سووکایەتیی بوو، بچمە مونەزەمەیەکی بەعس یان بنکەیەکی پۆلیس و موخابەرات و ئەمن، بڵێم لە پێشمەرگایەتییەوە هاتوومەوە. تەنیا مامم نارد و چوو بۆ لای موختار، چیرۆکی ئەوەی بۆ دروستکردبووم، کە ئەو ماوەیە لەباوکم تۆراوم و لە دهۆک خەریکی قاپشۆرین بوومە لە چێشتخانەیەکدا. پێموایە، موجازەفەیەکی موراهیقانەم کرد، بەڵام ئەوەندە رقم لە بەعس و حکومەتی سەدام و جاش دەبووەوە، ئەو رێگەیەم هەڵبژارد، بە بێ تەسلیمبوونەوە، بە دزییەوە چوومەوە بۆ بەغداد، بۆ درێژەدان بە خوێندن.
هەزاران خوێندکاری کورد( هەندێ لە شیعەکانیش)، لەسەرجەم زانکۆکانی عێراقدا، لەساڵی ١٩٨٦-١٩٨٧ ی خوێندندا، بە دەنگێکی بەرز بە جەبەروتی بەعس و رژێمی خوێن و قەسابخانەی سەداممان گوت( نا بۆ جەیشی شەعبیی و قادسیەکەت)، لەسەردەمێکدا، عەنتەریاتی بەعس و ملهوڕیی ئەم رژێمە و جاشەکانی لە لووتکەدا بوو، پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیی و عەرەبیی گەورەی لە پشت بوو، خوێندکارانی گەنجی ١٨ ساڵ و ١٩ ساڵی ئەوکات، ، تەحەدای حیزب و ئەمن و ماشێنی جەنگیی و باروت و قائیدی زەرورە و زیندانەکانی بەعسمان کرد و کەرامەتی کوردبوون و ئازادییخوازیی و نەفسبەرزییمان رێگەی پێنەداین، ئەو سووکایەتییە بە خۆمان و گەلەکەمان بکەین و بچین مەشقی سەربازیی و جەیشی شەعبیی بکەین! ئەی بۆچی ئەم کاندیدە هەلپەرستەی گۆڕان، ئەو شەهامەتەی تێدا نەبوو، لە ١٩ ساڵیی و ٢٠ ساڵییدا( ١٩٩٠-١٩٩١ ) ئەوە رەتبکاتەوە لە بۆنە حیزبیی و ئایدیۆلۆژییەکانی بەعسدا، شیعر و پەخشان نەنووسێ و نەخوێنێتەوە؟
ئایا نووسین لە”هاوکاریی” خیانەتە لە کوردبوون و خەباتی رزگارییخوازانەی کورد و قوربانییەکای گەلی کورد؟ بێگومان نا، بەڵام ئەم “نا” یەش سنووری هەیە. من خۆم لە سەردەمی روخانی دیواری بەرلیندا، دوای فەسڵکردن و فیراریی و پێشمەرگایەتیی رێک لە ٢٠ ساڵییدا، وتارێکم لەسەر پێریسترۆیکاکەی perestroika گۆڕباتشۆڤ بە عەقڵیەتی موراهیقیی ئەو سەردەمەم لە ( هاوکاری) نووسی، بەڵام، چەند منداڵ و موراهیق و کاڵفام بووم، ئەوەندە چاوکراوە و نەفسبەرز بووم بەرامبەر بەعس کە بچووکترین هەڵە نەکەم لە رستەکان و دەربڕینەکاندا، تا نەچێتە خزمەتی بەعسەوە .
ئێستا ئەگەر بەنەفەسێکی “گۆڕان”ییەوە بڵێن، باشە حیزبی گۆڕان و مێنتاڵیتییەکەی سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنبوونی، کە دەیانگوت، ئایا لەناو چوار تا پێنج میلیۆن کورددا، پیاوێکی تر لە بارزانیی و کوڕەکەی و برازاکەی زیاتر لە کورددا نییە تا بتوانێ حوکمڕانیی کورد بکات؟ ئەی باشە لە شارێکی وەک سلێمانییدا، لووتکەی پێشکەوتووترین و بە جەربەزەترین شاری تەحەدا و رووبەرووبوونەوە، پیاوێکی پاک و خاوێن، پیاوێکی دوور لە فشە و سەفستەتە، دوور لە بەعسییبوون و ئیخوانییبوون و کۆنە یەکێتیی، دوور لە دنیای شیعر و دکتۆرای قەسیدە…تاد دەستنەکەوت، تەنیا ئەم پیاوە نەبێت؟
