Fayeq-gullpi-1

عه‌تا قه‌ره‌داخی : نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ دکتۆر فایه‌ق گوڵپی سەبارەت بە لێدوانەکانی لەبارەى دکتۆر هەفالل ئەبوبەکرەوە

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئه‌مشه‌و له‌ ته‌له‌فیزیۆنی گه‌لی کوردستان لێدوانێکی دکتۆر فایه‌ق گوڵپیم بینی سه‌باره‌ت به‌ دکتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر ، دکتۆر فایه‌ق باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ گوایه‌ دکتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر به‌عسی بووه‌. من بۆ خۆم نه‌ لایه‌نگری هیچ حیزب و لایه‌ن و گروپێکم نه‌ کاری سیاسی ده‌که‌م و نه‌ بڕواشم به‌ حیزبایه‌تی هه‌یه‌و نه‌ بڕوام به‌و نووسه‌رو ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانه‌ش هه‌یه‌ که‌ کاری سیاسی و حیزبایه‌تی ده‌که‌ن . هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ پێموایه‌ ده‌بوا کاک هه‌ڤاڵ که‌ مامۆستایه‌کی باش و به‌ توانایه‌ خۆی ته‌رخان بکردایه‌ بۆ په‌روه‌رده‌کردنی لاوانی نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌ زانکۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش مافی خۆیه‌تی وه‌کو هه‌ر هاووڵاتیه‌کی تر که‌ خواست و ویستی پۆست و پله‌و پایه‌ی هه‌بێت ، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌و بواره‌شدا بیسه‌لمێنێت که‌ خزمه‌تکاری خه‌ڵکه‌و له‌ پێناوی خزمه‌تتدا ئه‌و پۆست و پله‌یه‌ وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی که‌ گوایه‌ دکتۆر هه‌ڤاڵ به‌عسی بووبێت من ناتوانم هیچ کۆمێنتێک بده‌م و له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ زانیارییه‌کم نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و جه‌ند وتارو شیعره‌ی که‌ نووسیووونی وخویندوونیه‌تیه‌وه‌ به‌ به‌عسی دابنرێت ، ئه‌وا پێوایه‌ پێش دکتۆر هه‌ڤال ده‌بێ لیپرسینه‌وه‌ له‌ زۆر که‌سی تر بکرێت به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ مێژووی کورددا جاشایه‌تیان داهێناوه‌و ئه‌وانه‌ی مه‌له‌فیان هه‌بووه‌و ئه‌وانه‌ی راسته‌خۆ یان ناراسته‌وخۆ هاریکاری داگیرکه‌رانی هه‌رچوار پارچه‌که‌ی کوردستانیان کردووه‌و ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌نفالیان کردووه‌و ئه‌وانه‌ی شه‌ڕی براکوژییان کردووه‌و ئه‌وانه‌ی سامانی گشتیان دزیووه‌و بۆ خۆیان و که‌س و کارو حیزبه‌کانیان زه‌وی وڵاتیان تاپۆکردووه‌و ئه‌و به‌رپرس و کادیرو بێژه‌رو نووسه‌ره‌ ده‌نگ ناسازانه‌ی که‌ رۆژانه‌ گوتاری پڕ له‌ درۆو ده‌له‌سه‌ ده‌ده‌ن به‌ گوێی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستانداو ئه‌وانه‌ی به‌ گیانی دوژمنایه‌تی کردنی یه‌کتری منداڵانی کورد په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن ..

به‌ڵی هه‌موو ئه‌مانه‌ هه‌ریه‌که‌ به‌ ئاستێک تاونبارن له‌ ئاست مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا. پێویسته‌ ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌ هه‌بێت له‌مانه‌وه‌ ده‌ست پێبکرێت نه‌ک له‌ که‌سێکه‌وه‌ که‌ ره‌نگه‌ له‌به‌ر که‌م ئه‌زموونی هه‌ڵه‌ی کردبێت به‌وه‌ی پێی وابووبێت هێرشی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر عێراق ناڕه‌وایه‌و له‌و رووه‌شه‌وه‌ به‌رگری له‌ عێراق یان به‌عس کردبێت که‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش به‌ قه‌باره‌ی خۆی کارێکی خراپه‌ چونکه‌ به‌رگریکردنه‌ له‌ دیکتاتۆریه‌ت . من ده‌پرسم ئایا دکتۆر هه‌فاڵ ئه‌بوبه‌کر له‌مانه‌ تاوانبار تره‌ . ئه‌گه‌ر کاک دکتۆر فایه‌ق و که‌سانیتریش به‌ڵگه‌ی به‌عسیبوونی ئه‌م به‌ڕێزه‌یان لایه‌ با بڵاوی بکه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌ڵگه‌کانیان ئه‌و وتارو شیعرانه‌یه‌ که‌ به‌ ناوی کاک هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کره‌وه‌ له‌ هاوکاریدا نووسراون شتی ئاساین بۆ گه‌نجێکی که‌م ئه‌زموونی ئه‌و کاته‌ی ئه‌م براده‌ره‌، ئه‌مه‌ به‌رگری نییه‌ له‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، حه‌زده‌که‌م کاک دکتۆر فایه‌ق بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژماره‌کانی گۆڤاری به‌یانی ساڵی 1974 و 1975 ئه‌و جیرۆکه‌ی مامۆستا فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مینیش بخوێنیـَه‌وه‌ که‌ له‌ به‌غدا بڵاویکردۆته‌وه‌و داوا له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌کات که‌ چوونه‌ته‌ ئه‌ودیووی په‌رژینه‌که‌وه‌ واته‌ که‌پێشمه‌رگه‌ بوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو په‌رژینه‌که‌ واته‌ بێنه‌وه‌ بۆ لای به‌عس . دیاره‌ ئه‌م جیرۆکه‌ی مامۆستا فه‌ریدوون وه‌کو یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ دیاره‌کانی کاژیک هه‌رگیز به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ مامۆستا فه‌ریدوون به‌عسی بووبێت، یان خوانه‌خواسته‌ لایه‌نگری به‌عس ی کردبێت دژی شۆڕشی کورد ، به‌ڵام ئه‌و راو هه‌ڵویستی له‌گه‌ل َمانه‌وه‌دا بووه‌ له‌ناو په‌رژینه‌که‌دا. 