گەنجی ئەو سەردەمە، لە ١٧ ساڵییەوە دەبووایە غەمی ئەوەی بێت خۆی لە خزمەتی عەسکەریی بدزێتەوە، جا بە فیراریی بێت، یان موجازەفەی جۆراو، یاخود دەبووایە بەناچاریی بچووایەتە ریزی پێشمەرگەوە یان خزمەتی سەربازیی زۆرە ملێ بکات. ئەم هەڤاڵە، لە هەڕەتی لاوییدا، پاش سێ ساڵ لەو مێژووە رەشەی بەعس کە شارەکەی خۆی( هەڵەبجە) ژاربارانکراو و جۆرێک لە جینۆسایدی تێداکرا، ، پاش دوو ساڵ لە ئەنفال، ئەم گەنجە حەماسییەی ئەو سەردەمە، هەروەک ئێستا، سەفسەتەی شیعریی و ریتۆریکی پەخشانیی لە موناسەبەتە پۆغڵ و پیسەکانی بەعسدا، بە حزوری رەفیق حیزبییەکان، خوێندووەتەوە ؟
سەرەنجام، ئەگەر من کادیری گۆڕان بوومایە، تەنیا ئەو تێکچوونە دەروونییەی هەڤاڵم بەس بوو لە لوغزی شیعر و پەخشانەکانی “هاوکاری” و نووسین بۆ موناسەباتی بەعسیی تێبگەم، بەپەلەش نامەیەکی پڕ لە توڕەییم بۆ نەوشیروان مستەفا و ئەو جڤاتی نیشتمانییە دەنارد کە بە قەد من دەستیان دەڕوات لە بڕیاری سیاسییدا، پێیانم دەگوت ئەمە گەورەترین ئەتکردنی سلێمانییە، ئەمە ئەوپەڕی بێ ساحێبییە، کە کۆنە شاعیرێکی دەرباری بەعس، پیاوێکی هەلپەرستی لەم چەشنە، کاندیدی گۆڕان بێت لە شاری سلێمانییدا کە بڕیارە لای کەم بە رواڵەتیش بێت، نابێ بەعسیی و جاش و قەڵەمفرۆش و دەربار لە ریزەکانیدا بێت ؟
ئەگەر نەوشیروان مستەفاش بوومایە، گوێی ئەم پیاوەم رادەکێشاو دەمگوت، لەبەر خاتری گۆڕان و جەماوەرەکەی، خۆت بکێشەوەو بچۆرە پەنایەکەوە دابنیشە. ئەگەر هەڤاڵیش بوومایە( دوور بێت خودایە)، ئەوە لە پێناوی گۆڕان و کەرامەتی خەڵکی سلێمانییدا، پێم لەجەرگی خۆم دەناو جورئەتم پەیدا دەکرد و خۆم دەکێشایەوە و بنەوبارم دەپێچایەوە و بۆ هەتا هەتایە، رووم ناهات باسی سیاسەت بکەم. گۆڕان بە هەڤاڵ و بێ هەڤاڵەوە، هەمان قورسایی هەیە. ئایا گۆڕان جورئەتی دەبێ، پیاوێکی گوماناویی لە ریزەکانی خۆی دوور بخاتەوە؟ یان بەردەوام دەبێ لە تەفرەدانی گەنجانی تازە هەڵچووی سلێمانیی و ئەو کادیر و ئەندامانەی خۆی کە بەهەموو ئەگەرێکەوە هەر گۆڕانن، چونکە داینەمۆی بیرکردنەوەیان کارناکات .
تکایە با گۆڕان و کادیرە چاو لەدەسەڵاتەکانی، چییتر خەریکی بەلاڕێدابردنی حەقیقەتەکان نەبن. گەندەڵیی و دزییەکانی پارتیی و یەکێتیی ئەوپەڕی ستەم و جەور و ناعەدالەتیی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناوە، بەڵام ئەم داکۆکییکردنە کوێرانەیەی ئێوەش، تاوانێکە بەرامبەر سلێمانیی و مێژوو دەیکەن. ئەگەر ئەم پیاوە لە موناسەباتی بەعسدا، شایەر نەبووە و شیعرباز نەبووە، فەرموو ئەوە ئەرشیفی ( هاوکاری) و ژمارەکانی هەن و بەدرۆی بخەنەوە و بڵێن ئەوانە فۆتۆشۆپن؟
دەیان هەزار خوێندکاری گەنجی ١٨ ساڵیی و ١٩ ساڵیی، لە هەشتاکاندا نەک هەر بەعسیی نەبوون، بەڵکو نەدەچوونە یەک کۆبوونەوەی ئەدەبیی و هونەریی و شیعرییشەوە کە پیاوەکانی بەعس رێکیان خستبێت، چونکە کەرامەتیان بەرز بوو، ئەی بۆچی کاندیدەکەی گۆڕان ئەمەی بۆ نەکرا؟
بۆ بەعسی نەنووسیوە، بەڵام بۆ موناسەبەتەکانی بەعسی نووسیوە؟ جیاوازیی کادیرەکانی گۆڕان، لە گەڵ ئەو یەكێتییانەدا چییە کە داکۆکیی لە قاتیلەکەی کاوە گەرمیانیی دەکەن، جیاوازیییان لەگەڵ کادیرەکانی پارتییدا چییە کە داکۆکیی لە ٣١ی ئاب، دەکەن، باشە ئێوە بۆچی داکۆکیی لە پیاوێکی بەدناو و گوماناویی و کۆنە بەعسیی و کۆنە ئیخوانیی و کۆنە یەکێتیی و کۆنە هەموو شتێک دەکەن؟

ئەم نوسینە لەسەر بەشی فیسبووکی نوسەر وەرگیردراوە .