به‌هه‌رحاڵ لێدوانه‌کانی کاک دکتۆر فایه‌ق ئه‌گه‌ر له‌ کاتێکی ئاسایدا بوایه‌ زۆر گرنگ بوو به‌ڵکو ئه‌رکی هه‌موو تاکێکی کورده‌ فشار درووست بکات بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ کۆنه‌ به‌عسیه‌کان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی رۆژێ له‌ رۆژان هه‌نگاوێکیان به‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌که‌یان ناوه‌، به‌ڵام کاتی لێدوانه‌که‌ی کاک دکتۆر فایه‌ق له‌ ئێستادا بۆنی ئه‌وه‌ی لێدێت که‌ به‌ڕێزیشیان مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو یه‌کێتی هه‌بێت و ئه‌و راو بۆچوونانه‌شی رێگا خۆشکه‌ر بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌گینا کاک هه‌ڤاڵ له‌ سه‌ره‌تای کوردستانی نوێوه‌ په‌یامنێری ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ بووه‌و له‌ نێو دامه‌زراوه‌و ئۆرگانه‌کانی یه‌کێـیدا هاتووه‌و چووه‌و په‌یوه‌یندی له‌گه‌ڵ زۆرێک له‌ به‌رپرسانی یه‌کێتیدا هه‌بووه‌و چه‌ندین وێنه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رَێز مام جه‌لال و کاک کۆسره‌ت بڵاوکردۆته‌وه‌و هه‌ر به‌ فه‌رمانێکی تایبه‌تی به‌ڕێز کاک کۆسره‌تیش که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیداره‌ی سلێمانی بووه‌ کاک هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر له‌گه‌ڵ کاک عومه‌ر شیره‌مه‌ڕی و مامۆستا شیخ حسینی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌ره‌وه‌رده‌ی ئه‌و کاته‌و کاک ئازاد جوندیانی مافی ئه‌وه‌ی پێدراوه‌ له‌به‌شی کوردی بخوێنێـ و ئه‌و توانیوێتی سه‌رکه‌وتوانه‌ خوێندن ته‌واوبکات و ماسته‌رو دکتۆراش له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بڕیاره‌ تایبه‌تیه‌ی کاتک کۆسره‌تدا وه‌ربگرێت که‌ من خۆم دانی پێدا ده‌نێم کوڕێکی به‌ توانایه‌و نامه‌ی دکتۆراکه‌یشیم خویندووه‌ته‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ نامه‌ باشه‌کانی که‌ له‌به‌شه‌کانی زمانی کوردی نووسراون ، ئایا که‌ ئه‌و کاتانه‌ کاک دکتۆر فایه‌ق کادیرێکی پێشکه‌وتووی یه‌کێتی و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌و حیزبه‌ بووه‌ بۆچی هیچ ناڕه‌زاییه‌کی نه‌بووه‌ له‌وه‌ی که‌ وه‌کو خۆی ده‌ڵێت هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر ئه‌گه‌ر به‌عسی بووبێت له‌ دامه‌زراوه‌کانی حیزبه‌که‌ی ئه‌ودا کار بکات .

به‌هه‌رحاڵ من دژی ئه‌و شێوازی یه‌کتر تاوانبارکردنانه‌ی یه‌کێتی و گۆڕانم و هیوادارم به‌ زمانێکی شارستانیانه‌تر مامه‌ڵه‌ی یه‌کتر بکه‌ن و هه‌وڵبده‌ن سلێمانی له‌ هه‌ر کێشه‌و ئاڵۆزییه‌ک بپارێزن چونکه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان پاڵاوتووه‌ له‌ هه‌ر حیزب و لایه‌ن و لیستێک بن کوڕو کچی ئه‌م شاره‌و ئه‌م کوردستانه‌ن و له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی تره‌وه‌ نه‌هاتوون و هه‌یانه‌ شایانی متمانه‌ پێبه‌خشینه‌ هه‌شیانه‌ شایانی هیچ نییه‌، با لێگه‌ڕێین ده‌نگده‌ر بڕیاری خۆی بدات .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان